ئەسغەر فەرھادی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئەسغەر فەرهادیەوە ڕەوانە کراوە)
ئەسغەر فەرھادی

فەرھادی لە فیستیڤاڵی کان
لەدایکبوون (١٩٧٢-٠١-٠٧) ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٧٢ (تەمەن ٥٢ ساڵ)[١]
خومەینی شەھر - ئەسفەھان
نەتەوەئێران
خوێندنگەزانکۆی تربت مدرس بەشی شانۆ
پیشەدەرھێنەری فیلم - نووسەر
چالاکبوون١٩٩٧ - ئێستا
کارە ناودارەکان
دەربارەی ئێلی جیابوونەوەی نادر لە سیمین فرۆشیارەکە
ھاوسەرپەریسا بەختەوەر
مناڵ(ەکان)سارینا - ساغر
خەڵاتەکانخەڵاتی ئۆسکار خەڵاتی کان خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب خەڵاتی فەجر

ئەسغەر فەرھادی (بە فارسی: اصغر فرهادی) (لەدایکبووی ١٩٧٢، لە خومەینی شەھری ئەسفەھان، ئێران). دەرھێنەر و نووسەر و بەرھەمھێنەری فیلمە لەسەر ئاستی جیھان بە یەکێک لە لیھاتوترین سینەماکارەکان دادەنرێت و چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست ھێناوە لە نێویشیاندا خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین فیلمی بیانی و خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی کان بۆ باشترین سیناریۆ و خەڵاتی فەجر بۆ باشترین فیلم و باشترین دەرھێنان و باشترین سیناریۆ، ئەسغەر فەرھادی لە لایەن گۆڤاری تایمەوە وەکو یەکێک لە کاریگەرترین سەد کەسایەتیەکەی ساڵی ٢٠١٢ دیاریکراوە[٢]

ژیاننامە[دەستکاری]

ئەسغەر فەرھادی لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری ھومایون لە دایک بووە کە دوای شۆڕشێ ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ ناوی شارەکە گۆڕاوە بۆ خومەینی

فەرھادی شانۆی خوێندوە و پاشان لیسانس و سەرو لیسانسی بەدەست ھێناوە و لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئەسفەھان دەستی کردووە بە چالاکی، فەرھادی فیلمی پاسکیل دزەکانی کە فیلمێکی ئیتاڵیە وەکو یەکەمین فیلم ناساند کە کاریگەری لەسەری دروست کردبێت و ئینگمار بێرگمەن و فێدێریکۆ فێلینی و مایکڵ ئەنجیلۆ و ڤیتۆریۆ دێسیکا و بێڵی وایڵدەر و کریشتۆف کیشلوفسکی ئەو کەسایەتیانەن کە کاریگەریان لەسەر فەرھادی داناوە، زۆرینەی ئەو کەسانەی کە کە کاریگەریان لەسەر فەرھادی ھەبووە ئیتاڵی بوون و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی فەرھادی بە سینەمای ئیتاڵیا سەرسامە.[٣] ئەسغەر فەرھادی لە ساڵی ١٩٩٩ ھاوسەرگیری لەگەڵ خانمە دەرھێنەر پەریسا بەختەوەردا کرد و ساڵی ٢٠٠٨ فیلمێکی سینەماییان بە ناوی بازنەی زەنگدار دروست کرد کە سیناریۆکەی لە نوسینی ئەسغەر فەرھادی بوو وە لە دەرھێنانی پەریسا بەختەوەر بوو

فەرھادی دوو منداڵی ھەیە بە ناوەکانی سارینا و ساغەر، سارینا فەرھادی لە ساڵی ٢٠١١ لە فیلمی جیابوونەوەی نادر لە سیمین ڕۆڵێکی نیمچە سەرەکی پێدرا لە لایەن باوکیەوە و بەھۆی ئەو ڕۆڵەوە توانی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بباتەوە

کار و بەرھەمەکانی[دەستکاری]

ارتفاع پست[دەستکاری]

