ئەمیر حەسەنپوور
لەوانەیە ئەم وتارە بۆ گەییشتن بە ئاستی ستانداردی شێوازی نووسینی وتار لە ویکیپیدیادا، ویکیسازی پێویست ببێت. تکایە ئەگەر دەتوانن ئەم پەڕەیە باشتر بکەن. |
| ئەمیر حەسەنپوور | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣ مەھاباد |
| مەرگ | ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٧ تۆرۆنتۆ |
| زانکۆ | |
| پیشە | مرۆڤناس، زمانناس، مامۆستای زانکۆ |
| شوێنکار |
|
| ھاوسەر | Shahrzad Mojab |
ئەمیر حەسەنپوور (١٠ی گەلاوێژی ١٩٤٣ لە مەھاباد - ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە تۆرنتۆ)، لێکۆڵەر و زانایەکی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو. ئەو ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی جیھانیی قوتابی و خوێندکارە ئێرانیەکان-یەکێتیی نەتەوەیی و یەکێتیی کۆمونیستەکانی ئێران بوو.
ژیاننامە
[دەستکاری]ئەمیر حەسەنپوور لە ١٠ی گەلاوێژی ١٩٤٣ لە شاڕی مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆڕیوس بوو لە زمانی ئینگلیزی لە زانستگای تاران(١٩٦٤)، لە نێوان ساڵانی (١٩٦٥–١٩٦٦) لە قوتابخانەکانی مەھاباد وانەی ئینگلیزی داوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٦٨ ڕووی کردەوە تاران بە مەبەستی بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زمانی ئینگلیزی. لە ساڵی ١٩٧٠ بڕوانامەکەی بەدەست ھێناوە. لە ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی دوکتۆراشی لە زمانی ئینگلیزی بە دەست ھێناوە و ھەر لە زانستگای تارانیش بۆتەوە وانەبێژ. پاشان ڕووی کردۆتە زانستگای ئیلینۆی لە گەورە شاری ئوربانا-شامپەین لە ویلایەتی ئیلینۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە بواری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و مێژوو و زمانی شارستانێتیە کۆنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بڕوانامەی پڕۆفیسۆری بە دەست ھێناوە (١٩٨٦).
بنەمای کارەکانی لە پێناو دیاریکردنی زمانی کوردی و درووستکردنی زمانێکی کوردیی یەکگرتوو بووە، لە دوای ساڵی ١٩٨٦ لە کەنەدا ژیاوە و بووەتە وانەبێژ لە زانستگاکانی ویندسۆر و کۆنکۆردیا و تۆرۆنتۆ. دواھەمین پۆستی ئەکادیمیشی بریتی بووە لە پڕۆفیسۆری بەشدار (associate professor) لە بەشی شارستانێتیەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست. ئەو بوارانەی وانەی تێدا گوتۆتەوە و بایەخی پێ داون، بریتی بوون لە ڕاگەیدان (میدیا)، ململانێکان و دیموکراسی و هەروەها بە مێتۆدی ڕەخنەیی بایەخی داوە بە پرس و بابەتەکانی ناسیۆنالیزم، ململانێی نەژادی و گینۆساید و هەروەها بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان. هەروەها بە مێتۆدی مارکسیانە و لە ڕووی تیۆری و پراکتیکیەوە ئاوڕی لە پرسەکانی ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی داوەتەوە. زۆر بایەخی داوە بە گرنگیی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەوە تا زانستگا و بواری توێژینەوەی ئەکادیمی لە سەر کورد و کوردستان و زمانی کوردی، هەروەها لەگەڵ مافی گەلان و کەمینە نەتەوەییەکان بوو بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان. ئەمیر حەسەنپوور بە سایەی توێژینەوەکانی و وتارە ئەکادیمی و بەشداریەکانی لە کۆنفێرانسە نێودەوڵەتیەکان توانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بایەخ بۆ دۆزی ئاشووریەکان و گینۆسایدیان لە تورکیا لە نێوان ساڵانی ١٩١٥-١٩٢١ برەو پێ بدات کە پێشتر زیاتر ئاوڕ لە گینۆسایدی ئەرمەنیەکان درابۆوە و باس دەکرا و توێژینەوەی لە سەر دەکرا، بەڵام ئەو بایەخی بە هەردووکیان داوە و بە یەکتری گرێداون چونکە لە زیاتر بە هۆی ئاینەکەیان تا نەژادیان چەوسێندرانەوە و زۆریان لێ قڕ و بنەبڕ کرا لە سەر دەستی تورکە ئیسلامی و نەژادپەرستەکانی عوسمانی و کەمالیستی لە گەرمەی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای جەنگیش تا ساڵی ١٩٢١. واتە جگە لە مافی کوردان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان و پاراستنی زمانەکەیان، بایەخی بە هەردوو گەلی ئەرمەنی و ئاشووریش داوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ئەکادیمیای کوردی بۆ زمان -ژیاننامەی پرۆفیسۆر د. ئەمیرحەسەنپوور.