بۆکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە بؤکانەوە ڕەوانە کراوە)
بۆکان
شاری حەسەن زیرەک، شاری سەردار عزیزخان موکری
بووکی کوردستان، بووکی موکریان
[[File:||266px]]
[[File:||266px]]
چەند دیمەنێکی شاری بۆکان
وڵات کوردستان
پارێزگاورمێ
شارستانبۆکان
ناوچەناوەندی
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٢٥١٫٤٠٩ (شارستان) ١٩٤٫٠٠٠ (ناو شار)
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینئیسلام (سوننە)
کۆدی تەلەفۆن٠٤٤ و ٦٢، ٦٣، ٦٥

بۆکان شارێکە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. لە باشووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ورمێ لە ئێران ھەڵکەوتووە. بەپێی دوایین دابەشکردنەکانی ئێران بەرینایی بۆکان ٢٥٤١٫٣٠٦ کیلومەتری چوارگۆشەیە. ١٣٤٠ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. شاری بۆکان لە باکوورەوە لەگەڵ میاندواو، لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ساینقەڵا، لە باشوورەوە لەگەڵ پارێزگای کوردستان و شاری سەقز، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ سەردەشت و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ مەھاباد ھاوسنوورە.

بەپێی سەرژمێریی گشتیی جەماوەر و خانووی ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن دایرەی ئاماری ئێرانەوە بڵاو بووەتەوە ڕێژەی دانیشتووانی بۆکان گەیشتووەتە ٢٥١٫٤٠٩کەس کە، ١٩٣٫٥٠١ کەس لە شاردا دەژین. بەپێی ھەمان زانیاری بۆکان لە نێو شارە کوردنشینەکانی ئێراندا دوای کرماشان، ورمێ و سنە گەورەترین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستانە، ئەمەش بەھۆی ھەڵکەوتنی بۆکان لەسەر شاڕێی سەرەکی باکوور و باشووری ڕۆژاوای ئێران گرینگییەکی ئەوتۆی بەم شارە بەخشیوە و بووەتە ھۆی کۆچی زۆر لە گوندەکان و شارەکانی دەوروبەرەوە بۆ ئەم شارە.

شاری بۆکان لەگەڵ سنە گەورەترین شاری لەسەداسەد کورد و سوننەنشینی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و چوارەم شاری گەورە و پر حەشیمەی کوردنشینە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. ھەروەھا بۆکان گەورەترین شاری ناوچەی موکریانە.

بۆکان گەورەترین شاری کۆچەروەرگر لە ئێران دایە، ھەروەھا دوای ورمێ دووھەمین شاری خوێندەوار لە پارێزگای ورمێەی ئێران دێتە ئەژمار.

بۆکان لە ناو کورددا بە شاری زیرەک حەسەن زیرەک، شاری سەردار عەزیزخان موکری، شاری ھەژار، سادق شەرەفکەندی، ھونەرمەند ئاوات بۆکانی، عەبباسی حەقیقی و مەڵبەندی ھونەر و بووکی کوردستان بەناوبانگە.

ناوی شار[دەستکاری]

ناوی شاری بۆکانیش وەک مێژووی شارەکە، تائیستا نەکەوتووەتە بەر توێژینەوەی ڕاستەقینە. ئەوشتانەش والێرەولەوێ لەمەڕ باسەکە نووسراون لەدۆخی بیروبۆچوونی خەڵکی ئاسایی نە چوونەتەدەرێ و ھیچ ڕووناکییەکیان نەخستووەتە سەر مێژووی پڕ تەم و مژی ئەم شارە.

خەڵکی ناوچەکە لایان وایە کە ناوی بۆکان لەبنەڕەتدا بووکان بووە و ئەمەش بەھۆی نەریتێکەوە، کە گوایە لە ڕابردووی کۆندا، کاتێ بووک ھاتوە، پێش چۆنەماڵی زاوا، بردوویانەتە سەر حەوزەگەورەی ناوەراستی شار و ئەمجا لەوێوە بەروماڵی زاوا بوونەتەوە! نووسەر و قەڵەم بەدەستی شار و ناوچەکەش نەک ھەر ئەو چەوتییەیان ڕاست نەکردووەتەوە، بەڵکە بۆیان لە مل داون و بە شیعریان نووسین، بەڵگەیان بۆ ئەم بۆچوونە ھەڵەیە پێکھیناوە.

ئەم وتارە بەنیازی دامەزراندنی سەرەتای باسێکی زانستییانە لە مەر بنەچەکی ناوی بۆکان نووسراوە. کلیلی کردنەوەی گرێ پووچکەی ئەم باسە، وشەی بەگە یان بەغە یە. بەگە یان بھەگە خودای ھەموو ئەو گەلانە بوە کە پێش ھاتنی زەردەشت لە ھیندەوە تا ڕۆژاوای ئێران ژیاون. ئاویستاناسی ئێرانی ئیبراھیم پوورداود لە وتاریکدا بە ناوی بەغ ەوە دەنووسێ «وشەی یەکجار کۆنی بەغ لە سەردەمێکی زووەوە لە زمانی ئێمەدا ماوەتەوە. لە زمانە کۆنەکانی ئێران وەک ئاویستایی و فورسی کۆن دا بەغ لەسەر زاری خەڵک بوە و لە گاتاکاندا کە ھەڵبەستی زەردەشتن و کۆنترین بەشی ئاوێستا پێک دێنن، بەگە بە واتای بەش و بەخت ھاتوە. لە بەشەکانی تری ئاوێستاشدا بەغە ھەر ھەمان واتای ھەیە. وشەکە لە چاوگی بەگ ەوە دێت کە لە زمانی پەھلەوی دا بووەتە بەختەن.

کارلێکراو (إسم مفعول)ی وشەکە واتە بەخت لە ئاوێستادا ھاتوە کە لە زمانی پەھلەوی و فارسی و کوردیش دا بووەتە بەخت پوورداود لە درێژەی باسەکەدا دەڵی «بەغ لە زمانە کۆنە ئێرانییەکاندا وەک بھەگ لە سانسکریتدا، مانای بەش و بەخت دەدات و لە مانای دووھەمدا واتای خوداوەند یشی ھەیە کە مەفھوومی بەخشەندە شی لێ وەردەگێرێ

لە بەردەنووسە ھەخامەنشییەکان و (یەک لەوان، بەردەنووسی بێستون) دا بەگە بە واتای خوداوەند ھاتوە. ھەر پوورداود لە شوێنێکی تری وەتارەکەیدا دەنووسێ «پێش پێغەمبەرایەتی زەردەشت، بە خوداوەند دەگوترا بەغ و پاشانیش کە ئەمان تاقەخوا یان ناونا ئاھورامزدا، وشەی بەغ لە واتای ئەسڵی و پێشووی خۆیدا مایەوە

بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە، پوورداود بەڵگە دەھێنێتەوە و دەڵێ «داریوش شای ھەخامەنشی لە بەردەنووسەکەی بێستون (کێوی یەزدانی بەغستان) دا، کاتێ ڕووداوەکانی ساڵانی چوارەم و پێنجەمی شایەتیی خۆی دەگێڕێتەوە، دەڵێ ئەھورامەزدا و بەغان ی تر لە بەر ئەوە یارمەتی منیان دا، چونکوو من قین لە دڵ و درۆزن و زاڵم نیم.» عەلائەدین سەجادییش لە مێژووەکەی خۆیدا، کاتێ ھاتووتە سەر باسی قەومی کاسی، دەنووسی “یەکێک لە سۆراخی ھیندوئەوروپایی یەکان بە سەر کاسییەکان، وشەی بوگاش یان بوغاش کە بە مانای خوایە. ” لغت نامەی دھخدا قامووسی گەورەی زمانی فارسی کە وێ دەچێ سەرچاوەی زانیارییەکانی سەجادیش لەم بابەتەوە بووبێ، دەڵێ,, بھەگە لە سانسکریتدا بە واتای خودا بوە و لە کتێبی پیرۆزی ڤیدا دا ئەم واتایە چەندپات کراوەتەوە، واتە لە ناو ھیندوئێرانییەکاندا پێش جیابوونەوەیان لە یەکتر، ئەم شتە باو بوە.

خاتوو ماری بۆیس پسپۆڕی ناوداری مێژووی زەردەشت و ئاوێستا، لە کتێتی مێژووی زەردەشتایەتی دا چووەتە قووڵایی باسەکەوە و بە دوور و دڕێژی لە واتای وشەی بەغە و بەگە دواوە و مانای خوداوەند ی بۆ وشەکان پەسەند کردوە. دوکتۆر فەرەھوشی دانەری قامووسی زمانی پەھلەوی-فارسی، چوار واتای خودا، سەروەر، شا و ھێزی خودایی ی بۆ بەغ لێک داوەتەوە و بەک یشی بە خوداو و سەروەر مانا کردووەتەوە. نووسەری واژەنامە مینوی خرد دوکتۆر ئەحمەدی تەفەززولی بەغان ی بە خودایان زانیوەو زانای بە ناوبانگی ئێرانی ملک إلشعرإبھار لە کتێبیسبک شناسی دا گوتویەتی، ئەم وشەی بەغ ە، یەکەم جار لە نووسراوێکی سارگون ی شای ئاشوردا لەگەڵ پاشگری دات لە شێوەی بەغ دات دا ھاتوە کە ناوی پیاوێکی ئێرانی بوە.

سەبارەت بەو بەغ دات ە پوورداود دەڵێ، بەگ داتی یە، کە ئەویش سەرۆکێکی ماننا کان بوە و سارگۆن گرتی و فەرمانی دا بە زیندوویی پێستی بگروون. پوورداود ھەروەھا دەڵێ، وشەی بەگ پێش ئەویش لە شێوەی بیت بەگی دا بینراوە کە واتای ماڵی بەغ، یان خانەی خودا ی ھەیە و ناوی شارێکی ماد بوە کە سارگۆن لە ھێرشکارییەکەی خۆی بۆ سەر خاکی ئوورارتو و ماننا دا یادی لێوە دەکات.

من درەنگتر دەگەڕێمەوە سەر باسی بیت بەگی بەڵام با لێرەدا درێژە بە تویژینەوەی سەرچاوەکان بەدوای وشەی بەغ دا بدەین. ئەم وشەیە لە دراوی شاھانی ساسانی- شدا بینراوە، بەڵام لێرەدا، واتایەکی ھەندێ نزمتەر لە ئەھورامزدای پێ بەخشراوە. لەکۆتایی سەردەمی ساسانییەکاندا ئاڵ و گۆڕیک بە سەر مانای بەغ داھات و تەنیا واتای گەورەی لێ ئیرادە کرا. تەنانەت لە کتێبی یادگاری زەریران دا تەنیا بە مانای سەر ھاتوە.

مێژوو[دەستکاری]

سەرچاوەیەکی ئوروپی سەدەی نۆزدەھەم کە باسی بۆکان و ناوچەی موکریانی کردبێت، کتێبێکە بە ناوی 'مەئموورییەتی زانستی لە ئێران' کە 'ژاک دو مۆرگان'ی فەرەنسی نووسیویەتی و لە ساڵی ١٨٥١ دا لە پاریس بڵاوی کردووەتەوە. ژاک دو مۆرگان و ھاوسەرەکەی وەک زانا و پسپۆڕی بواری زەویناسی لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا سەردانی بەشێکی زۆری ئێرانیان کردوە و لە ئازەربایجانەوە گەیشتوونەتە موکریان، ئینجا بەرەو سنە وکرماشان ڕۆیشتوون و سەریان لە خوزستان دەر ھێناوە. بە دریژایی ڕێگاش وێنە و نەقشەی چیا و ڕووبار و شوێنەوارە سروشتییەکانیان کێشاوە، بۆ نموونە، کێوی تەرەغە و ئەشکەوتی سەھۆڵانی نێوان بۆکان و مەھاباد. ژاک دو مۆرگان لە ماوەی مانەوە لە موکریان، سەردانی مەھاباد و ناوچەی مەنگوڕایەتی کردوە، پاشان بە ڕێگای بورھاندا گەیشتووەتە گوندی سەردەرابادی بۆکان و لەوێ بوە کە ھەوالی مردنی سەیفەددین خانی سەرداری بۆکانی پێ گەیشتوە.

View of West Bukan (Iranian Kurdistan) - Hell Shot

دواتریش چوە بۆ بۆکان و لەوێوە بەرەو باشوورواتە کوردستانی ئەردەڵان و کرماشان و ئیلام بووەتەوە. کەسایەتییەکی بیانی دیکە کە ئاماژەی بە بۆکان و دەڤەرەکەی کردووە پرۆفیسۆر ڤلادیمیر مینورسکی توێژەری ناسراوی ڕووسە کە ساڵی ١٩١٥ لە پیترۆگراد وتارێکی بە زمانی ڕووسی بە ناوی (کورد تێبینی و وردبوونەوە) بڵاو کردووەتەوە، لەم وتارەدا باسی سەفەرێکی مینۆرسکی و ھاوڕێکانی بۆ بۆکان دەکرێت. سەفەرەکە لە ساڵی ١٩١١ و لە سەردەمێکدا بەرێوە چوە، کە مینۆرسکی کاربەدەست و جێگری کۆنسوولی ڕووسیای قەیسەری بوو لە شاری ورمێ و درەنگتر، لە چەند مانگ پێش سەرھەڵدانی شەڕی یەکەمی جیھانی(١٩١٤–١٩١٨)دا وەک ئەندامی لێژنەیەک بۆ دیاریکردنی سنووری تورک و ئێرانی، سەردانی ناوچە کوردنشینەکانی سەرسنووری دەکرد.

سەردەمێ مانا[دەستکاری]

وێنەی ئاجورێ قەڵایچی بۆکان لە مۆزە توکێو

بە خوێندنەوەو سەرنجدان بە حکومتی لۆلۆیی و گۆتییەکان و قەومەکانی تری ناوچەکەو ئەو شوێنەوارانە ی لەگەڕان و پشکنینە شوێنەوار ناسییەکان و ئەو بەردنووسانەی دۆزاروئەتەوەو گرنگترینیان بەردنووسی قەڵایچی - کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە ٨٠٠ ساڵی پێش زایین و قەڵاکۆنەکانی گوندەکانی (ئاغجێوان و ئەربەنووسی) بۆکان ئاماژە بە مێژوو شارستانییەتی کۆنی ئەم ناوچەیەی وڵاتی بۆکان دە کەن.

سەردمێ قاجاڕەدا[دەستکاری]

سەیفەدین خانی موکری -خاوەنداڕی شاری بۆکان لە قاجاڕدا

یکەم سەرژمێری کەلەساڵی ١٢٣١ ی ھەتاوی ئەنجام دراوە ڕێژەی دانیشتووانی شاری بۆکان ٦٠ کەس بووەو لەسەردەمای ناسرەدین شای قاجار و کاتێ سەردار عەزیز خانی موکری خاوەنی بۆکان بوو ١٢ بنەماڵەلەبۆکان نیشتەجێ بوون.

سەردار عەزیزخان موکری، سەرداری گشتی سوپای ئیران لەسەردەمی ناسردەدین شای قاجار شش دانگێ بۆکانی لە ساڵی ١٢٢٨ بە ١٨٥٠ تمەن لە ئیلێ دیبۆکری دە کڕییە، ئێلی، ئەم گورانکارییانەی دەسەڵات لەدەڤەرکەدا بوو بەھۆی کە گوندی ئینگیجە لە ٣ کیۆمەتری باشووری خۆرھەڵاتی بۆکان وێران بێت و گوندی سەردارئاباد (ھەمان عڵی ئاواییی شاری بۆکان) ئاوەدان بکرێت. ھەروەھا گوندی عەلیاباد کەئێستا یەکێک لەگەڕەکەکانی شاری بۆکان پێشتر نێوی چاوان بووە

داوی کۆچی دوایی عزیرخانی موکری، سەیفەدین خان موکری کوڕی عزیزخان بەدەسەڵاتی ناوچەکە دەگات، سەیفەدین خان بۆکانی بەخوری بۆکان حەوزێک دروست دەکا و بەھۆی گەورەیی کانییەکە لەو کاتەوە تائێستا ناوی حەوزە گەورەی پێ براوە.

سەیفەدین خان بە فرۆشتنی چەند گوندێک لە موڵکەکانی خۆی لەسەر گردی پەنا حەوزە گەورەو قەڵای وێرانکراوی ڵی ھەڵکەوتووە ناوی قەڵای سەرداری لەسەر دانراوە.

سەردمێ شاھانێ ئیران[دەستکاری]

بۆکان لە سەردەمێ ڕەزا شادا بۆ جارێکی دیکە بۆکان بەکەسێک بە نێوی (حەبیب ئاغای پەناھی تاجرباشی کە خەڵکی تەورێز بوو) فرۆشرا. لەگەرماوگەرمی شەڕی دووەمی جێھانی و سەرەتاکانی حەکومتی محەمد ڕەزاشا بنەماڵەی ئێلخانی زادە و یان ھەمان موھتەدی بە حەوسد (٧٠٠) ھەزار تەمەنی ئەوکات بۆکانیان لە تاجرباشی تەورێزی ستاندوەوە.

