بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئیبی سین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیبی سین
𒀭𒄿𒉈𒀭𒂗𒍪
ئیبی سین کە لەسەر تەختەکەیدا وەکوو خودایەک دانیشتووە
فەرمانڕەوایی٢٠٢٨پ.ز - ٢٠٠٤پ.ز
پێشووشوو سین
جێگرکینداتوو
خانەدانسێیەم ئیمپراتۆریەتی ئور
باوکشوو سین
مردن٢٠٠٤پ.ز

ئیببی سین یان ئەبی سین (بە سۆمەری: 𒀭𒄿𒉈𒀭𒂗𒍪؛ نزیکەی ساڵی ٢٠٠٤ پێش زایین کۆچی دواییی کردووە) کوڕی شوو سین، پاشای سۆمەر و ئەکەد بووە و دوا پاشای شانشینی ئوری سێیەم بووە، و حکومڕانیی کردووە لە نزیکەی ٢٠٢٨–٢٠٠٤ پێش زایین. لە سەردەمی ئەودا، ئیمپراتۆریەتیی سۆمەرییەکان چەندین جار لەلایەن ئەمۆرییەکانەوە ھێرشی کرایە سەر. لەگەڵ شکستی باوەڕ بە سەرکردایەتیی ئیبی-سین، ئیلام سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند و بە ھەمان شێوە دەستی کرد بە ھێرش کردن و ھەڵکوتانە سەر.[١]

ئیبی-سین فەرمانی دا کە قەڵا لە شارە گرنگەکانی ئوور و نیپوور دروست بکرێت، بەڵام ئەم ھەوڵانە بەس نەبوون بۆ وەستاندنی ھەڵمەتەکان یان یەکگرتووییی ئیمپراتۆریەتەکە. شارەکانی سەرتاسەری ئیمپراتۆریەتی ئیبی-سین لە پاشا دوورکەوتنەوە کە نەیتوانی بیانپارێزێت، بەتایبەتی ئیسن لە سەردەمی فەرمانڕەوای ئەمۆرییەکان ئیشبی-ئێرا. ئیبی-سین لە کۆتاییی پاشایەتییەکەیدا تەنھا شاری ئووری بەجێما. لە ساڵی ٢٠٠٤ یان ١٩٤٠پێش زایین، ئیلامییەکان لەگەڵ "خێڵەکانی ناوچەی شیماشکی لە چیای زاگرۆس"[٢] ئووریان تێکشکاند و ئیبی-سینیان بە دیل گرت؛ بردیانە شاری ئیلام و لەوێ زیندانی کرا و لە ڕۆژێکی نادیاردا گیانی لەدەستدا.

داگیرکاریی ئەمووری

[دەستکاری]

ئەمۆرییەکان بە پێوەرەکانی میزۆپۆتامیا بە گەلێکی دواکەوتوو دادەنران؛ ١٧ھەمین ساڵی ئیبی سین بە فەرمی ناوی لێنرا "ئەمۆرییەکان، بایە بەھێزەکانی باشوور کە لە ڕابردووەوە ھەر شارەکانیان نەناسیوە، ملکەچی ئیبی-سین پاشای ئوور بوون." لێرەدا ئاماژە بە ئەموورییەکان دەکات وەک گەلێکی دواکەوتوو و کۆچەری و ناشارستانی، وە ئەموورییەکان ملکەچی پاشا ئیبی سین بوون. بەڵام سەرەڕای ئەوەی شووسینی باوکی "دیواری مارتوو"ی لە سەرانسەری میزۆپۆتامیا لە دژی داگیرکارییەکانی ئەمۆرییەکان دروستکردبوو (مارتوو واتا ئەموورییەکان)، بەڵام ئەموورییەکان ھەر لە سەرەتای سەردەمی ئیبی-سیندا ھاتنە ناوەوە و دیوارەکانیان بەزاند.

زانایان پێشنیاریان کردووە کە لە سەردەمی ئیبی-سین، ئیمپراتۆریەتەکە لە سەرەتاوە لە دابەزیندابوو بەھۆی وشکەساڵیی درێژخایەنەوە – لە ڕاستیدا، ھەمان جۆری وشکەساڵی یارمەتیدەر بوو لە ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەتیی ئەکەدی لە نزیکەی ٢١٩٣ پێش زایین، واتا وشکە ساڵییەکە نوێ نەبووە بۆ ناوچەکە. وە ڕەنگە بەرپرسیار بووبێت لە کەوتنی ئیمپراتۆریەتیی ئوری سێیەمیش بە ھەمان شێوە.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر نیشتووەکانی کەنداوی فارس (نیشان دەدەن کە کەشوھەوا چۆن بووە لە ڕابردوو) ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاوی دیجلە و فورات لە دەورووبەری ساڵانی ٢١٠٠-٢٠٠٠پ.ز زۆر نزم بووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە وشکەساڵی ھەبوو و باران و ئاوی ڕووبار بەس نەبوو بۆ کشتوکاڵ. وە ئەگەر ھەر زیانێکیش کە بە سیستەمی کشتوکاڵی بگات بەھۆی ھەڵکوتانە سەرەکانی دوژمن، یان خراپ بەڕێوەبردن، یان فەرمانڕەوایەکی بێباک و تەمبەڵ یان لاواز، دەبێتە ھۆی کەمیی خۆراک، ئەوەش دەبێتە ھۆی برسێتی و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتەکە.