ارتفاع پست بە یەکەم کاری پیشەگەرانەی ئەسغەر فەرھادی دادەنرێت وەکو سیناریست، ئەم فیلمە دوازدەھەمین فیلمی دەرھێنراوی ئیبراھیم حاتەمی کیا بوو، فەرھادی دوای کەمتر لە ساڵێک لەم فیلمە یەکەمین فیلمی خۆی دەرھێنا

سەما لە نێو تەپوتۆزدا[دەستکاری]

سەما لە نێو تەپوتۆزدا یەکەم فیلمی فەرھادیە وەکو دەرھێنەر، سەما لە نێو تەپوتۆزدا فیلمێکی کۆمەڵایەتی سادەیە و توانی سەرنجی ڕەخنەگران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و خەڵاتی باشترین دەرھێنانی بردەوە لە فێستیڤاڵی ئاسیا پاسفیک، ھەروەھا خەڵاتی باشترین سیناریۆی فێستیڤاڵی ماڵی سینەما بەدەست بھێنێت[٤]

شاری جوان[دەستکاری]

شاری جوان دووھەمین فیلمی فەرھادیە وەکو دەرھێنەر باسی گەنجێک دەکات کە تۆمەتبارە بە کوشتن. شاری جوان دووھەمین ھاوکاری فەرھادیە لەگەڵ فەرامەرز قەریبیان و یەکەمین ھاوکاریەتی لەگەڵ تەرانە عەلیدۆستی. فیلمەکە بۆ ١١ خەڵاتی فەجر پاڵێورا بەڵام یەک دانەی بەدەست ھێنا سێ خەڵاتی دیکەی نێودەڵەتی بەدەستھێنا

چوارشەممە سورە[دەستکاری]

دوای دوو ساڵ ئەسغەر فەرھادی لە ساڵی ٢٠٠٦ بە فیلمی چوارشەممە سورەوە گەڕایەوە کە سیناریۆکەی لەگەڵ مانی حەقیقی نوسیبوو، چوارشەممە سورە باس لە خیانەت دەکات و توانی خەلاتگەلێکی زۆر کۆبکاتەوە لە نێوییشیاندا سێ خەڵاتی فەجر و چەند خەڵاتێکی دیکەی نێو دەوڵەتی. چوارشەممە سورە لە لایەن گۆڤاری سلانتەوە وەکو یەکێک لە باسترین فیلمەکانی ٢٠٠٦ دیاریکرا[٥]

کەنعان[دەستکاری]

لە دوای دوو ساڵ فەرھادی بە فیلمی کەنعانەوە دەرکەوتەوە کە دوبارە سیناریۆکەی لەگەڵ مانی حەقیقی نوسیبوو، کەنعان بە فیلمێکی سادە و پڕ دیمەن دادەنرێت سەرەڕای سادەیەکەی بەڵام بە فیلمێکی باش دادەنرێت

بازنەی زەنگدار[دەستکاری]

بازنەی زەنگدار بەرھەمی ساڵی ٢٠٠٨ەو لە نوسینی ئەسغەر فەرھادیە و لە دەرھێنانی پەریسا بەختەوەری خێزانێتی، جیاوازی ئەم فیلمە لەگەڵ کارەکانی پێشتری فەرھادی ئەوەیە کە تەنز یەکێکە لە ژانەرەکانی فیلمەکە بەڵام ھێشتا ھەر ڕەنگ و بۆی ڕیالیستی فەرھادی کەم نەبۆتەوە تێیدا، بازنەی زەنگدار فیلمێکی پڕ ئەکتەرە و توانی داھاتێکی باشیش کۆبکاتەوە.

لێپرسینەوە لەسەر شەقام[دەستکاری]

ئەم فیلمەش بەرھەمی ساڵی٢٠٠٩ ەو لە دەرھێنانی دەرھێنەری بە ئەزمون مەسعود کیمیاییە و نوسینی فیلمەکەش ھی مەسعود کیمیاییە بە ھاوکاری ئەسغەر فەرھادی.

