بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئێلی بڵباس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئێلی بڵباس ئێلێکی کوردیە لە ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان نیشتەجێن بە تایبەتی لە پارێزگای ھەولێر و پارێزگای ورمێ.[١][٢] ئەم ئێلە یەکێکە لە ئێلەک کۆنەکانی کورادنی فەیلی[٣] وە ئێلی بڵباس لە بنەچەدا لەگەڵ مەلکشاھی ئامۆزان.[٤] ئێلی بڵباس لە مێژووی خۆیدا بە ئێلێکی نیمچە کۆچەر باسکراوە.[٥][٦][٧][٨]

مێژوو

[دەستکاری]

ڕەچەڵەک و نیشتەجێبوون

[دەستکاری]

بڵباس لە باشووری کوردستان لە شارەکانی: کۆیە، شارەزوور، و ڕەواندز.[٩] ھەندێکیان لە ڕانیە دەژین.[١٠] ڕۆجەر لسلۆک دەربارەی دانیشتووانی ڕانیە دەڵێ کە دوو ھۆز لە شارەکە دەژین کە ھۆزی ئاکۆ و بڵباسن.[١١] وە لە ناوچەی گەرمیان و ھەورامانیش ئێلی بڵباسی زۆر تیایە،[٩] بەتایبەتی ھۆزی دەلۆی گەرمیان کە بڵباسن.[٩] لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەم شارانەن: سەردەشت، سابڵاغ، ورمێ، و پیرانشار نیشتەجێن.[٦][١٢] جگە لەو شارانەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، تیرەیەکی ھۆزی پیرانی ئێلی بڵباس لە لوڕستان و ئیلام نیشتەجێن.[٤] سەرچاوەیەکی فەڕەنسی باسی کردووە کە ئەم ئێلە لە ناوچەی کرماشانیش ئەژین.[١٣] وە ئێلی بڵباس لە خۆراسانیش ژیاون. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەردەمی شا عەباسی یەکەم کە نزیکەی ٣٠٬٠٠٠ خێزانی کوردی ئەرزرۆمی لە خۆراسان نیشتەجێ کرد،[١٤] کە سەر بە ئێلی بڵباس بوون.[١٥] لە سەدەی ١٩ەیەم ئێلی بڵباس نزیکەی ١٣٠٬٠٠٠ کەسی تێدابووە.[١٦] و بڵباسەکان لە باکووری کوردستانیش ژیاون.[١٥][١٧] چونکە بەشێک بوون لە ھۆزی ڕۆژەکی کە میرنشینی بەدلیسی پێکدەهێنا.[٩][١٨] شەڕەفخانی بەدلیسی لە شەڕەفنامە دەڵێت ئێلەکانی بڵباس و قەوالیس بە پێی نەریتەکان بەشێکن لە ئێلی بابان.[١٨]

لە سەردەمی سەفەوییەکاندا تا ئێستا

[دەستکاری]