لە ساڵانی حەوت و ھەشتەمی پاشایەتیی ئیبی سین، نرخی دانەوێڵە بۆ ٦٠ دانە ھێندەی ئاسایی بەرزبووەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرکەوتنی ئەمۆرییەکان لە تێکدانی ئووری سێیەم، ھێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەکان و سیستەمی ئاو، کە ئەمەش یارمەتیدەر بووە لە داڕمانی ئیمپراتۆریەتی ئووری سێیەم.

داگیرکاری لەلایەن ئیلامەوە

[دەستکاری]

ئەم ھێرشانە برسێتی ھێنایە ئاراوە و بووە ھۆی داڕمانی ئابووری لە ئیمپراتۆریەتەکەدا، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ئیلامییەکان لە ژێر دەستی کینداتۆدا ھێرش بکەنە سەر ئوور و پاشا بیگرن. ماتەمینی بۆ سۆمەر و ئوور باس لە کەوتنی ئوور و چارەنووسی ئیبی سین دەکات.[٣]

ناوی ساڵەکان

[دەستکاری]

ناوی ھەموو ساڵەکانی ئیبی سین ناسراون، کە ڕووداوە سەرەکییەکانی سەردەمی ئەو بەڵگەدار دەکات. ناوی سەرەکی ساڵەکان بریتین لە:


ساڵی ١: ئیبی سین پادشایە.

ساڵی ٢: ئیبی سین لە ڕێگەی نیشانەکانەوە قەشەی ئینانای لە ئورووک ھەڵبژارد.

ساڵی ٣: ئیبی سینی پادشای ئوور، سیمورومی لەناوبرد.

ساڵی ٤: ئێنامگاڵانا وەک قەشەی ئینانا دامەزرا.

ساڵی ٥: حاکمی زبشالی ھاوسەرگیری لەگەڵ توکین-ھاتی-میگریشای کچی پادشا کرد.

ساڵی ٦: ئیبی سین پادشای ئوور دیوارێکی گەورەی بۆ نیپوور و ئوور دروست کرد.

ساڵی ٩: ئیبی سین، پادشای ئوور، بە دەسەڵاتێکی گەورە و ھەڵمەتێکی گەورە چوو بۆ ھوھنووری.

ساڵی ١٤: ئیبی سین وەک زریانێک سوسا، ئادەمدون و ئاوان ھەموویانی شکست پێھێنا و سەرکردەکانیانی گرت.

ساڵی ١٧: ئەمۆرییەکان، بایە بەھێزەکانی باشوور کە لە ڕابردووەوە ھەر شارەکانیان نەناسیوە، ملکەچی ئیبی-سین پاشای ئوور بوون.

ساڵی ٢٣: ئەو مەیموونە گەمژەیەی کە لە خاکی بێگانەدا بوو، لە دژی ئیبی سیندا ھەڵگەڕایەوە. (ڕەنگە مەبەستی سووکایەتیکردنێک بێت بەرامبەر پادشایەکی بیانی یان سەرکردەیەکی یاخیبوو کە ھێرشی کردبووە سەر ئوور)

ساڵی ٢٤: ئیبی سین، پادشای ئوور، لێدرا. (ڕەنگە ئاماژەیەکی ناڕوون بێت بۆ کردەوەیەکی سەربازی - بەڵام ڕوون نییە کە چییە و کێ یە یان چی لێدرا و لێیدا.) ڕەنگە بێھیوایییەک بووبێت یان کەوتن و ڕووخان بێت لە کۆتاییی دەسەڵاتەکەیدا.

- ناوەکانی ساڵەکانی ئیبی-سین.[٤]

نووسراو و شوێنەوارەکان

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Jacobsen، Thorkild (١٩٥٣). «The reign of Ibbī-Suen». Journal of Cuneiform Studies. ٧ (2): ٣٦–٤٧.
  2. Stiebing, p. 79
  3. «The lament for Sumer and Urim: translation». etcsl.orinst.ox.ac.uk. لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  4. «Ibbi-Suen [CDLI Wiki]». cdli.ox.ac.uk. لە ٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  5. «Cylinder seal: seated figure approached by a goddess leading a worshiper». www.metmuseum.org.