دەربارەی ئێلی[دەستکاری]

دەربارەی ئێلی بەرھەمی ساڵی ٢٠٠٩ یە لە نوسین و دەرھێنانی فەرھادیە، بە ڕای زۆرینەی ڕەخنەگران دەربارەی ئێلی گرنگترین فیلمە لە کارنامەی ھونەری فەرھادیدا، وە لەگەڵ فیلمی دەربارەی ئێلی فەرھادیدا سێھەمین شەپۆلی نوێگەرایی سینەمای ئێران دەستیپێکرد.[٦] فیلمەکە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەستھێنا کاتێک توانی سێ خەڵات لە فێستیڤاڵی فەجر بەدەست بھێنێت لەگەڵ چەند خەڵاتێکی فێستیڤاڵی ماڵی سینەما، وە دەیان خەڵاتی لە دەرەوەی ئێران بە دەست ھێنا گرنگترینیشیان خەڵاتی باشترین دەرھێنان بوو لە فێستیڤاڵی بەرلین

جیابونەوەی نادر لە سیمین[دەستکاری]

جیابوونەوەی نادر لە سیمین کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١١یە لە جیھاندا بە جیابوونەوە ناسراوە پێنجەمین بەرھەمی فەرھادی بوو وەک دەرھێنەر، فیلمەکە باس لە خانەوادەیەک دەکات کە نزیکن لە جیابوونەوە و منداڵێکیان ھەیە جیابوونەوەی نادر و سیمین کێشەی گەورەی لیدەکەوێتەوە و پێی بنەماڵەیەکی تریش لە کێشەکان گیر دەبێت. جیابوونەوە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بە دەستھێنا لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ وەکو نوێنەری وڵاتی ئێران نێردرا بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی وڵاتی ئێراندا توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی بە دەست بھێنێت ئەم خەڵاتە خەڵکی ئێرانی زۆر دڵخۆش کرد، جیابوونەوە ٧٧ خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەست ھێنا[٧] و لە ڕیزبەندی باشترین فیلمەکانی سەدەی بیست و یەک ڕیزبەندی نۆیەمی پێدرا، ڕیزبەندیەکە لە لایەن ١٧٧ نوسەر و ڕەخنەگرەوە دانرابوو،[٨] جیابوونەوە نەک تەنھا لە ڕوی خەڵاتەوە لە ڕوی داھاتیشەوە سەرکەوتنێکی مەزنی بە دەست ھێنا کاتێک توانی ٢١ میلیۆن دۆلار کۆبکاتەوە کە ٣ ملیۆنی لە ناوخۆ کۆکردەوە

ئەسغەر فەرهادی دوای بەدەست هێنانی خەڵاتی ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ باشترین فیلمی بیان

١٩ ملییۆنیشی لە دەرەوەی وڵات کۆکردەوە[٩] لە کاتێکدا داھاتی فیلمەکە تەنھا ٥٠٠ ھەزار دۆلار بوو.

ڕابردوو[دەستکاری]

ڕابردوو بەرھەمی ساڵی ٢٠١٣یە یەکەمین کاری ئەسغەر فەرھادیە کە بە زمانێکی دیکە بێت کە فەڕەنسییە، ڕابردوو لە پاریس وێنەی گیرا بێرنس بژو ڕۆڵی سەرەکی گێڕا لەگەڵ عەلی موسەفا ئەم فیلمە باسی ئافرەتێک دەکات کە نیازی ھاوسەرگیری ھەیە بۆ جاری سێھەم لەگەڵ پیاوێک کە ژنەکەی ھەوڵی خۆکوشتنی داوە و لە کۆمادایە، فیلمەکە نھێنی ئامێزە و ھەست بزوێنە، ڕابردوو خەڵاتگەلێکی زۆری دەستەبەر کردووە لەنێویشیاندا دوو خەڵاتی فیستیڤاڵی کان

فرۆشیار[دەستکاری]

فرۆشیار بەرھەمی ساڵی ٢٠١٦یە لە دەرھێنان و نوسینی فەرھادیە، شەھاب حوسێنی بۆ سێھەمین جار ڕۆڵی لە فیلمی فەرھادیدا گێڕاوە و تەرانە عەلیدۆستییش بۆ چوارەمین جار، فیلمەکە باس لە دوو نمایشکاری شانۆیی مەرگی فرۆشیاری ئارتەر میلەر دەکەن، فیلمی فرۆشیار لە یەکەمین بەشداری خۆی لە فیستیڤاڵەکاندا دوو خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی کانی بە دەست ھێنا و پاشتریش چەند خەڵاتێکی دیکەی دەستەبەر کردو پاڵێورا بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین فیلمی بیانی بەڵام نەیبردەوە، دواتریش توانی خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبھێنێت بۆ باشترین فیلمی بیانی کە ئەم خەڵاتە جاری دووەم بوو لە مێژووی سینەمای ئێراندا[١٠]

فرۆشیار دوای ئەوەی داھاتی فیلمی موحەمەدی تێپەڕاند بووە پڕداھاتترین فیلمی ناوخۆی ئێران[١١]

ناوی فیلم ساڵ دەرھێنان ماوە تێبینی و خەڵاتەکان
ارتفاع پست ٢٠٠٢ ئیبراھیم حاتەمی کیا ١٢٠ خولەک سیناریۆ:ئەسغەر فەرھادی، ئیبراھیم حاتەمی کیا
سەما لە نێو تەپوتۆزدا ٢٠٠٣ ئەسغەر فەرھادی ٩٥ خولەک سیناریۆ: ئەسغەر فەرھادی، موحەمەدڕەزا فازلی، عەلی ڕەزا بەزرافشان

براوەی خەڵاتی باشترین فیلم و خەڵاتی تایبەتی داوەران لە فیستیڤاڵی فەجر

براوەی خەڵاتی باشترین دەرھێنان و سیناریۆ لە فیستیڤاڵی ئاسیا پاسفیک ٢٠٠٣ براوەی خەڵاتی تایبەتی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی پوسان ٢٠٠٣

شاری جوان ٢٠٠٤ ئەسغەر فەرھادی ١٠١ خولەک براوەی خەڵاتی تاوسی ئاڵتون لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھند

براوەی خەڵاتی گەورەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی وارشۆ

چوارشەممە سورە ٢٠٠٦ ئەسغەر فەرھادی ١٠٦ خولەک براوەی خەڵاتی باشترین دەرھێنان لە فیستیڤاڵی فەجر

براوەی خەڵاتی تایبەتی داوەران لە فیستیڤاڵی سێ کیشوەر براوەی خەڵاتی ھۆگۆی ئاڵتونی لە فیستیڤاڵی شیکاگۆ

کەنعان ٢٠٠٧ مانی حەقیقی ١٠٠ خولەک سیناریۆ: ئەسغەر فەرھادی، مانی حەقیقی
بازنەی زەنگدار ٢٠٠٨ پەریسا بەختەوەر ١١٠ خولەک سیناریۆ: ئەسغەر فەرھادی
لێپرسینەوە لەسەر شەقام ٢٠٠٩ مەسعود کیمیایی ٩٨ خولەک سیناریۆ: مەسعود کیمیایی بە ھاوکاری ئەسغەر فەرھادی
دەربارەی ئێلی ٢٠٠٩ ئەسغەر فەرھادی ١١٩ خولەک خەڵاتی باشترین دەرھێنان لە فیستیڤاڵی فەجر

خەڵاتی باشترین فیلمی بینەران لە فیستیڤاڵی فەجر

خەڵاتی تایبەتی داوەران و خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فیستیڤاڵی ئاسیا پاسفیک

جیابوونەوەی نادر لە سیمین ٢٠١١ ئەسغەر فەرھادی ١١٩ خولەک براوەی خەڵاتی باشترین دەرھێنان و سیناریۆ لە فیستیڤاڵی فەجر

