بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ
شوێنی بابل
پایتەخت
دەوڵەت پاشایەتی

ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ یان ئیمپراتۆریەتیی دووەمی بابلی،[٢] یان سەردەمی بابلی نوێ، کە لە مێژوودا بە ئیمپراتۆریەتیی کلدانی ناسراوە،[٣] دوا سیاسەت یان ڕامیاری بوو کە لەلایەن پاشاکانی خەڵکی ڕەسەنی میزۆپۆتامیای کۆنەوە حوکمڕانیی کرا.[٤] سەرەتا لە تاجەگوڵینەی نەبوپلاسەر وەک پادشای بابل لە ساڵی ٦٢٦ پێش زایین دەستی پێکرد و بە تووندی و بەتەواوەتی جێگیر بوو لە ڕێگەی ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتی ئاشوور لە ساڵی ٦١٢ پێش زایین، ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ لەلایەن ئیمپراتۆریەتی فارسی ھەخامەنشییەکانەوە لە ساڵی ٥٣٩ پێش زایین داگیرکرا، ئەمەش بووە ھۆی ڕووخانی شانشینی کلدان کەمتر لە سەدەیەک دوای دامەزراندنی.

شکستی ئیمپراتۆریەتیی ئاشوور و دواتر گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ بابل یەکەمجار بوو کە شارەکە و تەواوی باشووری میزۆپۆتامیا بەگشتی، لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی بابلی کۆن (لە ژێر دەسەڵاتی حامووڕابی) نزیکەی لە ھەزار ساڵ پێشتر، سەرھەڵبداتەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژھەڵاتی نزیکی دێرین و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ بابلییەکان و کلدانییەکان. بەم شێوەیە سەردەمی دەسەڵاتی بابلی نوێ گەشەیەکی بێ وێنەی ئابووری و دانیشتووانی لە سەرانسەری بابلدا بەخۆیەوە بینی، ھەروەھا ڕێنێسانسێکی کولتووری و کاری ھونەری بەخۆیەوە بینی کاتێک پاشاکانی بابلی نوێ پڕۆژەی بیناسازیی گەورەیان ئەنجامدا، بەتایبەتی لە خودی بابلدا، کە چەندین توخمیان لە ٢٠٠٠ ساڵی پێشووی کولتوری سومێرۆ-ئەکەدی ھێنایەوە.

ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ پێگەیەکی بەرچاوی لە یادەوەری کولتووری مۆدێرندا پاراستووە بەھۆی وێناکردنی ئیرەییبەخشانەی بابل و گەورەترین پادشاکەی نەبوخەد نەسری دووەم لە کتێبی پیرۆزدا. وەسفە ئینجیلییەکەی نەبوخودنەسر سەرنج دەخاتە سەر ھەڵمەتە سەربازییەکەی دژی شانشینی یەھوودا و بەتایبەتی گەمارۆدانی ئۆرشەلیم لەلایەن بابلییەکانەوە لە ساڵی ٥٨٧ پێش زایین، کە بووە ھۆی لەناوچوونی پەرستگای سولەیمان و دواتر دیلگرتنەکانی بابلی. سەرچاوە بابلییەکان، سەردەمی نەبوخەدنەسر بە سەردەمێکی زێڕین وەسف دەکەن کە بابلی گۆڕی بۆ گەورەترین ئیمپراتۆریەتیی سەردەمی خۆی.

سیاسەتە ئاینییەکان کە لەلایەن پادشای کۆتاییی بابل نەبو نیدەوە ناسێندرا، کە خوداوەندی مانگی سینی بە باشتر دەزانی لە خوداوەندی پارێزەری بابل مەردۆخ، لە کۆتاییدا وەکوو casus belli کاری کرد بۆ پاشای فارس کورووشی مەزن، کە لە ساڵی ٥٣٩ پێش زایین ھێرشی کردە سەر بابل بە وێناکردنی خۆی وەک پاڵەوانی مەردۆخ کە لە ڕووی خودایییەوە ڕێکوپێکی گەڕاندەوە بۆ میزۆپۆتامیا. دوای داگیرکردن، بابل بۆ چەندین سەدە لە ڕووی کولتوورییەوە ھەر جیاواز مایەوە، کەسانی خاوەن ناوی بابلی و ئایینی بابلی تەنانەت تاوەکوو ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانیش لە سەدەی یەکەمی پێش زایین. ھەرچەندە بابل لە سەردەمی حوکمڕانیی ئیمپراتۆرییەتەکانی دواتردا چەند جارێک ڕاپەڕینی کرد، بەڵام ھەرگیز بە سەرکەوتوویی سەربەخۆییی خۆی نەگەڕاندەوە.

