بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئاگامێمنۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئاگامێمنۆن
شای مایسینی
فەرماندەی ئاخایییەکان
وێناکردنی ئاگامێمنۆن لەسەر گۆزەیەکی یۆنانی، سەدەی پێنجەمی پێش زایین
خێزانەکان
خوشک و براکانمێنێلاوس، ئاناکسیبیا
هاوشێوەکان

لە ئەفسانەی یۆنانیدا، ئاگامێمنۆن (بە یۆنانی کۆن: Ἀγαμέμνων) شای مایسینی بوو کە لە ماوەی جەنگی تڕۆوادا فەرماندەیی ئاخایییەکانی دەکرد. ئەو کوڕی (یان نەوەی) شای ئاتریۆس و شاژن ئایرۆپی، برای مێنێلاوس، هاوسەری کلایتمێسترا، و باوکی ئیفیجینیا، ئیفیاناسا، ئێلێکترا، لاۆدیکی، ئۆرێستێس و کریسۆتێمیس بوو.[١] ئەفسانەکان ئەو بە شای مایسینی یان ئارگۆس دادەنێن، کە پێدەچێت دوو ناوی جیاواز بن بۆ هەمان ناوچە.[٢] ئاگامێمنۆن لە کاتی گەڕانەوەی لە جەنگی تڕۆوادا، لە لایەن کلایتمێسترای هاوسەریەوە کوژرا، یان لە گێڕانەوەیەکی کۆنتری چیرۆکەکەدا، لە لایەن ئایگیستۆسی دڵخوازی کلایتمێستراوە کوژرا.

وێناکردنی هەوڵی کریسێس بۆ کڕینەوەی کچەکەی لە ئاگامێمنۆن، نەخشێنراو لەسەر گۆزەیەکی یۆنانی، سەدەی چوارەمی پێش زایین

ڕەچەڵەک‌ناسی وشە

[دەستکاری]

چەندین ڕەچەڵەک‌ناسی وشەی جیاواز بۆ ناوی ئاگامێمنۆن (Ἀγαμέμνων) پێشنیار کراون. بەپێی بۆچوونێک، ئەم ناوە بە مانای «زۆر خۆڕاگر»، «نەبەز» یان «بەبڕیار» دێت.[٣] ئەمەش لەسەر لێکدانەوەی ناوەکە وەک وشەیەکی لێکدراو کە لە بەشەکانی ἄγαν (ئەگان؛ بە مانای «زۆر/تەواو») و مێنۆ (μένω؛ بە مانای «مانەوە، چاوەڕوانیکردن، خۆڕاگرتن لەسەر پێ») پێکهاتووە، بنەمای گرتووە.

بەپێی بۆچوونێکی‌تر، ئەم ناوە لە شێوازێکی نەسەلمێنراوی وەک Ἀγαμέδμων (ئاگامێدمۆن) گەشەی سەندووە، کە وشەیەکی لێکدراوە و لە بەشەکانی ἄγαν (ئەگان؛ بە مانای «زۆر») و مێدۆمای (μέδομαι) (بە مانای «بیر لێ کردنەوە، دابینکردن») پێک دێت، کە مانای گشتییەکەی دەبێتە «زۆر وشیار یان بەئاگادەر».

پێشنیارێکی تریش هەیە کە بەشی دووەمی وشە لێکدراوەکە لە مێمۆنا (μέμονα) دەرهێنێت، کە بە مانای «مەیلەو هەبوون، بەپەرۆشەوە خواستن، تێکۆشان» دێت، بۆ ئەوەی مانای گشتیی ناوەکە ببێتە «زۆر بەپەرۆش بۆ خواستن». لە لایەکی ترەوە، زمانناس ڤاتسلاڤ بڵاژێک، پەیوەندییەک لە نێوان ئەم ناوە و وشەی «ئاگنی» (Agni) لە زمانی سانسکریتی ڤێدیدا لەسەر بنەمای ڕەچەڵەکناسی پێشنیاز دەکات.[٤]

جەنگی تڕۆوا

[دەستکاری]

بەڕێکەوتن بەرەو تڕۆوا

[دەستکاری]

ئاگامێمنۆن هێزە یۆنانییەکان (کە هەموویان بێ مەیل بوون بۆ بەشداری کردن) کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەرەو تڕۆوا بەڕێ بکەون. بۆ ڕازی کردنی ئۆدیسیۆس بۆ بەشداریکردن لە جەنگدا (کە خۆی بە شێت نیشان ئەدا تا ناچار نەبێت بڕوات) ئاگامێمنۆن پالامێدێس دەنێرێت. پالامێدێس هەڕشەی کوشتنی تێلێماکۆسی کوڕە ساوای ئۆدیسیۆس دەکات، بەمەش ئۆدیسیۆس ناچار دەبێت کۆتایی بە شێت پیشاندانی خۆی بهێنێت تا ژیانی کوڕەکەی ڕزگار بکات و پەیوەندی بە هێزە کۆبووەکانی یۆنانەوە دەکات.

