بانگی حەق
ڕۆژنامەی بانگی حەق لە ٢٨ی ئازاری ١٩٢٣ لەناو ئەشکەوتی جاسەنەدا یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (بانگی حەق) بڵاوکرایەوە کە یەکەمین ڕۆژنامەی شۆڕشی کوردە، وەک یەکەم ڕۆژنامەی سەردەمی شاخ و زمانحاڵی شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژووی ھاوچەرخی کوردا. سەرنووسەری ئەم ڕۆژنامەیە ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس ئەحمەد خواجە بووە. ئەو ڕۆژنامەیە وەک یەکەمین ئۆرگانی فەرمیی جووڵانەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە مێژووی نوێدا دادەندرێت و دەرخستنی ڕوویەکی شارستانیی جووڵانەوەکەی شێخ مەحموودی حەفیدە. لەو ئەشکەوتەدا کە شوێنی مانەوەی شێخ مەحموود بووە بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەکە بڵاوکرایەوە، مەبەستی ڕۆژنامەکەی بانگی حەق ھاندانی جەماوەر بوو دژی کردەوە و ڕەفتاری ئینگلیزەکان و تەنیا (٣) ژمارەی بڵاوکرایەوە. یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی بانگی حەق بە دوو لاپەڕە و قەوارەی ٢٢×٣٣ سانتیمەتر لە ئەشکەوتی جاسەنە بڵاوکرایەوە و لەژێر ناونیشانی ڕۆژنامەکەدا نوسراوە (ناشکێ بە تۆپ و بۆمبا سەرفرازە بانگی حەق) و (غەزەتەیەکی ڕەسمییە لە قەرارگاھی عمومی ئۆردوی کوردستان گەبع دەکرێ و غایە و ئەمەلی استحێالی حقوقی کوردە).[١][٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «ئەشکەوتی جاسەنە؛ پەناگەی شێخ مەحموودی حەفید». کوردستان تیڤی (kurdistantv.net) (بە کوردی). ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢. لە ٨ی ئازاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ^ مێژووی ڕاپەڕینی کورد، چاپی یەکەم، چاپخانەی مەعاریف، لاپەڕە ٥٤–٩٧