ئەکادیمیای کوردی
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. |
| دامەزران | ٣٠ی ئاب ١٩٧٠ بەغدا ١٩٩٧ (دامەزراندنەوە) هەولێر |
|---|---|
| شوێن | |
سەرۆک | حەمەسەعید حەسەن |
جێگری سەرۆک | كاروان عمر قادر |
| وێبگە | ماڵپەڕی ئەکادیمیای کوردی |
پێشووتر ناسرابوو بە | کۆڕی زانیاری کورد (١٩٧٠–١٩٧٨) "دەستەی کورد" سەر بە المجمع العلمي العراقي (١٩٧٨ - ٢٠٠٦) کۆڕی زانیاری کوردستان (١٩٩٧-٢٠٠٧) |
ئەکادیمیای کوردی (لە سەرەتاوە ناوی "کۆڕی زانیاری کورد" و دواتریش "کۆڕی زانیاری کوردستان" بووە) دامەزراوەیەکی زانستیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دایمەزراندووە و لە ڕووی تیۆریەوە بە بۆڤەگەڕ (مەرجەع)ێکی باڵای زمانی کوردی دادەنرێت، بۆ هەر پرس و بابەتێک کە پەیوەندی بە زمانی کوردی و شێوەزارەکانی و پاراستن و دەوڵەمەندکردنیەوە ھەبێت. ئەکادیمیای کوردی مەبەستی خۆی لە چالاکیی گەیشتن بە زمانێکی یەکگرتووی فەرمیی کوردی ڕاگەیاندووە. بارەگای ئەکادیمیای کوردی لە شاری ھەولێرە.[١]
لە ٢٠٢٤ەوە حەمەسەعید حەسەن سەرۆکی ئەکادیمیای کوردیە.[٢]
مێژوو
[دەستکاری]

ئەکادیمیای کوردی درێژکراوەی کۆڕی زانیاری کوردە کە لە ٣٠ی ئابی ١٩٧٠ لە بەغدا دامەزرا و یەکێک بوو لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول و "بەیاننامەی ١١ی ئادار"ی ١٩٧٠. "کۆڕی زانیاری کورد" کە وەرگێڕانی وشەییی هاوتا عەرەبیەکەی بوو (المجمع العلمي العراقي) واتە عەرەب کە هەردەم هەوڵ دەدەن وشەی بیانی بکەنە عەرەبی، "ئەکادیمیا"یان کردبووە "المجمع العلمي"، کوردیش هاتن عەرەبیەکەیان کردە کوردی و "کۆڕی زانیاری"یان بە کار هێنا، ئەو کات وشەی "زانیاری" (کە واتای معلومات و مەعاریف ی دەدا زیاتر) لە جیاتی "زانستی" بە کار هێنرا (سەیری فەرهەنگەکانی گیو موکریانی بکە) هەرچەندە وشەی "زانستی" بۆ "علمی" بە کار دەهات (سەیری فەرهەنگەکەی شێخ محەمەدی خاڵ بکە)، ئەو تێکەڵکردنەی "زانیاری" و "زانستی" یەکێک لەو سەتان هەڵە باوەیە کە هەندێکیان تا ئێستاش ماون بەڵکو هی دیکەش وا وردە وردە دروست دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە، ئەمیش بە هۆی کەسانی نەزان و نەشارەزا لە زمان. خۆی هەر لە سەرەتاوە دەبوایە وشە گریکیە کۆنەکە وەربگرن واتە (ئەکادیمیا) کە لە ناو هەموو زمانە ئەوڕوپیەکان جێی خۆی کردۆتەوە. جا ئەو "کۆڕی زانیاری کورد"ە هەر بەم ناوە و بە شێوەی سەربەخۆ بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٧٨، لەو ساڵە بە دواوە سەربەخۆییەکەی لێ سەندرایەوە (بە هۆی پاشەکشەی دۆز و خەباتی کورد لە عێراق و کوردستانی باشوور لە دوای شکستەکەی ساڵی ١٩٧٥ی شۆڕشی کورد)، ناوەکەی کرایە "دەستەی کورد"ی سەر بە "المجمع العلمي العراقي". ئەو دامەزراوە زانستیە کوردیە لە بەغداد کاری خۆی بەردەوام کرد تەنانەت دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەددامیش لە ساڵی ٢٠٠٣، مایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ دوا ژمارەی گۆڤاری "کۆڕی