بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئۆپەڕاسیۆنی باربارۆسا
بەشێک لە بەرەی ڕۆژھەڵات (جەنگی جیھانیی دووەم)

بە ئاراستەی کاتژمێر لە سەرەوە-چەپەوە:
  • سەربازانی ئەڵمانی لە ڕێگەی باکووری ڕووسیا پێشڕەوی دەکەن
  • تیمی فڕێندەری بڵێسەی ئەڵمانی خانوویەک لە پێشینەکەدا دەسوتێنن
  • تانکی ئەڵمانی پازدەر ٤ بە بۆیەی سپی کامۆفلاج لەناو بەفردا گیر بووە
  • سۆڤیەت ئیلیوشین ئیل-٢ بەسەر پێگەکانی ئەڵمانیا لە نزیک مۆسکۆ
  • دیلەکانی سۆڤیەت لە ڕێگای ئۆردووگاکانی زیندان
  • سەربازانی سۆڤیەت تۆپ دەتەقێنن
ڕێکەوت٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١–٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٤١
شوێن
ڕۆژاوای یەکێتیی سۆڤیەت
ئەنجام شکستھێنانی ئەڵمانیای نازی و ھێزەکانی تەوەر
گۆڕانکارییە
ناوچەیییەکان
ھێزەکانی تەوەر نزیکەی ١٬٦٠٠٬٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی سۆڤیەتیان داگیرکرد، بەڵام نەیانتوانی بگەنە ھێڵی ئارخانگێڵسک-ئاستراخان
شەڕکەرەکان
 یەکێتیی سۆڤیەت
فەرماندە و سەرکردەکان
یەکە تێوەگڵاوەکان
ھێز

ھێزی بەرەی پێشەوە (٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١)

  • ٣٫٨ ملیۆن سەرباز[١][٢]
  • ٣٬٣٥٠–٣٬٧٩٥ تانک[٣][١][٤][٥]
  • ٣٬٠٣٠–٣٬٠٧٢ ئۆتۆمبێلی زریپۆشی تر[٦][ئ]
  • ٢٬٧٧٠–٥٬٣٦٩ فڕۆکە[٣][٧]
  • ٧٬٢٠٠–٢٣٬٤٣٥ تۆپھاوێژ[١][٣][٥]
  • ١٧٬٠٨١ تۆپھاوێژی دژە ئاسمان[٥]
  • ٦٠٠٬٠٠٠ ئەسپ[٨]
  • ٦٠٠٬٠٠٠ ئۆتۆمبێل[٨]

ھێزی بەرەی پێشەوە (٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١)

زەرەر و زیانە گیانییەکان

کۆی گشتیی زیانە گیانییەکانی سوپا:
١٬٠٠٠٬٠٠٠+[ا]

وردەکاریی زیانەکان
  • زیانەکانی ساڵی ١٩٤١:

    بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکانی سوپای ئەڵمانیا (بە سوپای نەرویجیشەوە):[١٦]

    • ١٨٦٬٤٥٢ کوژراو
    • ٤٠٬١٥٧ ونبوو
    • ٦٥٥٬١٧٩ بریندار لە کردەوەی سەربازیدا[ب]
    • ٨٬٠٠٠ گواستنەوە بەھۆی نەخۆشییەوە

    • ٢٬٨٢٧ فڕۆکە تێکشکاوە[١٧]
    • ٢٬٧٣٥ تانک تێکشکاوە[٤][١٨]
    • ١٠٤ تۆپی ھێرشبەر تێکشکاوە[٤][١٨]

    زیانەکانی وڵاتانی تری بەشداربوو

    • Kingdom of Romania +١١٤٬٠٠٠ زیانی گیانی (لانی کەم ٣٩٬٠٠٠ کوژراو یان ونبوو)[١٩]
    • فینلاند ٧٥٬٠٠٠ زیانی گیانی
      (٢٦٬٣٥٥ کوژراو) لە کارێلیا[٢٠]

      +٥٬٠٠٠ زیانی گیانی لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ڕێوی زیوین.[٢١]
    • ئیتاڵیای فاشست: ٨٬٧٠٠ زیانی گیانی[٢٢]
    • شانشینی ھەنگاریا: ٤٬٤٢٠ زیانی گیانی[پ]

کۆی گشتیی زیانە گیانییەکانی سوپا:
٤٬٥٠٠٬٠٠٠

وردەکاریی زیانەکان
  • زیانەکانی ساڵی ١٩٤١:

    بەپێی ئەرشیفەکانی سۆڤیەت:[٢٤]

    • ٥٦٦٬٨٥٢ کوژراو لە کردەوەی سەربازیدا (١٠١٬٤٧١یان لە نەخۆشخانە بەھۆی برینەکانیانەوە مردوون)
    • ٢٣٥٬٣٣٩ بەھۆی ھۆکاری دەرەوەی جەنگ مردوون
    • ١٬٣٣٦٬١٤٧ نەخۆش یان بریندار بەھۆی ھۆکاری جەنگی و دەرەوەی جەنگ
    • ٢٬٣٣٥٬٤٨٢ ونبوو لە کردەوەی سەربازیدا یان دیلکراو

    • ٢١٬٢٠٠ فڕۆکە، کە ١٠٬٦٠٠یان لە کاتی شەڕدا لەدەستدراون[١٧]
    • ٢٠٬٥٠٠ تانک تێکشکا[٢٥]

ئۆپەڕاسیۆنی باربارۆسا گەورەترین ھێرشی سەربازی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە لەلایەن ئەڵمانیای نازی و وڵاتانی تەوەر ھێرش کرایە سەر یەکێتیی سۆڤیەت لە یەکشەممەی ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەم دەستیپێکرد، نزیکەی ٣٫٨ ملیۆن سەربازی وڵاتانی تەوەر لە ھێڵێکی بەرەی شەڕ بە درێژی ٢٩٠٠ کیلۆمەتر ھێرشیان کردە سەر یەکێتیی سۆڤیەت لەژێر ئامانجی گرتنی شارە گرنگەکانی وەک مۆسکۆ، لێنینگراد و ستالینگرادی بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ناوەندە پیشەسازی و نیشتەجێبوونە سەرەکییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کە لەژێر ھێڵی ئارخانگێڵسک-ئاستراخان کێشرابوو.

ئەم ھێرشە بوو بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەجۆرێک لە قۆناغی دەستپێکردنیدا نزیکەی ١٠ ملیۆن سەرباز بەشدارییان تێدا کرد و ئەم ڕووداوە وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە جەنگی جیھانیی دووەمدا و بووە ھۆی کردنەوەی بەرەی ڕۆژھەڵات، کە گەورەترین و خوێناویترین جەنگی وشکانییە لە مێژوودا، و بووە ھۆی ڕاکێشانی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ناو ڕیزی وڵاتانی ھاوپەیمان.

