ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا جۆرێکە لە جۆرەکانی (ئاسترۆلۆپیسکس) ی چاخی سەرەتای (پلیستۆسین) کە پێناسەکراوە بەھۆی پاشماوەی بە بەردبووی ٢ ملیۆن ساڵ لەمەوبەرەوە. لەڕووی ڕوخسارەوە ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا جیاوازە و ناوازەیە بەڵام زۆر نزیکە لە ھەردوو جۆری (مرۆڤی بەتوانا) و (ئاسترۆلۆپیسکس ئەفریکانس).[١]

جۆری ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا ناسێنراوە لەسەر بنەمای شەش پارچە ئێسکەپەیکەری دۆزراوە لە ناوچەی شوێنەواریی (مالاپا) ی سەر بە (ناوچەی جیھانی شوێنەوار – لانکەی مرۆڤایەتی) لە باشوری ئەفریقا. نموونەکە گەنجێکی نێر بووە کە ھێمای زانستی (MH1 – مالاپای ھۆمینین ١) پێ بەخشرابوو و ھەروەھا مێیەکی پێگەیشتوو، نێرێکی پێگەیشتوو و لەگەڵ سێ منداڵی ساوادا. بەردینەکان لە بنی ئەشکەوتی (مالاپا) دا پێکەوە دۆزراونەتەوە کە وا دیارە کەوتن و شۆربوونەتەوە بۆ شوێنی دۆزینەوە و مردنیان و مێژووەکەیان دەگەرێتەوە بۆ ١٫٩٨ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. ناوی (سێدیبا) لە زمانی (سوتو) ەوە وەرگیراوە کە واتای (کانیاوی سروشتی) یان (بیر) دەگەیەنێت.[٢][٣]

دۆزینەوە[دەستکاری]

لە ڕێکەوتی ١٥ مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٨ دا یەکەمین نموونەی جۆری (ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا) لەلایەن کوڕە نۆ ساڵانەکەی زانای بە بەردبووی مرۆڤەوە (لیی بێرگێر). لە کاتی دۆزینەوە و گەڕان بە ناوچەکەدا کوڕەکەی (ماسیۆ) پێی ھەڵدەگیرێت لە ئێسکێکی بە بەردبوو کە یەکسەر ئاگاداری باوکی دەکاتەوە لەسەر دۆزینەوەکە و زانا لیی بێرگێر باوەڕ بە چاوەکانی ناکات کە ئێسکێکی چەڵەمەی ھۆمیندی بە بەردبوو دەبینێت. دوای ھەڵکەندن و دەرھێنانی پاشماوەکان، ئاشکرابوو بەردینەکە دەگەڕایەوە بۆ ئێسکەپەیکەری نێرێکی گەنج کە بەرزی بەڵای ١٫٢٧ مەتر بووە و لە ئازاری ٢٠٠٩ دا کەلەسەرەکەشیان دۆزییەوە و لە ٨ی نیسانی ساڵی ٢٠١٠دا دۆزینەوەکە پەردەی لەسەر لادرا بۆ کۆمەڵانی خەڵک.[٤]

ھەروەھا لە ناوچەی شوێنەواریی (مالاپا) چەندین جۆری ھەمەجۆری بەردینی ئاژەڵەکان دۆزرایەوە. بەپێی خەمڵاندنەکانی بێرگێر و زانای زەویناس (پاوڵ دێرکیس) دەکرێت ئاژەڵەکان کەوتبێتنە خوارەوە بۆ ناو چاڵێکی کوشندەی (٣٠–٤٦) مەتری کە بۆنی ئاوەکە ڕایکێشاون بۆ شوێنەکە. دواتر لاشەکان گواسترابێتنەوە بەرەو گۆمێکی ئاوی کە بنەکەی لمی بووە و ھانی کردەی بە بەردبوونەکەی داوە.

پێکھاتەی جەستەیی[دەستکاری]

زانایان پێیان وایە جۆری (ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا) جۆرێکی گواستەرەوە بێت لە نێوان جۆری (ئاسترۆلۆپیسکس ئەفریکانس) و (ھۆمۆ ھابیلس یان ھۆمۆ ئێراکتس) دا. قەبارەی مێشکی نموونەی (MH1) بە ٤٣٠ سم٣ خەملێنراوە کە یەک لەسەر سێی قەبارەی مێشکی مرۆڤی نوێ (١٢٠٠ سم٣) بووە بەڵام قەبارەی ددانی ھاوشێوەی ئەوەیە کە لە جۆری (ھۆمۆ ئێراکتس) دا بوونی ھەیە و ئەوەندە ھاوشێوە و نزیکن لە یەکەدییەوە کە ئەگەر بە بێ پاشماوە ئێسکییەکانی دیکە بدۆزرایەتەوە ئەوا دەکرا بە جۆری (ھۆمۆ) پێناسەبکرایە.

