ئیلخانی
| ئیلخانی | |
|---|---|
| بە فارسی: دولت ایلخانی | |
| دامەزران | ١ی کانوونی دووەمی ١٢٥٦ |
| ناو بە زمانی فەرمی | ایل خانان، Ил Хаант Улс |
| ئایین | شەمەنیزم |
| ناونراوە لەدوای | ھۆلاکۆ خان |
| زمانی فەرمی | زمانی فارسی |
| کیشوەر | ئاسیا |
| وڵات | ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل |
| پایتەخت | مەراغە، تەورێز، سوڵتانیە |
| پۆتانی شوێن | ٣٣°١٨′٥٥″N ٤٤°٢١′٥٨″E |
| شێوەی بنەڕەتیی حکوومەت | پاشایەتی، پاشایەتی ڕەھا |
| ئەنجومەنی یاسادانەر | kurultai |
| دراو | دینار، درھەم |
| لە پێش | خەلافەتی عەباسی |
| زمانەکان | Middle Mongolian |
| کۆتاییھاتن | ١ی کانوونی دووەمی ١٣٣٥ |
| ڕووبەر | ٣٫٧٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە |
![]() | |
ئیلخانان یان دەوڵەتی ئیلخانی، خانەدانییەکی مەغۆلی بوون کە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژاوای ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل دامەزرابوون. لەلایەن ئیلخانەکان (بە فارسی: ایلخانان، بە ڕۆمانی: Īlkhānān) فەرمانڕەوایی دەکرا، و لای مەغۆلەکان بە ھولاکۆ ئولوس (واتە: «گەل / دەوڵەتی ھۆلاکۆ») ناسرابوو. شانشینی ئیلخانی بە فەرمی بە خاکی ئێران یان تەنھا ئێران دەناسرا. ئەم دەوڵەتە دوای ئەوە دامەزرا کە ھولاکۆ، کوڕی توولوی و نەوەی جەنگیزخان، بەشەکانی ئاسیای ڕۆژاوا و ئاسیای ناوەندیی لە ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل بۆ مایەوە دوای ئەوەی مۆنگکێ خانی برای لە ساڵی ١٢٥٩ گیانی لەدەستدا.[١]
خاکی سەرەکیی ئیلخانان لەو وڵاتانەی ئێستادا ھەڵکەوتبوو کە بریتین لە ئێران، ئازەربایجان و تورکیا. لە فراوانترین ئاستیدا، ئیلخانان بەشێک لەم وڵاتانەی ئێستای دەگرتەوە: عێراق، سووریا، ئەرمەنستان، گورجستان، ئەفغانستان، تورکمانستان، پاکستان، تاجیکستان و داغستان (ڕووسیا). فەرمانڕەواکانی دواتری ئیلخانییەکان، بە دەستپێکردن لە غەزان خانوە لە ساڵی ١٢٩٥، ئایینی ئیسلامیان قبووڵ کرد. لە دەیەی ١٣٣٠دا، ئیلخانان بەھۆی مەرگی ڕەشەوە وێران بوو. دوایین ئیلخان ئەبوو سەعید بەھادر خان، لە ساڵی ١٣٣٥ گیانی لەدەستدا، کە دوای ئەوە دەوڵەتی ئیلخانی ھەڵوەشایەوە.[٢]
