بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئامرازخوازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئامرازخوازی یا ئامرازباوەڕی[١] (instrumentalism) ڕوانگەیەکی ڕێبازناسانەیە لە فەلسەفەی زانست و ماریفەتناسیدا کە لێیەوە ئیدیاکان و تیۆرییەکان و فەکتە زانستییەکان وەکوو ئامرازگەلی بەکەڵک سەیر دەکرێن و، بەھایان بەوە ھەڵدەسەنگێنرێ کە چەندە کاریگەر و سوودبەخش بن لە ڕوونکردنەوە و پێشبینیکردنی دیاردەکانی سروشتدا، نەک بەوە کە نوێنەری واقیع بن و دەقاودەقی بێنەوە. ئامرازباوەڕان دەڵێن لە باتیی ئەوە کە بپرسین بۆ نموونە «ئایا ئەلیکترۆن (کە تیۆرییە زانستییەکان باسی دەکەن) بەواقیع ھەیە یان نا؟»، دەبێ بپرسین «وشەی ئەلیکترۆن لە پێکھاتەی تیۆرییەکاندا چ مانا و چ جێگەیەکی ھەیە؟»

لە یەکێ لە ڕاڤەکانیدا، ئامرازخوازی نەک ھەر دەقاودەقیی تیۆرییەکانی زانست لەگەڵ واقیعدا ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو بە ئەفسانەشیان دەزانێ. دەڵێ زانست نوێنەرایەتیی واقیع ناکا. شایەتیشی ئەوەیە کە  ھەر کات تیۆرییەکی زانستی چیدیکە بە کەڵکی ڕوونکردنەوە و پێشبینیکردن نەیەت، ئێمە بەئاسانی دەینێینە لاوە و تیۆرییەکی تری لە جێ دادەنێین.

کارڵ پۆپەر دەڵێ: «ئامرازباوەڕی لەخۆگری ئەوەیە کە مرۆڤ بە یارمەتیی ئاوەزی ناتوانێ ھیچ سیڕڕێک لە سیڕڕەکانی جیھان ئاشکرا بکات. کەوایە، شتێ کە ئەمڕۆ لە بابەت جیھانەوە دەزانین زیاتر لەوە نییە کە سەد ساڵ لەمەوبەر دەمانزانی. ماریفەتی ئێمە دەرھەق بە واقیع زیادی نەکردووە، تەنیا بە شێوەیەکی لێھاتووانەتر دەتوانین لەگەڵ واقیعدا مامەڵە بکەین و، فێری ئەوە بووگین ئامراز و ئامێری باشتر دروست بکەین. ئامرازباوەڕی پێی وایە ھیچ شۆڕشێ لە زانستدا ڕووی نەداوە و، ھەقیقەت لە زانستدا نییە، ئەوەی کە زانست ھەیەتی تەنیا کەڵک و سوودمەندییە.» شیاوی باسە ئامرازخوازی ڕاڤەیەکی مامناوەندیشی ھەیە کە تیۆرییە زانستییەکان تا حاند ئەفسانە ناھێنێتە خوارەوە.

ھەر چۆنێک بێت، ئەمڕۆکە ئەم قوتابخانەیە قوتابیی زۆرە و مشتومڕی نێوان واقیعخوازان و ئامرازخوازان بەشێکی گەورەی باس و بابەتەکانی فەلسەفەی زانستە. وەکوو بۆ زۆرێک لە ڕوانگە نوێکانی زانست و فەلسەفەش ھەر وایە، ھەندێ کەس سەرچاوەی ئامرازخوازی دەگەڕێننەوە بۆ یۆنانی کۆن و بە تایبەت بۆ ئەفلاتوون و ئەرەستوو. بەڵام ئەغڵەب دەوترێ کە پێشەنگەکانی بریتی بوون لەو قەشانە کە بۆ پارێزگاری لە ئامۆژگارییەکانی دین ھەوڵیان دا پلە و پایەی زانست داببەزێنن.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. بەرامبەر بە instrumentalism؛ بەختیار سەجادی، فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی.
  2. یوسفیان، حسن (٢٠ی ئازاری ٢٠١٦). «ابزارانگاری در علم، راھکاری برای تعارض‌زدایی میان علم و دین». مجلە علمی (بە فارسی). ١٣ (1): ٤٣–٦٠. doi:١٠.٢٢٠٥٩/jpht.٢٠١٦.٥٨٥٨٩. ISSN ٢٠٠٨-٧٠٦٣.