بێگوێدانە ئەوەی کە ئایا ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا بە بنەچەی ڕاستەوخۆی جۆری سەرەتایی ھۆمۆ دادەنرێت یان نا بەڵام بەھۆی دۆزینەوەی ئەم نموونە نوێیانەوە ڕادەی تێگەیشتنمان زۆر زیادیکردووە لەو مەودای جیاوازی و فراوانییەی بوونی ھەیە لە جۆری سەرەتایی (ھۆمینین)ەکان دا.

جۆری ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا خاوەنی دەستێکی یەکجار نوێ و ھاوچەرخ بووە کە توانای ورد گرتنی پێشنیاردەکات ئەمیش جۆرێکی دیکە بێت لەو جۆرانەی (ئاسترۆلۆپیسکس) کە توانای دروستکردنی کەرەستەیان ھەبووە. بەڵگەکانی وردی گرتن و دروستکردنی کەرەستەی بەردیی ھاوشێوەی جۆرەکانی ھۆمۆ دەکرێت ببینرێت بەھۆی ھەبوونی پەنجەی کورت و پەنجە گەورەی درێژ.[٥] ھەروەھا کوڵھ‌پێی پارێزراو و پەیوەستی (ئاسترۆلۆپیسکس سێدیبا) لە شێوە و فەرمان دا ھاوشێوەی مرۆڤە و خاوەنی چەند بەڵگەیەکە لەسەر چوونییەکی لەگەڵ ئێسک و ماسولکەی لاقەکانی مرۆڤ.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەش دا پێناسەکردن و شیکردنەوەی جۆرەکان بەشێوەیەکی سەرەکی و بنچینەی تەنھا لەسەر بنەمای ئێسکەپەیکەری نموونەیەکەی گەنج بووەتە جێی ڕەخنەگرتن چونکە ھیچ ڕێگەیەکی دڵنیاکەرەوە نییە پیشانی بدات دەکرێت پێگەیشتووەکانی ئەم جۆرە تا چ ڕادەیەک جیاوازبن لەگەڵ نموونە گەنجەکان دا. سەڕەرای ئەمەش بەکارھێنانی نموونە گەنجەکان وەک جۆری یەکلایکەرەوە و پێناسەکەر بووەتە کردەیەکی باو لە زانستی مرۆڤی بەردین دا. دۆزراوە ونموونەی جۆرەکانی (ھۆمۆ ھابیلس) و (ئاسترۆلۆپیسکس ئەفریکانس) لە خۆیان دا نموونەی گەنج بوون.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Jeremy M. DeSilva (ed.), Special Issue on Australopithecus sediba, PaleoAnthropology (2018), doi:10.4207/PA.2018.ART111.
  2. ^ Berger، L. R.؛ de Ruiter، D. J.؛ Churchill، S. E.؛ Schmid، P.؛ Carlson، K. J.؛ Dirks، P. H. G. M.؛ Kibii، J. M. (2010). "Australopithecus sediba: a new species of Homo-like australopith from South Africa". Science. 328 (5975): 195–204. CiteSeerX 10.1.1.729.7802Freely accessible. PMID 20378811. doi:10.1126/science.1184944. 
  3. ^ Gibbons، Ann (2011). "A new ancestor for Homo?". Science. 332 (6029): 534. PMID 21527693. doi:10.1126/science.332.6029.534-a. 
  4. ^ Celia W. Dugger؛ John Noble Wilford (April 8, 2010). "New hominid species discovered in South Africa". The New York Times. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 11 April 2010. لە ڕێکەوتی April 8, 2010 ھێنراوە. 
  5. ^ Henry، Amanda G.؛ Ungar، Peter S.؛ Passey، Benjamin H.؛ Sponheimer، Matt؛ Rossouw، Lloyd؛ Bamford، Marion؛ Sandberg، Paul؛ de Ruiter، Darryl J.؛ Berger، Lee (June 27, 2012). "The diet of Australopithecus sediba". Nature. 487 (7405): 90–93. PMID 22763449. doi:10.1038/nature11185.