بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئیمام شافیعی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە ئیمامی شافعی نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە شافعی (ڕوونکردنەوە).



ئیمام شافعی
ناو: ئیمام شافعی
ناوی تەواو: محەممەدی کوڕی ئیدریسی شافعی
ڕێکەوتی لەدایکبوون: ١٥٠ی کۆچی، ٧٦٦ی زایینی
شوێنی لەدایکبوون: غەززە،  فەلەستین
ڕێکەوتی مردن: ٢٠٤ی کۆچی، ٨٢٠ی زایینی
شوێنی مردن: قاھیرە،  میسر
بیروباوەڕ: سوننە
بواری کردوکۆش: فەرموودە، زمانی عەرەبی
شوێنەواگری: مالیکی کوڕی ئەنەس
کارتێکەری: ئەحمەد کوڕی حەنبەل، بوەیتی، مەزنی
ئیمام شافعی
بە عەرەبی: مُحَمَّدُ بْنُ إِدْرِيسَ الشَّافِعِيُّ المُطَّلِبيّ القُرشيّ
لەدایکبوون٢٨ی ئابی ٠٧٦٧
غەززە، دەوڵەتی فەلەستین
مردن٢٠ی کانوونی دووەمی ٨٢٠(٨٢٠-٠١-٢٠) (٥٢ ساڵ ژیاوە)
Fustat، میسر
شوێنی ناشتنMausoleum of Imam al-Shafi'i
زمانەکانی ئاخاوتنزمانی عەرەبی
زمانی نووسینزمانی عەرەبی
پیشەشەرعزان، فەرموودەناس، قازی، عالم، شاعیر
بواری کارفیقھی ئیسلامی، فەرموودەناسی
پێشگرێکی شەرەفمەندانەAl-Imam
ئایینئیسلام
شاکارەکانAl-Risala، Kitab al-Umm، Musnad al-Shafi'i
دۆخی مافەکانی لەبەرگرتنەوەمافەکانی لەبەرگرتنەوە بەسەرچوون
KunyaʾAbū ʿAbd Allāh

ئەبوو عەبدوڵڵا محەممەد کوڕی ئیدریس شافعییە، ساڵی ١٥٠ک/٧٦٦ز لە دایکبووە، یەکێکە لە دیارترین پێشەواکانی سوننە لە ڕێڕەوی مێژوودا، و خاوەنی فیقھی شافعییە لە زانستی فیقھی ئیسلامیدا، ھەروەک بە دامەرێنەری زانستی ئوسوڵ دادەنرێت و یەکەم کەسە لەو بوارەدا کتێبی نووسیوە و ناویناوە (الرسالة)، نوێکەرەوەی ئیسلام بوو لە سەدەی دووەمی کۆچیی و ھەروەک ئەحمەد کوڕی حەنبەل ئاماژەی پێکردووە لە مژدەدانێکی پێغەمبەری ئیسلامدا لە وتەیەکیدا دەفەرموێت؛ لا تسبوا قریشاً فإن عالمھا یملأ الأرض علماً واتە؛ قسە بە قوڕەیش مەڵێن زانایەکیان تیا ھەلدەکەوێت زەوی پڕدەکات لە زانست؛ و ئەبوونەعیم ئیسفرایینی ئەڵێت؛ ئەم فەرموودەیە لەسەر ھیچ کەس نایەتەدی تەنھا شافعی نەبێت.

و ئەم زانایە کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی ٢٠٤ک/٨٢٠ز.

نەژادی

[دەستکاری]

ناوی محەممەدە نازناوەکەی دەبوو عەبدوڵڵایە، کوڕی ئیدریسی کوڕی عەباسی کوڕی عوسمانی کوڕی شافیعی کوڕی سائیبی کوڕی عوبەیدی کوڕی عەبد یەزیدی کوڕی ھاشمی کوڕی موتەلیبی کوڕی عەبدول مەنافە، دایکیشی لە عەشیرەتی (ئەزد)ە ناوی فاتمەیە.

لە دایکبوونی

[دەستکاری]
بەشێکە لە زنجیرەیەک

ئیسلامی سوننە


بیروباوەڕ

پایەکانی ئیسلام · پایەکانی باوەڕ
پێشینەکان · فەرموودەی پێغەمبەر

خەلیفەکانی ڕاشدین

ئەبووبەکری سدیق
عومەری کوڕی خەتاب
عوسمانی کوڕی عەفان
عەلی کوڕی ئەبووتالیب

چوار پێشەواکە

ئەحمەد کوڕی حەنبەل
ئەبووحەنیفە
مالیکی کوڕی ئەنەس
محەمەد شافعی

سەرمەزھەبەکان

حەنبەلیحەنەفیشافعیمالیکیزاھیری

کتێبە سەحیحەکان

سەحیحی بوخاری
سەحیحی موسلیم
سونەنی نەسائی
سونەنی ئەبوداوود
سونەنی ترمزی
سونەنی دارمی
سونەنی ئیبن ماجە
مۆتەی مالیک

لە غەززە لە مانگی ڕەجەبی ساڵی ١٥٠ی کۆچی بەرامبەر ٧٦٦ی زایینی لەدایکبووە ھەمان ساڵە کە ئەبووحەنیفە کۆچی دوایی کردووە، باوکی پیاوێکی ھەژاری خەڵکی حیجاز عەرەبستانی سەعوودی بووە، پێش لەدایکبوونی ئیمامی شافیعی چووە بۆ فەلەستین ولە (عەسقلان) و (غەززە) ماوەتەوە و جێگیر بووە، دوای لەدایکبوونی ئیمامی شافیعی بەماوەیەکی کورت مردوە، و دایکی بردویەتییەوە بۆ سعوودیە بۆ ئەوەی نەژادی ون نەبێت.

ژیانی تایبەتی

[دەستکاری]

ئیمامی شافیعی لە ساڵی ١٧٩ کۆچی دا ژنێکی ھێناوە بە ناوی (حەمیدەی کچی نافیع) کە نەسەبی دەچێتەوە سەرخەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان. ئەم ژن ھێنانەشی دوای وەفاتی ئیمام مالیکی مامۆستای بووە لەو کاتەدا تەمەنی ئیمام شافیعی ٢٩ ساڵ بووە لەم خێزانەی کوڕێکی ھەبووە بەناوی (ئەبوعوسمان محەممەد) کە چەندین پلەی ھەبووە لە دەوڵەتی ئیسلامی دا تا بووەتە قازی حەلەب، و دووکچیشی ھەبووە بە ناوی (فاتمە و زەینەب).

ڕەوشت و ئاکارەکانی

[دەستکاری]

ئیمامی شافیعی باڵای بەرز بووە ھەروەھا زۆر ڕەوشت بەرز بووە و خۆشەویست بووە لە ناو خەڵکدا وزمانێکی عەرەبی پاراوی زانیوە، خاوەن کەسایەتییەکی بەھێز و سەخاوەت وچاکەکردن بووە لەگەڵ خەڵکدا، ڕیش و سەری بەڕەنگی سوور ڕەنگ دەکرد وەک لە سوننەتی پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتووە، خاوەنی دەنگێکی خۆش بووە لە قورئان خوێندن دا بەڕادەیەک ئەگەر خەڵکی مەککە بیان ویستبایە بگرین لە ترسی خوا کۆ دەبونەوە وگوێیان لێ دەگرت وھەموویان دەستیان دەکرد بە گریان، و زۆر ئازا بووە و تیرئەندازێکی باشیش بووە ھەروەھا دەستی شیعریشی ھەبووە.

خوێندنی

[دەستکاری]

کاتێک باوکی وەفات دەکات لە فەلەستین، شافعی تەمەنی دەگاتە دوو ساڵ دایکی ئەیھێنێتەوە بۆ مەککە لە گەڕەکێک نزیک کەعبە کە ناوی (شعب الخیف) جێگیر دەبن دوای ئەوەی ھەندێک گەورە دەبێت دایکی دەینێرێت بۆ فێربوونی قورئان بەڵام لەبەر کەم دەرامەتی دایکی ناتوانێت پێداویستی قورئانخوێندنی بۆ دابین بکات مامۆستا وەری ناگرێت، بەڵام ھەر دەڕوات گوێ دەگرێت لە مامۆستا، ئەو وانانەی کە مامۆستا لەسەر قورئان بە قوتابییەکانی دەڵێت ئەم لەبەری دەکات بەھۆی خوێندنەوەی مامۆستا، پاشان مامۆستا کە دەبینێت ئەوەندە زیرەکە وەری دەگرێت، کە تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵ ھەموو قورئان لەبەر دەکات، و لەگەڵ ئەمەشدا دەست بە خوێندنی زانستی عەرەبی دەکات لە مزگەوتی حەرامدا تا لەھەموو عیلمەکاندا زۆر شارەزا دەبێت و لە ھەموو دیالێکتەکانی زمانی عەرەبی شارەزا دەبێت بەھۆی وەرگرتنی ئەو دیالێکتانە لەو خێڵە دەشتەکیانەی عەرەبەوە، دواتریش دەست بەخوێندنی زانستی قورئان و زانستی فەرموودە و فیقھ دەکات، خۆی بۆ تەرخان دەکات و زۆر سەرکەوتوانە تەواویان دەکات.

گەڕان بە دوای زانستدا

[دەستکاری]

دوای ئەوەی لای ھەرچی مامۆستای شارەزای مەککە ھەیە خوێندن تەواو دەکات پاشان دەڕوات بۆ مەدینە بۆ خزمەتی پێشەوا مالیکی کوڕی ئەنەس، ماوەیەک لای دەمێنێتەوە و مووەتە (الموطأ)ی لەلا دەخوێنێت کە یەکێکە لە کتێبە ناودارەکانی ئیمامی مالک پاشان ئیمام مالیک داوای لێ دەکات لەجێگای خۆی مووەتە بڵێتەوە بە قوتابییەکانی، ھەشت مانگ لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان دەڕوات بۆ کووفە لەگەڵ ئەو حاجیانەی لە عێراقەوە ھاتبوون بۆ حەج، دوای پرس کردن بە ئیمام مالیک وئیجازەی ڕۆیشتنی ئەداتێ ودوای ٢٤ ڕۆژ دەگەنە کووفە ولەگەڵ ھەردوو زانای کووفە (محەممەدی کوڕی حەسەن و ئەبویوسف)یەکتر دەبینن و باس و گفتوگۆی زانستی زۆر دەکەن و ئیمام محەممەدی کوڕی حەسەن زۆر ڕێزی ئیمام شافیعی دەگرێت. لەو ماوەیەدا ئیمامی شافیعی زۆر شتی لە ئیمام محەممەد وەر دەگرێت، پاشان گەڕاوە بە وڵاتی ئێران و بەغدا و کوردستانی عێراق و تا تورکیا کە ماوەیەک لە حەران ماوەتەوە، پاشان چووە بۆ فەلەستین لە (ڕامەڵە ماوەتەوە)، ئەم سەفەرەی دوو ساڵی پێ چووە لە ساڵی ١٧٢ی کۆچی تا ساڵی ١٧٤ کۆچی، شارەزای زۆری لەو سەفەرەی دا وەرگرتوە و خوو ڕەوشت و تەقالیدی باو نەریتی ئەو ولاتانەی گەڕاوە شارەزا بووە، جارێکی تر لە ڕاملەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە لەکاتی نوێژی عەسردا کە ئیمام مالیک دەرسی ھەیە ھەموو قوتابییەکانی دادەنیشن و ئیمام شافیعیش لەدواوە دادەنیشێت بێ ئەوەی ئیمام مالیک بزانێت، ئیمام مالیک دەست دەکات بە پرسیارکردن لە قوتابییەکان دەربارەی بریندارکردنی دەست بە ئەنقەست چی لەسەرە بیدات بەو کەسەی برینداری کردوە ھیچ قوتابییەک نازانێت، ئیمام شافیعی بە قوتابییەک دەڵێت کە لەپاڵی دایە: ئەوە وەلامەکەیەتی، ئەویش ھەموو وەڵامەکە دەداتەوە، ئیمام مالیک دەڵێ چۆن ئەو وەڵامانە دەزانیت؟ ئەویش دەڵێ کوڕێکی گەنجم لەلایە ئەو پێم دەڵێ، ئیمام مالیک ئەو گەنجە بانگ دەکات بزانێ کێ یە کە سەیر دەکات شافیعی یە لە کورسی یەکەی دێتە خوارەوە و باوەشی پێدا دەکات و بە ئیمام شافیعی دەڵێت تۆ ئەم باسەیان بۆ تەواو بکە وپێیان بڵێ لەباتی من ماوەی چوار ساڵ زیاتر لە خزمەتی ئیمام مالیک دا دەمێنێتەوە تا لە ساڵی ١٧٩ ی کۆچی دا ئیمام مالیک وەفات دەکات.

ڕۆشتنی بۆ یەمەن

[دەستکاری]

دوای مردنی ئیمام مالیکی کوڕی ئەنەس شافعی دەگەڕێتەوە بۆ مەککە وئەمەش ھاوکات دەبێت لەگەڵ ھاتنی والی یەمەندا بۆ مەککە و شافعی داوای لێدەکات لەگەڵیدا بروات تا لە نەجران لە یەمەن ئیش بکات دەڕوات لەگەڵ و دەبێتە والی نەجران، بە دادپەروەری حوکمی تیا دەکات بەڵام ناڕەزایی بۆ دروست دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەی ئیرەیی پێدەبەن و ستەمی لێدەکەن بەوەی بە خەلیفەی عەبباسی ھارونە ڕەشید دەڵێن ئەیەوێت ببێت بە خەلیفە، و کاتێک خەلیفە بانگی شافعی دەکات بۆ بەغدا و شافعی بە زمانێکی عەرەبی ڕوون بەرگری لە خۆی دەکات و بە بەڵگەی زۆر بەھیز و خەلیفە سەرسام دەبێت پێی و ئازادی دەکات.

گەڕانەوە بۆ مەککە

[دەستکاری]

دوای ڕزگار بوونی لەم زەحمەتە دەگەڕێتەوە بۆ مەککە لە ساڵی (١٨١)ی کۆچی دەگاتە مەککە خەڵکی لەقەراغی شاردا پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکەن وحەڤدە ساڵ لە مەککە دەمێنێتەوە خزمەتی مسوڵمانان دەکات و مەزھەبەکەی لەناو ئەو حاجیانەی دێن بۆ حەج بڵاو دەکاتەوە و ئەوانیش ئەیبەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

گەڕانەوە بۆ عێراق

[دەستکاری]

لەو ماوەیەدا ئیمام ئەبو یوسف وەفات دەکات لە ساڵی ١٨٢ ی کۆچی دا و لە ساڵی ١٨٨ ی کۆچی دا ئیمام محەممەدی کوڕی حەسەنیش وەفات دەکات و ھەروەھا ھارونە ڕەشیدیش وەفات دەکات و بەیعەت دەدرێت بە مەئمون و دەبێت بە خەلیفە و لەو کاتەدا ئیمامی شافیعی جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و یەک مانگ لەوێ دەبێت و لەمزگەوتی گەورەی بەغدا وانەیەک دادەنێت کەلە بیست وانەی زانستی زیاتری تیا بوو.

دووای وانە دانانەکەی ئەم دەبێت بە سێ وانە و ھەموویان دێن بۆ وانەکەی ئیمامی شافیعی.

ڕۆشتنی بۆ میسر

[دەستکاری]

لەو کاتەدا کە ئیمامی شافیعی لە بەغداد بوو، خەلیفە مەئمونی عەبباسی، عەباسی کوڕی موسای کرد بە والی میسر، ئیمامی شافیعیش لەگەڵیدا ڕۆیشت بۆ میسر، و خەڵکی بەغدا لەشار چوونە دەرەوە بۆ خواحافیزی لە ئیمامی شافیعی لە ناویاندا ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەلی تێدا بوو، و ئیمامی شافیعی دەستی ئیمامی ئەحمەدی گرت و دوو بەیت شیعری خوێندەوە، ئیمامی ئەحمەد و شافیعی و خەڵکەکەش دەستیان کرد بە گریان، لە ٢٨ ی شوالی ساڵی ١٩٨ی کۆچی لەگەڵ عەباسی کوڕی موسا گەیشتە میسر و بەگەیشتنی ھەموو زانایانی میسر ھاتن بۆ خزمەتی کۆمەڵ کۆمەڵ لەوانە: (عبداللە ی کوڕی حەکەم) کە زانای بەناوبانگی میسر بوو چوار ھەزار دیناری دا بە ئیمامی شافیعی، لە میسر دەستی کرد بە وانە وتنەوە لە مزگەوتی (عەمری کوڕی عاس) لەدوای نوێژی بەیانی تا نیوەڕۆ.

لە وتەکانی ئیمامی شافعی

[دەستکاری]
  • پێویستە بەوپەڕی تواناوە ھەوڵ بدەن بۆ بەدەست ھێنانی زانست کەم تەرخەمی نەکەن ئارام بگرن لەسەر ھەموو کۆسپ و ناڕەحەتییەک خاوەنی دڵسۆزی و نییەتێکی پاک بن ھەردەم داوای یارمەتی لە خودا بکەن چونکە بەبێ کۆمەکی خوای گەورە ھیچ خێر و چاکەیەک دەستگیرنابێت
  • شارەزابون لە ئەحکامەکانی خودا و بڵاوکردنەوە و کارکردن بەو ئەحکامانە ئیماندار بە بەبەرزی دین و دنیا دەگەیت شک و گومانی تیا نامێنێت دڵی بێ گومان ڕووناک دەبێتەوە شایانی ئەوەیش دەبێت کە پێشەوایەتی ئیماندارانی پێ ببخەخشرێت
  • ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکات کە خۆشەویستی دونیا و دروستکەرەکەی لە دلیدا کۆکردووەتەوە درۆ دەکات.
  • پرسیاری لێ دەکرێت لەسەر باسێک، بێدەنگ دەبەێت، دەڵێن وەڵام نادەیتەوە؟، ئەویش دەڵێت ئەمەوێت بزانم باشترە بێدەنگ بم یان وەلام بدەمەوە.

دەربارەی ئیمامی شافعی وتراوە

[دەستکاری]

زانایان دەربارەی ئیمامی شافعی زۆر لێدوانیان داوە بە کورتی ھەندێک لەو وتانەی لەسەر شافعی وتراون ئەمانەی خوارەوەن.

  • ئیمام مالیک دەڵێت: ھیچ قوڕەیشییەک نەھاتوە بۆ لام بخوێنێت بەقەدە محەممەدی کوڕی ئیدریس (شافیعی) زیرەک بوو بێت.
  • سوفیانی سەوری ئەگەر پرسیاری تەفسیری قورئان یان شەرعیان لێ بکردایە لای دەکردەوە بەلای ئیمامی شافیعی دا و دەیوت لەم پرسیار بکەن.
  • موسلیمی کوڕی خالد کە مامۆستای بووە لەکاتێکدا کەتەمەنی پازدە ساڵ بووە پێ ی وت کاتی ئەوەت ھاتوە کە فەتوا بدەی.
  • ئیمامی ئەحمەد و یەحیای کوڕی سەعید دەیانوت (ئێمە چل ساڵە لە نوێژەکانماندا داوای خێرو داوای لێخۆشبوون بۆ ئیمامی شافیعی دەکەین و ئەبو یوسف دەڵێت؛ تۆ شایستەی کتێب دانانیت.
  • خەلیفەی مەئمون کوڕی ھارونە ڕەشید ئەڵێت؛ خوای گەورە محەممەدی کوڕی ئیدریس شافعی تایبەتمەند کردووە بە زانست و ڕەوانبێژی و ئەدەب و چاکە و ئایین.
  • ئیبن عەساکر وەسفی دەکات بەوەی (پێشەوای سەردەمەکەی و تاکی زەمانەکەیەتی).

لە شیعرەکانی

[دەستکاری]

شافعی کۆمەڵیک شیعری زۆر جوانی ھەیە بۆ نموونە لە یەکێک لە شیعرەکانیدا بەم شێوەیەی خوارەوە ئامۆژگاری زانستخوازان ئەکات.

اخی لن تنال العلم الا بستّة

سأنبیک عن تفصیلھا ببیان

ذکاء، حرص، واجتیھاد، وبلغە وصحبة استاذ، وطول الزمان

واتە: برام بە شەش ھۆکار نەبێت زانست بە دەست ناھێنی منیش واڕوونیان دەکەمەوە بۆت زیرەکی و سوور بوون و کۆشش، و ھێندەش خەرجیت ھەبێت بێ نیازت بکات. ھاوڕێیەتی مامۆستا و بوونی کاتی پێویست.

وەفاتکردنی

[دەستکاری]

ئیمامی شافیعی پێنج ساڵ و نۆ مانگ ماوەتەوە لە میسر، و ھەر لەو ماوەیەدا نەخۆش کەوتووە و لە شەوی ھەینی مانگی ڕەجەبی ٢٠٤ک دوای نوێژی خەوتن کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە میسر نیژراوە، و لەسەر گۆڕەکەی قوبەیەک ھەیە کە سەلاحەددینی ئەییووبی نوێی کردەوە لە ساڵی ٥٧٤ک.

دانراوەکانی

[دەستکاری]

ئیمام شافعی ئەم کتێبانەی داناوە:

  • الزعفران: باسی حوکمی سەھو دەکات لە نوێژدا و ئەم کتێبە ناویش دەبرێت بە (الحجە)
  • الرسالە: دەربارەی اێول الفقە لە میسر نوسیویەتی.
  • جماع العلم: باسی سوننەت و بەڵگەی سوننەت دەکات بۆ حوکمی شەرعی.
  • الأم: کەکتێبێکی فقھی یە.
  • الأملاء الصغیر.
  • الأمالی الکبری.
  • مختصر المزنی.
  • مختصر البویکی.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  • ماڵپەری سێبەر
  • ماڵپەری ڕۆژێکی نوێ
  • تھذیب التھذیب/ بن حجر العسقلانی.
  • الأئمة الأربعة/ د. مصطفی الشعکة.
  • أعمدة الفقە الأربعة فی الإسلام/ مھدی صالح محمد أمین.
  • تأریخ المذاھب/ محمد ابو زھرة.
  • تنویر البصائر المقلدین فی المناقب الأئمة والمجتھدین/ مرعی بن یوسف الحنبلی.
  • وێکی عەرەبی