مێژوو

[دەستکاری]

دامەزراندن و ڕووخاندنی ئاشوور

[دەستکاری]
شوێنی چەند شارێکی گەورەی میزۆپۆتامیا

لە سەرەتای سەردەمی پادشای ئاشووریی نوێ سین شار ئیشکون، بەرپرس یان ژەنەڕاڵی باشوور، نەبوپلاسەر لە نێوان ناسەقامگیریی سیاسیی بەردەوام لە ئاشووردا ڕاپەڕین، کە بەھۆی شەڕێکی ناوخۆییی کورتی پێشووتر لە نێوان سین شار ئیشکون و ژەنەڕاڵ سین-شومو-لیشیرەوە بوو. لە ساڵی ٦٢٦ پێش زایین، نەبوپلاسەر ھێرشی کردە سەر شارەکانی بابل و نیپوور و بە سەرکەوتوویی دەستی بەسەردا گرتن.[٥] وەڵامی سین شار ئیشکون خێرا و یەکلاکەرەوە بوو؛ تا مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵە ئاشوورییەکان نیپووریان گرتەوە و نەبوپلاسەریان لە شاری ئورووک گەمارۆ دابوو. بەڵام سین شار ئیشکون نەیتوانی بابل بگرێت و نەبوپلاسەر بەرگەی گەمارۆدانی ئورووکی گرت و سوپای ئاشووریی بەرپەرچ دایەوە.[٥]

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٦٢٦ پێش زایین، نەبوپلاسەر تاجی پادشای بابلی لەسەر دانرا، بابلی وەک شانشینی سەربەخۆ گەڕاندەوە دوای زیاتر لە سەدەیەک لە حوکمڕانیی ڕاستەوخۆی ئاشوورییەکان.[٥] پادشای ئاشوور لە ھەڵمەتەکانیدا لە باکووری بابل لە ساڵی ٦٢٥ تا ٦٢٣ پێش زایین سەرکەوتنێکی کەمی بەدەستھێنا، چوونکە دێر و شارەکانی دیکەی باشوور پەیوەندییان بە نەبوپلاسەرەوە کرد. سین شار ئیشکون سەرکردایەتیی ھێرشێکی بەرپەرچدانەوەی گەورەی کرد لە ساڵی ٦٢٣ پێش زایین کە پێدەچوو لەسەر ڕێگای سەرکەوتن بێت، بەڵام ناچار بوو دەستبەرداری ھەڵمەتەکە بێت چوونکە ڕاپەڕینێک لە ئاشوور ھەڕەشەی لە تەختەکەی کرد لە ناوخۆدا.[٥]

ئەمەش بابلییەکانی ئازاد کرد بۆ داگیرکردنی دوا کورسییەکانی دەسەڵاتی ئاشووری کە لە بابلدا مابوونەوە لە ساڵی ٦٢٢ تا ٦٢٠ پێش زایین.[٥] ھەردوو شارەکانی ئورووک و نیپوور، ئەو شارانەی کە زۆرترین گۆڕانکارییان لە نێوان کۆنترۆڵی ئاشووری و بابلدا کردبوو، تا ساڵی ٦٢٠ پێش زایین بە تووندی لە دەستی بابلییەکاندا بوون، و نەبوپلاسەر دەسەڵاتی خۆی بەسەر ھەموو بابلدا چەسپاندبوو.[٥] دوای داگیرکردنی زیاتری بابلییەکان و شکستی زیاتر لەلایەن سین شار ئیشکونەوە سەرەڕای پشتیوانیی سەربازی لەلایەن میسرەوە، ئیمپراتۆریەتیی ئاشوور بە خێرایی دەستی کرد بە داڕمان.[٥]

لە مانگی تشرینی یەکەم یان تشرینی دووەمی ساڵی ٦١٥ پێش زایین، مادەکان لە سەر دەستی پاشا کەیخەسرەو کە دووژمنی کۆنی ئاشوورییەکانیش بوون، چوونە ناو ئیمپراتۆریەتیی لەرزۆک و دەستیان بەسەر قەزای ئەرابخادا گرت، لە مانگی تەممووز یان ئابی ٦١٤ پێش زایین ھێرشی کردە سەر شارەکانی کالێ و نەینەوا و لە کۆتاییدا گەمارۆی ئاشوور'ی پایتەختی ئایینیی دێرینی ئاشووریی دا. گەمارۆدانەکە سەرکەوتوو بوو و شارەکە بە ماوەیەکی دڕندانە تێپەڕی. نەبوپلاسەر دوای دەستپێکردنی تاڵانییەکان گەیشتە ئاشوور و لەگەڵ کەیخەسرەو کۆبووەوە و ھاوپەیمانیی لەگەڵیدا کرد و پەیمانێکی دژە ئاشووریی واژۆکرد.[٥] لە مانگی نیسان یان ئایاری ٦١٢ پێش زایین، لە سەرەتای ساڵی ١٤ی نەبوپلاسەر وەک پادشای بابل، سوپای یەکگرتووی ماد و بابل بۆ سەر نەینەوای پایتەختی ئاشوور ڕێپێوانیان کرد. لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئاب گەمارۆی شارەکەیان دا و لە مانگی ئابدا دیوارەکانیان شکاند، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە ماوەیەکی درێژخایەن و دڕندانەی دیکەی لێبکەوێتەوە کە وا گریمان دەکرێت سین شار ئیشکون لەو ماوەیەدا مردبێت.[٥] جێنشینی سین شار ئیشکون، ئاشوور-ئوبالیتی دووەم، پادشای کۆتاییی ئاشوور، لە حەڕان لە ساڵی ٦٠٩ پێش زایین شکستی ھێنا.[٦] میسر، ھاوپەیمانیی ئاشوور، بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بوو لە شەڕی دژی بابل، پێش ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەلایەن نەبو خەد نەسری جێنشینی نەبوپلاسەرەوە لە کەرکەمیش لە ساڵی ٦٠٥ پێش زایین شکستی پێبھێنرێت.[٧]

کەوتنی بابل

[دەستکاری]
نەخشەی ڕێگای کورووشی مەزن لە ماوەی ساڵی ٥٣٩ی پێش زایین لە داگیرکردنی بابل.

لە ساڵی ٥٤٩ پێش زایین کورووشی مەزن پادشای ھەخامەنشییەکانی فارس لە ئەکبەتانا دژی پادشای ماد ئاستیاگ ڕاپەڕی. سوپای ئاستیاگ خیانەتی لێکرد و کورووش خۆی وەک فەرمانڕەوای ھەموو گەلانی ئێران و ھەروەھا ئیلامی و گۆتییە پڕی-ئێرانییەکان جێگیر کرد و کۆتاییی بە ئیمپراتۆریەتیی ماد ھێنا و ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی دامەزراند. دوای دە ساڵ لە سەرکەوتنی لە دژی مادەکان، کورووش ھێرشی کردە سەر بابل. نەبو نید بەلشاسری نارد بۆ ئەوەی بەرەنگاری سوپای زەبەلاحی فارس ببێتەوە، بەڵام ھێزەکانی بابل لە شەڕی ئۆپیسدا زاڵ بوون. لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا، دوای ئەوەی ئەندازیارانی کورووش ئاوی فوراتیان گرتەوە، سەربازەکانی کورووش بەبێ ئەوەی پێویستیان بە شەڕ ھەبێت، چوونە ناو بابل. نەبو نید خۆی ڕادەست کرد و دەرکرا. پاسەوانە گۆتییەکان لە دەروازەکانی پەرستگای گەورەی مەردۆخ دانران، لەوێ خزمەتگوزارییە بەبێ پچڕانەکان بەردەوام بوون.[٨]

کورووش ئیدیعای دەکرد کە جێنشینی شەرعیی پادشاکانی بابلی کۆن و تۆڵەسێنەری مەردۆخە لەسەر نەبو نیدی بێ دین. فەتحکردنی کورووش لەلایەن دانیشتووانی بابلەوە پێشوازی لێکرا، جا چ وەک ڕزگارکەرێکی ڕاستەقینە یان فەتحکەرێکی حاشا ھەڵنەگر. لەوانەیە لەشکرکێشیی کورووش بۆ سەر بابل لەلایەن دەربەدەرە بیانییەکانی وەک جولەکەکانەوە یارمەتیدەر بووبێت. بەم پێیە یەکێک لە یەکەم کردەوەکانی بریتی بوو لە ڕێگەدان بەم دەربەدەرانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەمەش بە ڕوونی لە ڕاگەیاندنێکدا بە ناوی سلندەری کورووش، کە تیایدا کورووش لە فەتحەکانی بە ئیرادەی مەردۆخ پاساو دەھێنێتەوە.[٨] وە بابلیش جارێکی تر ھەرگیز نەگەیشتەوە ئاستی دەوڵەتی سەربەخۆ.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Sawyer & Clines 1983، لاپەڕە 41.
  2. Zara 2008.
  3. Dougherty 2008.
  4. Hanish 2008.
  5. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 Lipschits 2005.
  6. Radner 2019.
  7. Lange 2011.
  8. 1 2 Nijssen 2018.

کتێبنامە

[دەستکاری]

Veguherandina tezê bo pirtûkekê Veguherandina teza di pirtûkê de pêvajoyek dijwar e ku hewildan, sebir û motîvasyonê hewce dike. Di vê pêvajoyê de, nivîskar divê naveroka tezê analîz bike û ji bo xwendevanên gelemperî veguherîne formek balkêş û têgihîştî. Ev pêvajo ji nûvekirin, başkirin û berfirehkirina mijaran, lêzêdekirina materyalên nû, nûavakirin, û ji nû ve nivîsandina paragraf û beşan pêk tê. Her weha divê nivîskar ji pêvajoya çapkirina pirtûkê û kirrûbirra wê bi tevahî haydar be. Ji bo weşandina tezek di pirtûkekê de hevkarî bi edîtor, rexnegir û weşanxaneyan re hewce dike ku ne tenê pirtûkek bi kalîte çêbike, di heman demê de ji bo bazarê jî bike û temaşevanên rast bikişîne.

سەرچاوە وێبییەکان

[دەستکاری]

خوێندنەوەی زیاتر

[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]
  • A. Leo Oppenheim's Letters from Mesopotamia (1967), containing translations of several Neo-Babylonian letters (pp. 183–195).