ئەگەر دەتوانی بمگرە (فیلم)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بمگرە گەر دەتوانی
دەرھێنەرستێڤن سپیلبێرگ
کاستلیۆناردۆ دیکاپریۆ
تۆم ھانکس
کریستۆڤەر وۆکین
ناتالی بایی
مۆسیقاجۆن ویڵیامس
کۆمپانیای بڵاوکەرەوەدریم وۆرکس
ڕێکەوتی دەرچوون٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢
ماوەی فیلم١٤١ خولەک
وڵاتویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمانئینگلیزی
تێچوون٥٢ میلیۆن دۆلار
داھات٣٥٢٫١ میلیۆن دۆلار

بمگرە گەر دەتوانی (بە ئینگلیزی: Catch Me If You Can) فیلمی تاوان و ژیاننامەی ئەمریکییە لە دەرھێنانی ستیڤن سپیڵبێرگە وە لە ساڵی ٢٠٠٢ بەرھەم ھاتووە. لە پاڵەوانێتی لیۆناردۆ دیکاپریۆ، تۆم ھانکس، کریستۆڤەر وۆکین، مارتن شین، ناتالی باییە. چیرۆکی فیلمەکە لە ژیانی کەسایەتی بەناوبانگ فرانک ئاباگنیڵ وەرگیراوە کە توانی ساختەکاری لە چەکی بانکی و بڕوانامەدا بکات وە کاری پێ بکات پێش ئەوەی تەمەنی نۆزدە ساڵی تێپەڕێنێ، کە بووە ھۆی ئەوەی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدرالی ناچار بکات بکەوێتە دوای بە سەرۆکایەتی کاڕڵ ھانراتی. فیلمەکە لەلایەن ڕەخنە گرانەوە ستایش کراوە، وە پاڵێوراو بووە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار وە ٢٢ خەڵاتی تر کە ١٣ بە دەست ھێنا.

چیرۆک[دەستکاری]

فیلمەکە باس لە فڕانک ویڵیام ئابیگنەیلی بچووک دەکات کە لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە بەھۆی لەیەک جیابوونەوەی دایک و باوکی لە ماڵەوە ڕادەکات و بیرۆکەی ئەوەی بۆدێت ببێت بە فڕۆکەوان، بۆیە جل و بەرگی فڕۆکەوانی دەکڕێت و خۆی وەک فڕۆکەوانێک دەناسێنێت و ھەڵدەستێت بە دروستکردنی چەکی بانکی ساختە و وەرگرتنی پارە بە بانکەکان. پاش ئەوەی ماوەیەک بەسەر ئەوەشدا تێدەپەڕێ لە جۆرجیا لە نەخۆشخانەیەک ھەڵدەستێ بە دروستکردنی بڕوانامەی ساختە و خۆی وەک دکتۆرێک دەناسێنێ و لەو نەخۆشخانەیە دەستبەکار دەبێت. پاش ئەوەی دەیەوێت کچێک مارەبکات، فڕانک ڕاستییەکان بە باوکی کچەکە دەڵێت و باوکیشی چونکە پارێزەرە دەیبات بۆ تاقیکردنەوەی پارێزەری و فڕانکیش سەرکەوتوو دەبێت و دەبێتە پارێزەر. بەڵام شتەکان دەگۆڕێن و لە شەوی ئاھەنگی گواستنەوە بریکار کارڵ کە ماوەیەکی زۆرە بە دوای دەگەڕێ دەیدۆزێتەوە لەبەر ئەمەش فڕانک ھەڵدێت و دووبارە دەگەڕێتەوە سەر کاری فڕۆکەوانی. پاشان دەست بە گەشتێک دەکات بۆ چەندین وڵات و لەو ماوەیەش بریکار کارڵ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات و دوایین جار لە فەڕەنسا لەو لادێیەی کە دایک و باوکی فڕانک یەکترییان تێدا بینیوە دەستگیری دەکات و دەیگەڕێنێتەوە ئەمریکا. بەھۆی ئەو ھەموو کارانەی و تاوانانەی کردوویەتی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ زیندانی دەکرێت، بەڵام لەبەر شارەزایی لە چەندین کاردا ئێف بی ئای لە زیندان دەریدەھێنن و دەیکەن بە ڕاوێژکاری ئاسایش.

ئەکتەرەکان و ڕۆڵەکانیان لە فیلمەکە[دەستکاری]

  • لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە ڕۆڵی فڕانک ئابیگنەیلی بچووک، ئەو کەسەی کە پێش ئەوەی ببێتە ١٩ چەندین میلیۆن دۆلاری کۆکردەوە لە ڕێگەی چێکی بانکی ساختەوە.
  • تۆم ھانکس لە ڕۆڵی کاڕل ھانراتی، ئەو بریکارە تایبەتیەی ئێف بی ئای کە زۆربەی بەشەکانی فیلمەکە بە دوای فڕانک دەکەوێت و لە کۆتاییەکەش لەگەڵ فڕانک دەبنە ھاوڕێ.
  • کریستۆڤەر وۆکین لە ڕۆڵی فڕانک ئابیگنەیلی باوک، باوکی فڕانکی بچووکە و سەرباز بووە لە جەنگی جیھانیی دووەم. فڕانکی باوک ھەموو شتێکی ژیانی لەدەستدەدات بەھۆی سزادان لە خۆلادان لە باج. دواتریش ھاوسەرەکەشی لەدەست دەدات و خۆشی پاش ئەوەی بە دوای شەمەندەفەرێک دەکەوێت لە وێستگەی شەمەندەفەر بەردەبێتەوە و گیان لەدەست دەدات.
  • ناتالی بایی لە ڕۆڵی پاولا ئابیگنەیل، ھاوسەری فڕانکی باوک کە دواتر لێی جیادەبێتەوە و شوو بە ھاوڕێی فڕانک جاک باڕنس دەکاتەوە.
  • ئەیمی ئادەمس لە ڕۆڵی پەرستار برێندا، ئەو کچەی کە فڕانکی بچووک دەکەوێتە داوی خۆشەویستی لەگەڵییەوە و دەیەوێت بیکاتە ھاوسەری.

سەرچاوەکان[دەستکاری]