ھاتنی ڕووسەکان و عوسمانییەکان[دەستکاری]

بە ھاتنی ڕووس و عوسمانییەکان بۆ ناوچەی بۆکان و مەھاباد - بۆکانیش لە شەڕی یەکەمی جیھانی نەپارێزرا و ھێرشی ڕووسەکان بووە ھۆی ئەوەی کە ناوچەکە وێران بێت و زۆر خەڵکی بێتاوان کوژران و لەکاتی کشانەوەی ھێزکانی ڕووس شاری بۆکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە تڵانکران. تەنات ھێزکانی ئێرانش ھاوڕێ لەگەڵ عوسمانییەکان دەستیانکرد بەتاڵانیی بۆکان و ناوچەکەوە بووە ھۆی خەسارو زەبرێکی زیاتر لەپرسی کۆکەڵایەتی و سیاسی کورد.

شاری بۆکان - حەوزەگەورە -ساڵانێ ١٩٤٠ ھەتا١٩٥٠

کولتوور[دەستکاری]

یەکەم قوتابخانەی بۆکان لە ساڵی ١٩٢٨ دامەزرا و یەکەم مودیرەکەی نێوی مەھدی شەیبانی خەڵکی تەورێز بوو. یەکەم مامۆستای ئەو قوتابخانەیەش شێخ حەسەنی کازمی بۆکانی بوو.

ھەروەھا یەکەم مامۆستای ژنی قوتابخانە لە بۆکان، خانمێکە بە ناوی میسری خانم کە یەکەمین مامۆستای ژن بوە لەو ناوچە بوو. میسری خانم خەڵکی مەھاباد بوە و پێشەوا قازی محەممەد لە سەردەمی کۆمار دا ناردوویەتە بۆکان و بووەتە مامۆستای قوتابخانە. ناوی تەواوی «میسری حەسەن زادە» بوە و پاشان لە بۆکان شووی بە «محەممەد ئەحمەد قودسی» ئەفسەری کوردی خەڵکی سلێمانی کردوە و چووەتە سلێمانی. دوای شەھید بوونی قودسیش گەڕاوەتەوە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لە بۆکان شوی کردووەتەوە.

ئێستاکە شاری بۆکان زیاتر لە ٥٠ ھەزار قوتابی و خوێندکاری ھەیە. دوو زانکۆی خوێندنی باڵای بە ناوەکانی پەیامی نوور بە نزیک ٢٠٠٠ خوێندکار و زانکۆی ئازادی ئیسلامی بە نزیک ١٠٠٠ خوێندکار دەوی گرینگی زانستی و کولتوری لە ناوچەکەدا دەگێڕن.

لە کاتی سەردەمای کۆماری کوردستان بۆکان لە دوای ناوەندی کۆمار واتە مھاباد گرینگترین شوێنی دەسەڵاتی کۆمار بوو. جا لەبەر ئەمە بەڕێوەبەرانی کۆمار بەشێک لە کار و چالاکییەکانیان بۆ بۆکان گوێستەوە و بۆ ئەم مەبەستە یەکێک لە چاپخانەکانیان ھێنایە بۆکان و دەستیان بە چاپی گۆڤار و کتێب کرد. یەکەم گۆڤارێکی کە لە بۆکان چاپ کرا ٢١ مارسی ١٩٤٦ و بەپێی ئامانجەکانی کۆمار دەست بە بڵاوکرانەوەی کرا. گۆڤاری ھەڵاڵە گۆڤارێکی ئەدەبی سیاسی بوو بە سەرنوسەریی نووسەری ناسراوی کورد حەسەن قزڵجی و بە یارمەتی بلیمەتی ناودار ھەژار موکریانی، ھەروەھا عەباسی حەقیقی شاعیر و ھێمن موکریانی چاپ و بڵاو دەبۆوە. ساڵی ١٩٤٧ لە باشووری ئەو کاتی شار یەکەم بنکەی تەندروستی دەمەزرا و یەکەم دکتۆر و نەشتەرگەری ئەو نەخۆشخانەیە فریدریشی ئەڵمانی و بە ھاوکاری خانمەکەی نەخۆشەکانیان چارەسەر دەکرد.

جوگرافیا[دەستکاری]

شوێن[دەستکاری]

شاری بۆکان بەھۆی ھەڵکەوتنی لە نێوان دوو چۆمی گەورە (تەتەھو) کە بە ناوەڕاست و (جەغەتو) کە بە ڕۆژھەڵاتی شاردا تێپەڕ دەبن، بە جەمسەرێکی گرینگی کشتوکاڵی لە ڕۆژاوای ئێران لەقەڵەم دەدرێ. جەغەتو لە کوێستانەکانی چل چەمە و شاخەکانی زاگرۆس و کوێستانی ماین بڵاغ سەرچاوە دەگرێ و کە دەڕژێتە بەنداوی شەھید کازمی لە ٣٥ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژھەڵاتی بۆکانەوە. چۆمی تەتەھوش لە کوێستانەکانی دەڤەری مھاباد و سەقز و بانە و کوێستانەکانی باشووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و دەڕژێتە زەریاچەی ورمێ و. لە باری ئاو و ھەواوە زستانی سارد و پڕ بەفری ھەیە و ھاوینانیشی گەرمە. مامناوەندی بارین لە بۆکان ٥٠٠ میلی مەترە لە ساڵدا. زیاترین بەفر و باران لە ناوچەی ڕۆژھاڵات و باشووری شاردا لە دوو وەرزی زستان و بەھاردا دەبارێن. ھاوینی تا ڕادەیەک گەرم و زستانی سارد تایبەتمەندیی بەرچاوی کەش و ھەوای بۆکانن. شارەزایان سەبارەت بە تۆپۆگرافی شاری بۆکان ئاوا دەڵێن کە زنجیرە کێوەکانی باژێڕی بۆکان درێژەی زنجیرە کێوەکانی ئەڵپ و کوێستانەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجانە و ئەمەش بە ھەرێمی جەغەتوو و چۆمی لەیلان چایەوە دیاری دەکرێ. پێکھاتەی جیۆلۆگی لە دەڤەری بۆکان لە پێکھاتەکانی جیۆلۆژی باکووری ڕۆژاوای ئێرانە. بورکانەکانی سەرەتای ئیئوسن و ھەروەھا کۆتایییەکانی قۆناغی سێیەم دەوروبەری شار و بەتایبەتی باشوور و باشووری ڕۆژھەڵاتی بۆکان بۆکانیان پێکھێناوە.