دوو ساڵ پێش داگیرکارییەکە، ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت ڕێککەوتنی سیاسی و ئابوورییان بۆ مەبەستی ستراتیژی واژوو کرد بەناوی پەیمانی مۆلۆتۆڤ-ڕیبێنتڕۆپ، فەرماندەیی باڵای سوپای ئەڵمانیا لە تەممووزی ١٩٤٠ دەستی بە پلاندانان بۆ داگیرکردنی یەکێتیی سۆڤیەت کرد بە ناوی پلانی ئۆتۆ، کە ئەدۆڵف ھیتلەر لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٠ پەسەندی کرد. بە درێژایی ماوەی ئۆپەراسیۆنەکە، نزیکەی چوار ملیۆن سەربازی ھێزەکانی تەوەر ڕۆژاوای یەکێتیی سۆڤیەتیان داگیرکرد لە گەورەترین ھەڵمەتی سەربازی لە مێژووی جەنگەکاندا بە بەرەیەکی درێژی ٢٩٠٠ کیلۆمەتر (١٨٠٠ میل). سەرەڕای ئەوەش، ڤێرماخت نزیکەی ٦٠٠ ھەزار ئۆتۆمبێل و لە نێوان ٦٠٠–٧٠٠ ھەزار ئەسپ بۆ ئۆپەراسیۆنە ناسەربازییەکان بەکارھێنا.

لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی جەنگ، سەربازانی ھێزەکانی ئەڵمانیا دزەیان کردە ناو خاکی یەکێتی سۆڤیەت کە ١٥٣ فیرقەی ئەڵمانی لەگەڵ فیرقەی فینلەندی، ڕۆمانی، سلۆڤاکی و ھەنگاری دەستیان بە ھێرش کرد، بە ٣٫٨ ملیۆن سەرباز لەگەڵ ٦٠٠ ھەزار بارھەڵگر و زیاتر لە ٣ ھەزار تانک و ٧ ھەزار تۆپھاوێژ و ٣ ھەزار فڕۆکە.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١٥٠٠ فڕۆکەی سۆڤیەتی کە لەسەر زەوی بوون تێکشکێنران، ئەڵمانەکان زیاتر لە ٣٠٠ فڕۆکەی یەکێتی سۆڤیەتیان لە ئاسمان خستەخوارەوە، ھێزی ئاسمانی سۆڤیەت تووشی گورزێکی کوشندەی لەناکاو بوو و باڵادەستی ئەڵمانیا ھەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو.

ھێرشی ئەڵمانیا بە درێژایی ٣٠٠٠ کم بۆ ناو خاکی یەکێتی سۆڤیەت بۆ چوار ئاڕاستەی سەرەکی یەکێتی سۆڤیەت دەستیپێکرد، کە پێکھاتبوون لە ئاڕاستەی باکووری ڕۆژاوا بۆ داگیرکردنی شاری لێنینگراد، ئاڕاستەی ڕۆژاوا بۆ داگیرکردنی مۆسکۆ، ئاڕاستەی ڕۆژاوای باشوور بۆ داگیرکردنی ستالینگراد و ئاڕاستەی باشوور بۆ داگیرکردنی کیێڤ.

بەڵام سەرەڕای سەرکەوتنە زۆرەکانی ھێزەکانی تەوەر، ئۆپەڕاسیۆنی باربارۆسا بەفەرمی لە شەڕی مۆسکۆدا کۆتای پێھات لە ڕێکەوتی ٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٤١، پاشان ھێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت بە ھێرشێکی پێچەوانەی زستانە توانییان ھێزەکانی ئەڵمانیا بۆ دواوە پاشەکشە پێ بکەن و جۆزێف ستالین فەرمانی ژمارە ٢٢٧ بۆ سەربازانی دەرکرد، کە لە فەرمانەکە دەڵێت "ھەنگاوێک نەگەڕێنەوە!" و پاشەکشە پێکردنی ئەڵمانیا لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە بە فەرمی دەستیپێکرد.

سوپای سوور توانی بەھێزترین و کوشندەترین گورزەکانی خۆی لە سوپای ئەڵمانیا بدات ئەویش بە گەمارۆدانی فیرقەی شەشەمی ڤێرماخت لە شەڕی ستالینگراد، کە بە خوێناویترین شەڕی مێژوو دادەنرێت، کە دواجار ناچار بوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، ئەم تێکشکانە گەورەیە بووە وەرچەرخانێکی ستراتیژی لە جەنگەکەدا، چونکە نەک ھەر ھێز و توانای سەربازی ئەڵمانیای بە توندی لاواز کرد، بەڵکوو ورەی سوپای نازییەکانی ڕووخاند و ڕێگەی بۆ سوپای سۆڤیەت خۆش کرد تا دەست بکات بە ھێرشی پێچەوانە و پاشەکشە بە ھێزەکانی دوژمن بەرەو ناو جەرگەی ئەورووپا بکات.

ئەڵمانیا دەسپێشخەریی جەنگی لەدەستدا و ناچار بوون پلانە ستراتیژییەکانیان لە ھێرشبەرییەوە بگۆڕن بۆ بەرگری، کە ئەمەش سەرەتای دەستپێکی زنجیرە شکستەکانی ئەڵمانیا بوو کە دواجار لە ڕێکەوتی ٢ ئایاری ١٩٤٥ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە شەڕی بەرلین بە ڕووخانی ڕژێمی نازی و داگیرکردنی بەرلین کۆتایی ھات.

ئامادەکارییەکانی ئەڵمانیا

[دەستکاری]
سەربازانی ئەڵمانیا (گرووپی بڵێسە فڕێدەر) لە یەکێتیی سۆڤیەت، حوزەیرانی ١٩٤١

ئەڵمانەکان پێش کۆتایی ھاتنی ھەڵمەتی بەڵقان دەستیان بە جووڵاندنی ھێزەکان کرد بۆ سنووری سۆڤیەت. لە ھەفتەی سێیەمی شوباتی ١٩٤١، نزیکەی ٦٨٠٬٠٠٠ سەربازی ئەڵمانی لە ناوچەکانی کۆبوونەوە لەسەر سنووری ڕۆمانیا-سۆڤیەت کۆبوونەوە. بۆ ئامادەکاری بۆ ھێرشەکە، ھیتلەر بە نھێنی زیاتر لە ٣ ملیۆن سەربازی ئەڵمانی و نزیکەی ٦٩٠٬٠٠٠ سەربازی تەوەرەی گواستەوە بۆ سنووری سۆڤیەت. ھێزی ئاسمانی چەندین ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی ئاسمانی لەسەر خاکی سۆڤیەت ئەنجامدا چەند مانگێک پێش ھێرشەکە.

سەرەڕای ئەوەی کە فەرماندەیی باڵای سۆڤیەت نیگەران بوو لەو جووڵانە، بەڵام سەرکردەی یەکێتیی سۆڤیەت جۆزێف ستالین باوەڕی وابوو کە ڕایشی سێیەم ھێرش ناکات چونکە تەنھا دوو ساڵ بەسەر واژووکردنی پەیماننامەی (مۆلۆتۆڤ-ریبنترۆپ) تێپەڕیبوو. ھەروەھا پێی وابوو کە ئەڵمانیا دەبێت جەنگی خۆی لەگەڵ بەریتانیا تەواو بکات پێش ئەوەی بەرەیەکی نوێ بکاتەوە. ھەمیشە ئەو ھۆشداریانەی ڕەتدەکردەوە کە لە دەزگای ھەواڵگرییەوە پێی دەگەیشتن چونکە پێی وابوو کە زانیاری دزەپێکراوی بەریتانییە بۆ ھەڵگیرساندنی ئاگری جەنگ لە نێوان ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت. سیخوڕ دکتۆر ڕیچارد سۆرج کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی بە ستالین دابوو، بەڵام ستالین ئەوەی بە ھەند وەرنەگرت. ئەمەش بووە ھۆی ئامادەکارییەکی خاوی سۆڤییەت؛ بەڵام سۆڤیەتەکان بە تەواوی ھەڕەشەی دراوسێ ئەڵمانییەکانیان پشتگوێ نەخستبوو. مارشاڵ سیمیۆن تیمۆشینکۆ پێش داگیرکاریی ئەڵمانیا ئاماژەی پێکردبوون وەک «گرنگترین و بەھێزترین دوژمنی یەکێتیی سۆڤیەت». لە سەرەتای تەممووزی ١٩٤٠، سەرۆک ئەرکانی سوپای سوور بۆریس شاپۆشنیکۆڤ پلانێکی سەرەتایی سێ ئاراستەیی بۆ ھێرشکردنە سەر ئەوەی کە وەک داگیرکارییەکی ئەڵمانی دەردەکەوت داڕشت کە زۆر لە ھێرشە ڕاستەقینەکە دەچوو. پاشان ئەڵمانەکان لە سەرەتای نیسانی ١٩٤١ دەستیان بە ئامادەکاری کرد بۆ ئۆپەراسیۆنی ھایفیش و ئۆپەراسیۆنی ھارپون بۆ سەلماندنی ئیدعاکەیان کە بەریتانیا ئامانجی ڕاستەقینەیە. ناوچەکانی ئەو فێڵە نەرویج و کەنارەکانی کەناڵی ئینگلیزی دەگرتەوە و چالاکی وەک کۆکردنەوەی کەشتی و گەشتی سیخوڕی ئاسمانی و مەشقی سەربازی لەخۆگرتبوو.

ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا لە کاتی دیاریکراوی خۆی لە ١٥ی ئایار دواخرا بۆ کاتی ڕاستەقینەی داگیرکاری لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ (دواکەوتنێک بۆ ماوەی ٣٨ ڕۆژ) بە چەند ھۆکارێک، گرنگترینیان: شێی وەرزی زستان نائاسایی بوو بەجۆرێک ڕووبارەکان تا کۆتایی بەھار لافاویان ھەڵدەستاند. ئەو لافاوانە دەبوونە ھۆی پەکخستنی ھێرشی زوو، تەنانەت پێدەچوو پێش کۆتایی ھاتنی ھەڵمەتی بەڵقان ڕوونەدەن.

گرنگی دواکەوتنەکە ھێشتا جێگەی مشتومڕە. ویلیام شیرەر گوتی کە ھەڵمەتی ھیتلەر لە بەڵقان باربارۆسای بۆ چەند ھەفتەیەک دواخست و بەمەش خستییە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە جێگری سەرۆک ئەرکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤١ فرێدریک پاولۆس ئیدعای کردووە کە ھەڵمەتەکە «نزیکەی پێنج ھەفتە» دواکەوتووە. ئەم ژمارەیەش لەلایەن یاداشتەکانی ھێزی دەریایی ئەڵمانیا و گێرد ڤۆن ڕوندشتێت پشتڕاست دەکرێتەوە. ئەنتۆنی بیڤۆر کۆمەڵێک ھۆکاری ھەمەجۆری خستەڕوو کە بوونە ھۆی دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا، لەوانە دواکەوتن لە دابەشکردنی ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و کێشەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی سووتەمەنی، و سەختی دروستکردنی فڕۆکەخانەی پێشەوە بۆ لۆفتڤافە (بە ئەڵمانی: Luftwaffe).

ئەڵمانەکان فەوجێکی سەربەخۆ و لیوایەکی مەشقی میکانیکی جیا و ١٥٣ فیرقەیان بۆ ھەڵمەتەکە بڵاوکردەوە کە ١٠٤ فیرقەی پیادە و ١٩ فیرقەی پازدەر و ١٥ فیرقەی پیادەی میکانیکی لەخۆگرتبوو کە دابەشکرابوون بەسەر سێ گرووپی سەربازیدا، جگە لە نۆ فیرقەی ئەمنی بۆ کارکردن لە ناوچە داگیرکراوەکان و چوار فیرقە لە فینلاند و دوو فیرقەی یەدەگ لەژێر بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی فەرماندەیی باڵادا. ھەڵمەتەکە بە نزیکەی ٣٬٣٥٠ تانک و ٧٬٢٠٠ تۆپ و ٢٬٧٧٠ فڕۆکە (کە دەکاتە ٦٥ لەسەدی فڕۆکەکانی لۆفتڤافە) و نزیکەی ٦٠٠ ھەزار ئۆتۆمبێل و لە نێوان ٦٢٥٬٠٠٠–٧٠٠٬٠٠٠ ئەسپ ئامادەکرابوو. فینلاند ١٤ فیرقەی بۆ ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری ھەڵبژارد، و ڕۆمانیا ١٣ فیرقە و ھەشت لیوای لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا پێشکەش کرد. ھەموو ھێزەکانی تەوەرە کە ژمارەیان ٣٫٨ ملیۆن کەس بوو بە درێژایی بەرەیەک بڵاوکرانەوە کە لە زەریای بەستەڵەکی باکوورەوە تا دەریای ڕەش لە باشوور درێژ دەبووەوە. ھەموویان لەژێر بەڕێوەبردنی فەرماندەیی باڵای سوپای ئەڵمانیادا بوون و بەم شێوەیە دابەشکرابوون: سوپای نەرویج و گرووپی سوپای باکوور و گرووپی سوپای ناوەڕاست و گرووپی سوپای باشوور، لەگەڵ سێ کەشتیگەلی ئاسمانی «لۆفتفلۆتن» (ھاوتای ھێزی ئاسمانی بۆ سوپاکان) کە پاڵپشتی گرووپەکانی سوپایان دەکرد: لۆفتفلۆت ١ بۆ باکوور، لۆفتفلۆت ٢ بۆ ناوەڕاست و لۆفتفلۆت ٤ بۆ باشوور. سوپای نەرویج لە دوورترین باکووری ئەسکەندەنافیا و ناوچە سنوورییەکانی سۆڤیەت کاری دەکرد. گرووپی سوپای باکوور کە دەبوو بەناو وڵاتانی باڵتیکدا بۆ باکووری ڕووسیا بپەڕێتەوە، پێویست بوو یان شاری لێنینگراد داگیر بکات یان وێرانی بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ھێزەکانی فینلەندا یەکبگرێتەوە. گرووپی سوپای ناوەڕاست، کە زۆرترین زرێپۆش و ھێزی ئاسمانی بۆ دابین کرابوو، ئەرکی لێدانی بیلاڕووس و ناوچەکانی ڕۆژاوای ناوەڕاستی ڕووسیا بوو لە پۆڵەنداوە، پاشان بەرەو سمۆلێنسک و مۆسکۆ پێشڕەوی بکات. گرووپی سوپای باشوور دەبوو لە شوێنە کشتوکاڵییە گرنگەکان و پڕ دانیشتووانەکانی ئوکراینا بدات و کیێڤ داگیر بکات پێش ئەوەی بەردەوام بێت لە پێشڕەوی بەرەو ڕۆژھەڵات بۆ دەشتەکانی باشووری یەکێتیی سۆڤیەت تا ڤۆلگا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی قەوقازی دەوڵەمەند بە نەوت. گرووپی سوپای باشوور بە مەودای ١٩٨ میل (٣١٩ کم) کرابووە دوو بەشی جیاوازەوە. بەشی باکوور کە تاکە گرووپی پازدەری سوپاکەی لەخۆدەگرت لە باشووری پۆڵەندا بوو لە تەنیشت ناوەندی فەرماندەیی سوپا، و بەشی باشووری لە ڕۆمانیا بوو. ھێزەکانی ئەڵمانیا ھەندێک ھێزی دواوەیان ھێشتەوە (زۆربەیان ڤافن-ئێس ئێس و یەکەکانی ئایینزاتسگرووپن) بۆ کارکردن لە ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر چالاکییەکی پارتیزانی لەو ناوچانەی کە داگیریان کردبوون، جگە لە گرتن و لەسێدارەدانی کۆمیسارە سیاسییەکانی سۆڤیەت و جوولەکەکان. لە ١٧ی حوزەیران، ڕاینھارد ھایدریش، سەرۆکی نووسینگەی ئاسایشی گشتی ڕایش (RSHA)، ڕاپۆرتێکی بە نزیکەی ٣٠–٥٠ لە سەرکردەکانی ئایینزاتسگرۆپن دا سەبارەت بە «سیاسەتی لەناوبردنی جوولەکەکان لە خاکەکانی سۆڤیەت، لانی کەم بە شێوەیەکی گشتی.» لەکاتێکدا یەکەکانی ئایینزاتسگرۆپن لە ھێزەکانی ڤێرماختدا دامەزرابوون و پێداویستی وەک بەنزین و خۆراکیان بۆ دابین دەکردن. پلانی فەرمی بۆ باربارۆسا وای دادەنا کە گرووپەکانی سوپا دەتوانن بە ئازادی لە بەدیھێنانی ئامانجە سەرەکییەکانیاندا لە کاتی دیاریکراودا پێشڕەوی بکەن بەبێ بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیر دوای ئەوەی لە شەڕەکانی سنووردا سەرکەوتن و ھێزەکانی سوپای سووریان لە ناوچەی سنووریدا تێکشکاند.

داگیرکاری

[دەستکاری]
ھێزەکانی ئەڵمانیا نیشاندەرەکانی سنووری سۆڤیەت دەبەزێنن، ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١

زیکەی کاتژمێر ١:٠٠ی بەیانی ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١، وەزیری بەرگریی سۆڤیەت ڕێنمایی ژمارە ١ی بۆ ناوچە سەربازییەکانی سنووری سۆڤیەت نارد کە درەنگانی شەوی ٢١ی حوزەیران دەرچووبوو. تێیدا داوای لێکردبوون «ھەموو ھێزەکان بخەنە حاڵەتی ئامادەباشی جەنگییەوە» و ھەروەھا «ڕێگری لە ھەر جۆرە کارێکی دنەدەرانە بکەن». دوو کاتژمێری ویست تا فەرمانی ڕێنمایییەکە بگاتە ھەندێک لە یەکەکانی سەر بە بەرە، لەکاتێکدا زۆربەی یەکەکان فەرمانەکەیان وەرنەگرت تا دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکە. ڕۆژێک پێشتر، واتە ٢١ی حوزەیران، فەرماندەیی گرووپی سوپای باکوور لە کاتژمێر ١٣:٠٠ ڕەمزی دوسلدۆرفی وەرگرت، کە بە واتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا بوو لە بەیانی ڕۆژی دواتر، بۆیە ڕەمزی تایبەتی خۆی کە دۆرتمۆند بوو نارد. نزیکەی کاتژمێر ٠٣:١٥ی بەیانی ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١، ھێزەکانی تەوەرە دەستیان بە داگیرکردنی یەکێتیی سۆڤیەت کرد بە بۆردومانکردنی شارە گەورەکانی پۆڵەندا کە لەلایەن سۆڤیەتەوە داگیرکرابوون، لەگەڵ تۆپبارانکردنی ھەموو بەرگرییەکانی سوپای سوور لە بەرەکەدا. ھەریەک لە کرۆنشتات لە نزیک لێنینگراد و ئیسماعیل لە بێسارابیا و سیڤاستۆپۆل لە نیمچەدوورگەی قرم تووشی ھێرشی ئاسمانی بوون، و لە ھەمان کاتدا ھێزە زەمینییەکان توانیان لە سنوورەکان بپەڕنەوە بە یاوەری ستوونی پێنجەم لە ھەندێک لە خەڵکی لیتوانیا و ئوکراینا. سێ ملیۆن سەربازی ڤێرماخت کە لە سنوور پەڕینەوە، تەنھا ڕووبەڕووی ژمارەیەکی کەمی ھێزەکانی سۆڤیەت بوونەوە.

نیوەڕۆ، وەزیری دەرەوەی سۆڤیەت ڤیاچیسلاڤ مۆلۆتۆڤ ھەواڵی داگیرکارییەکەی بە دانیشتووان ڕاگەیاند و وتی: «بەبێ ھیچ ڕاگەیاندنێکی جەنگ، ھێزەکانی ئەڵمانیا ھێرشیان کردە سەر وڵاتەکەمان و لە چەندین شوێنەوە ھێرشیان کردە سەر سنوورەکانمان، بەڵام سوپای سوور و ھەموو نەتەوەکە جەنگێکی نیشتمانی بێوچانیان دەبێت و ئێمە بۆ وڵاتی خۆشەویستمان، بۆ شەرەف و بۆ ئازادی سەردەکەوین، ئەمە دۆزی ئێمەیە. ئێمە لە دوژمن دەدەین و سەرکەوتن ھاوپەیمانمان دەبێت!». مۆلۆتۆڤ دەستی خستە سەر ژێی نیشتمانپەروەری کە یارمەتی خەڵکی دا ھەواڵە وێرانکەرەکان ھەرس بکەن، بۆیە خەڵک بۆ فریاکەوتنی نەتەوەکەیان کۆبوونەوە نەک بۆ فریاکەوتنی حیزب. فەرماندەیی باڵای سۆڤیەت و سوپای سوور توانیان لە ماوەی ڕۆژانی یەکەمی دوای داگیرکارییەکە بە خێرایی خۆیان ڕێکبخەنەوە و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جەنگە ئامادە بکەن. ستالین تا ٣ی تەممووز وتاری بۆ نەتەوەی سۆڤیەت نەدا سەبارەت بە داگیرکاریی ئەڵمانیا، کاتێک داوای «جەنگێکی نیشتمانی بۆ ھەموو چین و توێژەکانی گەلی سۆڤیەت» کرد.

لە ئەڵمانیا، وەزیری پڕووپاگەندەی نازی جۆزێف گۆبێلز بەیانی ٢٢ی حوزەیران ئەڵمانەکانی بەخەبەر ھێنا و ھەواڵی ئۆپەراسیۆنەکەی لە پەخشێکی ڕادیۆییدا بە چەند وشەیەکی ھیتلەر ڕای گەیاند: «لەم ساتەدا ڕێپێوانەکەمان بەردەوامە و درێژ دەبێتەوە، و بە بەراورد لەگەڵ گەورەترین شت کە جیھان تا ئێستا بەخۆیەوە بینیبێتی، ئەمڕۆ بڕیارم دا چارەنووس و داھاتووی ڕایش و گەلی ڕایش بخەمە دەستی سەربازەکانمانەوە، با خودا لەو شەڕەدا یارمەتیمان بدات!» ھیتلەر لە ھەمان ڕۆژدا بە ھاوکارەکانی گوت: «پێش تێپەڕبوونی سێ مانگی تر، شایەتی ڕووخانی ڕووسیا دەبین، ڕووخانێک کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە». ھەروەھا ھیتلەر لە ڕێگەی ڕادیۆوە قسەی بۆ گەلی ئەڵمانیا کرد و خۆی وەک پیاوێکی ئاشتیخواز ناساند کە بە ناچاری ھێرشی کردووەتە سەر یەکێتیی سۆڤیەت. گۆبێلز دوای داگیرکارییەکە بە ئاشکرا باسی «ھەڵمەتێکی خاچپەرستی ئەورووپی دژی بەلشەفیزم»ی کرد.

ئەنجامەکان

[دەستکاری]

دوای شکستی شەڕی مۆسکۆ، دەست بە پێداچوونەوە بە ھەموو پلانەکانی ئەڵمانیادا کرا بۆ بەزاندنی یەکێتیی سۆڤیەت. ھێرشە دژبەرەکانی سۆڤیەت لە کانوونی یەکەمی ١٩٤١دا بووە ھۆی زیانێکی گەورە بۆ ھەردوو لا، بەڵام لە کۆتاییدا ھەڕەشەی ئەڵمانیای لەسەر مۆسکۆ نەھێشت. لە ھەوڵێکدا بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخەکە، ھیتلەر ڕێنمایی ژمارە ٣٩ی دەرکرد و تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە ھاتنی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵەی زۆر بووەتە ھۆی شکستی ئەڵمانیا، لەکاتێکدا ھۆکاری سەرەکی ئامادەنەبوونی سەربازیی ئەڵمانیا بوو بۆ دامەزراوەیەکی وا گەورە. ڤێرماخت لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٤١ نزیکەی ٢٠٩ فیرقەی لەبەردەستدا بوو، کە ١٦٣یان فیرقەی ھێرشبەر بوون. دوای کەمتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی یەکێتیی سۆڤیەت، واتە لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٢، تواناکانی مەیدانیی ڤێرماخت بۆ ٥٨ فیرقەی ھێرشبەر کەمکرایەوە. کەللەڕەقیی سوپای سوور و توانای کاریگەریی بۆ ھێرشی دژبەر، ئەڵمانییەکانی تووشی سەرسووڕمان کرد، ھێندەی سۆڤیەتەکان بە ھێرشی ئەڵمانیا بۆ سەریان سەرسام بوون. ستالین بە پشتیوانیی بەرگرییە سەرکەوتووەکەی و لە ھەوڵێکدا بۆ لاساییکردنەوەی ئەڵمانییەکان، ویستی دەست بە ھەڵمەتی چەتەئاسای خۆی بکات، نەک تەنھا دژی ھێزە ئەڵمانییەکانی دەوروبەری مۆسکۆ، بەڵکو دژی سوپاکانیان لە باکوور و باشوور. ھێرشە شکستخواردووەکانی ئەڵمانیا تووڕەیی ھیتلەری لێکەوتەوە، بۆیە مارشاڵ ڤاڵتەر فۆن براوخیچی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٤١ خۆی سەرکردایەتیی سوپای ئەڵمانیای گرتە ئەستۆ.

یەکێتیی سۆڤیەت بە توندی کاریگەر بوو بە ململانێکان، چونکە ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکەکەی لەدەستدا و تووشی زیانێکی گەورەی مرۆیی و کەرەستەیی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای سوور توانای خۆی سەلماند لە ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشەکانی ڤێرماخت، بەتایبەتی کاتێک ئەڵمانییەکان دەستیان کرد بە کەمبوونەوەی ھێزی مرۆیی و چەک و پێداویستی و سووتەمەنی کە قەرەبووکردنەوەی مەحاڵ بوو. سەرەڕای زیادبوونی بەرچاوی بەرھەمھێنان لە ساڵی ١٩٤٢ لە ڕۆژھەڵاتی ئۆڕاڵ و ھەروەھا خێرایی گواستنەوەی چەکەکانی سوپای سوور لەوێوە، بەتایبەتی زرێپۆش و جۆرە نوێیەکانی فڕۆکە و تۆپھاوێژ، ڤێرماخت توانی ھێرشێکی دیکەی بەرفراوان لە تەممووزی ١٩٤٢دا دەستپێبکات، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ھاوینی ڕابردوو بەرەکانی شەڕی زۆر کەمکردەوە. دوای ئەوەی ھیتلەر درکی بەوە کرد کە یەدەگی نەوتی ئەڵمانیا بە توندی کەمبووەتەوە، ھێزەکانی ئاراستەی ھێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی باکۆ کرد بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنیان، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوی لێنرا ئۆپەراسیۆنی شین؛ بەڵام بۆ جاری دووەم، ئەڵمانییەکان توانیان ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی سۆڤیەت داگیر بکەن، بەڵام دوای شکستیان لە شەڕی ستالینگراد، نەیانتوانی ئامانجە کۆتایییەکانیان بەدی بھێنن.

ساڵی ١٩٤٣، بەرھەمھێنانی چەکی سۆڤیەت بە تەواوی توانایەوە کاری دەکرد و بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرھەمھێنانی جەنگیی ئەڵمانیای تێپەڕاند. دوا ھێرشی گەورەی ئەڵمانیا لە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژھەڵاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا لە نێوان تەممووز و ئابی ١٩٤٣ بە ناوی ئۆپەراسیۆنی سیتادێل دەستیپێکرد، کە ھێرش بوو بۆ سەر گیرفانی کورسک. لەوێدا نزیکەی ملیۆنێک سەربازی ئەڵمانی ڕووبەڕووی ھێزێکی سۆڤیەت بوونەوە کە ژمارەیان ٢٫٥ ملیۆن سەرباز بوو. دوای شکستی ئۆپەراسیۆنی سیتادێل، سۆڤیەتەکان دەستیان بە ھێرشی دژبەر کرد و شەش ملیۆن پیاویان لە بەرەیەکی درێژ بە درێژایی ١٥٠٠ میل لە بەرامبەر ڕووباری دنیپەر کۆکردەوە دوای ئەوەی ئەڵمانییەکانیان بەرەو ڕۆژاوا پاڵنا. لە کۆتاییدا سوپای سوور توانی زۆرێک لەو خاکانە ئازاد بکات کە ئەڵمانییەکان پێش ھاوینی ١٩٤٤ داگیریان کردبوو، ئەمەش بە بەکارھێنانی ھێرشی پێشکەوتووی ئامانجدار و تاکتیکی، لەگەڵ ئەنجامدانی باشترکردنی کردەیی لە نھێنی و فێڵکردندا. لەناوبردنی گرووپی سوپای ناوەند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی باگراتیۆن، سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بە سۆڤیەتەکان بەخشی؛ ھێرشەکانیان لە ساڵی ١٩٤٤ دژی گرووپی سوپاکانی باکوور و باشووری ئەڵمانیا بەردەوام بوو، ئەمەش وای کرد ئامێری جەنگیی ئەڵمانیا پاشەکشە بکات. تا گەیشتینە کانوونی دووەمی ١٩٤٥، سوپای سۆڤیەت بەرلین، پایتەختی ئەڵمانیای کردبووە ئامانج. جەنگ بە شکستی تەواو و خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیای نازی لە ئایاری ١٩٤٥ کۆتایی ھات.

تاوانەکانی جەنگ

[دەستکاری]

ھەرچەندە یەکێتیی سۆڤیەت ڕێککەوتننامەی جنێڤی واژوو نەکردبوو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە سەربازەکانی پارێزراو نین بەو پارێزبەندییەی کە ڕێککەوتننامەکە دابینی دەکات؛ بەڵام ئەڵمانیا کە پەیماننامەکەی واژوو کردبوو، پابەند بوو بە پێدانی چاودێری بە دیلە سۆڤیەتییەکان بەپێی حوکمەکانی (ھەروەک چۆن بە گشتی لەگەڵ دیلەکانی ھاوپەیمانان دەیکرد). بە وتەی سۆڤیەتەکان، ئەوان ڕێککەوتننامەی جنێڤی ١٩٢٩یان واژوو نەکردبوو بەھۆی ماددەی ٩ کە تێیدا جیاکاریی ڕەگەزیی دیلەکانی جەنگی لە کامپە جیاوازەکاندا سەپاندبوو و ئەمەش دژی دەستووری سۆڤیەت بوو. ماددەی ٨٢ی ڕێککەوتننامەکە دەڵێت «لە کاتی جەنگدا، کاتێک یەکێک لە شەڕکەرەکان لایەن نەبێت لە ڕێککەوتننامەکە، ئەوا حوکمەکانی بە کاریگەریی دەمێننەوە لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا». سەرەڕای ئەوە، ھیتلەر داوای ئەوەی کردبوو کە شەڕ دژی یەکێتیی سۆڤیەت «خەباتێک بێت بۆ مانەوە» و جەختی لەسەر «لەناوبردنی» سوپاکانی ڕووسیا کردەوە، کە ئەمەش بیرکردنەوەیەک بوو کە بووە ھۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژی دیلەکانی سۆڤیەت. مارتن بۆرمان لە یاداشتێکی نازی دا لە ١٦ی تەممووزی ١٩٤١، وتەیەکی ھیتلەری گێڕاوەتەوە و دەڵێت: «پێویستە ناوچە زەبەلاحەکە [داگیرکراوەکە] بە زووترین کات ھێمن بکرێتەوە و ئەمەش بە باشترین شێوە ڕوودەدات ئەگەر تەقە لە ھەرکەسێک بکرێت کە نامۆ دەربکەوێت». نازییەکان سوودیان لە واژوونەکردنی سۆڤیەت بۆ ڕێککەوتننامەکە وەرگرت و وەک کارتێک لە دەستیان دا بەکاریان ھێنا و ڕەفتارەکانی خۆیان بەو پێیە پاساو دا؛ بەڵام تەنانەت ئەگەر سۆڤیەتەکانیش واژوویان بکردایە، ئەگەری ئەوە کەم بوو کە ئەمە سیاسەتی کۆمەڵکوژیی نازی بەرامبەر بە شەڕکەران و خەڵکی سڤیل و دیلەکانی سۆڤیەت ڕابگرێت.

ھیتلەر پێش جەنگ «فەرمانی کۆمیسارەکان»ی بەناوبانگی دەرکردبوو کە داوای کوشتنی ھەموو کۆمیسارە سیاسییەکانی سۆڤیەتی دەکرد کە لە بەرەی جەنگدا بەدیل دەگیران، دەستبەجێ و بەبێ دادگاییکردن. سەربازانی ئەڵمانیا لەم کوشتارە بەکۆمەڵانەدا لەگەڵ ئەندامانی ئێس ئێس-ئایینزاتسگرۆپن (بە ئەڵمانی: SS-Einsatzgruppen) بەشدارییان کرد، ھەندێک جاریش بە ناچاری بە بیانووی «پێویستیی سەربازی». لە ئاستی داگیرکاریدا، بە سەربازانی ئەڵمانیا ڕاگەیەنرا کە شەڕەکەیان «پێویستی بە ڕێوشوێنی توند و تیژ ھەیە دژی ھاندەرانی بەلشەفی، چەکدارەکان، تێکدەرەکان و جوولەکەکان و لەناوبردنی تەواوی ھەموو بەرگرییەکی چالاک و ناچالاک». سزای بەکۆمەڵ دژی ھەر ھێرشێکی حیزبی ڕێگەپێدراو بوو؛ ئەگەر تاوانبار بە خێرایی نەناسرایەوە، ئەوا چارەسەر سووتاندنی گوندەکان و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بوو کە وەک کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی قبوڵکراو دادەنرا. ھەرچەندە زۆرینەی سەربازانی ئەڵمانیا بەھۆی پڕوپاگەندەی نازییەوە کە سوپای سووری وەک ڕەگەزێکی نزمتر (ئۆنترمینش) وێنا دەکرد، بە ڕەزامەندییەوە پێشوازییان لەو تاوانانە کرد، بەڵام ژمارەیەکی کەمی ئەفسەرانی باڵای ئەڵمانیا بە ئاشکرا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەوە دەربڕی. نزیکەی دوو ملیۆن دیلی سۆڤیەت لە برسێتیدا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی باربارۆسادا گیانیان لەدەستدا. زۆرێک لە دیلە برسییەکان نەیاندەتوانی بەپێی خۆیان بڕۆن. لە کۆتایی جەنگدا، نزیکەی ٥٨٪ی دیلەکانی سۆڤیەت لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەڵمانیادا مردن.

پۆلیسی ئەڵمانیا و ھێزە سەربازییەکان، جگە لە ھاوکارە ناوخۆیییەکان، تاوانی ڕێکخراویان دژی خەڵکی سڤیل، لەوانەش ژنان و منداڵان، ئەنجامدا. تیمەکانی مەرگ، ئایینزاتسگرۆپن، لەژێر فەرماندەیی نووسینگەی ئاسایشی سەرەکیی ڕایشدا، کۆمەڵکوژیی گەورەیان بۆ سەر جوولەکە و شیوعییەکان لە خاکە داگیرکراوەکانی سۆڤیەتدا ئەنجامدا. لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤١، ھیملەر و ھیتلەر گفتوگۆیان لەسەر «پرسی جوولەکە» کرد، کە تێیدا ھیملەر ئاماژەی بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە کرد لە کتێبی دەستنیشانکردنیدا: «پێویستە وەک پارتیزانەکان لەناوببرێن». بە وتەی کریستۆفەر براونینگ، ئەمە نوێنەرایەتیی بڕیاری نازیی دەکرد «بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان و چارەسەرکردنی ئەوەی پێی دەگوترا «پرسی جوولەکە» لەژێر پەردەی کوشتنی پارتیزانەکاندا». بەپێی سیاسەتەکانی نازی دژی گەلانی ئاسیایی «نزمتر»، تورکمانەکانیش بەشیان لە چەوسانەوە ھەبوو. ئەمیر والی قاجۆم خان لە ڕاپۆرتێکی دوای جەنگدا باسی لەوە کردووە کە ئەوان لە کامپەکانی دەستبەسەرکردندا لەژێر بارودۆخێکی ترسناکدا زیندانی کراون و ئەوانەی باوەڕ دەکرا خاوەنی تایبەتمەندیی «مەنگۆلی» بن، ڕۆژانە دەکوژران. ھەروەھا ئایینزاتسگرۆپن ئاسیایییەکانیان کردبووە ئامانج و تووشی تاقیکردنەوەی پزیشکیی کوشندە و کوشتن دەبوونەوە لە «پەیمانگای پەرستاری» لە کیێڤ. ھیتلەر ڕاپۆرتی لەبارەی کۆمەڵکوژییەکانی ئایینزاتسگرۆپنەوە پێدەگەیشت کە سەرەتا بۆ نووسینگەی ئاسایشی سەرەکیی ڕایخ دەنێردرا و ھاینریخ مولەر، سەرۆکی گێستاپۆ، لە ڕاپۆرتێکی کورتدا کۆی دەکردنەوە.

کردەوەی سەربازانی سوپای نۆیەمی ئەڵمانیا بریتی بوو لە سووتاندنی ئەو ماڵانەی کە گومانیان لێدەکرا شوێنی کۆبوونەوەی پارتیزانەکان بن و ژەھراویکردنی بیرەکانی ئاو. لە خارکۆڤ، چوارەم گەورەترین شاری یەکێتیی سۆڤیەت، خواردن تەنھا بۆ ژمارەیەکی کەمی ئەو خەڵکە سڤیلە بوو کە بۆ ئەڵمانییەکان کاریان دەکرد، ئەوانی دیکە تووشی مردن لە برسێتیدا بوون. ئەڵمانییەکان ھەزاران سۆڤیەتیان بۆ ئەڵمانیا نارد بۆ ئەوەی وەک کرێکاری زۆرەملێ بەکاریان بھێنن، ئەمەش لە ساڵی ١٩٤٢ەوە دەستیپێکرد.

ھاووڵاتیانی لێنینگراد تووشی گەمارۆ و بۆردوومانێکی توند بوون کە ٨٧٢ ڕۆژی خایاند و تێیدا زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە برساندا مردن، لەوانە نزیکەی ٤٠٠٬٠٠٠ منداڵی خوار تەمەنی ١٤ ساڵ. گەمارۆی ئەڵمانی-فینلاندی ڕێگری لە گەیشتنی خواردن و سووتەمەنی و ماددەی خاو بە شارەکە کرد تا ئەو ڕادەیەی کە بەشەخۆراکەکان گەیشتنە ڕێژەیەکی زۆر نزم، دانیشتووانی بێکار چوار ئۆنس (پێنج پارچەی تەنک) نان و شۆربا و کەمێک ئاویان ڕۆژانە وەردەگرت. برسێتی وای لە دانیشتووانی شارەکە کرد کە ئاژەڵە زیندوو و مردووەکان و ھەروەھا دەرمانی قژ و ڤازلین بخۆن. برسێتی و بێھیوایی ھەندێکیانی گەیاندە ئەوەی کە گۆشتی مرۆڤ بخۆن؛ تۆمارەکانی سۆڤیەت باس لەوە دەکەن کە ٢٬٠٠٠ کەس بەھۆی «خواردنی گۆشتی مرۆڤ»ەوە لە کاتی گەمارۆکەدا دەستگیرکراون، ٨٨٦ کەسیان لە زستانی یەکەمی ١٩٤١–٤٢دا بوون. پلانی ڤێرماخت گەمارۆدانی تەواوی لێنینگراد و برسی کردنی دانیشتووانەکەی و پاشان وێرانکردنی تەواوی شارەکە بوو.

توندوتیژیی سێکسی

[دەستکاری]

دەستدرێژیکردنی سەربازانی ئەڵمانیا بۆ سەر ژنانی سۆڤیەت بووە دیاردەیەکی بڵاو لە ڕۆژھەڵاتدا، کە تێیدا بە شێوەیەکی بەردەوام کردەوەی سێکسیی توندوتیژ ئەنجام دەدرا. ھەندێک جار یەکەی سەربازیی تەواو بەشدارییان دەکرد لە ئەنجامدانی زیاتر لە سێیەکی حاڵەتەکانی دەستدرێژیی بەکۆمەڵ. سەبارەت بە ژنانی جوولەکە، ئەوان دەستبەجێ دوای پرۆسەی دەستدرێژییەکە دەکوژران. مێژوونووس بێرگیت بێک جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەکارھێنانی ڕێوڕەسمی سەربازی بۆ ڕێگەدان بە کردەوە دڕندانەکان لە چەندین ئاستدا، بنەماکانی ھەر دادگاییکردنێکی تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسی کە لەلایەن سەربازانی ئەڵمانیاوە لە ڕۆژھەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت ئەنجام دراوە، تێکداوە. ھەروەھا ئیدعای ئەوەی کردووە کە ئاشکراکردنی ئەم جۆرە حاڵەتانە بەو ڕاستییە سنووردار بووە کە توندوتیژیی سێکسی زۆر جار لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلدا ڕوویداوە.

گرنگیی مێژوویی

[دەستکاری]

ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت، چونکە تێیدا زۆرترین ژمارەی پیاو و تانک و تەقەمەنی و فڕۆکە زیاتر لە ھەر کاتێکی تر لە ھێرشێکدا بڵاوکرانەوە. داگیرکارییەکە گۆڕەپانی بەرەی ڕۆژھەڵاتی جەنگی جیھانیی دووەمی کردەوە، کە گەورەترین گۆڕەپانی جەنگ بوو لەو ململانێیەدا، و شایەتی توندوتیژی و وێرانکارییەک بوو کە چوار ساڵ پێشتر وێنەی نەبوو و بووە ھۆی کوژرانی زیاتر لە ٢٦ ملیۆن کەس لە سۆڤیەتەکان. ژمارەی کوژراوانی بەرەی ڕۆژھەڵات زیاترە لە کوژراوانی ھەموو شەڕەکانی دیکەی جیھان لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا. زیانەکانی ئابووری و دیمەنی سروشتی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت زۆر گەورە بوون، چونکە نزیکەی ١٬٧١٠ شارۆچکە و ٧٠٬٠٠٠ گوند وێران کران.

شکستی ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا و لە ئەنجامدا شکستی ئەڵمانیا لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی، دیمەنی سیاسیی ئەورووپای گۆڕی و دابەشی کرد بەسەر دوو بلۆکی ڕۆژھەڵاتی و ڕۆژاواییدا. یەکێتیی سۆڤیەت ئەو بۆشایییە سیاسییەی پڕکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە نیوەی ڕۆژھەڵاتی کیشوەرەکەدا بەجێیھێشتبوو، کاتێک ستالین دەستکەوتە ھەرێمییەکانی لە ماوەی ١٩٤٤–١٩٤٥دا مسۆگەر کرد و سوپای سووری لە بولگاریا، ڕۆمانیا، ھەنگاریا، پۆڵەندا، چیکۆسلۆڤاکیا و بەشی ڕۆژھەڵاتی ئەڵمانیا جێگیر کرد. ترسی ستالین لە گەڕانەوەی ھەر ھێزێکی ئەڵمانی و متمانەنەبوونی بە وڵاتانی ھاوپەیمان، بووە ھۆی دەستپێشخەرییەکی سۆڤیەت بۆ یەکێتیی سلاڤی و پاشان ھاوپەیمانییەکی دواتری ئەو وڵاتانە. مێژوونووسان دەیڤید گلانتز و جۆناسان ھاوس ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا نەک تەنھا کاریگەریی لەسەر ستالین ھەبووە، بەڵکو لەسەر سەرکردەکانی دوای ئەویش، چونکە ئیدعایان دەکرد کە «ڕەنگی» بیرکردنەوەی ستراتیژیی بۆ ماوەی «چوار دەیەی داھاتوو» کردووە و ھانی دروستکردنی «سیستەمێکی پێشکەوتووی وڵاتانی داردەست و بەربەست»ی داوە بۆ دابڕینی یەکێتیی سۆڤیەت لە ھەر ھێرشێکی ئەگەریی داھاتوو. لە ئەنجامدا، ئەورووپای ڕۆژھەڵات لە ڕەفتاری سیاسیدا بوو بە شیوعی و ئەورووپای ڕۆژاوا کەوتە ژێر کاریگەریی دیموکراسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە وڵاتێک بوو سیاسەتەکانی داھاتووی لە ئەورووپا دڵنیا نەبوو.

تێبینییەکان

[دەستکاری]
  1. لەناو ئۆتۆمبێلە زریپۆشەکاندا، ئەسکی ڕاپۆرت دەکات کە ٣٠١ تۆپی ھێرشبەر، ٢٥٧ تانکتێکشکێن و تۆپی خۆبزوێن، ١٬٠٥٥ نیوە-ترانێتی زریپۆش، ١٬٣٦٧ ئۆتۆمبێلی زریپۆش، و ٩٢ ئۆتۆمبێلی ئەندازیاریی سەربازی و گواستنەوەی تەقەمەنی ھەبوون.[٥]
  2. ٨٨١٬٧٨٨ کەسیان ئەڵمانین[١٦]
  3. ئەمە ٣٩٥٬٧٩٩ کەس ناگرێتەوە کە بەھۆی ھۆکاری دەرەوەی جەنگ بە نەشیاو بۆ خزمەت دانراون. ٩٨٪ی ئەو ٣٩٥٬٧٩٩ کەسە دوای ماوەیەکی کورت لە چارەسەر گەڕاونەتەوە بۆ خزمەتی چالاک، واتە تەنھا نزیکەی ٨٬٠٠٠ کەسیان بوونەتە زیانی ھەمیشەیی. Askey 2014, p. 178.
  4. ٨٥٥ کوژراو، ٢٬٢٨٨ بریندار، ٢٧٧ ونبوو و دیل، ١٬٠٠٠ نەخۆش و بریندار[٢٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 Clark 2012، لاپەڕە 73.
  2. Glantz 2001، لاپەڕە ٩.
  3. 1 2 3 Glantz 2010a، لاپەڕە 20.
  4. 1 2 3 Liedtke 2016، لاپەڕە 220.
  5. 1 2 3 4 Askey 2014، لاپەڕە ٨٠.
  6. Liedtke 2016، لاپەڕە ٢٢٠, کە ٢٥٩یان تۆپی ھێرشبەر بوون.
  7. Bergström 2007، لاپەڕە ١٢٩.
  8. 1 2 Glantz & House 2015، لاپەڕە ٣٨٤.
  9. Glantz 2001، لاپەڕە ٩, دەڵێت ٢٫٦٨ ملیۆن.
  10. Glantz 1998، لاپەڕەکانی ١٠–١١, ١٠١, ٢٩٣, دەڵێت ٢٫٩ ملیۆن.
  11. Mercatante 2012، لاپەڕە 64.
  12. Clark 2012، لاپەڕە ٧٦.
  13. Glantz 2010a، لاپەڕە ٢٨, دەڵێت ٧٬١٣٣ فڕۆکە.
  14. Mercatante 2012، لاپەڕە ٦٤, دەڵێت ٩٬١٠٠ فڕۆکە.
  15. Clark 2012، لاپەڕە ٧٦, دەڵێت ٩٬١٠٠ فڕۆکە.
  16. 1 2 Askey 2014، لاپەڕە ١٧٨.
  17. 1 2 Bergström 2007، لاپەڕە ١١٧.
  18. 1 2 Askey 2014، لاپەڕە ١٨٥.
  19. Axworthy 1995، لاپەڕەکانی ٥٨, ٢٨٦.
  20. Vehviläinen 2002، لاپەڕە ٩٦.
  21. Ziemke 1959، لاپەڕە ١٨٤.
  22. Kirchubel 2013, chpt. "Opposing Armies".
  23. Andaházi Szeghy 2016، لاپەڕەکانی ١٥١–١٥٢, ١٨١.
  24. Krivosheev 1997، لاپەڕەکانی ٩٥–٩٨.
  25. Sharp 2010، لاپەڕە ٨٩.

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «عملية بربروسا»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٥\٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥.