بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەتڵەس ٥

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەتڵەس ٥
لقیAtlas، medium-lift launch vehicle
وڵاتی بنەڕەتویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
دروستکەریوونایتێد لۆنچ ئەیلیانس
بزوێنەرRD-180، RL-10A-4-2، AJ-60A، Graphite-Epoxy Motor
مووشەکی ئەتڵەس ٥

ئەتڵەس٥ (بە ئینگلیزی: Atlas V) مووشەکێکی بارھەڵگرە، و پەرەپێدەری مووشەکی ئەتڵەس سەنتاوەری ئەمریکییە. ئەو مووشەکە لەلایەنی کۆمپانیای لۆکھید مارتنەوە دیزاین و بەرھەمدێت. مووشەکەکە لە ٢١ی ئابی ٢٠٠١ بەسەرکەتوویی تاقیکراوە. قۆناغی یەکەمی مووشەکی ئەتڵەس ٥ لە مووشەکێکی بنەڕەتی ناوەندی پێکدێت کە تانکی سووتەمەنی لەخۆدەگرێت، و کیرۆسین و ئۆکسجینی شل بەکاردەھێنێت. بەرزیی ھاندەری بنەڕەتی ناوەندی ٣٢.٥ مەترە و تیرەکەی ٣.٨١ مەترە. ئەم قۆناغە بزوێنەرێکی مووشەکیی ڕووسی لە جۆری RD-180 بەکاردەھێنێت [١] کە پەرەپێدراوی بزوێنەری سەرەکی مووشەکی زینیتە. دەکرێت پشتگیریی قۆناغی یەکەم بکرێت بە ژمارەیەکی زیادە لە مووشەکەکانی ھاندەر کە بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکەن و لەلایەن کۆمپانیای ئایرۆجێتەوە دروستکراون، کە لەوانەیە بگاتە پێنج مووشەک.

قۆناغی سەرەوەی مووشەکی ئەتڵەس ٥ قۆناغی سەنتاور (Centaur) بەکاردەھێنێت کە بەرزییەکەی زیادکراوە و دەکرێت بەپێی پێویستی بە بزوێنەرێکی مووشەکی لە جۆری RL-10 یان دوو بزوێنەر لەم جۆرە کاربکات. قۆناغی تاکە-بزوێنەر بۆ گەیاندنی مانگە دەستکردەکان بەکاردێت بۆ خولگەیەکی ھاوکات لەگەڵ زەوی، لەکاتێکدا مووشەکی دوو-بزوێنەر بۆ گەیاندنی بارە قورسەکان بۆ خولگەیەکی نزم لە دەوری زەوی بەکاردێت. سووتەمەنی بەکارھاتوو لە قۆناغی دووەمدا لە ھایدرۆجین و ئۆکسجینی شل پێکدێت. مووشەکی ئەتڵەس ٥ دەتوانێت بار ھەڵبگرێت بە تیرەی ٤ بۆ ٥ مەتر.

ھەروەک مووشەکی دێلتا ٤، جۆرێکی قورسی مووشەکی ئەتڵەس ٥ ھەیە کە لە سێ ھاندەری بنەڕەتی ناوەندی پێکدێت کە پێکەوە بەستراون و لە قۆناغی دووەمدا یەکێکیان لە جۆری سەنتاور بەدوایاندا دێت. بەڵام بەھۆی نەبوونی داواکاری لەسەر ئەم سیستمە، لە ئێستادا تەنھا لەسەر کاغەز بوونی ھەیە. لە حاڵەتی داواکردنی سیستمی قورسی مووشەکی ئەتڵەس ٥، کارگە دەتوانێت لە ماوەی ٣٠ مانگدا ئامادەی بکات.

بنکەکانی ھەڵدان

[دەستکاری]

لە بنکەی ھێزی ئاسمانیی کەیپ کاناڤێرال لە فلۆریدا، سەکۆی ھەڵدانی ژمارە ٤١ بۆ مووشەکی ئەتڵەس ٥ ھەیە، کە دەتوانرێت مووشەکەکە لێوەی بە گۆشەی لاریی نێوان ٢٨° بۆ ٥٧° ھەڵبدرێت. مووشەکەکە پێش ھەڵدان لە باڵەخانەی تێکەڵکردنی ستوونی (VIF) کە نزیکە لە سەکۆکە، بەتەواوی ئامادە دەکرێت و لە باڵەخانەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەکۆی ھەڵدان و لەوێ سووتەمەنی تێدەکرێت.

سەرباری ئەوەش، سەکۆیەکی تری ھەڵدان بۆ مووشەکی ئەتڵەس ٥ لە بنکەی ھێزی ئاسمانیی «ڤاندنبێرگ» ھەیە کە سەکۆی ھەڵدانی SLC-3E یە، و دەتوانرێت مووشەکەکە لێوەی بە گۆشەی لاریی نێوان ٥٦° بۆ ١٠٤° بە بەراورد بە ھێڵی کەمەرەیی ھەڵبدرێت.

باشترکردنەکان

[دەستکاری]

زۆرێک لە سیستمەکانی مووشەکی ئەتڵەس ٥ پێش یەکەم گەشتی و لەو کاتەوە تا ئێستا، تووشی نوێکردنەوە و باشترکردن بوون. کارکردن لەسەر یەکەی ڕێنوێنیی ناوەکیی بەرگەگرتنی-ھەڵە (FTINU) لە ساڵی ٢٠٠١ دەستیپێکرد بۆ بەرزکردنەوەی متمانەپێکراویی ئەرکی مووشەکەکانی ئەتڵەس لە ڕێگەی گۆڕینی ئامێرە کۆنەکانی ڕێنوێنی و کۆمپیوتەریی نا-زیادە بە یەکەیەکی بەرگەگری-ھەڵە.[٢] یەکەی FTINUی باشترکراو بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦ فڕی،[٣] و لە ساڵی ٢٠١٠ دا، داواکارییەکی تر بۆ یەکەی زیاتری FTINU پێشکەشکرا.[٤]

لە ساڵی ٢٠١٥ دا، کۆمپانیای یوو ئێڵ ئەی ڕای گەیاند کە ھاندەرە مووشەکییە ڕەقەکانی AJ-60A کە لەلایەن کۆمپانیای Aerojet Rocketdyne دروستدەکران و لەو کاتەدا لەسەر مووشەکی ئەتڵەس ٥ بەکاردەھێنران، بە ھاندەری نوێی GEM 63 دەگۆڕدرێن کە لەلایەن Northrop Grumman Innovation Systems دروستدەکرێن. ھاندەرە درێژکراوەکانی GEM 63XL ھەروەھا لە مووشەکی ھەڵگری Vulcan Centaur بەکاردەھێنرێن کە جێگەی ئەتڵەس٥ دەگرێتەوە.[٥] یەکەم ھەڵدانی ئەتڵەس٥ بە ھاندەرەکانی GEM 63 لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ڕوویدا.

پێشانگا

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]