مەلا ئەحمەدی نۆدشی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئەحمەدی نۆدشیەوە ڕەوانە کراوە)

فانی نۆدشەیی ناوی تەواوی حاجی مەلا ئەحمەدی نۆدشەیی کە بە حاجی مامۆستا ناسراوە و نازناوی فانییە، کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانی کوڕی مەلا ئەحمەدی نۆدشەییە، بنەماڵەکەیان زانای ناودار و ئایینپەروەری تیا هەڵکەوتووە. لە ساڵی ١٨١٣ لە گوندی نۆدشە لەدایکبووە و لە ساڵی ١٨٨٤ کۆچی دوایی کردووە.

ژیاننامە[دەستکاری]

بە منداڵی لای باوکی دەستی داوەتە خوێندن، ھەر ئەو سەردەمە قورئانی پیرۆز و سەرچاوە فارسییەکانی تەواو کردووە و بۆ پەیدا کردنی شارەزایی زیاتر زۆربەی ناوچەکانی کوردستان گەڕاوە، لە ڕواندز ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە و ماوەیەکی زۆر لە سلێمانی و سنە ژیاوە. حاجی مەلا ئەحمەد لە بواری مەسەلە ئایینییەکاندا یەکێک بووە لە مامۆستا ھەرە بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی و لەم بارەیەوە مەولەوی شاعیر بە سەرچاوەیەکی گەورەی لە قەڵەم داوە. مەلا ئەحمەدی فانی گەلێ مامۆستای پایەبەرزی پێگەیاندووە و چەند بەرھەمێکی گرانبەھاشی بە ھەردوو زمانی عەرەبی و فارسی بۆ بەجێ ھێشتووین. ئەم زانا بەناوبانگە لە بواری شیعر و ئەدەبیشدا دەستێکی باڵای ھەبووە. بە زمانی کوردی و فارسی کۆمەڵێ شیعری بەرزی نووسیوە.


پاشان بۆ پێگەیاندنی منداڵانی کورد لە مزگەوتەکانی "مەڵکەندیسلێمانی مزگەوتی "قووڵە"ی نۆدشە و مزگەوتی "مەولانا"ی شاری سنە وانەی وتۆتەوە و بۆ ماویەکیش موفتی گەورەیی شاری سلێمانی بووە و لە ماوەی ژیانیدا بۆ فێربوونی زانست و زانیاریی دینی سەردانی عێراق، شام (سووریا) و حەلەب و میسر و عەرەبستانی کردووە. عەلامە ئەحمەد نۆدشی خاوەنی پێگەیەکی بەرزی ئایینی و کۆمەڵایەتییە و کەسانێکی وەک مەولەوی شاعیری گەورەی کورد، میرزا عەبدولمەجید مەجدی ناسراو بە مەلەکولکەلام سەقزی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕڕیس لە باری زانست و پێگەی ئەو زاتەوە ڕای خۆیان دەربڕیوە.

لە ماوەی ژیانیدا گەلێک قوتابیی پەروەردە کردووە و کەسانێکی وەک: (عەلامە عەبدولڕەحمان پێنجوێنی، مەلا عەبدولقادری بیارە، سەید ئەحمەد فایز بەرزنجی، مەلا مەجید مینبەری، مەلا عەبدوڵڵا موفتی، مەلا مارف نۆدشی، شێخ سەلیم تەختەیی، مەلا عەبدولعەزیم مەجتەھدی و مەلا عسامەدەین نۆدشی..هتد) لە لای پەرەوەردە کراون و ئیزنیان وەرگرتووە. عەلامە ئەحمەد نۆدشی لە بوارەکانی: فەلسەفە، ئەدەبیاتی عەرەب، بیرکاری، ئەستێرەناسی و کەلامدا ٍشارەزاییەکی باشی ھەبووە و لە بواری عیرفان و مەعنەوییەتدا ھیندە شارەزا بووە کە بە "زولجەناحەین" ناوبانگی دەر کردووە، گلکۆی ئەو زاتە بەرزە لە شاری سنە و لە تەپۆڵکەی "شەرەفەلەلمولک"ە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

زیاتر بخوێنەوە[دەستکاری]

کۆنگرەی مەلا ئەحمەدی نۆدشی ٣٠ی ئابی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.