ئەبستراکسیۆنیزم
ئەبستراکسیۆنیزم یا تیۆریی دەرھەستکاری یا باوەڕمەندی بە دەرھەستکاری (بە فارسی: نظریه انتزاع یا قول به انتزاع) بەو تیۆرییە دەڵێن کە دەڵێ چۆناوچۆنیی دامەزران و ڕێکھاتنی کردەوەی زانین ئاوەھایە کە مرۆڤ لە پێشدا شتەکان و تایبەتمەندیییەکانی شتەکان بەدی دەکات و پاشان، به یاریدەی دەرھەستکاری، چەمکەکان ساز دەکات. بۆ وێنە، دەبینین کە چەند شتی جیاجیا ڕەنگیان سوورە، یا بە واتایەکی تر، چەند شتی جیاجیا لە تایبەتمەندیی «سووری»دا لەگەڵ یەکا شەریکن. بە چاوپۆشین لە تایبەتمەندییەکانی تریان، لە ڕاستیدا، قۆڵی خۆمان ھەڵدەماڵین بۆ سازکردنی چەمکی سووری. کەوابێ، لە سازبوونی ئەم چەمکەدا، وای دادەنین کە ئێمە پێشتر شتگەلێکمان بەدی کردووە کە ڕەنگیان سوور بووە.
تیۆریی دەرھەستکاری لە نێوان فەیلەسووفەکاندا پشتیوانی زۆر نەبووە و ئەمڕۆکانێش بە دوودڵییەوە چاوی لێ دەکرێ. یەکێ لەو فەیلەسووفانە کە بە چەشنێ دژی «باوەڕمەندی بە دەرھەستکاری» وەستاوە، ئیمانوێل کانت بووە. کانت دەیوت ڕاستە زۆربەی چەمکەکانی مرۆڤ «ئەزموونی»ن و، بە ڕووتکردنەوە و دەرھەستکردنی ئەزموون دروست بووگن، بەڵام ھەندێ فۆرم و چەمکی پەتی (واتە ئاوێتەنەبوو لەگەڵ ھەست و ئەزموون) -ش ھەن کە مرۆڤ لە ڕێی دەرھەستکاریی ئەزموونەوە بە دەستی نەھێناوە و، بە چەشنی پێشینی، زەینی بەوانە تەیار بووە. وەک بۆشایی و کات، یا وەک چەمکی ھۆدارێتی.[١]