ئێچ پایلۆری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ئێچ پایلۆری (H. Pylori) جۆرێکە لە بەکتیریا. کە ئەم باکتیریایە توانای ھەیە بچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە، ھەرەھا توانای ژیانیان ھەیە لە ناو کوئەندامی ھەرس. ئەم باکتیریایە لە ڕاستی دا ناوی (ھەلیکۆباکتۆر پایلۆری) یە. لێکۆڵینەوە ئەمەی دەرخستوە کە (ئێچ پایلۆری) بوونی ھەیە زیاتر لە (%٧٥) ی خەڵک، واتا سێ لە چوار کەس تووشی ئەم نەخۆشییە یاخود ئەم باکتیریایە دەبن. دوای چەند ساڵێک لە ھاتنە ژوورەوەی ئەم باکتیریایە بۆ کۆئەندامی ھەرس، ئەم باکتیریایە دەست بە سووتانەوەی گەدە (گاسترک ئەڵسر) دەکات لە دیواری گەدە یاخود لە بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵەباریکە، بەڵام ئەم باکتیریایە لە ھەندێک خەڵک دەبێتە ھۆکاری شێرپەنجەی گەدە.

ئێچ پایلۆری نەخۆشییەکی باوە، مەزەندە دەکرێ کە زیاتر لە یەک ملیار کەس لە سەرتاسەری جیھان تووشی ئەم نەخۆشییە یاخود باکتیریایە بووبن.

چەندەھا دەرمان ھەن کە دەتوانێت ئەم باکتیریایە بکوژن و سووتانەوەی گەدە ڕابگرن، بەڵام ئێستا بەھۆی ئەوەی کە خەڵک زیاتر ئاوی پاکیان بەدەستدەکەوێت بۆیە کەمتر خەڵک بە بەراورد لەگەڵ پێشتر تووش بەم نەخۆشییە دەبن.

بۆ ماوەی چەند سەدەیەک پزیشکەکان وایان دەزانی کە سووتانی گەدە لەرێگای ڕاڕا بوون، خۆراکی تیژ، جگەرە کێشان و ھەندێک نەریتەکانی ژیان بوون بەڵام کە زانایان لە ساڵی (١٩٨٢) ئێچ پایڵۆریان دۆزییەوە زانیان کە ئەم بابەتانەی سەرەوە ھیچ پەیوەندییەکیان نەبووە بەم نەخۆشییە توانیان بزانن کە باکتیریایێکە ھۆکاری تووشبوون بەم نەخۆشییە.

لە دوای ئەوەی ئێچ پایلۆری دەچێتە نێو لەشی مرۆڤ ھێرش دەکاتە سەر دیوارەکانی گەدە، کە ئەم دیوارانە گەدە دەپارێزن لەو ترشایانەی کە کۆئەندامی ھەرس دەری دەکات لە کاتی ھەرس کردنی خۆراک. کاتێک ئەم باکتیریایە زەرەرێکی زۆری گەیاندە دیوارەکانی گەدە، ئەو ترشایەتییەی کە دروست دەبێت لە کاتی ھەرسکردنی خۆراک دەچێتە نێو دیوارەکانی گەدە دەبێتە ھۆکارێک بۆ تووشبوون بە سووتانی گەدە کە ئەمەش دەبێتە ھۆکاری خوێن ھاتن لە گەدە، ھەوکردنی گەدە و ھەروەھا ناھێڵێت خۆراک بە ناو کۆ ئەندامی ھەرسدا بە ڕێکی بروات.

مرۆڤ تووشی ئەو باکتریایە دەبێت بەھۆی خۆراک یاخود ئاوی پیس. ئیچ پایلۆری بە شێوەیەکی کەمتر لەو شارانە و لەو کۆمەڵگایانەی کە ئاوی پاک و سیستەمی ئاو پاکردنەوەیان ھەیە بەرچاو دەکەوێت، و ھەروەھا مرۆڤ توانای تووشبوونی ھەیە بەم بەکتریایە لە کاتی بەرکەوتن لەگەڵ مرۆڤێکی تووشبوو بەم بەکتریایە لە ڕێگەی لیکاو و شلەی جەستەیان.

