ئەولەھی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئاسایشەوە ڕەوانە کراوە)
لە فڕۆکەخانەکاندا ئامێرەکانی تیشکی ئیکس و کانزادۆزەکان بۆ دابینکردنی ئەولەھی بەکار دەھێنرێن.

ئاسایش یان ئەولەھی ڕادەی پارێزراوی لە ھەمبەر مەترسی، زیان، ھەڕەشە و کردەوەی جەنایەتکارانەیە. ئەولەھی وەکوو شێوازی پاراستن بەو پێکھاتە و پێواژۆیانە دەوترێ کە ئەولەھی وەکوو ڕەوش دابین دەکەن یان ئەوەی کە پێشی دەخەن. ھەندێک ئەولەھی ئاوەھا پێناس دەکەن: «چەشنێک پارێزراوی کە تێیدا لێکبڕاوییەک دروست بووبێ لەنێوان شتە بەھادارەکان و ھەڕەشەکاندا». لابردن و وەلاوەنانی ھەریەک لە شتە بەھادارەکە یان ھەڕەشەکە (یان ھەردووکیان) ئەو لێکبڕاوییە دێنێتە دی، بەڵام ئەمە تەنیا ڕێگە نییە. ئەولەھی وەکوو ڕەوشێکی نەتەوەیی بە واتای ئەوە دێتەوە کە وڵاتان بتوانن بەھێمنایەتییەوە پەرە بستێنن و پێش بکەون.

بۆ ئەوی واتای باشتر فام بکرێ، دەبێ ئەولەھی و چەمکە پێوەندیدارەکان وەکوو ھێمنی، بەردەوامی، و دڵنیایی، لە حەنای یەکا ھەڵسەنگێندرێن. بۆ نموونە، جیاوازیی سەرەکیی نێوان ئەولەھی و دڵنیایی لەوەدایە کە ئەولەھی پێویستە ھەردەم وریای کردەوەی خەڵکانی کاولکار بێ.

لە بوارەکانی سیاسەت و مافناسیدا، زاراوەی ئەولەھی بەم شێوازانەی خوارەوە بەکار براوە:

  • ئەولەھیی تاک: ڕەوشێک کە تێیدا تاک لەوە نەترسێ گیان و ماڵ و ئاوڕووی لەدەست بدا.
  • ئەولەھیی کۆمەڵایەتی: ڕەوشێک کە تێیدا کۆمەڵگە ئەرخەیان بێ لە پارێزراویی خۆی لە ھەمبەر ھەر جۆرە ھەڕەشەیەک لەلایەن دەوڵەت، دامودەزگا، یان تاکێکەوە.
  • ئەولەھیی نەتەوەیی: ڕەوشێک کە تێیدا نەتەوەیەک لەوە نەترسێ بەشێک لە ئاپۆرە، سامان، یان خاکی وڵاتەکەی لەدەست بدا.
  • ئەولەھیی ناونەتەوەیی: ڕەوشێک کە تێیدا ھاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتەکەندا ھەیە و کەس دەسدرێژی بۆ ھەرێمی ئەوی تر ناکا.