ئەسەدەددین شێرکۆ
ئەسەدەددین شێرکۆ | |
---|---|
![]() | |
لەدایکبوون | ٥٠٠ک |
مەرگ | ٥٦٤ک، |
نەتەوە | کورد |
پاش | سەلاحەددین ئەیووبی |
بەرامبەر(ەکان) | خاچھەڵگران |
ئایین | ئیسلامی سوننە |
ئەسەدەددین شێرکۆ کوڕی شادی کوڕی مەڕوان کوڕی یەعقوب د، ونیی، سەرکردەیەکی کوردە کە لە ساڵی ٥٠٠ی کۆچی لە شارۆچکەی دوین لە ئەرمەنستان لەدایکبووە. شێرکۆ لە کوردیدا لە دوو وشەی شێر + کۆ (کە پاشگری بچووککردنەوەی نێوی نێرینەیە بەمانای خۆشەویستی) پێکھاتووە. لەگەڵ نەجمەددین ئەییووبی برای کە باوکی سەلاحەددین بوو بە یەکەوە لە تکریت گەورەبوون. ھەروەک ئەوەی شادی باوکیان لەوێ دەژیا، نەجمەدین لە ئەسەدەدین گەورەتربووە، و خاوەنی عەقڵ و دانایی و لەسەرخۆیی، لەکاتێکدا ئەسەدەددین وەک نەیزەکێکی گڕگرتوو بووە و ئارامی نەگرتووە لەسەر ھیچ ئازاردان و دوژمنایەتی و پێشێلکردنی پیرۆزییەک لەبەر ئەمەیە کە لە شوێنێکەوە گواستویەتییەوە بۆ شوێنێکی تر.
لە تکریتەوە بۆ مووسڵ و بۆ حەلەب
[دەستکاری]ئەسەدەددین و نەجمەددینی برای لە خزمەتی میر بەھرۆزی سەرۆکی پۆلیسی بەغدادا ئیشیان دەکرد کەلە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقییەکاندا بوو، میر بەھرۆز قەڵای تکریتی بۆ جیاکردبوونەوە و ناوبانگێکی باشیان ھەبوو لەناو خەڵکدا، ساڵی ٥٢٦ک ڕووداوێک ڕوویدا بەکورتییەکەی ئەسەدەددین و نەجمەددین یارمەتی سەرکردەی لێھاتوو (عیمادەددین زەنگی)یان دا دوای ئەوەی بە تێکشکاوی ھاتە تکریتەوە لەبەرامبەر ھەندێک لە دوژمنەکانی، ئەم دوو برایەش یارمەتی عیمادەددینیان دا تا بڕواتەوە بۆ مووسڵ و میر بەھرۆز لە ناکۆکییەکی توندا بوو لەگەڵ عیمادەددین زەنگی، لەبەرئەوە ئەم ھەڵوێستەی ئەسەدەددین و نەجمەددینی بە دڵ نەبوو و بازنەی لێ تەسک کردنەوە و لە فرسەتێک دەگەڕا تا لێیان بپرسێتەوە، سەربازەکانی بەھرۆز خەڵکی قەڵای تکریت و کەسوکاری ئەسەدەددین و نەجمەددینیان بێزار دەکرد، ھەتا ئەو فرسەتە ھات کە دەیویست، یەکێک لە سەربازەکان ڕێگەی بە کچێکی ماڵی ئەسەدەددین گرتبوو و کچەکەش لای ئەسەدەددینی مای شکاتی لێکرد، لەبەر ئەوە لەگەڵ سەربازەکەدا بەگژییەکدا چوون و بە کوژرانی سەربازەکە کۆتایی پێھات، میر بەھرۆز لەسەر ئەوە توڕەبوو و فەرمانی دەرکردنی نەجمەددین و ئەسەدەدەددین و کەسوکاریانی دەرکرد لە قەڵاکە لە ساڵی ٥٣٢ک و لەو شەوەدا کە سەڵاحەددین لە دایک بوو.
ئەو دووبرایە بڕیاریان دا بڕۆن بەرەو لای میری مووسڵ (عیمادەددین زەنگی)، کە ئەویش پێشوازییەکی گەرمی لێکردن و سوپاسی ھەڵوێستەکەیانی کرد، بە بەرپرس و سەرکردەکانی ناساندن و ڕێزێکی ئێجگار زۆری لێگرتن، و ناوچەی بۆ جیاکردنەوە، نەجمەددینی کرد بە والی بەعلبەک و ئەسەدەددین بە یەکێک لە سەرگەورەکانی سوپاکەی، عیمادەددین شارەزا بوو لە ناسینی پیاوەکان و ناسینەوەی تواناکانیان، ئەمەش وای کرد بتوانێت دایانبمەزرێنێت بەپێی لێھاتوویەکانیان، لە نەجمەددیندا عاقڵی و دانایی دەبینی لە سەرکردایەتی کردن و سیاسەتدا و لە ئەسەدەددیندا سەرکردەیەکی ئازا و بە توانای دەبینی.
لە لای عیمادەددینەوە بۆ لای نورەددین لە حەلەب
[دەستکاری]ئەسەدەددین لە خزمەتی عیمادەددیندا مایەوە، و لە ھەموو شەڕەکانی خاچھەڵگری لەگەڵیدا بوو، ھەروەھا لەە ڕۆژی فەتحی ڕەھادا لەگەڵی بووە، عیمادەددین ڕێزی لێدەنا و خۆشی دەویست لەبەرئەوەی نموونەی سەرکردەیەکی ئازا بوو کە مردن نەیئەترساند، بەم شێوەیە مایەوە و لە سەربازگەکە لەگەڵیدا بوو لەو شەوەی عیمادەددین کوژرا لە ساڵی ٥٤١ک، لەو کاتەدا کە ئەسەدەددین ھەستا بە یەکێک لە گرنگترین کارەکان، ئەویش پاراستنی سەربازگەی موسڵمانان بوو لە تاڵان و بڕین کە لە کاتی کوژرانی سەرکردەکاندا ڕوو دەدات، پاشان مستیلەی پاشایەتی تایبەت بە عیمادەددینی دا بە نورەددینی مەحموود کوڕی بۆ گرتنە دەستی خەلافەت لە جێگەی باوکە شەھیدەکەی، پاشان ھەستا بە پارێزگاری نورەددین ھەتا بە سەلامەتی گەیشتە شاری حەلەب، نورەددین ئەم چاکەیەی ئەسەدەددنی بینی و کردی بە یەکێک لە نزیکترین کەسەکان لێوەی، لەو ڕۆژەوە ئەسەدەددین بوو بە سەرکردەی سوپای نورەددینی مەحموودی میری نوێی دیمەشق و شام، و یەکێک بوو لە دڵسۆزترین و بەھیزترین بەرپرسەکانی سوپای شامی، و پیاوێکی گرنگ بوو کە نورەددین مەحموود پشتی پێ دەبەست لە ناھەمواری و کاتە قورسەکاندا، و چەندین ھەڵوێست و پاڵەوانێتی ناوداری ھەبوو.
ئەسەدەددینی مامۆستا لە دیمەشق و وڵاتی شام
[دەستکاری]
لە دیمەشق میر نورەددین زەنگی و ئەسەدەددین شێرکۆ وەک مامۆستای یەکەم و فێرکاری ڕاستەقینە و دۆزەرەوەی توانا و لێھاتوویەکانی کوڕی براکەی سەڵاحەددین یوسف کوڕی ئەیووب سەلاحەددینی ئەیووبی بوون، ئەمەش لەو کاتانەوە کە سەلاحەدین گەنجێکی لاو بوو کە شێرکۆ بە چاوی شارەزا لەم گەنجە مناڵەدا عەقڵ و دانایی نەجمەددینی باوکی و ئازایەتی و سوارچاکی ئەسەدەددینی مامی و لەخواترسی و دینداری نورەددینی میری تیادا بینییەوە کە ئەم سێ ڕەوشتەش بەسن بۆ ئەوەی ئەم کوڕە لاوە لە داھاتوودا ببێت بە پێشەوای نەتەوە، ھەموو ئەمانە ئەسەدەددین لە کوڕی براکەیدا بینییەوە و پەیمانی دا بە چاودێری کردنی و وبردییە لای خۆی و ڕاھێنانەکەی گرتە ئەستۆ لەسەر ھونەرەکانی جەنگ وسەرکردایەتیکردنی سوپا و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی داستانەکان بە ھێرش و بەرگرییەوە، ھەروەھا فێری ھونەرەکانی سیاسەت و وتوێژی کرد، ھەتا ئەم لاوە گەنجە پێ گەیشت و بوو بە لاوێکی بەھێز و ئەسەدەددین ھاوڕێیەتی دەکرد لە ھەموو شوێنێک و لە شارەکانی شام وەکو دەستی ڕاستی وابوو و ھەرکەس نەیناسیایە وای دادەنا کە سەلاحەدین تاکە کوڕی ئەسەدەددین بێت، و ھەروەھا ڕاھێنان و فێرکردنی سەلاحەددین بە گرنگترین کارەکانی ئەسەدەددین دادەنرێت.
فەتحی میسر
[دەستکاری]ئەسەدەددین شێرکۆ یەکێک بوو لە سەرکردە گەورەکانی دیمەشق و بەھۆی شارەزایییە سەربازییەکەی و تێراوانینی سیاسی بۆ بارودۆخی ئەو کاتەی جیھانی ئیسلامی، بە پێویستی دەزانی میسر بگرن و فەتحی بکەنەوە و دەوڵەتی فاتیمی بروخێنن، و قودس بگەڕیننەوە لە دەستی خاچھەڵگرەکان دوای ئەوەی ساڵی ٤٩٢ک گرتبوویان، و ئەسەدەددین کاریگەر بوو بە یەکگرتنی جیھانی ئیسلامی لە بەرامبەر خاچھەڵگرەکان، ئەمەش نەئەکرا بە یەکخستنی شام و میسر نەبێت، لەبەر ئەوە شێرکۆ فەتحکردنی میسری دووپات دەکردەوە بەڵام میر نورەددین زەنگی کاتەکەی بە گونجاو نەئەزانی و چاوەڕێی فرسەتێکی دەکرد.
بارودۆخ لە میسر تەواو تێک چوو بوو، ناکۆکی نێوان شاور و زڕغام لەسەر پۆستی وەزیری دەوڵەتی فاتیمی پەرەی سەند، زڕغام سەرکەوت بەسەر شاوردا و لە میسر کردییە دەرەوە ئەویش پەنای بردە بەر نورەددین چەند بەڵێنێکی پێدان لە بەرامبەر ئەوەی وەزارەتەکەی بۆ بگەڕێننەوە، نورەددین ئەمەی بە فرسەتێکی باش زانی بۆ فەتحی میسر، سەرکردەی سوپاکەی ئەسەدەددین شێرکۆی ڕاسپارد بۆ ئەو مەبەستە بڕوات بەرەو میسر، شێرکۆ زۆر دڵ خۆش بوو بەم ئەرکە و بە ھاوەڵی برازاکەی سەڵاحەددینی ئەیووبی دەرچوو لە دیمەشق لە ساڵی ٥٥٩ک و تەنھا لەگەڵ ١٠٠٠ پیاودا.
ئەسەدەددینی ترسێنەر
[دەستکاری]ئەسەدەددین لە سەرکردایەتی سوپاکەیدا کە لە ھەزار سەرباز پێکھاتبوو گەیشتە بلبیس و لەگەڵ سوپای زڕغامدا بە یەکیاند و سەرکەوت بە سەریاندا و پێشکەوت بەرەو قاھیرە تا زڕغامی گرت و شاوری گێڕایەوە بۆ پۆستەکەی، بەڵام شاور خیانەتی لە بەڵێنەکانی کرد و فەرمانی کرد بە شێرکۆ بگەڕێتەوە و ھەڕەشەی لێکرد، ئەسەدەددین چووە شاری بلبیس و بە شاوری ڕاگەیاند کەوا ناگەڕێتەوە بە فەرمانی نورەدین زەنگی میری نەبێت، بەڵام شاور تەنھا بیری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکردەوە لەبەرئەوەی داوای یارمەتی لە خاچھەڵگرەکانی شام کرد تا یارمەتی بدەن لە دژی ئەسەدەددین، و خاچھەڵگرەکان ھەر کاتێک ئەسەدەددین بەرەو میسر ڕۆیشت زانیان مەترسیان بۆ مانەوەیان دروست دەبێت ئەگەر میسر فەتح بکرێت، لەبەر ئەوە خێرا کۆبوونەوە و دڵخۆشبون بەمە و سوپاکانیان نارد و شاور پارەیەکی زۆری پێدان لە بەرامبەریدا.
ھێزە خاچھەڵگرەکان کۆبوونەوە لەگەڵ سەربازەکانی شاور و گەمارۆی ھێزە شامییەکانیان دا، شێرکۆ سێ مانگ لە بلبیس مایەوە لەگەڵ ئەوە دیوارەکانی دەوری شارەکە کورت بوون و ھیچ خەندەق و قەڵایەکی تێدا نەبوو، بەڵام خاچھەڵگرەکان شارەکەیان نەگرت لەبەر ترسیان لە ئەسەدەددین، لەم کاتەدا نورەددین زەنگی ھێرشی کردە سەر موڵکەکانی خاچھەڵگرەکان و بەرزایی حارمی گرت و خاچھەڵگرەکانی لە ترسی ئەوەی موڵکەکانی تریان لە دەست نەدەن ناردیان بۆ لای ئەسەدەددین و داوای ڕێکەوتنیان کرد و ئەسەدەددین ڕازی بوو، و ھەر یەکێکیان گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان.
بەردەوامبوون
[دەستکاری]
ئەسەدەددین شێرکۆ گەڕایەوە شام و داخ لە دڵ بوو لە خیانەتی شاور و بارودۆخی یاخیبووی میسر و دەیویست جارێکی تر بە خاچھەڵگر و خیانەتی میسرییەکان بگاتەوە، ھەتا پاشا نورەددین زەنگی لە ساڵی ٥٦٢ک ڕازی بوو، و ئەسەدەددین لە سوپایەکدا دەرچوو کە ژمارەیان دوو ھەزار بوو، شاور ھەروەک پێشتر خێرا داوای یارمەتی لە خاچھەڵگرەکان کرد، ئەوانیش بە ھەزارانیان ھاتن تا لە بەرامبەر ئەسەدەددین ڕاوەستن و خۆیان میسر داگیربکەن، و شێرکۆ بە ھێواشی دەڕۆیشت و کە پێیان ڕاگەیاند سوپای خاچھەڵگرەکان ئێجگار زۆرن و سەربازەکانی شاوریان لەگەڵدایە، ھەموو سەرکردەکانی سوپاکەی داوایان کرد بگەڕێنەوە بۆ شام و خۆیان پڕ چەک بکەن، بەڵام ئەسەدەددین ئازایانە ڕاوەستا و بەردەوام بوو لە ڕێگەی خۆی لەمەشدا سەڵاحەددینی لەگەڵدا بوو، پاشان ئەسەدەددین ھەستا بە داڕشتنی پلانێکی سەربازی زیرەکانە کە سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەستھێنا بەسەریاندا پاشان لەگەڵ سەربازەکانیدا ڕۆیشتن بەرەو ئەسکەندەرییە، لەسەر بانگەوازی خەڵکەکەی، دوای ئەوەی گرتیان ئەسەدەددین، سەڵاحەددینی وەک پارێزەر لەسەر بە جێ ھێشت و خۆی گەڕایەوە بۆ درێژەدان بە فەتحەکانی، و خاچھەڵگرەکان ئەم فرسەتەیان قۆستەوە و گەمارۆی ئەسکەندەرییەیان دا نۆ مانگ، ئەسەدەددین گەڕایەوە بۆ سەرخستنی خەڵکی ئەسکەندەرییە و سوپای شامی بە سەرکردایەتی سەلاحەددینی ئەیووبی کە لە ئەسکەندەرییە گەمارۆدرابوون، لەبەرئەوە خاچھەڵگرەکان زۆر لێی ترسان و داوای ڕێکەوتنیان لێکرد، ئەسەدەددینیش مەرجی ئەوەی بۆ دانان کە میسر بە جێ بھێڵن و تەنھا گوندێکیشیان نەبێت تێیدا.
خیانەتی شاور
[دەستکاری]شاور ڕێکەوتنێکی نھێنی کردبوو لەگەڵ خاچھەڵگرەکان، تا شەڕبکەن بەسەر نورەددین زەنگی لە شام، ھەروەھا ڕێکەوت لەگەڵیان تا سوارەکانی خاچھەڵگرەکان پاسەوانی دەروازەی قاھیرە بکەن لە ساڵی ٥٦٢ک. خاچھەڵگرەکانیش بۆ پاراستنی خەڵکی میسر قبوڵیان نەکرد بەڵکو لە فرسەتێک دەگەڕان تا بڕۆنە ناو میسرەوە و بیگرن، کە ئەمەش لە سەرەتاکانی ساڵی ٥٦٤ک ڕوویدا، پاشای شانشنی لاتینی خاچھەڵگری لە قودس سوپاکەی کۆکردەوە و وبە خێرایییەکی گەورە ڕۆیشتن و شاری بلبیسیان گرت و کوشتارگەیەکیان تیا دامەزراند، پاشان ڕۆیشتن بەرەو قاھیرە و گەمارۆیەکی توندیان لەسەر دانا، شاور لێرەدا یەکێک لە ھەڵەکانی تری ئەنجامدا کە ھەستا بە سووتاندنی قاھیرە تا خاچھەڵگرەکان بگەڕێنەوە، ٥٤ ڕۆژ قاھیرەیان ئەسوتاند، ھەتا خەڵکەکەی و لەسەروو ھەموویانەوە خەلیفەی فاتیمی ناردیان بە دوای نورەددین زەنگی تا فریایان بکەوێت لە دەستی خاچھەڵگرەکان و شاوری وەزیر ڕزگاریان بکات.
دوایین فەتح
[دەستکاری]فەتحی میسر بۆ ئەسەدەددین وک دوایین خەون بوو و چاوەڕێی ئەو فرسەتەی دەکرد و لە حومس بوو کاتێک نامەی نورەددین زەنگی پێگەیشت کە بچێت بۆ حەلەب تا دەربچێت بۆ ڕزگارکردنی میسر، ئەسەدەدین کە لە ٦٠ ساڵ تێپەڕی کردبوو ئەو کاتە زۆربەخێرایی بەڕێکەوت کە ھەر ئەو ڕۆژە گەیشتە حەلەب، و نورەددین بەوە زۆر دڵخۆش بوو و سوپاکەی بۆ کۆکردەوە کە لە ١٠٠٠ سەرباز پێک ھاتبوون و ئەسەدەددین خۆی شەش ھەزاری تری کۆکردەوە لە خۆبەخشەکانی شام، وک پێشتر خاچھەڵگرەکان زۆر لە ئەسەدەددین دەترسان و ھەر ھەواڵیان پێگەیشت ئەسەدەددین بە توڕەیی بەرەو قاھیرە دەڕوات، یەکسەر کشانەوە و چۆڵیان کرد و ئەسەدەددین وەک فەتحکەری سەرکەوتوو چووە قاھیرەوە بە بێ شەڕ.
شاور ھەوڵی دا کە ئەسەدەددین بباتە سەر خواردنێکی ژەھراوی تا لە ناوی ببات، بەڵام کوڕە گەورەکەی شاور کوڕێکی پیاوچاک بوو بە باوکی وت ئەوە نەکات ئەگەر نا ئەو ھەواڵ دەدا بە شێرکۆ، بەم شێوەیە شاور پاداشتی ھەڵە و خیانەتەکانی وەرگرت و خەلیفەی فاتیمی فەرمانی کرد بە لە سێدارەدانی، و ئەسەدەددین وەزارەتی دەوڵەتی فاتیمی گرتە دەست لە قاھیرە و دەستی بە ئیش کرد بۆ ڕووخانی دەوڵەتی فاتیمی و یەکخستنەوەی میسر و شام لەژێر حوکمی نورەددین زەنگی لەسەر داوای خەلیفەی عەبباسی.
کۆچی دوایی
[دەستکاری]ئەسەدەددین دوای ئەوەی لە زیاتر لە سەد و پەنجا ڕووداوودا بەشداری کرد و لە زۆر جێگەدا ڕووبەڕووی مردن بوویەوە، بەڵام لەسەر جێگاکەی خۆی مرد لە ساڵی ٥٦٤ک، پاشان ھێنانەدی ئاواتەکەی بە فەتحکردنی میسر. و لە پاش ئەو سەلاحەددینی ئەیووبی برازای جێگەی گرتەوە لە وەرگرتنی وەزرات کە دواتر فاتیمییەکانی ڕووخاند و دەوڵەتی ئەیوبی دامەزراند و خاچھەڵگرەکانی کردە دەرەوە لە قودس.
سەیری ئەمانەش بکە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- الکامل فی التاریخ / سیر أعلام النبلاء / البدایة والنھایة
- وفیات الأعیان / السلوک للمقریزی / العبر فی خبر من غبر
- الروضتین فی تاریخ الدولتین / شذرات الذھب / النجوم الزاھرة
- مفرج الکروب / حسن المحاضرة / أیام الإسلام
- دەروازەی ژیاننامە
- دەروازەی مێژوو
- دەروازەی کوردستان
- دەروازەی ئەرمەنستان
- دەروازەی عێراق
- دەروازەی میسر
- دەروازەی سووریا