زۆر کەس لە کاتی منداڵی تووشی ئێچ پایلۆری دەبن بەڵام ھەموو تەمەنێک توانای تووشبوونیان ھەیە. ئەم بەکتریایە توانای ژیانی ھەیە لەناو لەشی مرۆڤەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێش دەرکەوتنی نیشانەکان.

نیشانەکان[دەستکاری]

ئەگەر کەسێک تووشی سووتانەوەی گەدە بێت ئەوا ھەست بە قورسای یاخود زوورانەوەکی زۆر دەکات لە سکی دا بەڵام ئەم ئازارانە لەوانەیە بێن و بڕۆن و ھەندێک جار بۆ ماوەی چەند چرکەیەک یاخود چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت، ئەم ئازارەش زیاتر ھەستی پێدەکرێ کاتێک گەدە بەتاڵ بێت بەڵام کاتی خواردنی خۆراک یان دژە ترش ئەم ئازارە کەمتر دەبێتەوە.

ھەندێک لە نیشانەکانی سووتانەوەی گەدە:

  • ھێڵنج.
  • ڕشانەوە.
  • ھەست نەکردن بە برسییەتی بوون.
  • دابەزینی کێش بەبێ ھۆکارێکی دیار.
  • ھەڵئەوسان.

سووتانەوەی گەدە دەرفەتی ئەوەی ھەیە کە گەدە و ڕیخۆڵەباریکە خوێنی لێبێت کە ئەمەش مایەی مەترسییە بۆ تەندروستی مرۆڤ، بۆیە لە کاتی ھەست کردن بەم نیشانانەی خوارەوە ڕاستەوخۆ دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت. نیشانەکان پێکھاتوون لە:

  • سک ئێشەیەکی زۆر.
  • ھەست کردن بە ماندووبوون بەبێ ھۆکارێکی دیار.
  • ڕشانەوەیەکی ڕەنگ خوێناو یاخود ڕەش.

زۆر باو نییە بەڵام ھەندێک جار ئێچ پایلۆری دەبێتە ھۆکارێک بۆ تووشبوون بە (شێرپەنجەی گەدە)، ئەم نەخۆشییە لە یەکەمدا تەنانەت وەکو (ترشایی گەدە) بە دیار دەکەوێت بەڵام لەگەڵ کات ھەندێک نیشانە بەرچاو دەکەوێت یاخود ھەستی پێ دەکرێت لەوانە:

  • زک ھێشان و ئەستوربوونی.
  • ھێلنج.
  • ھەست نەکردن بە برسی بوون.
  • ھەست کرد بە پڕی پاش خواردنی ژەمێکی زۆڕ کەم.
  • ڕشانەوە.

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان[دەستکاری]

ئەگەر مرۆڤ نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەی لێدەرکەوت پزیشک ڕاستەوخۆ پشکنینی بۆ دەکات. ھەروەھا ھەندێک دەرمان ھەن وەکو (Non-steroidal anti inflammatory drugs) کە دەبێتە ھۆکاری شێواندنی دیوارەکانی گەدە، بۆیە پێویست دەکات ھۆکاری سەرەکی تووشبوونی نەخۆش بەم نیشانانە بزانرێ تاوەکو چارەسەرێکی دروست دابین بکرێ.

لە دەستپێکدا پزیشک چەند پسیارێک لە نەخۆشەکە دەکات وەک مێژووی تەندروستی، ھیچ جۆرە دەرمانێکی بەکرھێنراە لەلایەن نەخۆش. دواتر چەند پشکنینێکی دەرەکی بۆ نەخۆش دەکرێت وەک پەستانکردن لەسەر سک بۆ دەستنیشانکردنی ھەر جۆرە ئاوسانێک یاخود ئازارێک.

ھەروەھا پشکنینی خوێن ئەنجام دەدرێت بەڵام بۆ ئەوەی پزیشک بتوانێت بە شێوەیەکی ورد سووتانەوەی گەدە ببینێت ئەوە دەبێت چەند پشکنینێک ئەنجامبدات وەکو نازوری گەدە و سیتی سکان.

ھەندێک جار پزیشک پشکنینی شێرپەنجەی گەدە دەکات کە ئەویش پێکھاتووە لە:

ـ پشکنینی دەرەکی جەستە

ـ پشکنینی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی کەمی خوێن.

ـ نازوری کۆئەندامی ھەرس.