کاتێک سوپاکەی ئاگامێمنۆن بۆ بەڕێکەوتن لە «ئاولیس» (بەندەرێک لە بۆیۆتیا) خۆیان ئامادە دەکەن، تووشی تووڕەیی خوداوەند ئارتمیس دەبن. هەرچەندە ئەفسانەکان هۆکاری جیاواز بۆ ئەمە دەخەنە ڕوو، بەڵام لە شانۆگەریی ئاگامێمنۆنی ئیسکیلۆسدا، ئارتمیس لەبەر ئەوە تووڕەیە چونکە پێشبینی دەکات کە گەنجانێکی زۆر لە تڕۆوادا دەمرن. لە شانۆگەریی ئێلێکترای سۆفۆکلیسدایش، ئاگامێمنۆن ئاژەڵێکی پیرۆزی ئارتەمیسی سەر بڕیوە و دواتریش شانازیی بەوەوە کردووە کە لە ڕاوکردندا هاوتای ئەو خوداوەندەیە. نەهامەتییەکان، لەوانەش بڵاوبوونەوەی پەتا و نەبوونی با، ڕێگری لە بەڕێکەوتنی سوپاکە دەکەن. لە کۆتاییدا، کالکاسی پێشگۆ ڕایدەگەیەنێت کە تووڕەیی خوداوەندەکە تەنها بە قوربانیکردنی ئیفیجینیای کچی ئاگامێمنۆن دادەمرکێتەوە.

چیرۆکەکە لێرەدا لەسەر ئاستی ئامادەیی باوک یان کچ بۆ ئەم چارەنووسە جیاوازە؛ هەندێکیان فێڵبازیی لەو شێوەیە دەخەنە ڕوو کە گوایە بڕیارە کچەکە شوو بە ئەخیلیوس بکات، بەڵام لە کۆتاییدا ئاگامێمنۆن ئیفیجینیا قوربانی دەکات. مردنی ئەو دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی ئارتمیس و سوپای یۆنان بەرەو تڕۆوا بەڕێ دەکەون. لە ئەفسانەی یۆنانیدا چەندین بژاردەی‌تر بۆ قوربانیکردنی مرۆیی پێشنیاز کراون، سەرچاوەکانی تر، وەک شانۆگەریی ئیفیجینیا لە ئۆلیس، دەڵێن ئاگامێمنۆن ئامادەیە کچەکەی بکوژێت، بەڵام ئارتمیس ئاسکێک لە شوێنی ئەو قبووڵ دەکات و کچەکە دەباتە «تاوریس» لە نیمچەدوورگەی کرێمیا. بەڵام ئەم نوسخە بە شێوەیەکی بەربڵاو وەک کاری دەستکارییکەرێک دادەنرێت نەک خودی یۆریپیدیس. هێسیۆدیش دەڵێت کە کچی ئاگامێمنۆن بوو بە هێکاتی خواژن.

پێش ڕووداوەکانی ئیلیاد و لە ماوەی جەنگەکەدا، ئۆدیسیۆس لەبەر ئەوەی پالامێدێس هەڕەشەی لە کوڕەکەی کردبوو، پلانێک بۆ تۆڵە کردنەوە دادەڕێژێت. لە ڕێگەی ساختەکردنی نامەیەک لە لایەن پرایام (شای تڕۆوایییەکان) و شاردنەوەی بڕێک زێڕ لە خێوەتەکەی پالامێدێسدا، ئۆدیسیۆس وای کرد پالامێدێس بە خیانەت تۆمەتبار بکرێت و ئاگامێمنۆنیش فەرمانی بە بەردبارانکردنی تا مردن دا.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «Homer, Iliad, Book 9, line 114». www.perseus.tufts.edu. لە ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  2. «Book sources - Wikipedia». en.wikipedia.org (بە ئینگلیزی). لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  3. «The Greek Myths»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە
  4. Giannakis، Georgios K.؛ Charalambakis، Christoforos؛ Montanari، Franco؛ Rengakos، Antonios (١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨). Studies in Greek Lexicography (بە ئینگلیزی). Walter de Gruyter GmbH & Co KG. ژپنک ٩٧٨-٣-١١-٠٦٢٢٧٤-٤.
  5. «Ovid, Metamorphoses XII-XV». www.gutenberg.org. لە ڕەسەنەکە لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.