فەلسەفەی ڕەوشت
فەلسەفەی ڕەوشت یان ڕەوشتزانی یان فەلسەفەی ئاکار یان فەلسەفەی ئەخلاق (بە ئینگلیزی: Ethics یان Moral Philosophy) بەشێکە لە فەلسەفە کە ئەرکی وەڵامدانەوەی بە پرسیارە سەرەتایییەکانی ڕەوشتی لە ئەستۆیە. دروست و نادروست، خێر و شەڕ و ناسینی چاکە لە ئەرکەکانی ئەم بەشە لە فەلسەفەیە.[١]
پێناسەی ڕەوشتزانی
[دەستکاری]بەگوێرەی تۆماس پۆڵ و لیندا ئێلدەر، کە لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە کاردەکەن، «زۆربەی خەڵک ڕەوشتزانی تێکەڵ دەکەن لەگەڵ ھەڵسوکەوتکردن بەپێی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان، باوەڕە ئایینییەکان، و یاسا»، و مامەڵە لەگەڵ ڕەوشتزانی ناکەن وەک چەمکێکی سەربەخۆ. پۆڵ و ئێلدەر ڕەوشتزانی پێناسە دەکەن وەک «کۆمەڵێک لەو چەمک و بنەمایانەی کە ڕێنماییمان دەکەن لە دیاریکردنی ئەوەی کام ھەڵسوکەوت یارمەتی بوونەوەرە ھەستەوەرەکان دەدات و کامەیان زیانیان پێدەگەیەنێت». فەرھەنگی فەلسەفەی کامبریج ئاماژە بەوە دەکات کە «بە شێوەیەکی گشتی تێکەڵییەک لە نێوان وشەی ڕەوشتزانی (ethics) و ڕەوشت (morality)دا ھەیە و ھەندێک جار دەستەواژەی 'ڕەوشتزانی' بە شێوەیەکی بەرتەسکتر بەکاردێت بۆ گەیاندنی مانای بنەما ڕەوشتییەکانی نەریتێک، کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو یان تاکێک.»
مانای گشتیی ڕەوشتزانی: بڕیارێکی ژیرانە، نموونەیی، و ئایدیالییە (کە بە باشترین چارەسەری بەردەست دادەنرێت) و لەسەر بنەمای ئەقڵی ساغ دامەزراوە. ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەی ئەگەری وێرانکاری نییە ئەگەر پێویست بێت و ئەگەر لە ئەنجامی ئازاردانێکی بەمەبەستەوە نەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک ھەست بە ھەڕەشەی ململانێیەکی جەستەیی بکات و ھیچ چارەسەرێکی تری لەبەردەستدا نەبێت، قبوڵکراوە کە بە ڕادەی پێویست زیان بە لایەنی بەرامبەر بگەیەنێت لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆ. لەبەرئەوە، ڕەوشتزانی یاسا پێشکەش ناکات، وەک ڕەوشت، بەڵام دەکرێت وەک ئامرازێک بۆ دیاریکردنی بەھا ڕەوشتییەکان بەکاربھێنرێت (ئەو ھەڵوێست و ڕەفتارانەی کە پێشینە دەدەن بە بەھا کۆمەڵایەتییەکان، وەک ڕەوشتزانی یان ڕەوشت).[٢][٣]
سەروو ڕەوشتزانی
[دەستکاری]سەروو-ڕەوشتزانی لقێکە لە ڕەوشتزانیی فەلسەفی کە پرسیار دەکات چۆن لە ھەڵە و ڕاست تێدەگەین و دەربارەیان دەزانین و مەبەستمان چییە کاتێک باسی ئەوە دەکەین چی ڕاستە و چی ھەڵەیە. پرسیارێکی ڕەوشتی کە پەیوەستە بە دۆخێکی کرداریی دیاریکراوەوە - وەک "ئایا دەبێت ئەم پارچە دیاریکراوەی کێکی شوکولاتە بخۆم؟" - ناتوانێت پرسیارێکی سەروو-ڕەوشتی بێت (بەڵکو، ئەمە پرسیارێکی ڕەوشتیی جێبەجێکراوە). پرسیارێکی سەروو-ڕەوشتی پرسیارێکی تیۆرییە و پەیوەستە بە کۆمەڵێکی بەرفراوانتر لە پرسیارە کردارییە دیاریکراوەکان. بۆ نموونە، "ئایا ھەرگیز دەکرێت زانینێکی دڵنیاکەرەوەمان ھەبێت دەربارەی ئەوەی چی ڕاستە و چی ھەڵەیە؟" پرسیارێکی سەروو-ڕەوشتییە.
سەروو-ڕەوشتزانی ھەمیشە ھاوڕێی ڕەوشتزانیی فەلسەفی بووە. بۆ نموونە، ئەڕستۆ ئاماژە بەوە دەکات کە زانینی کەمتر ورد لە ڕەوشتزانیدا ئەگەری ھەیە بە بەراورد بە بوارەکانی تری لێکۆڵینەوە، و پێی وایە کە زانینی ڕەوشتی پشت بە خوگرتن و کەلتوور وەگرتن دەبەستێت بە شێوەیەک کە لە جۆرەکانی تری زانین جیای دەکاتەوە. سەروو-ڕەوشتزانی لە کتێبی «بنەماکانی ڕەوشت»ی جۆرج ئێدوارد موور لە ساڵی ١٩٠٣ەوە گرنگە. تێیدا بۆ یەکەمجار دەربارەی ئەوەی نووسی کە ناوی لێنابوو «ھەڵەکاری سروشتگەرایی». تێبینی کرا کە موور ڕێبازی سروشتگە ڕایی لە ڕەوشتدا لە «بەڵگەی پرسیاری کراوە» کەیدا ڕەتکردەوە. ئەمە وای لە بیرمەندان کرد جارێکی تر سەیری پرسیارەکانی پلە دوو بکەنەوە دەربارەی ڕەوشت. پێشتر، فەیلەسوفی سکۆتلەندی دەیڤد ھیوم بۆچوونێکی ھاوشێوەی پێشکەش کرد دەربارەی جیاوازیی نێوان ڕاستییەکان و بەھاکان.
لێکۆڵینەوەکان دەربارەی چۆنییەتی زانینمان لە ڕەوشتزانیدا دابەش دەبن بۆ مەعریفی (زانینخوازی) و نامەعریفی (نازانینخوازی)؛ ئەمە نزیکترە لەوەی پێی دەوترێت وەسفی و ناوەسفی. نازانینخوازی ئەو بۆچوونەیە کە دەڵێت کاتێک حوکم لەسەر شتێک دەدەین کە لە ڕووی ڕەوشتییەوە ڕاستە یان ھەڵەیە، ئەم حوکمە نە ڕاستە و نە ھەڵەیە. بۆ نموونە، لەوانەیە تەنھا ھەستە سۆزدارییەکانمان دەربارەی ئەم شتانە دەرببڕین؛ بەڵام مەعریفیزم پێی وایە کاتێک باسی ڕاست و ھەڵە دەکەین، باسی ڕاستییەکان دەکەین.[٤]
ئۆنتۆلۆژیای ڕەوشتزانی
[دەستکاری]ئۆنتۆلۆژیای ڕەوشتزانی دەربارەی ئەو شت و تایبەتمەندییانەیە کە بەھایان ھەیە، واتە ئەو جۆرە شتانەی کە گریمانە ڕەوشتییەکان ئاماژەیان پێدەکەن. ناوەسفییەکان و نازانینخوازان پێیان وایە کە ڕەوشت پێویستی بە ئۆنتۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە چونکە گریمانە ڕەوشتییەکان ئاماژە بە ھیچ شتێک ناکەن. ئەمە بە ھەڵوێستی ناواقیعی ناسراوە. لە لایەکی ترەوە، واقیعخوازان دەبێت ڕوونی بکەنەوە کە چ جۆرە بوونەوەرێک، تایبەتمەندییەک یان دۆخێک پەیوەندییان بە ڕەوشتەوە ھەیە، و چۆن بەھایان ھەیە، و بۆچی ڕێنمایی کردارەکانمان دەکەن و ھانمان دەدەن.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ http://www.iep.utm.edu/ethics/
- ↑ Paul, Richard؛ Elder, Linda (2006). The Miniature Guide to Understanding the Foundations of Ethical Reasoning. United States: Foundation for Critical Thinking Free Press. ص. np. ISBN 0-944583-17-2.
- ↑ John Deigh in Robert Audi (ed), The Cambridge Dictionary of Philosophy, 1995.
- ↑ https://web.archive.org/web/20131028131348/http://www.bbc.co.uk/ethics/introduction/intro_1.shtml