ـ وەرگرتی پارچەیەک لە شانەکانی گەدە بۆ دۆزییەوەی خانەی شێرپەنجەیی کە لە کاتی نازوردا بھدەست دەھێنرێ.

ـ ئەو پشکنینانەی کە توانای دروستکردنی وێنەیەکی دیاری ناو جەستەیان ھەیە وەک (سیتی سکان و ئیم ئاڕ ئای)

پشکنینی کۆئەندامی ھەرس[دەستکاری]

لە نەخۆشخانە دەبێت نەخۆش شلەێک دەخواتەوە بەناوی (شلەی باریۆم) دواتر پزیشک تیشکی ئێکس ڕەی بەکاردێنێت. شلەی باریۆم گەرو و ھەروەھا گەدە دادەپۆشێت و وایان لێ دەکات کە بە شێوەیەکی دروست دەربکەون لە کاتی ئێکس ڕەی.

نازوڕ[دەستکاری]

لە نەخۆشخانە پزیشک کامێرایەک بەکار دەھێنێت بە ناوی (ئێندۆسکۆپی) تاوەکو بتوانێت گەروو و ناو گەدە و بەشی سەرەو ڕیخۆڵەباریکە ببینێت.

کۆمپیوتد تۆمۆگرافی (سیتی سکان)[دەستکاری]

کە ئەمەش تیشکێکی زۆر بە کەڵکە بۆ دروستکردنی وێنەی دورستی ناخی جەستە.

چارەسەرەکانی ئێچ پایلۆری[دەستکاری]

ئەگەر نەخۆش سووتانەوەی گەدەی ھەبوو بەھوی ئێچ پایلۆرییەوە ئەوە پێویستە دورمانێکی پێ بدرێت کە دەبێتە ھۆکار لەناو بردنی ئەم باکتیریایە، چارەسەر کردنی گەدە و ھەروەھا ڕێگە گرتن لەو ترشیانە بۆ گەرانەوە بەڵام زۆر جار ھەفتەیەک بۆ دوویان پێویستە بۆ ئەوەی چارەسەر ببنەوە.

ئەو دەرمانانە پێکھاتوون لە:

- دژە باکتیرییە (ئەنتیبایۆتک) بۆ لەناو بردنی بەکتیریا لە ناو لاشە وەک

. ئەمۆکسیسلین Amoxicillin، کلارثرۆمایسین clarithromycin، تێترەسایکلین tetracycline.

- ئەو دەرمانانەی کە ڕادەی ترشایی کەم دەکەنەوە وەکو (پانتۆپڕازۆل، ئۆمیپرازۆل).

- (بسمەث) کە ئەمەش یارمەتیدەرێکە بۆ لەناو بردنی ئێچ پالۆری لەگەڵ دژەباکتیریا.

چارەسەرەکان بریتییە لەوەی کە نەخۆش (١٤) دنکۆڵەی دەخوات لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەک، بەڵام گەلێک گرینگە کە نەخۆش ئەودەمانانەی کە بۆ نووسراوە بەکاربێنێت وەھەروەھا ڕەچاووی ھەموو شتێک بکات کە پزیشک باسدەکات، بەڵام لە کاتی بەکارنەھێنانی دژەبەکتیریا بە شێوەیەکی دروست ئەگەری وەی ھەیە کە ئەو باکتیریایەی نێو لەشی مرۆڤ بەرگەبگێت لە بەرمبەریان، کە ئەمەش وادەکاتن پەتایەکان ھەندێک قورستر بێ چاکبوونیان.

لەدوای ھەفتەیەک بۆ دوو پزیشک جارێکی تر پشکنینی خوێن و پیسای ئەنجام دەداتەوە بۆ ئەوەی بزاندرێت کە ئەم باکتیرتایە بوونی نەماوە لەنێو جەستە.

خۆپاراستن[دەستکاری]

شێوازی خۆپاراستن لە ئێچ پالۆری ھەمان شێوازی خۆپاراستنە لەبرامبەر ھەر باکتیریایەکی تر لەوانە دەستشۆردن لە دوای بەکارھێنانی سەر ئاو و لەپێش نان خواردن، بەرەنگاری کردنی ھەر جۆرێک لە خۆراک و ئاو ناپاک هەروەها بە ھیچ جۆرێک نەخواردنی خۆراکێکی خاو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]