بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئیبن فورەک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیبن فورەک

محمد بن الحسن بن فورک
لەدایکبوون
مەرگ٤٠٦ی کۆچی (١٠١٥ی زایینی)
نزیک غەزنی (لە ئەفغانستانی ئێستا)
ھۆکاری مەرگژەھرخواردکردن (بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسان)
نیشتەجێیئیسفەھان، بەغدا، نەیشابوور، غەزنی
پیشەزانای کەلام (موتەکەلیم)، ئوسوڵی، فەقیھ، موفەسیر، زمانزان
ناسراوە بەیەکێک لە گەورەترین ئیمامەکانی ئەشعەری و شافیعی
کارە ناودارەکان
مشکل الحدیپ وبیانە، گبقات المتکلمین، تەفسیری قورئان
ئایینئیسلام (ئەھلی سوننە)

ئەبوو بەکر محەممەد کوڕی حەسەن کوڕی فورەک ئەنساری ئەسفەھانی (بە عەرەبی: محمد بن الحسن بن فورک؛ کۆچکردووی ٤٠٦ک/١٠١٥ز)، ناسراو بە ئیبن فورەک، یەکێکە لە گەورەترین ئیمام و زانایانی ئەھلی سوننە لە سەدەی چوارەم و سەرەتای سەدەی پێنجەمی کۆچیدا. ئەو پێشەوایەکی دیاری قوتابخانەی ئەشعەری لە زانستی کەلامدا و فەقیھێکی گەورەی مەزھەبی شافیعی بوو. زانستەکەی چەندین بواری جۆراوجۆری وەک ئوسوڵی فیقھ، تەفسیر، فەرموودە و زمانی عەرەبی گرتبووەوە.

ژیان و پایەی زانستی

[دەستکاری]

ئیبن فورەک لە شاری ئیسفەھان لەدایک بوو. بۆ وەرگرتنی زانست گەشتی بۆ عێراق کرد و لە بەغدا لەسەر دەستی گەورە زانایان خوێندی. پاشان ڕووی لە نیسابوور کرد و لەوێ قوتابخانە و خانەقایەکی دامەزراند کە بووە ناوەندێکی گرنگی زانستی و شوێنی کۆبوونەوەی زانایان.[١]

پایەی زانستییەکەی ئەوەندە بەرز بوو کە قوتابی و ھاوسەردەمەکانی بە شێوەیەکی بێ وێنە ستایشیان کردووە:

قوتابییەکەی، ئیمام قوشەیری، دەڵێت: «گوێم لە ئەبوو عەلی دەقاق دەبوو دەیفەرموو: گوێم لە ئیبن فورەک بوو دەیوت: "ھەرکەسێک لە منەوە سوودێکی زانستی وەرگرتبێت، ئەوا من لە مامۆستام ئەبولحەسەن باھیلییەوە وەرمگرتووە"».[٢]

ئیمامی بەیھەقی دەڵێت: «ئەو ئیمامی ئوسوڵییەکان بوو لە سەردەمی خۆیدا، ڕووبەڕووی مولحیدەکان بووەوە و فەزڵی خۆی دەرخست».[٣]

ئیمامی زەھەبی بە "ئیمامی گەورە، زانای لێھاتوو، شێخی موتەکەلیمەکان" ناوی دەبات.[٤]

بیروباوەڕ و مەزھەب

[دەستکاری]

ئیبن فورەک یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی قوتابخانەی ئەشعەری لە زانستی کەلامدا. ئەو زانستی کەلامی لە ئەبولحەسەن باھیلی وەرگرتووە، کە ئەویش قوتابی ڕاستەوخۆی خودی ئەبولحەسەن ئەشعەری بووە. ئەمەش وایکردووە کە ئیبن فورەک ببێتە یەکێک لە گرنگترین گواستەرەوەکانی بیروباوەڕی ئەشعەری بۆ نەوەکانی دوای خۆی.

لە بواری فیقھیشدا، یەکێک بوو لە پێشەوا گەورەکانی مەزھەبی شافیعی.

بەرھەمەکان

[دەستکاری]

ئیبن فورەک نووسەرێکی بەتوانا بوو و زیاتر لە ١٠٠ بەرھەمی ھەبووە. گرنگترین کتێبەکانی بریتین لە:

  • مشكل الحديث وبيانه (هەندێکجار بە تأويل الأخبار المشكلة دێت).
  • طبقات المتكلمين.
  • النظامي في أصول الدين.
  • تەفسیرێکی گەورەی قورئان.

کۆچی دوایی و چیرۆکی ژەھرخواردکردنی

[دەستکاری]

چیرۆکی کۆچی دوایی ئیبن فورەک یەکێکە لە ڕووداوە ناسراوەکانی مێژووی زانایانی ئیسلام. کاتێک ناوبانگی بڵاوبووەوە، ناحەزانی لەلای سوڵتان مەحموودی غەزنەوی بوختانیان بۆ ھەڵبەست. سوڵتان فەرمانی کرد بیھێننە شاری غەزنی بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات.

ئیبن فورەک لەبەردەم سوڵتاندا گفتوگۆیەکی زانستیی بەھێزی لەگەڵ ناحەزەکانیدا کرد و بە بەڵگەی بەھێز بیروباوەڕی ئەھلی سوننە و جەماعەتی سەلماند. سوڵتان بە زانست و لێھاتووییەکەی سەرسام بوو و ڕێزێکی زۆری لێنا و بەڕێزی کرد.

بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ نیسابوور، ناحەزەکانی لە ڕێگادا ژەھرخواردیان کرد و بەو ھۆیەوە لە ساڵی ٤٠٦ی کۆچی کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی ھێنرایەوە بۆ نیسابوور و لە گۆڕستانی حەیرە بەخاک سپێردرا.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. سوبکی، تاجەددین. طبقات الشافعیة الکبرى، چاپی دووەم، دار إحیاء الکتب العربیە، بەرگی ٤، ل. ١٢٩.
  2. ئەلزەھەبی، شەمسەددین. سیر أعلام النبلاء، دامەزراوەی ڕیسالە، بەرگی ١٧، ل. ٢١٥.
  3. ھەمان سەرچاوە.
  4. ئەلزەھەبی، سیر أعلام النبلاء، بەرگی ١٧، ل. ٢١٤.
  5. سوبکی، طبقات الشافعیة الکبرى، بەرگی ٤، ل. ١٣١-١٣٢.

لەسەر بنەمای وتاری ویکیپیدیای عەرەبی و سەرچاوە سوننییە باوەڕپێکراوەکانییەوە وەرگیراوە، بە داڕشتنێکی جیاواز و فراوانتر نەک وەرگێڕانی وشەبەوشە.