دەوڵەتی ئیلخانی لەو سەردەمەدا لای مەغۆلەکان بە ئولوسی ھولاکۆ ناسرابوو، چونکە خاکەکەیان لە یەکێک لەو ئولوسانە وەرگیرابوو کە تەرخان کرابوو بۆ نەوەکانی جەنگیزخان. فەرمانڕەوا ئیلخانییەکان، ھەرچەندە بە ڕەچەڵەک ئێرانی نەبوون، ھەوڵیاندەدا دەسەڵاتی خۆیان بە بەستنەوەی خۆیان بە ڕابردووی ئێرانەوە نیشان بدەن، و مێژوونووسانیان ڕاسپارد بۆ ئەوەی مەغۆلەکان وەکوو میراتگری ئیمپراتۆریەتیی ساسانی (٢٢٤–٦٥١) بناسێنن. ڕۆشنبیرە خۆجێیییەکان کە ئارەزووی مێژووی خۆیانیان دەکرد، یەکخستنەکەی مەغۆلەکانیان وەک زیندووکردنەوەی نەریتی لەمێژینەی لەدەستچووی پاشایەتیی خۆیان لێکدەدایەوە، و چەمکی «خاکی ئێران» وەک ئایدۆلۆژیایەکی گرنگ سەیر دەکرا و دواتر لەلایەن ئیمپراتۆریەتیی سەفەوییەوە (١٥٠١–١٧٣٦) زیاتر پەرەی پێدرا. ھاوشێوەی ئەو بەرەوپێشچوونەی لە چین لە سەردەمی خانەدانی یوان ڕوویدا، زیندووکردنەوەی چەمکی یەکێتیی خاکی، ھەرچەندە مەبەستی مەغۆلەکان نەبوو، بوو بە میراتێکی ھەمیشەییی فەرمانڕەوایی مەغۆلەکان لە ئێران.[٣][٤][٥][٦]
مێژوو
[دەستکاری]بنەچە
[دەستکاری]کاتێک محەممەدی دووەمی خوارەزم فەرمانی کوشتنی دەستەیەک لە بازرگانانی دا کە لەلایەن مەغۆلەکانەوە نێردرابوون، چەنگیزخان لە ساڵی ١٢١٩دا جەنگی دژی خانەدانی ئەنوشتەگین ڕاگەیاند. مەغۆلەکان بەسەر ئیمپراتۆرییەتەکەدا زاڵ بوون و لە نێوان ساڵانی ١٢١٩ بۆ ١٢٢١ شارە گەورەکان و ناوەندەکانی دانیشتووانیان داگیرکرد. ئێران لەلایەن ھێزێکی مەغۆلییەوە بە سەرکردایەتیی جێبێ و سووبووتای وێران کرا، کە ناوچەکەیان بە وێرانکراوی بەجێھێشت. ماوەرائەننەھر[ئ] (پشتی ڕووبار)یش دوای لەشکرکێشییەکە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی مەغۆلەکان.
جەلالەددین مەنگوبێرنیی کوڕی محەممەدی دووەم لە دەوروبەری ساڵی ١٢٢٤ دوای ھەڵاتنی بۆ ھیندستان گەڕایەوە ئێران. دەوڵەتە ڕکابەرە تورکییەکان، کە تەنھا ئەوان لە ئیمپراتۆرییەتەکەی باوکی مابوونەوە، بە خێرایی بەیعەتیان بە جەلالەددین ڕاگەیاند. یەکەمین ھەوڵی مەغۆلەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوەڕاستی فارس تێکشکاند؛ بەڵام جەلالەددین لە ساڵی ١٢٣١دا لەلایەن سوپای چۆرماقانەوە[ا] کە لەلایەن ئۆگتای خانی مەزنەوە[ب] نێردرابوو، بەزێندرا و تێکشکێندرا. لەکاتی ھەڵمەتی مەغۆلەکاندا، ئازەربایجان و خانەدانەکانی باشووری فارس لە فارس و کرمان بە خواستی خۆیان تەسلیمی مەغۆلەکان بوون و ڕازی بوون باج بدەن.
