ئاشوور ئوبالیتی دووەم
| ئاشوور ئوبالیتی دووەم | |
|---|---|
| فەرمانڕەوای ئاشوور | |
| فەرمانڕەوای ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ | |
| فەرمانڕەوایی | ٦١٢–٦٠٩ پ.ز |
| پێشوو | سین شار ئیشکون |
| جێگر | لەشکرکێشیی بابل |
| ئەکەدی | ئاشوور-ئوباڵیط |
| خانەدان | شانشینی سارگۆنی |
| باوک | سین شار ئیشکون[١] (؟) |
| لەدایکبوون | نز. ٦٤٥ پ.ز |
| مردن | نز. ٦٠٨–٦٠٦ پ.ز[٢] (لە تەمەنی نز. ٤٠) |
ئاشوور ئوبالیتی دووەم بە خوێندنەوەی: ئاشۜوور ئوباڵیطی دووەم[٣] (بە ئەکەدی-ئاشووریی نوێ:𒀸𒋩𒌑𒋾𒆷، خوێندنەوە: ئاشۜوور ئوباڵیطی دووەم[٤][٥] بە واتای "ئاشوور بە زیندوویی ھێشتووەتەوە")،[٥] دوا فەرمانڕەوای ئاشوور بووە، لە دوای مردنی سین-شار-ئیشکونی پێش خۆیەوە لە کەوتنی نەینەوا لە ساڵی ٦١٢ پێش زایین تا شکستی خۆی لە حەڕّان لە ساڵی ٦٠٩ پێش زایین فەرمانڕەواییی کردووە.[٥] لەوانەیە کوڕی سین شار ئیشکون بووبێت و پێدەچێت ھەمان کەسی شازادەی جێنشین بووبێت کە لە نووسراوەکاندا لە پایتەختی ئاشووری نەینەوا لە ساڵانی ٦٢٦ و ٦٢٣ پێش زایین باسی لێوە کراوە.
لە ماوەی حوکمڕانیی سین شار ئیشکون، ئیمپراتۆریەتیی ئاشووریی نوێ بە شێوەیەکی نەگەڕاوە لاواز بووبوو. ڕاپەڕینێک لە ساڵانی ٦٢٦-٦٢٠ پێش زایین، لەدەستدانی پارێزگاکانی باشووری ئیمپراتۆریەتەکەی بە ئیمپراتۆریەتیی بابلی نوێ کە تازە پێکھاتبوو و شەڕ لە دژی پادشاکەی نەبوپلاسەر و وە مادەکان کارەساتبار بوو بۆ ئاشوور؛ کە بووە ھۆی شەڕ و وێرانکردن لە شارە گرنگەکانی ئاشوور و نەینەوا لە ساڵی ٦١٤ پێش زایین و ٦١٢ پێش زایین.
دوای لەدەستدانی ئەم شارانە و مردنی سین-شار-ئیشکون، ئاشوور-ئوبالیتی دووەم ئەوەی لە سوپای ئاشووری مابووەوە لە حەڕان کۆیکردەوە و لەوێ بە ھاوپەیمانی لەگەڵ میسر بەھێزتر بوو، بۆ ماوەی سێ ساڵ حوکمڕانیی کرد. ناساندنی وەک "پادشای ئاشوور" لە سەرچاوە بابلییەکانەوە ھاتووە. نووسراوەکانی ھاوچەرخی ئاشوورییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئاشوورییەکان ئاشوور-ئوبالیتیان وەک فەرمانڕەوای شەرعیی خۆیان دەبینی، بەڵام بەردەوام بوون لە ئاماژەکردنیان بە "شازادەی تاج" بەو پێیەی نەیتوانیوە ڕێوڕەسمی تاجە گوڵینەی نەریتیی ئاشوورییەکان لە ئاشوور ئەنجام بدات و بەم شێوەیە بە فەرمی لەلایەن خوداوەندی سەرەکی ئاشوورییەوە، ئاشوور، پاشایەتییەکەی پێ نەبەخشرابوو. حوکمڕانییەکەی لە حەڕان کۆتاییی ھات کاتێک شارەکە لە ساڵی ٦١٠ پێش زایین لە لایەن ھێزەکانی ماد و بابلەوە دەستی بەسەردا گیرا. ھەوڵی ئاشوور-ئوبالیت بۆ وەرگرتنەوەی لە ساڵی ٦٠٩ پێش زایین بەرپەرچدرایەوە و دواتر لە مێژووی ھاوچەرخدا ئەو باسی لێوە نەکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی پادشایەتیی ئاشووریی کۆن.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Radner 2013.
- ↑ Rowton 1951، لاپەڕە 128.
- ↑ Kia 2016.
- ↑ Bertin 1891.
- 1 2 3 Radner 2019.