بایەخ (فەلسەفەی ئەخلاق)
لە فەلسەفەی ئەخلاق و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بایەخ یا بەھا نیشاندەری ئەو گرنگایەتی و ڕێزەیە کە شتێ یا کردەوەیەک ھەیەتی. ھەر کارێک یا ھەر شێوە ژیانێک کە بە باشتر یا گرنگتر دابنرێ، بەبایەختریش حیساب دەکرێ. کۆمەڵەی ھەموو باوەڕەکانی کەسێ، چ ئەوانەی بۆ کارێک ھانی دەدەن و، چ ئەوانەی لە کارێک مەنعی دەکەن، سیستمی بایەخی (value system) -ی ئەو کەسە پێک دێنن. ئەم باوەڕانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان ھەیە لەسەر چۆنیەتیی ھەڵسوکەوتی کەسەکە و، بنەڕەتی نیەت و مەبەستەکانی مرۆڤن. پتر، بە بایەخە جێگیرەکان کە گۆڕینیان ئەستەمترە دەڵێن «بایەخگەلی سەرەکی» و، بەوانەی ئاسانتر دەگۆڕێن دەڵێن «بایەخگەلی لاوەکی».
دەکرێ بڵێین بایەخ لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەچاکترزانینی یەکێک لە چەند ڕێگا. ئەو شتەیە کە، وا دەکا ئەو ڕێگایە ھەڵبژێرین کە ئاکامەکەیمان زیاتر بەدڵە. دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە مرۆڤ چۆن لە باش و خراپ و ڕاست و ھەڵە تێ دەگا و، چی بە پێویست دەزانێ. بۆ نموونە، «مافی یەکسان بۆ ھەمووان» و «سەرامەدی شیاوی تاریف و پیاھەڵوتنە» و «خەڵک دەبێ بە ڕێز و حورمەتەوە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵا بکرێ» ھەموو باوەڕگەلێکن کە بە بایەخ دەژمێردرێن.