بە پێی عەباس عزاوی نووسەری کتێبی «قویم الفرج بعد الشدە» باسی ئەم ئێلە ئەکات وە ئەوەی شەرەفخان دەربارەی ئەم ئێلە وتی پشتڕاست ئەکات و ڕەخنە لە بڵباسەکان ئەگرێ. ئەڵێ لە ساڵی ١١٢٣ی کۆچیدا حەسەن پاشا ھێرش ئەکاتە سەر کوردەکان ئەم کوردانە بە «کوردانی بڵباس» ناسراون. ئەگەر سەیریان بکەین ئەبینین کە لەسەر مەزھەبی ئیمامی شافیعین و زۆربەیان فەقێ و کۆچەرن لە کوێ نیشتەجێبن مزگەوتێ دروست ئەکەن.[١٩] ئێلی بڵباس لەگەڵ ئەفشارەکان دوژمن بوونە[١٧] و چەندان شەڕیان کردووە، بە تایبەتی لە ورمێ کە نادر شا توانی شکست بە ئێلی بڵباس بێنێت،[٢٠][٢١] محەممەد قولی ئەفشار ورمێی قایمقامی ورمێ ھەردوو ھۆزی شکاک و زەرزای بەکارھێنا لە شەڕ دژ بە بڵباسەکان لە نزیک ڕووباری لاوین.[٢٢] بڵباسەکان خۆیان بۆ زەندییەکان نەچەماندەوە و شەڕیان لەگەڵ کردن، بۆیە کەریم خانی زەند ئەفسەرێکی خۆی نارد بە ناوی فەتحعەلی خان ئەفشار بۆ ئەوەی ھێرش بکاتە سەر ھۆزە، فەتحعەلی لەگەڵ ھەزاران پیاو بەرەو شاری خوی نزیک بوونەوە و ھێرشیان کردە سەر ئێلی بڵباس و زۆر پیاوی لەم ھۆزە کوشت، ھەزاران کەسیان بەدیل گرت و ١٠ ھەزار ئەسپ و مەڕیان دابەشکرد بۆ سوپای زەندییەکان.[٢٠][٢٣] بەڵام نادر شا جگە لە ئەوەی کە شەڕی لەگەڵ ئەم ئێلە کردووە لە سوپاکەیدا بەکاریان ھێنا بۆ شەڕکردن لەگەڵ عوسمانییەکان.[٢٤] لە کتێبی «بستان السیاحه» زێن ئەلعابدین دەڵێ ھۆزەکانی زەند، لەک، دونبەلی، لۆلۆ، فەیلی، بەختیاری و مامەسەنی بەشێکن لە کورد وە چەند لق و تیرە و تایفەیان ھەیە. جگە لەمە دەڵێ بەشێ لە بڵباسەکان سوننەی شافیعین و بەشێکیان شیعەی جەعفەرین واتا شیعەی دوانزە ئیمامی.[٢٥] لە سەردەمی خودادادخانی بەگلەربەگ مەڵبەندی ورمێ وەھا ھێور و ھێمن و پارێزراو بوو کە ھیچ کەس نەیدەتوانی بێ لە بڕەی خۆی زیاتر ڕاکێشێ بێجگە لە ئێلی بڵباسی ناوچەی لاجان کە جاروبار ئەهاتن و دەستیان بۆ هەردوو ناوچەی «سندووس» وە ناوچەی «دۆڵ» ئەبرد کە ھۆزی تورکمانی قەرەئیلۆ ناسراو بە گۆندزلۆی لێی ئەژیان، بڵباسەکان موڵک و ماڵی ئەم ھۆزەیان ئەبرد. خانی بەگلەربەگ چەند ھەلومەرجی بۆ شای ئێران نارد و ھەوڵی تۆڵەکردنی نەدا. بەڵام بە پێی تێپەڕبوونی ڕۆژگارەکان ڕق و قینەی بۆ بڵباسەکان پتر ئەبوو. خودادادخان لە ھەلێک دەگەڕا بۆ ھێرشکردن بو سەر ئەم ئێلە بۆیە لەشکرێکی قۆشەنێکی ئەفشاری کۆکردەوە و داوای لێکردن نێرەوەزییان لێ ببڕن یا بەدیلیان بگرن. بڵباسەکانی لاجان بە بینی قۆشەنە ئەفشاریەکەیان بینی تۆقین و لە ماڵ مەڕوماڵاتی خۆیان بەجێھێشت. بەڵام دوای بڵباسەکان بە سام و زاڵانە توانیان ماڵ و مەڕوماڵات و ئەسپەکانی خۆیان بێنەوە و ھەرچی سەربازی ئەفشاری کە ھێرشیان بۆ ناوچەی بڵباسەکان برد کوژران. دواتر بەیانیەکەی درەنگ گەیشتن بە چیمەنی «دۆڵامەلەر» کە چوار فرسەقێ لە ورمێ دوورە کە ئەکاتە نزیکەی ٣٢ کیلۆمەتر. خەبەر نەگەیشتە لای خودادادخان کە بڵباسەکان بە ھەزاران چەکدارەوە لە ڕێگان تا وەختایەک کە لە شوێنیک بە ناوی «ئەڵڵاھوئەکبەر» لە نێوان نیوەڕۆ و ئێوارە بوو خزمەتگوزارێکی ھات و ھەواڵەکەی پێ وت. خودادادخان بوێر بوویەوە و ھۆشی خۆی لە دەسدا شمشێرەکەی بە سینگی نا و خۆی کوشت. دۆست و نزیکەکانی وایان زانی لە سوژدەیە کەچی سەیریان کرد بینیان مردووە.[٢٦]

بەپێی گێڕانەوەی سەفەری سەدەی ١٩می بەریتانیا، ئێلی بڵباس سەردەمانێک بە یەکێک لە توندوتیژترین و جەنگاوەرترین ئێلە کوردەکان دادەنرا. باس لەوە دەکرێت کە بڵباسەکان چەندین جار ھێرشیان کردۆتە سەر ناوچەکانی دراوسێ بەتایبەتی دەوروبەری ورمێ و شاری مەراغە، ئەمەش بووە ھۆی وروژاندنی گەشتێکی سزایی عەباس میرزا. زۆرێک لە سەرۆکەکانیان لە قەڵاکانیانەوە ڕاکێشران و لە سێدارە دران. داکشانیان زیاتر خێراتر بوو بە کردەوەی میری ڕەواندوز، کە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و ھاوپەیمانی گۆڕاو لەگەڵ ھۆزەکە، بەشێکی زۆریان لە ھۆزی مامەشیان گرت و لە ڕەواندوز زیندانییان کرد.[٢٧]

بڵباسەکان ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبووە لە ناسیونالیزمی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەشدارییان کردووە لە شۆرشی شێخ عوبەیدەڵڵادا لە ساڵی ١٨٨٠،[٥][٦][٧] بە تایبەتی لە میاندواو، کە کۆمەڵکوژییەک ڕوویدا بە سەرکردایەتی ھەمزاغای مەنگوڕ[٧] مامەند ئاغای پیران و جەلیل ئاغای کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا.[٢٨][٢٩] کە نزیکەی ٣٬٠٠٠ بۆ ٤٬٠٠٠ کەس تێیدا کوژران.[٣٠][٣١] و ئەوان بەشدارییان کردووە لە ڕاپەڕینی سیمکۆ شیکاک لە ساڵی ١٩٢١، لە ساڵی ١٩٢٩ مەلایەکی ئەم ئێلە سەر بە تیرەی وەچاغی مەنگوڕ بە ناوی مەلا خەلیل گۆڕەمەڕی لە دژی حکومەتی ئێران ڕاپەڕی.[٩][٣٢] و بەشدارییان کردووە لە دروستبوونی کۆماری مەھاباد لە ساڵی ١٩٤٦[٦] کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھۆزی بارزانیدا تاڵکرد.[٣٣]

بڵباسەکان لە دژی عوسمانییەکان،[٦][٢٤][٣٤] خۆشناوەکان، ئاکۆ،[٣٥] گەردییەکان، میرنشینی سۆران،[٦] میرنشینی بابان و ھۆزی جاف شەڕیان کردووە.[٩] شەڕی بڵباسەکان دژ بە خۆشناو و ئاکۆییەکان زۆر سەخت بووە بۆ دوژمانی بڵباس وە لە دێڕێ شیعرێک شێخ ڕەزای تاڵەبانی دەڵێ «ئەوەی بڵباس کردی بە ئاکۆ و خۆشناو هۆلاکۆ نەیکرد لە بەغدا».[٣٥] بڵباسەکان بەوە ناوبانگیان ھەبوو کە کەللەڕەقێ و شەڕانگێز بوون، لەو شارانەی ئێران کە تێیدا لە ھاوینان نیشتەجێبوون ھێرش و تاڵانکرایان بەرەو دانیشنووانی شارەکان ئەبرد. ھەروەھا ھێرشیان کردە سەر ھەردوو شاری کەرکووک و ھەولێر کە ئێلەکە لە کاتی زستاناندا لە نێوان ئەم دوو شارە نیشتەجێ ئەبوون. والییەکانی بەغدا چەندین جار بە سوپا ھێرشیان کردۆتە سەر ئێلی بڵباس بۆ ئەوەیی واز لەم کارە بێنن. لە کتێبی جھانگەشای نادریش باس کراوە کە نادر شا لەشکرێکی بۆ شەڕ کردن لەگەڵ ئەم ئێلە ناردووە.[٣٦]

لە ساڵی ١٧١٣ لە مانگی ڕەمەزاندا، بڵباسەکان چوونە ناو ئێران. لەوێ کێشەیەک لەگەڵ فارسەکاندا دروست بوو، ئەم کێشەیە بووە ھۆکاری تێکدانی چەندان گوندی فارسەکان. ڕووداوەکە گەیشتە وەزیرێک، وەزیرەکە شووبرای خۆی نارد بۆ ئەوەی بزانێت سەرچاوەی ئەم ڕووداوە چییە. کاتێک خەڵکی گوندەکە شووبرایەکەیان بینی ترس کەوتە نێویان، بۆی دەرکەوت کە بڵباسەکان ھۆکاری سەرەکی کێشەکەن بەڵام فارسەکانیش بێتاوان نەبوون. لە کۆتاییدا سەرزەنشتی بڵباسەکان کرد و کێشەکەی بە تاوانبار زانی. پاشان ڕاپۆرتەکەی دابە وەزیرە ەڕچی وویدا، وەزیریش بڕیاریدا بڵباسەکان لە ئێران دەربکات.[٣٧] ھەروەھا لەگەڵ بەلۆچەکانی سیستان شەڕیان کردووە کە ئیبراھیم بەگی کوڕی قەلەندەر ئاغای بڵباس فەرمانڕەوای پارێزگای سیستانی دەکرد، و ھەمیشە لە شەڕەکانیان لە دژی بەلۆچەکان سەرکەوتوو بوون.[٩][٣٨]

ھۆزەکان

[دەستکاری]

بە پێی دەروێش پاشا ھۆزەکانی ئێلی بڵباس بریتین لە پیران، مەنگوڕی کادەروێش، مەنگوڕی زوری، سن، ڕەمک و مامەسەنی. کە ئەوانیش لە چەندان تیرە و تایفە پێکدێن. تایفەکانی پیران کە ژمارەیان دەبێتە ١٢ تایفھ و نزیکەی ھەزار خێزان دەبێ بریتین لە؛ حەسەن ئاغایی، مەخانە، سەبریمە، ئەحممەد لەکە، فەقێ خالیا، بەرچم، وەساتە پیرە، گەورک، ورمزیار، پێوە، ھۆلە ملە، ھەرزن سما. تایفەکانی مەنگوڕی کادەروێش ژمارەیان دەبێتە ٧ تایفە و نزیکەی ٥٠ خێزان دەبن بریتین لە؛ ئەلزەبامرە، مەرکەنە، باب ڕسوا، کەڵھوڕ، شێلاتە،دەلۆ(دەلۆیی)، خدرەجیە، ئۆمەربەلی. مەنگوڕی زوری ژمارەیان چوار تایفە دەبێ و ٧٠٠ خێزانن بریتین لە؛ زەرکەیی، خدر مامەسەنی، یوسف کاسکی، و حاجی مامە. ھۆزی سن تەنیا یەک تایفەن و نزیکەی ٤٠٠ خێزانن. ھۆزی ڕەمک لە دوو تایفە پێکھاتوون ڕەمکی فەقێ وەیسی کە ٧٠ خێزانن و ڕەمکی فەقێ عەبدا کە ٥٠ خێزانن. تایفەکانی مامەسەنی ژمارەیان ١١ تایفەیە و دەبنە ٤٠٠ خێزان.[٣٩]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ابراھیمی، معصومە. «بلباس». مرکز دائرةالمعارف بزرگ اسلامی (بە فارسی).
  2. Blacklock، Cathy؛ Cockburn، Cynthia؛ Crosby، Alison؛ Giles، Wenona Mary؛ Giles، Wenona Mary؛ Hans، Asha؛ Hyndman، Jennifer؛ Hyndman، Jennifer؛ Klein، Edith، eds. (٢٠٠٤). Sites of Violence: Gender and Conflict Zones. Berkeley, CA: University of California Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢٠-٢٣٧٩١-٩.
  3. «بڵباس Biľbas – فەرھەنگی زمانی یەکگرتووی کوردی ھاوچەرخ». ferheng.info. لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  4. 1 2 حوسێن مەلێکشایی «مێژووی خێڵی مەلێکشایی (چەمشگزەگ).» لە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  5. 1 2 «The Belbas Tribes and the Revolt of Sheikh Ubaidullah Nahari (1880)». Zanco Journal of Humanity Sciences. ٢٨ (SpB). ١٤ی ئابی ٢٠٢٤. doi:١٠.٢١٢٧١/zjhs.٢٨.SpB.٨.
  6. 1 2 3 4 5 6 «BELBĀS». Encyclopaedia Iranica (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  7. 1 2 3 The Andover Review (بە ئینگلیزی). Houghton, Mifflin and Company. ١٨٨٥.
  8. Ireland، Royal Anthropological Institute of Great Britain and (١٩٠٨). The Journal of the Royal Anthropological Institute of Great Britain and Ireland (بە ئینگلیزی). The Institute. لاپەڕە ٤٥٧.
  9. 1 2 3 4 5 6 7 موحەممەد، مەحموود (١٩٨٩). مێژووی ھۆزی بڵباس. سلێمانی: تاڤگا.
  10. آر ھی، دبیلو (١٩٨٣). سنتان فی کردستان ١٩١٨-١٩٢٠ (بە عەرەبی). بەرگی ١. لەلایەن جەمیل، فوئاد وەرگێڕدراوە. لاپەڕە ٨٩.
  11. ڕۆجەر لسلۆک، Kurdistan and the kurds. بڵاوکەرەوە: royal anthropological institute، لاپەڕە ١١١
  12. الحسىن، سعىدىان، عبد (٢٠٠٤). سرزمىن و مردم ایران (بە فارسی). علم و زندگى،. ژپنک ٩٧٨-٩٦٤-٩٠٠٥٢-٧-٠.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  13. L'asie francais. پارس، فەڕەنسا: کۆمیتەی فەڕەنسی لە ئاسیا. ١٩١٤. لاپەڕە ١١٨.
  14. Fisher، William Bayne؛ Avery، P.؛ Hambly، G. R. G.؛ Melville، C. (١٩٦٨). The Cambridge History of Iran (بە ئینگلیزی). Cambridge University Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢١-٢٠٠٩٥-٠.
  15. 1 2 Amanat، Abbas (٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧). Iran: A Modern History (بە ئینگلیزی). Yale University Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٣٠٠-٢٣١٤٦-٥.
  16. Pagnozzi، Giuseppe R. (١٨٢٢). Geografia moderna universale ovvero Descrizione fisica, statistica, topografica di tutti i paesi conosciuti della terra per G.R. Pagnozzi. Volume primo [-decimoquinto ed ultimo]: Arabia, Persia, Belucistan, Cabul, India. 2 (بە ئیتالی). per Vincenzo Batelli.
  17. 1 2 Rawlinson، H. C. (١ی کانوونی دووەمی ١٨٤٠). Notes on a Journey from Tabríz, Through Persian Kurdistán, to the Ruins of Takhti-Soleïmán, and from Thence by Zenján and Ṭárom, to Gílán, in October and November, 1838; With a Memoir on the Site of the Atropatenian Ecbatana. JSTOR. Journal of the Royal Geographical Society of London.
  18. 1 2 بەدلیسی، شەڕەفخان. شەڕەفنامە.
  19. عباس العزاوی، عشایری عێراق (بەغداد: مطبعە المعارف، ١٩٣٧–١٩٥٦)، ل. ١٦٣.
  20. 1 2 «بلباس». دانشنامھ جھان اسلامی (بە فارسی).[بەستەری مردوو]
  21. رشید، میرزا. تاریخ افشار (بە فارسی). لاپەڕە ١٦٥. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  22. احمدی، کامیل. مقاومت زندگیست | خودزندگی نامۀ کامیل احمدی (بە فارسی). Avaye Buf. ژپنک ٩٧٨-٨٧-٩٤٢٩٥-٨٣-٣.
  23. Goudge، Eileen (٢٠١٥). Karim Khan Zand: A History of Iran, 1747-1779. Publications of the Center for Middle Eastern Studies. Chicago: University of Chicago Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٢٢٦-٦٦١٠٢-٥.
  24. 1 2 Journal Asiatique. لاپەڕە ٩٥ (بە فەڕەنسی)
  25. زێن ئەلعابدین شیروانی، بستان السیاحە، (بە فارسی) لاپەڕە ٤٥٩
  26. میرزا ڕەشید ئەدیبوششوعەرا، "شەڕی ھۆزی بڵباس و خۆ کوشتنی خودادادخان" لە مێژووی ئەفشار، وەرگێڕانی سەڵاحەددین ئاشتی (سلێمانی: بنکەی ژین، ٢٠٠٨). لاپەڕە ٨٩ بۆ ٩١
  27. Fraser، James Baillie (١٨٤٠). Travels in Koordistan, Mesopotamia, &c: Including an Account of Parts of Those Countries Hitherto Unvisited by Europeans. With Sketches of the Character and Manners of the Koordish and Arab Tribes (بە ئینگلیزی). R. Bentley.
  28. Eagleton، William L. (١٩٦٣). The Kurdish Republic of 1946 (بە ئینگلیزی). Oxford University Press. لاپەڕە ٧.
  29. The Pall Mall Budget: Being a Weekly Collection of Articles Printed in the Pall Mall Gazette from Day to Day, with a Summary of News (بە ئینگلیزی). J. Kellett. ١٨٨١. لاپەڕە ٢١.
  30. Cigerli، Sabri (٢٠٢٢). Les Kurdes et le Kurdistan en 1920 (بە فەرەنسی). Vérone éditions. ژپنک ٩٧٩-١٠-٢٨٤-١٨٣٧-٣.
  31. Curzon، George Nathaniel (١٨٩٢). Persia and the Persian Question (بە ئینگلیزی). Longmans, Green.
  32. یونس ئیبراهیم، اوضاع سیاسی کردستان. (بە فارسی) ئێران
  33. O'Ballance، E. (١٩٩٦). The Kurdish Struggle, 1920-94 (چاپی 1st ed. 1996). London: Palgrave Macmillan UK. ژپنک ٩٧٨-٠-٢٣٠-٣٧٧٤٢-٤.
  34. Lambton، Ann K. S. (حوزەیرانی ١٩٧٧). «Robert W. Olson: The siege of Mosul and Ottoman-Persian relations, 1718–1743: a study of rebellion in the capital and war in the provinces of the Ottoman empire. (Indiana University Publications. Uralic and Altaic Series, Vol. 124.) xviii, 237 pp. Bloomington: Indiana University, [1975]. $16». Bulletin of the School of Oriental and African Studies (بە ئینگلیزی). ٤٠ (2): ٤٤٧–٤٤٧. doi:١٠.١٠١٧/S٠٠٤١٩٧٧X٠٠٠٤٤٨٢٧. ISSN ٠٠٤١-٩٧٧X.
  35. 1 2 تاڵەبانی، شێخ ڕەزا. اشعار فارسی شیخ رضا (بە فارسی).
  36. دەروێش پاشا، سیاحتنامە حدود. لاپەڕە ٢٩٤
  37. عزاوی، عباس (١٩٣٥). تاریخ العراق بین احتلالین (بە عەرەبی). Maṭbaʻat Baghdād.
  38. خان، بدلیسى، شرف (١٩٥٣). الشرفنامھ: فی تأریخ الدول والامارات الکردیة، الفھ باللغة الفارسیة شرف خان البدلیسی، نقلھ الى اللغة العربیة وعلق علیھ جمیل بندى روژبیانی (بە عەرەبی). مطبعة النجاح ،.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  39. دەروێش پاشا، سیاحتنامە حدود، ئیسەمبوڵ. لاپەڕە ٢٩١ و ٢٩٢