لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئێران و تیرۆریزمی دەوڵەتی دوای شۆڕشی ١٩٧٩، ھەندێک وڵات، ڕێکخراو و دادگاکان کۆماری ئیسلامی ئێرانیان تۆمەتبار کردووە یان مەحکوومیان کردووە کە تێوەگلاوە لە کردەوەی تیرۆریستی یان پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان. لە نێو ئەم وڵاتانەدا ئیسرائیل، ئەڵمانیا، ئەرژەنتین و ئینگلتەرا ھەن. ھەروەھا حکوومەتی ئەمریکا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پشتیوانی لە چەندین گرووپی تیرۆریستی جیھان دەکات، وەک گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپی حەماس لە فەلەستین و چەند گرووپێکی فەلەستینی کە لە پێڕستی گرووپە تیرۆریستییەکانی حکوومەتی ئەم وڵاتەدان.[١] ھەروەھا حکوومەتی ئەمریکا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و وەزارەتی بەرگریی ئێرانی خستووەتە لیستی تاقمە تیرۆریستییەکان. ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٠١٦، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تیرۆریزمی جیھانی ڕای گەیاند کە سەرەڕای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ھەمەلایەنە لەگەڵ زلھێزەکانی جیھان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام ھێشتا حکوومەتی ئێران سپۆنسەری سەرەکی تیرۆرە لە جیھاندا. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە تاکە وڵات دادەنرا کە پشتیوانی تیرۆریستان و تیرۆری جیھانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکات.[٢] حکوومەتی ئەڵمانیا چەندین بەرپرسی باڵای حکوومەتی ئێرانی کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان لە دادگای میکۆنۆس سزا درابوون، دادگایی کرد.[٣][٤][٥] لە ڕاپۆرتی ئەمریکا سەبارەت بە تیرۆر لە ساڵی ٢٠١٦، کە لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٧ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە حەوت بەشیدا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ئێران ھێشتا لە لووتکەی ئەو وڵاتانەیە کە پشتیوانی تیرۆر دەکەن[٦] و ئێران ھەڕەشەکان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ھەروا ماونەتەوە. ھێزی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ ھاوبەش و ھاوپەیمان و بریکارەکانی ئێران بەردەوام بوو لە ڕۆڵی ناسەقامگیرکەر لە ململانێکانی عێراق، سووریا و یەمەن. ھەروەھا ئەم وڵاتە بەردەوام بووە لە دابینکردنی چەک و سەرچاوەی ئابووری بۆ گرووپە میلیشیا شیعەکان لە بەحرەین.[٦][٧] کێلی کرافت، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کاتەدا، حکوومەتی ئێرانی وەک «سپۆنسەری ژمارە یەک بۆ تیرۆر لە جیھاندا» ناوبرد.