وێنەی پانۆڕامایی بۆکان.

کەش و ھەوا[دەستکاری]

کەش و ھەوای بۆکان سارد و زیاتر کوێستانییە، ھاوینەکانی گەرمە و زستانانەکانی سارد و بەفری. باشترین کاتی سەفەر بۆ شاری بۆکان مانگی گوڵان ھەتا ڕەزبەرە.

زانیاریی کەشوھەوا بۆ «بۆکان»
مانگی زایینی ١ ٢ ٣ ٤ ٥ ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠ ١١ ١٢ ساڵ
نێونجی بەرزترین پلە ١٣٫١ ١٤٫٢ ١٨٫١ ٢٤ ٣١٫٥ ٣٨٫١ ٤٢ ٤١٫٤ ٣٧٫٩ ٣٠٫٧ ٢١٫٢ ١٤٫٤ ٢٧٫٢٢
نێونجی ڕۆژانە ٧٫٤ ٨٫٩ ١٢٫٤ ١٧٫٥ ٢٤٫١ ٢٩٫٨ ٣٣٫٤ ٣٣٫١ ٢٩ ٢٢٫٦ ١٥ ٩٫١ ٢٠٫١٩
نێونجی کەمترین پلە ٢٫٤ ٣٫٦ ٦٫٧ ١١٫١ ١٦٫٧ ٢١٫٤ ٢٤٫٩ ٢٤٫٥ ٢٠٫١ ١٤٫٧ ٨٫٩ ٣٫٩ ١٣٫٢٤
نێونجی بارین میلیمەتر ١١١ ٩٧ ٨٩ ٦٩ ٢٦ ٠ ٠ ٠ ٠ ١٢ ٥٦ ٨٠ ٥٤٠
سەرچاوەی یەکەم: climate-data.org[١]
سەرچاوەی دووەم: My Forecast,[٢] What's the Weather Like.org,[٣] and bukan[٤]

سەیرانگا و شوێنە گەشت و گوزارییەکان[دەستکاری]

دیمەنێک لە سروشتی بۆکان
  • پارکی بۆکانبێجگەلە ئەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە ئاماژەمان پێکردن دەیان شوێنی سیاحی و گەشتوگوزاری سەرنج ڕاکێش لە بۆکان و دەوروبەری بۆکان ھەن کە دەتوانین ئاماژە بە ھێندێکیان بکەین: باخی میراوا و پارکی ساحیلی و سەیرانگەی کێوە ڕەش ھەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای شار کە بە درێژایی چۆمی تەتەھوو لە ناوەڕاستی شارن بووەتە سەیرانگەی زۆر خەڵکی شار و ناوچەکانی تر. سەیرانگەی حەسەن زیرەک لە باشووری شار کە وەک ڕێزگرتن بۆ ئەم ھونەرمەندە مەزنەی کورد ئاوەدان و جێی سەیرانی عاسقانی ئەم دەنگە ئەفسانەیییە.
  • پارکی ناڵەشکێنە بە قەد پاڵی کێوی ناڵەشکێنە و باخی گشتی لە ناوەندی شار. ھەروەھا پارکی گەڕەکی فەرھەنگیانی تازە ھەڵکەوتوو لە باشووری بۆکان لە سەیرانگاکانی شاری بۆکانن. بەنداوی شەھید کازمی لە ٣٥ کیلومەتری باشووری ڕۆژھەڵاتیی بۆکان لە شوێنە گەشتوگوزارییەکانی گرینگی بۆکانە کە ساڵانە میوانداری لە ھەزارن خەڵکی ئێران و دەرەوەی ئێران دەکا. ھەروەھا دەبێ ئاماژە بە دەیان ئەشکەوت بکرێ کە تایبەتمەنی و سەرنجڕاکێشی بۆکان دەردەخەن کە لێرەدا دەتوانین ئاماژە بکەین بە ئاشکەوتی کول ئاباد لە ٣٥ کیلۆمەتری باکووری بۆکان لەسەر جادەی بۆکان میاندواو، ئەشکەوتی کونەکۆتری قەڵایچی لە ٨ کیلۆمەتری باکووری ڕۆژھەڵاتی بۆکان.

ئەشکەوتی موکری قڕان لە نزیک گوندی خۆراسانەی بۆکان کە لە سەردەمی شاعەباسی سەفەوی لەم ئەشکەوتەدا کارەساتێکی مرۆڤی ڕوویداوە و سەدان مرۆڤی کوردی ناوچەی موکریان لەو ئەشکەوتە خزاندووە و بە دووکەڵ ھەموویان قڕ کراون. ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە بیرەوەری ئەم کارەساتە مرۆڤییە لە زەینی مێژوویی خەڵکی ئەم ناوچەیە دا بمێنێتەوە و وەک ژینوساید لە مێژووی کورد دا سەیر دەکرێ.

مرۆڤناسی[دەستکاری]

ژمارەی دانیشتووان[دەستکاری]

گەلھەی شاری بۆکان لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاتر لە ١٧١٫٧٧٣ کەس بووە. لەیەکم سەرژمێریدا کەساڵی ١٢٣٠–١٢٣١ی ھەتاوی ئەنجامدراوە ژمارەی دانیشتووانی شاری بۆکان ١٠٠ کەس بووە. لە سەردەمی ناسردەدین شای قاجاڕ کاتێ سەردار عەزیزخانی موکری خاوەنی بۆکان بوو ١٠٠بنەماڵە لە بۆکان نیشتە جێ بوون دوایین سەرژمێرین کەساڵی ٢٠٠٥ لە ڵایەن فەرمانگەی باری شارستانی پارێزگای ورمێ بڵاوبووەتەوە دانیشتووانی بۆکان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٣٠٫٠٠٠ کەس و لە نێو شارە کوردییەکان دوای کرماشان و ورمێ ھەر وھا ئیڵام و سنە کە بەھۆی ھەڵکەوتنی بۆکان لەسەر شارێی سەرەکی باکوورو باشووری خۆراوای ئیران بووەتە ھوی کۆچی زۆر لە 'وندەکان و شارەکانی دەوروبەرەوە بۆ ئەم شارە بەپێی دوایین ئاماری ئیداریی و سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوبووەتەوە بۆکان لەدوو قەزا پێکھاتووە: قەزای سیمینە (قەرەموسالیان)کە ١٠٩٣کیلۆمەتری چوارگۆشەیەو لەسێ ناحیەی ئاختاچی خۆرھەڵات و ئاختاچی باکوور و بێھی دێبوکری پێکھاتووە.

زمان[دەستکاری]

خەڵکی شاری بۆکان لەسەداسەد کوردن و بە زمانی کوردی و زاراوەی کوردیی ناوەندی و بن زاراوەی سۆرانی دەپەیڤن، بەم بن زاراوەیە لە موکریاندا ئەدەبیاتێکی فراوان نووسراوە. ھەندێ جار بە ھەڵە بە بن زاراوەی سۆرانیی خەڵکی ناوچەی موکریان دەگوترێ زاراوەی موکریانی کە ھەڵەیە چونکو موکریان (ناوچەیێکی گرینگ لە کوردستان) ناوی شوێنە نە ناوی زاراوە.

ئایین[دەستکاری]

خەڵکی بۆکان لەسەداسەد کوردن و ئایینی زۆربەیان ئیسلام و ئایینزای سوننەی شافعییە کە لە باب و باپیریانەوە وەک میرات پێیان گەیشتووە، ھەروەھا ئایینەکانی تر وەک زەردەشتییەت و یەھوودییەت لەم شارە بوونی ھەیە. شاری بۆکان خاوەنی زۆرترین ڕێژەی تۆمارکراوی جوولەکە و یەھوودییەکانی ئیسرائیلە کە ناوی لە کتێبی پیرۆزی یەھووددا ھاتووە.

جووڵانەوەی سیاسی[دەستکاری]

دیارە گەر بمانەوێ لاپەڕەی مێژوویی و ڕابوردووی ھەرکام لە شارەکانی کوردستان بۆ خەباتی سیاسی و چالاکی کۆمەڵایەتی ھەڵبدەینەوە کەمتازۆر بە سەر ھەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە گشت ناوچە و شوێنێکی کوردستان دا دەکەوین. سەیری ھەر شوێنێکی ئەم وڵاتی ھیلاکە بکەی لاپەڕەیەکی زێڕینی بۆ خۆی تۆمار کردووە، شاری بۆکانیش لەم چالاکییە و سەرزیندوویییەی مێژووی خەباتی گەلی کورد بێبەری نەبووە و گەلێ جار تەنانەت ڕۆڵێکی گرنگ و پڕشنگداری بۆ خەباتی نەتەوەیی و دژ ڕاوەستان لە بەرامبەر زۆرداران و ستەم و ملھوڕیدا گیراوە. لە نموونە دیار و بەرچاوەکانیشی ھەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد ھەڵدانەوەی ئەو لھاپەڕە مێژووییانەیە کە بە دۆزینەوەی شوێنەوارە کەونارییەکانەوەدەرکەوتووە. بەڵام گەر زۆر بۆ پاش نەگەڕێینەوە دەتوانین سەردەمی کۆمار و ڕۆڵ و چالاکی خەڵکی ئەم ناوچەیەی موکریان بۆ پێکھێنانی خەونی نەتەوەی کورد واتە کۆماتی کوردستان و سەقامگیرکردنی وەبیر بێنینەوە.

دیارە لە دوای ھەڵکردنی ئاڵای کۆمار لە پێتەختی کۆماردا، ڕۆلێ ناوچەی بۆکان و کەسایەتییەکانی ئەم دەڤەرە گەلێ شانازی بۆ کورد و مێژووی خۆی تۆمار کردووە. لە نێو کابینەی وەزیرانی کۆماری کوردستان دا گەلێ ناوی دیار دەبینین کە خەڵکی بۆکان و دەوروبەری بوون لەوانە حاجی بابەشێخ سەرۆک وەزیران، ئیسماعیلی ئیلخانیزادە وەزیری ڕێگاوبان، عەبدولڕەحمان ئیلخانیزادە وەزیری تکبیر - ڕاوێژکار. ھەروەھا لە بۆکان لەژێر دەسەڵاتی کۆماردا ھەرچەندە ئەوکات ڕێژەی دانیشتووانی کەم بووە بەڵام ڕۆڵێکی گرینگیان گێڕاوە و وەک پێگەی دووەمی کۆمار سەیری کراوە. لە کاتی ڕوخانی کۆماردا بە دەستی حکوومەتی ناوەندی و نەیارانییەوە بەشێک لە کەسایەتی و چالاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد کە لە سێدارە دران خەڵکی بەشی فەیزووڵابەگی بۆکان بوون کە عەلی بەگی شێرزاد لە حەوزەگەورەی ھەڵکەوتوو لە ناوەندی شاردا بە دەستی حکوومەتی ناوەندی لەسێدارە درا و وەک بیرەوەرییەکی تاڵ لە زەینی مێژوویی ئەم سارەدا ماوەتەوە. ھەروەھا چەند کەسێکی دیکەی ئەم ناوچەیەش لە سەقز بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک گیانیان لێ ستێندرا.

یەکێکی دیکە لە جووڵانەوە گرینگەکانی بۆکان و تەنانەت کوردستان ڕاپەڕینی جووتیارانی بۆکانە کە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٥٣ دا ڕوودەدا. ئەم ڕاپەڕینە جووڵانەوەیەکی جەماوەری چینایەتی نەتەوەیی گرینی کورد بوو کە لە فەزای ئاواڵەی سیاسی ساڵانی نێوان ساڵانی (١٩٥٢و١٩٥٣ز)ی ئێران و سەردەمی چالاکییەکانی جبھەی میللی و حیزبی توودەی ئێران واتە حکوومەتی میللی دوکتور موسەدق دا ھاتە کایەوە و ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی بێگومانی فەزای دژ بە شاو چەوسێنەراندا کە لە ئێرانیئەو ساڵانەدا گەیشتبوە لووتکەیەکی بەرز، پەرەی سەند، بەڵام تایبتمەندی ئەوتۆشی ھەبوو کە نەک ھەر لە ھەموو شوێنێکی ئێران نەبینرا بەڵکوو کەوتە پێش ھەر بزووتنەوەیەکی دیکەی ھاوچەشن لە کوردستان و تەنانەت موکریانیش. لەبەر ئەمە ئەوکات دەسەڵاتدارانی پایەبەرزی حکوومەتی پاشایەتی بە ھەستکردن بە چینایەتی نەتەوەییبوونی ئەم ڕاپەڕینە ڕاستەوخۆ پشتگیری دەرەبەگەکانیان کرد و بڕیاریان بۆ سەرکوتی ئەم ڕاپەڕینە مەزنە دا.

لە چەند ڕووەوە سەرنجی گرنگی ئەم جووڵانەوە جەماوەرییە دەدرێ؛ لە لایەکەوە ھێشتا تەزووی سەرکوتی دڕندانەی خەڵکی موکریان و ڕوخاندنی کۆمار لە لەشی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی ناوچەکە دەرنەچووبوو و خوێنی شەھیدانی کۆمارێش لە چوارچرا و حەوزەگەورە و مەیدانی ھەڵۆ ھەروا ھاڵاوی لێ ھەڵدەستا و فەزای سامناکی ئەو سەرکوتە ھەروا باڵی بە سەر ناوچەکەدا کێشابوو. لە لایەکەی ترەوە بەتایبەتی ئەو سەردەم ستەم و چەوساندنەوەی ڕەشایی وەرزێڕ و جووتیار و بە گشتی خەڵکی ناوچەکە لەلایەن دەرەبەگ و ئاغاواتەوە زۆر بێبەزەییانە بوو. لە بارودۆخێکی ئاوادا ھەستێکی وشیارانە لە نێو خەڵکی ناوچەی بۆکاندا گەشەی کرد و ڕاپەڕینێکی مەزن دژ بەو چاوساندنەوەیە سەری ھەڵدا. لووتکەی جووڵانەوەکە، لە پاییز و زستانی ١٩٥٣دابوو، کە دوکتور موسەدیقش لە تاران لەگەڵ شا کێشەی بوو. شوێنی تایبەتی ڕێکخستنی بزووتنەوەکە بۆ ھەڵمەت بردن لە گوندی ئاڵبڵاغ بوو. وای لێھات نیزیکەی ١٠٠٠٠(دە ھەزار) نەفەر وەرزێر (چجوتبەندە، چ قەرە), لە زستانی ١٩٥٣دا، لە گوندی ئاڵبڵاغ ھەڵکەوتوو لە ٩ کیلۆمەتری ڕۆژھەڵاتی شار کۆبوونەوە و چەند کەسیان لە دەستوپەیوەندییەکانی دەرەبەگەکان بە (بارمتە) گرت و دەیانوویست بێن بۆکان لە دەست ھێزی دەوڵەت دەربێنن.

لە ماوەی چەند ڕۆژدا ھەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکانی بۆکان بە تایبەتی فەیزوڵابەگەی بە سەرکردایەتی نەمر حاجی قاسم کەریمی و ڕەئوفی حافزولقورعان عەبدوڵا ئێرانی و سەید کاکە عەلی ڕەحیم بەگ ھەڵمەتیان بردە سەر ئاغاوت و دەرەبەگەکان و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکیش لە ئەم ڕاپەڕینە لە نێو شاری بۆکان بە دژی ئەم ستەمە درێژەی کێشا. لەم نێوەندەدا ئاغاکان پەنایان بردە لای خودی شا و بە ھێزی حکوومەتییەوە و نۆکەر و دەستوپەیوەندییەکانیانەوە توانییان ئەم جووڵانەوەیە سەرکوت بکەن و چەند کەسێکیش لە نێو شاردا شەھید بکەن. سەرکردەکانی ئەم جووڵانەوەیەش بەتایبەتی نەمر قاسم کەریمی و ڕەئوف حافزولقورعان دوای ئەوەی ماڵ و سامانیان شێوێندرا، لە ترسی گیانیان ڕایان کرد بۆ باشووری کوردستان و حاجی قاسم کەریمی ساڵی ٢٠٠٢ لە ھەولێر کۆچی دوایی کرد و ڕەئوف حافزولقورعان دوای تەمەنێکی پڕ لە شانازیی خەبات و کوردایەتی ئەمێستاکە لە سلێمانی خەریکی دوورینی جلوبەرگە و تەمەنی پڕ لە ئەزموونی تێپەڕ دەکا. ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی حکوومەتی پاشایەتی لەو جووڵانەوانەیە کە بۆکانێش دەوری چالاکی تێدا گێڕا ئەم جووڵانەوەیە کە ھاوکات بوو لەگەڵ جووڵانەوەکانی سەرانسەری ئێران لە کاتی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی باشی لەسەر ئاستی ئێران و تەنانەت دەرەوەش ھەبوو.

بۆ نموونە ڕۆژنامەکانی تورکیا ھەواڵی خۆپیشاندانی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٩٧٨ی بۆکانیان بە چڕی بڵاوکردەوە. ئەوەش ٥ مانگ بەر لە ڕووخانی ڕژیمی شاھەنشاھی بوو. خۆپیشاندانی خویندکارانی مەدرەسەکانی بۆکان لەم ڕۆژەدا یەکەم ڕێپێوانیشارەکە نەبو، یەکەم ڕێپێوان سەرەتای ھاوینی ساڵی ١٩٧٨ بە بەشداری خەڵکی گەرەکی قوللە بۆ دابینکردنی ئاو و کارەبا لە بەر شارەوانی و بنکەی ئاسایشی شار ھاتە ئاراوە کە پاشان بوو بە خۆپیشاندانێکی دەستپێک لە بۆکان کە بە تەقەکردنی پۆلیس و ھێزی چەکدار بڵاوەی پێکرا. پاشان لە دژی ئاکاری ھێزە چەکدارەکانی ئاسایش دەرحەق بە یەکێک لە ماموستایانی دڵسۆزی شارەکە تەقینەوەیەکی جەماوری دژی ڕژیم بە شێوەی خۆپیشاندان ڕووی دا. ڕۆژی ٨ی ڕەزبەر(٣٠ ئەیلوول) خوێندکارانی دەبیرستانی کورش کەبیر و قوتابخانەکانی ناوەندی ڕژانە شەقامەکان و ڕێپێوانێکی ھێمنانەیان بەڕێوەبرد. ھێزەچەکدارەکانی حکوومەتیش سیلەیان لە خەڵک گرت و خەڵکەکەیان گولەباران کرد. محەممەد بەھرامی و کەماڵ حەمیدی دوو خوێندکاری شارەکە خوێنیان خەڵاتی کوردستان کرد و چەند کەسی تر بریندار بوون

شوێنە بەرچاوەکان[دەستکاری]

لە بۆکان زیاتر لە ٥٠ شوێنەواری گرینگی مێژوویی ترکەمێژووی زوربەیان دەگەڕێتەوە سەردەمانی ھەزارەی یەکەمی پێش زایین، بە ڵام گرانگترین شوێنەوارێکی مێژووی کە شوێنەوارناسانی ئێرانی و بیانی ئاماژھی پێدەکەن و وەک پێتەختی ماناکان ناساندوویانە قەڵایچی یە کە لە ٨ کیلۆمەتری باکووری خۆرھەڵاتی بۆکانەوە.

  • قەڵای سەردار لە ناوەندی شار کەشوێنی فەرمانڕەوایی سەردارانی موکری بووە
  • گردی مێژوویی لە گەڕەکی کولتەپە
  • قەڵایچی بۆکان لەگوندی قەڵایچی و سەرچاووەی پایتەختی ماناکان
  • گردی تابانی لەگوندی ئەحمەداوا
  • گردی ڕۆژبەیانی لە گوندی عەزیزکەند (دەگەڕێتەوە چاخی زێو-پێش زایین.
  • گردی خەوزێنە لە گوندی سەراو
  • قەڵای فەرەاد تاش لە گوندی سماقان کە نۆەۆدەی بەردینی ئێدا تاشراوە

کەسایەتی ناودار[دەستکاری]

وێژە

  1. عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی: شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ
  2. سوارە ئیلخانیزادە: شاعیر و نووسەر
  3. عەباس حەقیقی شاعیر
  4. حەسەن قزڵجی: چیرۆک نووس، نووسەر و ڕۆژنامەوانی سەردەمی کۆماری کوردستان و ڕەچەشکێنی چیرۆک نووسیی ئەدەبیاتی کوردی.
  5. سەید کامیل ئیمامی: ناسراو بە ئاوات شاعیر
  6. محەممەدسەعید نەججاڕی: ناسراو بە ئاسۆ شاعیر
  7. ڕێبین حەیدەری: پەیکەرتەراش
  8. محەممەد نووری: شاعیر.
  9. ئەمین گەردیگلانی: شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ
  10. سەید قادر ھیدایەتی ڕۆماننووس
  11. حوسێن شێربەگی نووسەر و وەرگێڕ
  12. ئەحمەد مەولانی شاعیر و وەرگێڕ
  13. محەممەد باوەردی موقەددەم نووسەر، زمانەوان
  14. بریا کاکەسووری نووسەر
  15. خەبات ڕەسووڵی چیرۆکنووس
  16. محەممەد ڕەمەزانی نووسەر و وەرگێڕ
  17. ئەنوەر عەرەب شاعیر و نووسەر
  18. قادر عەلیخا شاعیر و نووسەر
  19. کەریم حیکمەتی شاعیر
  20. ناسر ڕەسووڵی نووسەر، ڕەخنەگری سینەما
  21. عەزیز مەحموودپوور نووسەر
  22. یوونس ڕەزایی شاعیر و نووسەر
  23. لەیلا ساڵحی شاعیر و نووسەر

مۆسیقا

  • حەسەن زیرەک: گەورەترین و بەناوبانگ ترین گۆرانیبێژی کوردستانی گەورە.
  • حەسەن دەرزی: گۆرانییێژی بەناوبانگی کورد.
  • تاھیر خەلیلی: گۆرانیبێژی گەورەی کورد.
  • قالەمەڕە: عەبدوڵڵا قادر زادە ناسراو بە قالە مەڕە شمشاڵ ژەنی گەورەی کوردستان لە ئاستی جیھان.
  • عوسمانە سوور: زوڕناژەنی بەناوبانگی کورد و خاوەن چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی.
  • کاریگەر: سادق قوبادی ناسراو بە کاریگەر گەورەترین و یەکەمین گۆرانیبێژی ستایلی ڕاپ لە کوردستان دا.
  • عەلی کەردار: حەیران بێژ و بەیت بێژی گەورەی فۆلکلۆری کورد.
  • عەلی خەندان: لە پایەکانی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد و ناوچەی موکریان.
  • ئاوات بۆکانی: بەناوبانگترین بەندبێژی ئێستای کوردستان نیشتەجێ لە باشووری کوردستان.

سیاسەت

وەرزش

زانکۆکانی شاری بۆکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Climate: bukan - Climate graph, Temperature graph, Climate table". climate-data.org. Retrieved 10 Nov 2013.
  2. ^ "BUKAN, Iran Climate". My Forecast. Retrieved 14 July 2013.
  3. ^ "bukan climate info". What's the Weather Like.org. Retrieved 14 July 2013.[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  4. ^ "bukan Weather Forecast and Climate Information". bukan. Retrieved 14 July 2013.[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]