زانیاری" دەرکرد (لە ١٩٧٣ە تا ٢٠٠٦، ٣١ ژمارەی لە ٢٦ بەرگدا لێ بڵاو کرایەوە)، ئینجا "دەستەی کورد" هەڵوەشایەوە و نەما چونکە لە هەولێر ئەکادیمیایەکی دیکە دامەزرێنرابوو. جودا لەوەی بەغداد، لە هەرێمی کوردستانی باشوور "کۆڕی زانیاری" دامەزرێندرایەوە، بە هەوڵی مامۆستا و وەرگێڕی ناسراوی کورد "شوکور مستەفا" (١٩٢٦-٢٠٠٣) کە لە ساڵی ١٩٩٧ لە بەغدادەوە هاتبۆوە هەرێمی ئازادکراوی کوردستان، ئەو خۆی لە ساڵی ١٩٧٥ کرابووە ئەندامی "کۆڕی زانیاری کورد" تا ساڵی ١٩٩٦. ئەوە بوو پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی بۆ دامەزراندنەوەی "کۆڕ" دەرکرد بە یاسایەکی تایبەت، یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ١٩٩٧ (٢٨ی دیسێمبەری ١٩٩٧) و ناوی ئەو دامەزراوە زانستیە کرایە "کۆڕی زانیاری کوردستانی عێراق". هەر لە سەرەتاوە ڕەخنە و تێبینی هەبوون لە سەر ناوەکەی چونکە گونجاو و ناڕێك و هەڵە بوو، کە بۆچی "کۆڕی زانیاری" بێت؟ بۆچی "زانیاری" بێت نەک "زانستی"، بۆچی "کوردستانی" بێت نەک "کوردی"، بۆچی "کوردستانی عێراق" بێت؟ دەبوایە لاساییی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بکرێتەوە کە ناوی دامەزراوەی لەو چەشنەیان "ئەکادیمیا"یە و بۆ خزمەتی زمانی گەل و نەتەوە دامەزراون. هەر چۆنێک بێت، ئەو دامەزراوەیە لە ١٩٩٨ هەتا ٢٠٠٠ مامۆستا شوکور سەرۆکەکەی بوو بەڵام تەنیا بوو و ئەو قۆناغە بە "قۆناغی ڕێکخستنەوە" ناسراوە بەڵام لە دوای ئەوەی لە ١٣ی نۆڤێمبەری ٢٠٠٠ دوکتۆر شەفیق قەزاز (١٩٣٤-٢٠٢٠) بە بڕیاری ژمارە ٩٥ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت کرایە سەرۆکی کۆڕ چونکە ئەو کات وەزیری یارمەتی مرۆڤایەتی و هاوکاریی حکومەتی هەرێم بوو، کەوتە چالاکی و هاندانی ئەدیب و نووسەر و زمانناسانی کوردی تا پەیوەندیی بە کۆڕ بکەن و بەشداریی بکەن لە خزمەتی زمانی کوردی، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کەم بە پیر بانگەوازەکەی "کۆڕ"ەوە چوون دیارترینیان د. مارف خەزنەدار (١٩٣٠-٢٠١٠) بوو، توانیان لە ساڵی ٢٠٠٢ یەکەم ژمارەی گۆڤاری "گۆڤاری ئەکادیمی" بکەن کە تا هەنووکە بەردەوامە و ساڵانە ژمارەیەک یان دوانی لێ بڵاو دەکرێتەوە. لە دوای بڕیاری یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی کوردستان (ئیدارەی یەکێتی لە سلێمانی و ئیدارەی پارتی لە هەولێر کە لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بە هۆی شەڕی ناوخۆوە دروست بووبوون) ئەوە بوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ دا، داوا لە شەفیق قەزاز و کەمال فوئاد کرا تا خەریکی دامەزراندنەوەی ئەنجومەنی کۆڕی زانیاری کوردستان بن. لە ٣١ی دیسێمبەری ٢٠٠٧ یاسای "کۆڕی زانیاری کوردستانی عێراق" هەموار کرا و ناوی دامەزراوە زانستیەکە کرا بە "ئەکادیمیای کوردی" و د. شەفیق قەزاز بە فەرمی کرایە سەرۆکی ئەکادیمیا.[١]
پێکھاتەی ئەکادیمیا
[دەستکاری]ئەکادیمیای کوردی پێکهاتووە لە ١٥ ئەندامی کارا و ١١ ئەندامی شەڕەفمەند (فەخری) و ١٥ ئەندامی یاریدەدەر.
خولی یەکەم
[دەستکاری]لە خولی یەکەمی ئەکادیمیا کە لە ٢٢ی ئابی ٢٠٠٧ ھەتا ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١١ بەردەوام بوو، ئەنجومەنی ئەکادیمیا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو.[١]
| ژمارە | ناو | جێگا |
|---|---|---|
| ١ | شەفیق قەزاز | سەرۆک |
| ٢ | ڕەشید فندی | ج. سەرۆک |
| ٣ | ئازاد ئەحمەد | سکرتێر |
| ٤ | نەجاتی عەبدوڵڵا | ئەندامی تەرخانکراو |
| ٥ | کەمال مەزھەر | ئەندام |
| ٦ | عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ | ئەندام |
| ٧ | نووری تاڵەبانی | ئەندام |
| ٨ | عەبدولفەتتاح عەلی | ئەندام |
| ٩ | موحسین محەممەد حوسێن | ئەندام |
| ١٠ | جەمال عەبدول | ئەندام |
| ١١ | جەبار قادر | ئەندام |
| ١٢ | وریا عومەر ئەمین | ئەندام |
| ١٣ | موئەیەد تەیب | ئەندام |
| ١٤ | محەممەدی مەلا کەریم | ئەندام |
| ١٥ | محەممەد عەلی قەرەداغی | ئەندام |
خولی دووەم
[دەستکاری]لە خولی دووەمی ئەکادیمیا کە لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١١ ھەتا ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٥ بەردەوام بوو، ئەنجومەنی ئەکادیمیا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو.[١]
| ژمارە | ناو | جێگا |
|---|---|---|
| ١ | نووری تاڵەبانی | سەرۆک |
| ٢ | ئازاد ئەحمەد | ج. سەرۆک |
| ٣ | نەجاتی عەبدوڵڵا | سکرتێر |
| ٤ | کەمال مەزھەر | ئەندامی کارا |
| ٥ | عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ | ئەندامی کارا |
| ٦ | شەفیق قەزاز | ئەندامی کارا |
| ٧ | عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی | ئەندامی کارا |
| ٨ | موحسین محەممەد حوسێن | ئەندامی کارا |
| ٩ | جەمال عەبدول | ئەندامی کارا |
| ١٠ | جەبار قادر | ئەندامی کارا |
| ١١ | وریا عومەر ئەمین | ئەندامی کارا |
| ١٢ | محەممەد عەلی قەرەداغی | ئەندامی کارا |
| ١٣ | فارووق عومەر سدیق | ئەندامی کارا |
| ١٤ | عەبدولڕەحمان مزووری | ئەندامی کارا |
خولی سێیەم
[دەستکاری]ئەندامانی خولی سێیەمی ئەکادیمیا، لە ڕۆژی ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٥ کە بە دەنگدانی نھێنی هەڵبژێردان بەم شێوەیە ئەمانە بوون.[١]
| ژمارە | ناو | جێگا |
|---|---|---|
| ١ | عەبدولفەتاح عەلی بۆتانی | سەرۆک |
| ٢ | نەجاتی عەبدوڵڵا | جێگری سەرۆک |
| ٣ | عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ | ئەندامی کارا |
| ٤ | موحسین محەممەد حوسێن | ئەندامی کارا |
| ٥ | جەمال عەبدول | ئەندامی کارا |
| ٦ | وریا عومەر ئەمین | ئەندامی کارا |
| ٧ | محەممەد عەلی قەرەداغی | ئەندامی کارا |
| ٨ | فارووق عومەر سدیق | ئەندامی کارا |
| ٩ | عەبدولڕەحمان مزووری | ئەندامی کارا |
خولی چوارەم
[دەستکاری]خولی پێنجەم
[دەستکاری]ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەکادیمیا، لە ڕۆژی ١٣ی مایسی ٢٠٢٤ بە دەنگدانی نهێنی ھەڵبژێردران، ئەمانە بوون:
| ژمارە | ناو | جێگا |
|---|---|---|
| ١ | حەمەسەعید حەسەن | سەرۆک |
| ٢ | د. کاروان عومەر ئەحمەد | ج. سەرۆک |
| ٣ | د. لەزگین عەبدولڕەحمان ئەحمەد | سکرتێر |
| ٤ | حەمەزیاد مەولوود ئەحمەد | ئەندامی تەرخانکراو |
| ٥ | موئەیەد تەییب | ئەندامی تەرخانکراو |
| ٦ | ئەحمەد قەڕەنی (ئەحمەد محەممەد مام عوسمان) | ئەندامی کارا |
| ٧ | تەحسین ئیبراھیم دۆسکی | ئەندامی کارا |
| ٨ | د. قەیس کاکل تۆفیق | ئەندامی کارا |
| ٩ | د. عەبدولواحید ئیدریس شەریف | ئەندامی کارا |
| ١٠ | د. موحسین ئەحمەد عومەر | ئەندامی کارا |
| ١١ | د. پەخشان فەھمی فەرحۆ | ئەندامی کارا |
لیژنەکانی ئەکادیمیا
[دەستکاری]بۆ جێبەجێ کردنی بەرنامە و کارە سەرەکیەکانی ئەکادیمیا، ئەنجومەن چەند لیژنەیەکی تایبەتی دروست کردووە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە ھەموو شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی. ئەندامێکی کارای ئەکادیمیا دەبێت سەرپەرشتیی لیژنەکان بکات کە ئەمانەن:
- لیژنەی فەرھەنگ و زاراوە: یەکێکە لە لیژنە سەرەکیەکانی ئەکادیمیا و کارە سەرەکیەکەی بریتیە لە ئامادەکردنی فەرھەنگی تایبەت لە بواری شێوەزارە جیاوازاەکانی زمانی کوردی. تا ئێستا جگە لە بڵاوکردنەوەی دەیان فەرھەنگی تایبەتمەندی دوو زمانە و سێزمانە لە ھەموو بوارە جیاوازەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی، دوو فەرھەنگیشی بڵاو کردۆتەوە، یەکێک (کرمانجی سەروو بۆ کرمانجی خواروو) و ئەوەی دیکە (ھەورامی بۆ سۆرانی)یە. یەکێک لە کارەکانی ئەو لیژنەیە دۆزینەوە و داھێنانی زاراوەی ڕەسەنی کوردیە لە ھەموو بوارە جیاجیایەکاندا.
- لیژنەی گۆڤار: تایبەتە بە دەرکردنی گۆڤارێکی وەرزیی زانستیی ئەکادیمی کە تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤، ٥٨ ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
- لیژنەی ئەدەب: تایبەتە بە ساخکردنەوە و ئامادەکردنی بەرھەمی ئەدەبی و مێژووییی کۆن و هاوچەرخی کوردی.
- لیژنەی زمان: تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە گرفتەکانی زمانی کوردی بە ھەموو شێوەزارەکانیەوە.
- لیژنەی دەستنووس و بەڵگەنامە: تایبەتە بە کۆکردنەوەی دەستنووسە کوردیەکان و ئەو بەڵگەنامانەی تایبەتن بە کورد و کوردستان.
پڕۆژەی ئێنسیکلۆپێدیای کوردستان
[دەستکاری]یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی ئەکادیمیای کوردی ئێنسیکلۆپێدیای کوردستانە کە ھەموو زانیاریەک لەبارەی کورد و کوردستان دەگرێتە خۆ. پێشبینی دەکرێت ئەم بەرھەمە زانستیە لە ١٠ بەرگ پێک بێت و زیاتر لە پێنج ھەزار لاپەڕە بێت.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 ئەکادیمیای کوردی: دەربارەی ئەکادیمیا؛ سەردان لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٠.
- ↑ «دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی ئەكادیمیای كوردی هەڵبژێردرا». حکومەتی هەرێمی كوردستان (بە ئینگلیزی). لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ھێنراوە.