ئەحمەد عیسا مەعسەراوی
ئەحمەد عیسا مەعسەراوی | |
|---|---|
أحمد عیسی المعصراوی | |
![]() | |
| لەدایکبوون | ١ی ئازاری ١٩٥٣ |
| نیشتەجێی | دەوحە، قەتەر |
| نەتەوە | میسری |
| پەروەردە | دکتۆرا لە فەرموودەی پێغەمبەر |
| خوێندنگە | زانکۆی ئەزھەر |
| پیشە | زانای قیڕائات، مامۆستای زانکۆ، شێخی پێشووی قورئانخوێنانی میسر |
| ناسراوە بە | شێخی پێشووی قورئانخوێنانی گشتیی میسر |
| ئایین | ئیسلام (ئەھلی سوننە) |
دکتۆر ئەحمەد عیسا حەسەن مەعسەراوی (بە عەرەبی: أحمد عیسی المعصراوی؛ لەدایکبووی ١ی ئازاری ١٩٥٣) زانایەکی دیاری میسرییە لە بواری قیڕائات و زانستەکانی قورئاندا. ئەو پێشتر پلەی شێخی گشتیی قورئانخوێنانی میسری بەدەستەوە بووە و مامۆستایە لە زانکۆی ئەزھەر و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەرموودەناسیدا.
ژیانی سەرەتایی و خوێندن
[دەستکاری]ئەحمەد مەعسەراوی لە گوندی دندیت لە پارێزگای دەقھەلیە لەدایک بووە. ھەر لە منداڵییەوە بەھرەی لەبەرکردنی دەرکەوت و پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە دە ساڵ، ھەموو قورئانی لەبەر کرد.[١] دوای ئەوە، ڕووی لە قاھیرە کرد و پەیوەندیی بە پەیمانگای قیڕائاتی خازندارەوە کرد لە ناوچەی شوبرا. لەوێ لەسەر دەستی گەورە زانایانی وەک شێخ محەممەد عەتر و شێخ ئەحمەد ئەشمونی خوێندی.
بۆ خوێندنی ئەکادیمی، پەیوەندیی بە کۆلێژی توێژینەوە ئیسلامییەکانەوە کرد لە زانکۆی ئەزھەر و لە ساڵی ١٩٨٠دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستھێنا. دواتر خوێندنی باڵای تەواو کرد و بڕوانامەی ماستەری لە ساڵی ١٩٨٩ و دکتۆرای لە ساڵی ١٩٩٢دا لە بواری فەرموودە و زانستەکانیدا بە پلەی نایاب بەدەستھێنا.[٢]
ژیانی پیشەیی و پۆستەکان
[دەستکاری]شێخ مەعسەراوی ژیانی پیشەیی خۆی لە نێوان وانەوتنەوە و خزمەتکردنی قورئاندا دابەش کردووە:
مامۆستایەتی: لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٩٣ وەک مامۆستا لە پەیمانگا ئەزھەرییەکان کاری کردووە. دواتر، بووەتە مامۆستا، پاشان پرۆفیسۆری یاریدەدەر و دواجار پرۆفیسۆر لە بەشی توێژینەوە ئیسلامییەکان لە زانکۆی ئەزھەر.[٣]
پلە کارگێڕییەکان:
١-لە ساڵی ٢٠٠٣ بووە سەرۆکی لیژنەی پێداچوونەوەی قورئان لە کۆمەڵەی توێژینەوەی ئیسلامی.
٢-لە ساڵی ٢٠٠٤دا، وەک شێخی گشتیی قورئانخوێنانی میسر دەستنیشان کرا. لە ساڵی ٢٠١٤دا بەھۆی ھەڵوێستی سیاسییەوە لەم پلەیە لابرا.[٤]
٣-ئەندامی لیژنەی تاقیکردنەوەی قورئانخوێنان بووە لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی میسر.
چالاکییەکان و بەرھەمەکان
[دەستکاری]شێخ مەعسەراوی وەک دادوەر بەشداریی لە دەیان پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی قورئاندا کردووە لە وڵاتانی وەک تورکیا، بروونای، قەتەر، دوبەی و سەنیگال. ھەروەھا، خاوەنی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەیە، لەوانە:
- منحة الفتاح في أحاديث النكاح
- أحكام النذور من سنة الرسول
- دراسات في علوم الحديث
- المفصل فی القراءات اڵاربعە عشر[٥]
جگە لەمانە، خاوەنی چەندین تۆماری دەنگی و ڤیدیۆییە لە خوێندنەوەی قورئاندا و سەرپەرشتیی پلاتفۆرمی "سەنەد" دەکات بۆ فێرکردنی قورئان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە.[٦]
ژیانی تایبەت
[دەستکاری]شێخ مەعسەراوی لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا ھاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی نۆ منداڵە. لە ئێستادا، لە شاری دەوحە لە وڵاتی قەتەر نیشتەجێیە.[٧]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «السیرە الژاتیە أحمد عیسی المعصراوی». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «أحمد عیسی المعصراوی - ویکیبیدیا». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «أحمد عیسی المعصراوی». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «السیرە الژاتیە أحمد عیسی المعصراوی». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «أحمد عیسی المعصراوی». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «أحمد عیسی المعصراوی.. شیخ عموم المقارئ المصریە سابقًا». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «أحمد عیسی المعصراوی.. شیخ عموم المقارئ المصریە سابقًا». لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
