ئیلۆمیناتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئادام وێیشاپت (١٧٤٨–١٨٣٠)، بنیاتدانەری ئیلۆمیناتی

ئیلۆمیناتی یان ڕۆشنگەرەکان (Illuminati ناوی کۆ بۆ وشەی لاتینی illuminatus بە واتای کەسێکی ڕۆشنبین و دەروونپاک) وەک ناو ئاماژەیە بۆ چەند گرووپ و کۆمەڵە، کە ھەندێکیان ڕاستەقینەن و بوونیان ھەبووە و ھەندێکی دیکەشیان وەھمی و خەیاڵین و تەنیا ناویان ھەبووە. لەباری مێژوویییەوە ئەم ناوە زیاتر ئاماژەیە بۆ ئیلۆمیناتی باڤاریا، کە کۆمەڵێکی نھێنی و شاردراوی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و ڕۆژی یەکەمی ئایاری ساڵی ١٧٧٦ لە باڤاریا دامەزراوە، باڤاریا ئەمڕۆ بەشێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا. ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵە بریتی بوون لە بەرەنگاربوونەوە و بەرخۆدان بەرامبەر بە ئەفسانە و نەزانین و دابەزاندنی کاریگەرییەکانی ئایین لەسەر ژیانی گشتی و ھەروەھا دژایەتی و بەرخۆدان بەرامبەر بە بەکارھێنانی خراپی دەسەڵات و دەوڵەت. لە یاسای گشتی خۆیاندا نووسیوویانە: ڕێکخستن و سەقامگیری ئەو ڕۆژەیە کە فێڵ و گزی و فزییەکانی نادادپەروەران کۆتاییان پێھاتبێت، و بەبێ ئەوەی کە زاڵ بین بەسەر ئەو دەستەدا کۆنترۆڵ کرابن." ئیلۆمیناتییەکان و ھەروەھا ماسۆنەکان و کۆمەڵە نێھنییەکانی دیکە بە فەرمانی چارڵز تیۆدۆر، ھەڵبژێردراوی باڤاریا و پاش ھاندانی کڵێسای کاسۆلیک، لە ساڵەکانی ١٧٨٤، ١٧٨٥، ١٧٨٧ و ١٧٩٠ وەک کۆمەڵەی نایاسایی ناسێندران. دواتر کەوتنە بەر لۆمە و ڕەخنەی توندی کۆمەڵە پاوانخواز و ئایینییەکان و ئەو تاوانەشیان خرایە پاڵ کە بەشێوەی نھێنی ھێشتا بەردەوامن و دەستێوەردانیان کردووە بۆ شۆڕشی فەڕەنسا.[١]

زۆرێک لە ڕۆشنبیرە کاریگەر و ڕامیارە پێشکەوتنخوازەکان وەک ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە ھەژمار دەکرد و دەتوانین ئاماژە بدەینە کەسانی وەک فێردیناند لە برۆنسویک و دیپلۆماتکاری وەک فرانز زاڤەر ڤۆن زاک کە ناوی وەک کەسایەتی دووھەمی فەرمانەکە ئاماژەی پێدراوە. ئەدیب و ھۆنەری وەک یۆھان وۆڵفگانگ ڤۆن گووتێ و یۆھان گاتفرێد ھێردەر و دوکی فەرمانڕەوای گۆتا و وایمار لایەنگری ئیلۆمیناتی بوونە و ئەو بیرۆکەیە ئەم کەسانەی ڕاکێشی خۆی کردووە.[٢]

ئیلۆمیناتی دواتر وەک ئاماژە بووە بۆ ڕێکخراوە و بنکەی جیاواز و جۆراوجۆر کە گوایە وەک درێژەپێدەری ئیلۆمیناتی ڕەسەنی باڤاری جووڵاونەتەوە (ئەڵبەت ھیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی پێوەندیی نێوانیان لە ئارادا نەبووە). لە زۆر نموونەدا ڕێکخراوەی لەم چەشنە تاوانی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری جیھان پیلانگێڕانیان کردووە، نوێنەر و بریکاریان لە میری و کۆمپانیا گەورەکان داناوە و بە مەبەستی بەدەستھێنانی دەسەڵات و کاریگەریی ڕامیاری و ئۆردەر و ڕێکخستنێکی نوێی جیھانی جووڵانەوە و ھەڵسوکەوتیان ھەبووە. ئیلۆمیناتی وەک ناوەند و بەرپرسی ھەندێک لە بیردۆزە ئاڵۆزەکانی پیلانگێڕان ئاماژەی پێدەدرێ و دەڵێن بۆسە و کۆڵیتی داناوە و زنجیر و تەنافەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و کۆنترۆڵیان دەکات. ئەم جۆرە تێڕوانینە تا ناو خەڵکی ئاسایی و چاندی گشتییش دزەی کردووە و لە دەیان ڕۆمان و فیلم و دراما و کۆمیدی و کایەی ئەلکترۆنی و ھتددا ئاماژەی پێدراوە.

مێژوو[دەستکاری]

بنچینە و سەرەتاکان[دەستکاری]

کوندەپووی مینەرڤا کە لەسەر پەڕتووکێک دانیشتووە، مەدالیایەک بوو کە ئیلۆمیناتییەکانی باڤاری بۆ ئاستی «مینەرڤاڵ»یان دانابوو.

ئادام وێیشاپت (١٧٤٨–١٨٣٠) ساڵی ١٧٧٣ بوو بە مامۆستای یاسای کڵێسا و فەلسەفەی پراکتیک لە زانکۆی ئینگۆلشتات. تاقە مامۆستا و پڕۆفیسۆرێک بوو کە پیاوێکی ئایینی نەبوو و لە بنکەیەک وانەی دەگوتەوە کە بەڕێوەبەرەکانی عیساییەکان بوون و کلێمەنتی چواردەیەم فەرمانی ھەڵوەشاندنەوەی لە ساڵی ١٧٧٣دا دەرکرد؛ بەڵام بەو دۆخەشەوە عیساییەکان تا ڕادەیەک دەسەڵاتی خۆیان لە زانکۆ پاراست چونکە وەک خاوەندارێتی خۆیان سەیریان دەکرد. بەردەوام ھەوڵی خراپکردن و ڕیسواکردن و بێناوبانگکردنی کەسانی نائایینییان دەکرد و ئەم ھەوڵە بەتایبەت ئەو کاتەی کە وانە و خولەکان باسی لیبراڵیزم و پرۆتێستانیزمی تێدا بەدی دەکرا بەرچاوتر دەبوو. وێشاپت لەم ڕەوتەدا بوو بە دژەئایینێکی (Aufklärung) پەتی و بڕیاری ئەوەیدا بیرۆکە و ئایدیاڵەکانی ڕۆشنگەری لە ڕێگای کۆمەڵ و ئەنجومەنێکی نھێنییەوە بڵاو بکاتەوە و پەرەیان پێبدات.[١]

ناوبراو کە ماسۆنی پێ بەنرخ و گەورە بوو بەڵام ھەندێ لە بیرۆکە و ئایدیاکانی نەدەگرتەوە، بۆ خۆی و لەسەر باوەڕەکانی خۆی کۆمەڵگایەکی دامەزراند و وەک ماسۆنیزم پلە و پێگەی بۆ دەستنیشان کرد. ناوبراو سەرەتا ناوی Bund der Perfektibilisten بۆ کۆمەڵەکەی خۆی ھەڵبژارد کە واتای دەبێتە تەواوخوازی، دواتر ئەو ناوەی گۆڕا چونکە زۆر سەیر و ئاڵۆز وێنا دەکرا.[٣] ڕۆژی یەکی ئایاری ساڵی ١٧٧٦ وێیشاپت و چوار خوێندکاری کۆمەڵەکەیان دامەزراند و کوندەپووی مینەرڤایان وەک مەدالیا و ھێمای خۆیان دەستنیشان کرد. بڕیار درا کە ئەندامان ناوی ساختە و دانراو بۆ خۆیان دیاری بکەن. وێیشاپت بوو بە سپارتاکووس. خوێندکارانی یاسا واتە ماسەنھاوسێن، باھۆف، مەرز و سوتۆر بوون بە ئاجاکس، ئاگاتۆن، تیبەریۆس و ئێراسموس ڕۆتێرداموس. وێیشاپت دواتر سوتۆری لەبەر تەمبەڵی دەرکرد. مانگی نیسانی ساڵی ١٧٧٨ و پاش ئەوەیکە وێیشاپت تا ڕادەیەکی زۆر دیسیپلینی ھەنگی دابووە بەر چاوەدێری و لێکۆڵینەوەی فەرمانی Illuminatenorden دەرکرد.

ماسێنھاوسێن سەرەتا سەلماندی کە بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی ئەندامانی کۆمەڵگا چالاکترین کەسە. شیاوی باسە کە ئەو کاتەی لە میۆنشەن دەیخوێند و ماوەیەکی کورت پاش پێکھێنانی فەرمانەکە، زاڤێر ڤۆن زواکی وەرگرت کە پێشتر خوێندکاری وێیشاپت بوو و لە بنکەیەکی گرنگدا دای نا (کە پێشتر بەرپرسی لاتاریی نەتەوەیی باڤاری بوو). بەرەبەرە وای لێھات کە توانا و لێھاتوویی ماسێنھاوسێن لە ڕوانگەی وێیشاپتەوە بوو بە بەرپرسیارییەتییەک و زۆر جار ئەنجامی دەبووە ھەوڵدان بۆ دانانی ناڤدێرێکی نەگونجاو. دواتر خۆشەویستییە نەگونجاو و بێ یاسا و ڕێساکەی وای لێکرد کە کەمتەرخەم بووەوە و دوای ئەوەی وێیشاپت گرووپی میۆنشەنی ڕادەستی زواک کرد، ئاشکرا بوو کە ماسێنھاوسێن بەشدارەکانی بە ھەڵە وەرگرتووە و گواستنەوەی نامەی نێوان وێیشاپت و زوواکی خستووەتە بەر چاوەدێڕی. ساڵی ١٧٧٨ ماسێنھاوسێن زانکۆی تەواو کرد و پۆستێکی لە دەرەوەی باڤاریا بەدەست ھێنا و چیدی فەرمانی ئیلۆمیناتی بەلاوە گرنگ نەما. لەو کاتەدا فەرمانەکە بە ناو ١٢ ئەندامی ھەبوو.[٤]

ئیلۆمیناتی نوێ[دەستکاری]

زۆر ڕێکخراوەی برایەتی ئەم دواییانە و ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەری ئیلۆمیناتی ڕەسەنی باڤاریان و ڕاشکاوانە و بەئاشکرا ئاماژە بە ناوی ئیلۆمیناتی دەکەن.[٥]

کەلەپوور[دەستکاری]

ئیلۆمیناتی نەیتوانی بەرامبەر بە سەرکوتکرانەکان لە باڤاریا خۆڕاگر بێت و ڕزگاری ببێت. [٢]

تیۆریدانەرانی پیلانگێڕی و نووسەری وەک مارک دایس باس لەوە دەکەن کە ئیلۆمیناتی تا ئەوڕۆش ھەر بەردەوامە.

زۆرێک لەو کەسانەی کە بڕوایان بە تیۆرییەکانی پیلانگێڕان ھەیە باس لەوە دەکەن کە جیھان لەلایەن کۆمەڵگەیەکی نھێنییەوە کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری دەکرێ و وەک ئیلۆمیناتی ئاماژەی بۆ دەکەن. ھەروەھا زۆر کەسی بەناوبانگ وەک ئەندامی ئەو گرووپە ئاماژە پێدەدەن. بۆ نموونە سەرۆکەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبنە ئامانجی ئەو کەسانە و وەک ئەندامانی ئیلۆمیناتی ئاماژەیان بۆ دەکرێ.

تیۆریدانەرانی دیکە لەسەر ئەو باوەڕەن کە زۆر ڕووداو و چیرۆکی مێژوویی لەلایەن ئیلۆمیناتەکانەوە جێبەجێ کراون، وەک شۆڕشی فەڕەنسا، شەڕی واتەرلوو و تیرۆرکرانی جۆن ئێف کێنێدی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ھەروەھا چیرۆکی وەک پیلانگێڕانی کۆمۆنیستەکان بۆ خێراکردنەوەی «دیسیپلین و ئۆردەری نوێی جیھانی» لە ڕێگای پیشەی فیلمسازی و سینەمای ھۆلیوودەوە. [٣] ٩ی تەممووزی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ le Forestier, René. Les Illuminés de Bavière et la franc-maçonnerie allemande. paris. pp. 453, 468–469, 507–508, 614–615.
  2. ^ Hermann, Schüttler. Die Mitglieder des Illuminatenordens, 1776–1787/93. pp. 48–49, 62–63, 71, 82. ISBN 978-3-89391-018-2.
  3. ^ Weishaupt, Adam (1790). Pythagoras oder Betrachtungen über die geheime Welt- und Regierungskunst. leipziq. p. 670.
  4. ^ le Forestier, René. Les Illuminés de Bavière et la franc-maçonnerie allemande. paris. pp. 453, 468–469, 507–508, 614–615.
  5. ^ Weishaupt, Adam (2011). The Illuminati Series.