براوەی خەڵاتی باشترین فیلم و دەرھێنان لە فیستیڤاڵی ماڵی سینەما

براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی گۆڵدن گڵۆب ٢٠١٢

براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی ئۆسکار ٢٠١٢

پاڵێورای خەڵاتی باشترین سیناریۆ ئۆسکار

ڕابردوو ٢٠١٣ ئەسغەر فەرھادی ١٣٠ خولەک خەڵاتی کڵیسای جیھانی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان

خەڵاتی باشتریین سیناریۆ لە فیستیڤاڵی دوریان

پاڵێوراوی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین فیلمی بیانی

فرۆشیار ٢٠١٦ ئەسغەر فەرھادی ١٢٥ خولەک خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فێستیڤاڵی فیلمی کان

خەڵاتی باشترین فیلمی لە فیستیڤاڵی میونخ
براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی ئۆسکار[١٢]

ڕێباز و ژانەر[دەستکاری]

فەرھادی پەیڕەوی لە ڕێبازی ڕیالیزم دەکات جۆری فیلمەکانی ھەست بزوێنن و کۆتایی فیلمەکانی یەکلا ناکاتەوە وەکو خۆی دەڵێت: کاتێک کۆتایی دیاری دەکەیت کاتێک بینەر لە تەماشاکردنی فیلمەکە تەواو دەبێت ئیتر فیلمەکەش تەواو دەبێت بەڵام کاتێک کۆتایی دیاری یەکلا ناکەیتەوە ڕێک ئەو کاتەی بینەر لە تەماشاکردنی فیلمەکە تەواو دەبێت فیلمەکە دەست پێدەکات لە ڕاستیدا فیلمەکە لە مێشکی بینەردا بەردەوامی دەبێت. سیناریۆکانی فەرھادی سیناریۆی ناھێڵین واتە لەسەر ھێڵێکی ڕاست ناڕۆن ڕوداوەکان و لە خاڵی ئەلفەوە ناچێت بۆ خاڵی باء، بەڵکو بینەر ڕوبەڕوی دیمەنێک یاخود وتەیەک دەبێتەوە پاش چەند دیمەنێکی دیکە لە گرنگی دیمەنەکە یان وتەکە دەگات. خاڵی بەھێزی فەرھادی گێڕانەوە و سیناریۆکانێتی بە سیناریۆگەلێکی غافڵگیرکەر ناسراون، فەرھادی دادوەری ناکات لە فیلمەکانیدا و زۆر خۆی لێ بەدور دەگرێت ھەمیشە دادوەری بۆ بینەر جێدێڵێت فیلمی جیابوونەوەی نادر لە سیمین نمونەیەکی باڵایە بۆ ئەم وتەیە

وتەکان[دەستکاری]

وتەکانی خۆی[دەستکاری]

  • لە ئێران پێم دەڵێن بە جۆرێک فیلم بەرھەم دێنێت کە بیانیەکان بە دڵیان بێت بۆیە خەڵات دەباتەوە لە دەرەوە لە دەرەوەش پێم دەڵێن بە دڵی حکومەت فیلم بەرھەم دێنێت بۆیە دەھێڵن نمایشبکرێت و داھاتی زۆر بە دەست بھێنێت، توندڕەوەکان لە ھەموو جێیەک وەک یەک بیردەکەنەوە[١٣]
  • تراژیدیای کۆن شەڕی نێوان باش و خراپ بوو ئێمە دەمانویست خراپ تێکبشکێت و باش بیباتەوە، بەڵام تراژیدیای مۆدێرن جەنگی باش و باشە وە گرنگ نییە کام لا دەیباتەوە ھەر لە کۆتاییدا ئێمە ئازاردەچێژین[١٤]
  • قسە کردن لەسەر ئاین لە ئێران زۆر زەحمەتە چونکە لە ئێران ئاین و سیاسەت زۆر تێکەڵ بوون
  • فیلمسازی و سیناریۆ نوسین بۆ من وەکو شۆفێری من وایە، گەر بتەوێت شۆفێری بکەیت دەبێت یاساکان بزانیت

وتەی کەسانی تر دەربارەی[دەستکاری]

  • مێرل ستریپ: نازانم فەرھادی کاتێک فەرھادی خەریکی دروستکردنی فیلمەکەی بووە ئاگاداری ئەوە بووە کە بە پێچەوانەی ناوی فیلمەکەیەوە جیابوونەوە کاریگەری جیھانی دەبێت و جیھان لەیەک نزیک دەکاتەوە؟ نزیک کردنەوەی خەڵکی ئێمە و ئێران، لە ڕێگەی داستانێکی خانەوادەیی نھێنی ئامێز و ئاڵۆز، خانەوادەکانی ئێمە و خانەوادەکانی ئێران لەیەک نزیک دەکاتەوە.[١٥]
  • جەیک جیڵنھاڵ: عاشقی فیلمی جیابوونەوەم، فەرھادی یەکێکە لە کاریگەرترین دەرھێنەرەکانی دوو دەیەی پێشوو.[١٦]
  • مەسعود کیمیایی: فیلمەکانی فەرھادیم پێخۆشە بەڵام پێم خۆش نییە لەو فیلمانە دروست بکەم، فیلمی فرۆشیار وێناکردنی کۆمەڵگای ئەمڕۆیە و کە ئەسغەر فەرھادی دەیبینێت و دەیناسێت فیلمەکە بە جوانی وێنای دەکات[١٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Soureh Movie Database 21 October 2013 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Retrieved 5ی Januaryی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help) ٢٥ی ئابی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ http://old.sharghdaily.ir/news/91/07/05/42988.html ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ http://www.asriran.com/fa/news/473494/دومین-فیلم-اصغر-فرھادی-بررسی-می‎شود
  5. ^ https://www.salamcinama.ir/movie-image/5753/فیلم+«چھارشنبە+سوری»+ساختە+اصغر+فرھادی[بەستەری مردوو]
  6. ^ http://www.cinemapress.ir/news/73756/دربارە-الی-از-یک-عکس-شروع-شد-بومی-ترین-فیلم-ھا-جھانی-ترین[بەستەری مردوو]
  7. ^ http://www.imdb.com/title/tt1832382/
  8. ^ http://www.bbc.com/culture/story/20160819-the-21st-centurys-100-greatest-films
  9. ^ http://www.boxofficemojo.com/movies/default.htm?id=aseperation.htm
  10. ^ براوەکانی ئۆسکار - زە گواردیان کۆتا سەردان ٢٧ی ٢ی ٢٠١٧
  11. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 12ی Decemberی 2016. Retrieved 7ی Januaryی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help)
  12. ^ براوەکانی ئۆسکار زە گاردیان - دواین سەردان ٢٧ ی ٢ ی ٢٠١٧
  13. ^ http://arttalks.ir/فرھادی-تندروھا[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی] ئارت تۆکس - فەرھاد دەربارەی توندڕەوەکان
  14. ^ http://www.imdb.com/name/nm1410815/bio?ref_=nm_dyk_qt_sm#quotes - ئای ئێم دی بی - وتەکانی ئەسغەر فەرھادی
  15. ^ http://www.tabnak.ir/fa/news/243191/نامە-مریل-استریپ-بە-اصغر-فرھادی - تابناک - نامەی مێرل ستریپ بۆ ئەسغەر فەرھادی
  16. ^ http://www.mehrnews.com/news/3002792/جیک-جیلنھال-عاشق-فیلم-جدایی-اصغر-فرھادی-ھستم میھر نیوز - عاشقی فیلمی جیابونەوەم
  17. ^ http://www.seratnews.ir/fa/news/337838/واکنش-کیمیایی-بە-مقایسە-فروشندە-و-قیصر - سیرات نیوز - کاردانەوەی کیمایی بەرامبەر فرۆشندەی فەرھادی