لەلای ڕۆژاواشەوە، ھەمەدان و ناوچەکانی دیکەی فارس لەلایەن چۆرماقانەوە دەستیان بەسەردا گیرا. مەغۆلەکان لە ساڵی ١٢٣٤ یان ١٢٣٦ ھێرشیان کردە سەر ئەرمەنستان و گورجستان، و لە ساڵی ١٢٣٨دا داگیرکردنی شانشینی گورجستان تەواو کرد. ساڵی دواتر دەستیان کرد بە ھێرشکردنە سەر بەشەکانی ڕۆژاوای ئەرمەنستان باگراتید، کە لەژێر دەسەڵاتی سەلجووقییەکاندا بوو. تا ساڵی ١٢٣٧ ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل زۆربەی ناوچەکانی فارس (بە ئازەربایجانی سەردەمی مۆدێرنیشەوە)، ئەرمەنستان، گورجستان (بێجگە لە عێراقی عەباسی و قەڵاکانی ئیسماعیلییەکان)، ھەروەھا تەواوی ئەفغانستان و کشمیری خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. دوای شەڕی کۆسە داغ لە ساڵی ١٢٤٣، مەغۆلەکان بە سەرکردایەتیی بایجۆ ئەنادۆڵیان داگیرکرد، لە ھەمان کاتدا سوڵتاننشینی سەلجووقیی ڕۆم و ئیمپراتۆریەتیی ترابزۆن بوونە ژێردەستەی مەغۆلەکان.
لە ساڵی ١٢٣٦ ئۆگتای خان فەرمانی دا کە خۆراسانی گەورە نۆژەن بکرێتەوە و شاری ھیرات دووبارە ئاوەدان بکرێتەوە. پارێزگارە سەربازییەکانی مەغۆل زۆربەی کات لە دەشتی موغان لەو ناوچەیەی ئێستا پێی دەوترێت ئازەربایجان کەمپیان دادەمەزراند. بەھۆی ھەستکردن بەو مەترسییەی کە مەغۆلەکان دروستیان کردبوو، فەرمانڕەواکانی مووسڵ و شانشینی ئەرمەنیی کلیکیا تەسلیمی خانی مەزن بوون. چۆرماقان ناوچەی قەوقازی بەسەر سێ ناوچەدا دابەشکرد بەپێی پلەبەندیی سەربازیی مەغۆلەکان. لە جۆرجیا، دانیشتووان بە شێوەیەکی کاتی بەسەر ھەشت تومەندا دابەشکران. لە ساڵی ١٢٤٤، گویووک خان کۆکردنەوەی داھاتی لە ناوچەکانی فارسیش ڕاگرت و لێخۆشبوونی باجی پێشکەش بە ناوچەکانی دیکە کرد. بەپێی سکاڵایەکی ئارگون ئاقای پارێزگار، مۆنگکێ خان لە ساڵی ١٢٥١دا قەدەغەی کرد کە بازرگانانی ئۆرتۆغ (بازرگانە موسڵمانە گرێبەستدارەکانی مەغۆل) و ئاغاکان خراپ بەکارھێنانی وێستگەکانی پەیامگەیاندن و ھاووڵاتییانی مەدەنی بکەن. ئەو فەرمانی سەرژمێرییەکی نوێی دا و بڕیاریدا کە ھەر پیاوێک لەو ناوچانەی ڕۆژاوای ئاسیا کە لەژێر دەسەڵاتی مەغۆلەکاندایە، دەبێت بەپێی سەروەت و سامانەکەی باج بدات. فارس بەسەر چوار ناوچەدا لەژێر دەسەڵاتی ئارگون دابەشکرا. مۆنگکێ خان دەسەڵاتی دا بە کارتییەکان بەسەر ھیرات، جام، پووشەنگ (فوشەنج)، غۆر، خەیسەر، فیروزکێو، غەرجستان، فەراھ، سیستان، کابول، تیرا، و ئەفغانستان.
ھۆلاکۆ خان
[دەستکاری]ھۆلاکۆ خان، سێیەم کوڕی توولوی، نەوەی چەنگیزخان و برای ھەر یەک لە مۆنگکێ خان و کوبلای خان،[پ] یەکەمین خانی ئیلخانان بوو. دەستبەجێ دوای ئەوەی مۆنگکێی برای لە ساڵی ١٢٥١ بوو بە خانی مەزن، ھولاکۆ وەک بەڕێوەبەری باکووری چین دەستنیشانکرا، بەڵام لە ساڵی دواتردا باکووری چین سپێردرا بە کوبلای و ھولاکۆ ئەرکی داگیرکردنی خەلافەتی عەباسی پێسپێردرا. یەک لەسەر پێنجی تەواوی سوپای مەغۆل بۆ ئەو ھەڵمەتە درا پێی و ھەردوو کوڕەکەی، ئاباقا و یۆشموتی لەگەڵ خۆی برد. ھەروەھا ھولاکۆ چەندین زانا و گەردوونناسی چینی لەگەڵ خۆی برد، کە نەسیریدینی تووسی، گەردوونناسی بەناوبانگی فارس، شێوازی خشتەکانی ژمێرکاریی چینی لێ فێربوون. لەسەر گردێکی مەراغە ڕوانگەیەک دروست کرا. ھولاکۆ لە ساڵی ١٢٥٥ سەرکردایەتیی لە بایجۆ وەرگرت و فەرمانڕەوایی مەغۆلی لە ماوەرائەننەھرەوە تا سووریا دامەزراند. لە ساڵی ١٢٥٦ دەوڵەتی ئیسماعیلیی نزاری و لە ساڵی ١٢٥٨ خەلافەتی عەباسی وێران کرد. لە ساڵی ١٢٥٨، ھولاکۆ خۆی وەک ئیلخان (خانی ژێردەستە) ڕاگەیاند. دوای ئەوە تا غەززە پێشڕەویی کرد، و لە ساڵی ١٢٦٠ بۆ ماوەیەکی کورت سووریا و حەلەبی ئەییووبییەکانی داگیرکرد. مردنی مۆنگکێ ھولاکۆی ناچار کرد بگەڕێتەوە بۆ مەغۆلستان بۆ ئەوەی بەشداری لە قورلتای بۆ ھەڵبژاردنی خانی مەزنی داھاتوو بکات. ھێزێکی بچووکی کە لە نزیکەی ١٠ ھەزار سەرباز پێکھاتبوو لە فەلەستین بەجێھێشت کە لە شەڕی عەین جالووتدا لەلایەن مەمالیکەکانی میسرەوە تێکشکێندران.
بەھۆی مردنی گوماناویی سێ شازادەی جۆچی لە خزمەتی ھولاکۆدا، بێرکێی ھۆردی زێڕین[ت] لە ساڵی ١٢٦٢ جەنگی دژی ھۆلاکۆ ڕاگەیاند. بە وتەی مێژوونووسانی مەمالیک، لەوانەیە ھولاکۆ کۆمەڵکوژی لە سوپاکەی بێرکێدا کردبێت و ڕەتیکردبێتەوە دەستکەوتەکانی جەنگ لەگەڵ بێرکێ بەش بکات. بێرکێ ھەوڵی دا ھێرشێکی ھاوبەش لەگەڵ بەیبەرس ئەنجام بدات و ھاوپەیمانییەکی لەگەڵ مەمالیکەکان دژی ھولاکۆ دروست کرد. ھۆردی زێڕین شازادەی گەنج نۆگای[ج] نارد بۆ ھێرشکردنە سەر ئیلخانان، بەڵام ھولاکۆ لە ساڵی ١٢٦٢ ناچاری کرد پاشەکشە بکات. پاشان سوپای ئیلخانان لە ڕووباری تێرێک پەڕینەوە و کەمپێکی چۆڵی جۆچییەکانیان[چ] گرت، بەڵام دواتر لە ھێرشێکی لەناکاوی ھێزەکانی نۆگایدا تێکشکێندران. زۆرێکیان خنکان کاتێک سەھۆڵی سەر ڕووبارە بەستووەکەی تێرێک شکا.
لە ساڵی ١٢٦٢، ھولاکۆ خۆراسانی گەورە و مازەندەرانی دا بە ئاباقا و باکووری ئازەربایجانی دا بە یۆشموت. ھولاکۆ خۆی کاتەکانی بە ژیانی کۆچەری لە باشووری ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەسەر دەبرد. لە سەرەتای فەرمانڕەوایییەکەیدا، ئیلخانان ڕووبەڕووی ڕاپەڕینی بەرفراوانی ژێردەستەکانی بووەوە، بەدەر لە سەلجووقییەکان و ئارتووقییەکان لە ئەنادۆڵ و مێردین. تا ئەوکاتەی شەمسەدینی جیوەینی لە دوای ساڵی ١٢٦٢ وەک وەزیر دەستنیشانکرا، دۆخەکە ھێور نەبووەوە و بەڕێوەبردنێکی بەردەوامتر جێبەجێ نەکرا.
ھولاکۆ لە شوباتی ١٢٦٥ دوای چەند ڕۆژێک لە ئاھەنگگێڕان و ڕاوکردن نەخۆش کەوت. لە ٨ی شوبات گیانی لەدەستدا و لە ھاویندا ئاباقای کوڕی جێگەی گرتەوە.
تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ ناوچەیەکی مێژووییە و بەشێکە لە ئاسیای ناوەندی، ئۆزبەکستان و بەشی باشووری ڕۆژاوای کازاخستان و بەشی باشووری قرغیزستان دەگرێتەوە.
- ↑ یەکێک بوو لە گرنگترین و کاریگەرترین یەکە سەربازییەکانی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل لە سەردەمی ئۆگتای خاندا. و چۆرماقان یەکێک بوو لە ژەنەراڵە ھەرە نزیک و دڵسۆزەکانی چەنگیز خان و ئۆگتای خان. ئەم سوپایە تایبەت بوو بە داگیرکارییەکانی ناوچەی ڕۆژاوا
- ↑ کوڕی دووەمی چەنگیزخانە.
- ↑ دوو برای بەھێز و نەوەی چەنگیز خان بوون (کوڕی توولوی کوڕی چەنگیز)، کە ڕۆڵی سەرەکییان ھەبوو لە گۆڕینی شێوازی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل.
- ↑ یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین سەرکردەکانی مێژووی مەغۆل و ئیسلام، کە نەوەی چەنگیز خان بوو (کوڕی جۆچی کوڕی چەنگیز). وەک سێیەم فەرمانڕەوای ھۆردی زێڕین ناسراوە، کە دەسەڵاتەکەی لە ڕووسیا و بەشێک لە ئەورووپای ڕۆژھەڵاتدا بوو.
- ↑ یەکێکە لە ترسناکترین و بەھێزترین ژەنەراڵەکانی مێژووی مەغۆل، کە بە «پاشاساز» (Kingmaker) ناسرابوو. نەوەی چەنگیز خان بوو (کوڕەزای تاتار بوو، کە ئەویش کوڕی جۆچی بوو).
- ↑ مەبەستمان لەو بنەماڵە و ھێزە سەربازییەیە کە سەر بە «جۆچی» کوڕە گەورەی چەنگیز خان بوون.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Ilkhanate»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٦\ ٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥.
- ↑ Biran, Michael (2016). "Il-Khanate Empire". In Dalziel, N. ; MacKenzie, J. M. (eds.). The Encyclopedia of Empire. pp. 1–6. doi:10.1002/9781118455074.wbeoe362. ISBN 978-1-118-45507-4.
- ↑ Danilenko, Nadja (2020). "In Persian, Please! The Translations of al-Iṣṭakhrī's Book of Routes and Realms". Picturing the Islamicate World: The Story of al-Iṣṭakhrī's Book of Routes and Realms. Brill. p. 101. Connecting to īrān as illustrated in the Shāhnāma, 'land of Iran' rose to the official name for the Ilkhanid realm.
- ↑ https://iranicaonline.org/articles/iranian-identity-iii-medieval-islamic-period
- ↑ https://web.archive.org/web/20211113171353/http://mongol.huji.ac.il/sites/default/files/wbeoe362-ilkhanate%20biran2016%20eoe.pdf
- ↑ https://doi.org/10.1163/15685209-12341480
- ↑ Hodong Kim (2015). "Was 'da Yuan' a Chinese Dynasty?". Journal of Song-Yuan Studies. 45: 292.
