بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەفراسیاب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەفراسیاب، پاشای ئەفسانەییی توورانیان و کوڕی «پەشەنگ»ە لە شانامەی فیردەوسیدا. ئەو یەکێکە لە نەیارە سەرەکی و ھەمیشەیییەکانی ئێرانیان کە مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و کێشمەکێش و تراژیدیای لەگەڵ پاڵەوانان و پاشاکانی ئێراندا ھەیە. ھەروەھا ناوی ئەفراسیاب بۆ شارێکی دێرینیش بەکارھاتووە کە دەکەوێتە شوێنی ئێستای شاری سەمەرقەند. ئەفراسیاب خاوەنی وەزیرێکی دانا و ژیر بوو بە ناوی پیران ویسە.

گرنگترین ڕووداوەکانی ژیانی لە شانامەدا

[دەستکاری]
  • دەستپێکی شەڕەکان: یەکەمین دەرکەوتنی ئەفراسیاب لە شەڕی پەشەنگدا بوو، کە تێیدا لەلایەن باوکییەوە کرا بە فەرماندەی سوپای تووران و توانی «دەھستان» (پایتەختی نۆزەر) داگیر بکات. ئەو لەم شەڕەدا تەنانەت برا زاناکەی خۆی بە ناوی «ئەغریرەس» کوشت.
  • داگیرکردنی ئێران: کاتێک کەی کاوووس لە ھاماوەران بەدیل گیرا و ڕۆستەم بۆ ڕزگارکردنی چوو، ئەفراسیاب ھەلی گونجاوی دۆزییەوە و خاکی ئێرانی داگیر کرد، بەڵام دواتر لە کاتی گەڕانەوەی ڕۆستەمدا لە ئێران وەدەرنرا.
  • شەڕی ڕۆستەم و سوھراب: لە کاتی لەشکرکێشیی سوھراب بۆ سەر ئێران، ئەفراسیاب دوو جەنگاوەری خۆی بە ناوەکانی «بارمان» و «ھۆمان» نارد بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی باوک و کوڕ (ڕۆستەم و سوھراب)یەکتری بناسنەوە.

چیرۆکی سیاوەش و کۆتایی ئەفراسیاب

[دەستکاری]

لە داستانی سیاوەشدا، دوای چەندین پێدادان، ئەفراسیاب داوای ئاشتی دەکات و مەرجی ناردنی سەد بارمتە لە خزمەکانی خۆی قبوڵ دەکات؛ بەڵام کاتێک کەی کاوووس (پاشای ئێران) ئاشتییەکە ڕەت دەکاتەوە، سیاوەش کە نایەوێت پەیمانەکەی بشکێنێت، بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە و خۆی پەنا دەباتە بەر خاکی تووران.

ئەفراسیاب سەرەتا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سیاوەشدا دەبێت، بەڵام دواتر بەھۆی پیلانگێڕیی براکەی خۆی «گەرسیوەز»، فەرمانی کوشتنی شازادە سیاوەش دەردەکات. ئەم کارەساتە دەبێتە ھۆی ھەڵگیرسانی زنجیرەیەک شەڕی گەورەی تۆڵەسەندنەوە لە نێوان ئێران و تووراندا. لە کۆتاییدا، لە شەڕی گەورەی کەیخەسرەودا، ئەفراسیاب بە دەستی کەیخەسرەو (کە کوڕی سیاوەش و فەرەنگیسی کچی ئەفراسیاب بوو) دەکوژرێت.

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  • ویکیپیدیای فارسی، ڕێکەوتی ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦.