ئیکلێکتیزم
ئیکلێکتیزم (وەرگێڕانەکان: تێکەڵبژێری، فرەبابەتبژێری)[١] ئەو ھەڵوێستە یا ئەو بۆچوونەیە کە لە نێوان ڕوانگە و تیۆریگەلی جۆربەجۆر کە دەرھەق بە مژارێک ھەیە، تێکەڵاوێک لە یەک یا چەند دانەیان ھەڵدەبژێرێ و، بۆ وەسفکردن و ڕوونکردنەوەی ھەر حاڵەتێکی دیاریکراو لە مژارەکە، چەند تیۆریی جیاجیا بە کار دەبا. بە واتایەکی دیکە، وشک و ڕەقوتەق خۆی پابەندی یەکێک لەو ڕوانگە و تیۆرییانە ناکا. ھەڵبەت، ئەغڵەب ئەوە کە کام تیۆریگەل دەبێ ھەڵبژێرێن و چۆناوچۆن لەگەڵ یەکا تێکەڵ بکرێن، دابودەستوور و ڕێسایەکی دیاریکراوی بۆ نییە.[٢]
ئیکلێکتیزم لە فەلسەفەی ئەخلاق و مێتافیزیک و سیاسەت و دیندا زۆرتر لەگەڵ سینکرێتیزمدا قیاس دەکرێ، چونکە لە ھەردووکیاندا چەشنێک تێکەڵکردن و ئاوێتەبوون ھەیە، بەڵام لە ڕووی چۆنیەتیی تێکەڵکردنەکەوە لەگەڵ یەکترا جیاوازن. سینکرێتیزم بریتییە لە دروستکردنی دابونەریت و ڕێوشوێنی نوێ بە یەکخستن و تاواندنەوەی چەندین دابونەریت و ڕێوشوێنی کۆن لە نێو یەکترا. بەڵام، لە ئیکلێکتیزمدا ئەم دروستکردنی دابونەریتی نوێیە نابینرێ و، تێیدا ھەر تەنیا لە ھەر ڕوانگەیەک نەختێ ھەڵدەبژێردرێ بەبێ ئەوەی کە سیستم یا ڕوانگەیەکی نوێی لێ دەربێ.[٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ سەجادی، بەختیار. فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی. ماڵی وەفایی.
- 1 2 «Eclecticism»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، ٩ی شوباتی ٢٠٢٥، لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە