ئور نەمۆ
ئورنەمۆ 𒌨𒀭𒇉 | |
---|---|
پادشای سۆمەر و ئەکەد | |
![]() | |
فەرمانڕەوایی | ٢١١٢پ.ز - ٢٠٩٤پ.ز |
جێگر | شولگی |
منداڵ(ەکان) | شولگی |
خانەدان | سێیەم ئیمپراتۆریەتی ئور |
مردن | ٢٠٩٤پ.ز |
ئایین | دینی سۆمەری |
ئور-نەمۆ (ئور-نامۆ، ئور-ئەنگۆر، یان ئور-کۆر) (بە سۆمەری: 𒌨𒀭𒇉) (لە ساڵی ٢٠٤٧ تا ٢٠٣٠ یان ٢١١٢ تا ٢٠٩٤ پێش زایین حوکمڕانی کردووە) دامەزرێنەری سێیەم ئیمپراتۆریەتیی ئورە لە میزۆپۆتامیا. ھەروەھا دامەزرێنەری یەکەمین نووسراوی یاسایییە لە مێژوودا، کە سێ سەدە پێش یاسای حاموڕابیی پاشای بابل بووە.[١][٢][٣]

ئور-نەمۆ توانی شارەکانی سۆمەری (ئوور، ئێریدو، ئورووک، لاگاش، نیپوور، کیش، ئەداب و ئوما) یەکبخات لە دژی دەسەڵاتی گۆتییەکان و توانی حوکمڕانی میزۆپۆتامیا لە گۆتییەکان بسەنێتەوە کە پێشتر وڵاتەکەیانی کۆنترۆڵکردبوو و ئیمپراتۆریەتی ئەکەدییان ڕووخاندبوو و خۆی بە پاشای سۆمەر و ئەکەد ناوبرد.

ئور-نەمۆ توانی چەندین پەرستگا درووست بکات، لەوانە زەقوورە لە ئوور. ھەروەھا لە شارەکانی نیپوور، لارسا، کیش، ئەداب و ئوما پەرستگای درووست کردووە. ھەروەھا یەکەم نووسراوی یاسایی لە مێژوودا داڕشت.
لە ساڵی ٢٠٣٠ پێش زایین کوژراوە. دوای شەڕێک لە دژی گۆتییەکان و دوای ئەوەی توانی تەواوی کەنداوی سۆمەری لە ژێر دەسەڵاتی گوتیەکان ڕزگار بکات و دوای مردنی پاشا ئور نەمۆ، شولگیی کوڕی (٢٠٩٣-٢٠٤٦ پێش زایین) شوێنی گرتەوە و حوکمڕانی شاری ئور دەکات. نزیکەی ٤٨ ساڵ حوکمڕانی شانشینەکەی کرد، ئەمەش وایکرد کە شانشینەکە پەرە پێبدات و ھەندێک لە دامەزراوەکانی شارەکانی سۆمەر و ئەکەد فراوانتر بکات، دیارترینیان تەواوکردنی دروستکردنی ژمارەیەک پەرستگا و زەقوورە بوو، وەک زەقوورەی ئور خۆی و زەقوورەی ئورووک. ھەروەھا گرنگی بە شاری ئەریدۆ و پەرستگاکانی دەدا.
گرنگترین دەستکەوتەکانی
[دەستکاری]
گرنگترین کارەکان کە شا ئور نەمۆ لە شاری ئوور و گەشەکردن و خۆشگوزەرانییەکەی لەو ماوەیەدا کردی، کە دەتوانرێت لە ھەندێک چاکسازیی ئیداری و دەستکەوتی شارەکاندا کورت بکرێتەوە، لەوانە:
١. لە ئووری پایتەختەکەیدا زەقوورەیەکی بۆ خوداوەندی ئیناننا درووستکرد و چەندین بینای درووستکرد و پەرستگا وێرانبووەکانی خوداوەندەکانی، لە شارە جۆراوجۆرەکانی سۆمەری نۆژەنکردەوە.
٢. قەڵای شارەکە، کە لە سێ لاوە دەڕوانێتە ڕووباری فورات.

٣. پێشنیاری ھەڵکەندنی کەناڵی ئاودێری کرد بۆ گەیاندنی ئاو لە ڕووباری دیجلە و فورات بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان، ھەروەھا چاککردنەوە کۆنەکان تێیدا.
٤. سیاسەتی وڵاتەکەی بە دیاریکردن و دانانی سنوورەکانی نێوان شار و ناوچەکان کە لە دوای ئەو ئاژاوەگێڕییەی کە گۆتییەکان درووستیان کردبوو تێکەڵ بووبوون. دەسەڵاتی پارێزگارە ناوخۆییەکان، پارێزگارەکانی شارەکان و پارێزگارانی ھەرێمەکانی دیاریکرد، ھەروەھا بەرپرسیارێتیی کارگێڕییان دیاریکرد، ھەروەھا ناکۆکی و ململانێکانی پەیوەست بە ناوچە ژینگەییەکانی پەیوەست بە زەوی و سەرچاوەکانی ئاو چارەسەر کرد.
٥. دەرکردن و یاسادانانی یاساکەی بە یەکەمین لە جۆری خۆی دادەنرێت لە مێژووی میزۆپۆتامیا و ڕۆژھەڵاتی نزیکی کۆندا، بەو پێیەی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا لە لایەک و لەنێوان پەرستگا و کۆشکی شاھانە لە لایەکی دیکەوە لەخۆگرتبوو. لە یاساکاندا ڕێگری لە قەشە و بەرپرسە باڵاکان دەکرا کە پۆستە ئایینی و حکومییەکانیان بقۆزنەوە بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات و سەروەت و سامان لەسەر حیسابی خەڵک. بە یەکێک لە کۆنترین یاساکان دادەنرێت کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە و بە نووسینی مێخی (مسماری، بزماری) نووسراوە، بەو پێیەی یاساکە پێکھاتبوو لە پێشەکییەک کە دواتر بڕگەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەھێنا و دواتر بە پوختەیەک کۆتایی ھات. پێشەکییەکە تایبەت بوو بە باسکردنی ئور-نەمۆ. ماددە یاساییەکان باسیان لە سی و دوو بابەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکرد.[٤][٥][٦][٧]

سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «УР-НАММУ • Большая российская энциклопедия - электронная версия». لە ڕەسەنەکە لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە.
- ^ «Ur-Nammu | king of Ur | Britannica». لە ڕەسەنەکە لە ٢١ی ئابی ٢٠١٨ ئەرشیڤ کراوە.
- ^ «DNB, Katalog der Deutschen Nationalbibliothek». لە ڕەسەنەکە لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە.
- ^ لۆید سیتون، فن الشرق الأدنی القدیم، ترجمە محمد درویش، بغداد، ١٩٨٨.
- ^ مالوان، ماکس، حضارات عصر فجر السلالات فی العراق، ترجمە کاظم سعد، بغداد ٢٠٠١.
- ^ لۆید سیتون، اثار بلاد الرافدین من العصر الحجری القدیم حتی الغزو الفارسی، ترجمە محمد طلب، دمشق، ١٩٩٣.
- ^ نخبە من الباحثین العراقین، حضارە العراق، جزء ٢، بغداد ١٩٨٥.
- دەروازەی ژیاننامە
- دەروازەی ئاسیا
- دەروازەی مێژوو
- دەروازەی عێراق
- دەروازەی نژیاروانی
- دەروازەی ھونەرەکان