ئاری بابان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئاری بابان
عومەر عوبێد عەبدولقادر
لەدایکبوون١٩٥٣
مەرگ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠
نەتەوەکورد
پیشەشێوەکار
مناڵ(ەکان)ڕۆزا
سیروان
خزمەکانشێوەکار ئاری عوبێد عەبدولقادر (برا)
وێبگەئاری بابان


ئاری بابان (١٩٥٣ لە کەرکووک، ھەرێمی کوردستان - ٢٠٢٠ لە سلێمانی، ھەرێمی کوردستان) شێوەکارێکی کورد بوو.[١]

ژیان[دەستکاری]

ئاری بابان لە کەرکووک لەدایک بووە و خەڵکی گەڕەکی زێویەیە، ھەر لە منداڵییەوە بە لمەکانی قەراغ ڕووباری خاسە و بە تەباشیر لەسەر شەقام و جادەکان ڕەسمی کردووە. ھەر لەو تەمەنەدا ھونەری مامۆستا ھۆشمەند (برای شەھید ئازاد ھەورامی) کاری تێکردووە کە زیارتر بۆ لای ھونەر بچێت و لە ناوەندی و دواناوەندیش مامۆستا فەخری جەلال یارمەتیدەر و ھاندەری بووە کە درێژە بە نیگارکێشی بدات؛ ساڵی ١٩٧٢یش ھەر بە ھاوکاریی ئەو لە ھۆڵی ئیمام قاسم یەکەمین پێشانگای ھاوبەشی خۆی، لەگەڵ گارا ڕەسووڵ و ئەیووب شەریف کردووەتەوە. ساڵی ١٩٧٦ کۆلێژی ئاداب، بەشی زانستی کتێبخانەکانی لە زانکۆی موستەنسریە تەواو کردووە. خاوەنی زیاتر لە ١٥٠ پێشانگای ھاوبەشە لە ھەولێر، کەرکووک، سلێمانی و دھۆک، ھەروەھا ١٢ پێشانگای تایبەتیشی بووە و لە دەرەوەی کوردستان و لە شار و وڵاتانێکی وەکوو ئەڵمان (شەش شار)، ھۆلەند، دانمارک، تایلەند، فینلاند و لەندەنیش پێشانگای بەڕێوە بردووە[٢]؛ ھەرەوھا بەڕێوبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی و لێپرسراوی پێشووی لقی کەرکووکی ھونەرمەندانی کوردستان بووە و لە بواری وەرگێڕانیشدا کاری کردووە، بۆ نموونە کتێبی «ئازارەکانی ھونەرمەندیک»ێکی یووسف فرانسیسی کردووە بە کوردی. ساڵی ٢٠٠٨ نھۆمی سەرەوەی ماڵەکەی سووتاوە و زیاتر لە ١٠٠ تابلۆ و ٥–٦ ھەزار کتێبی تێدا لەناوچوون. بەرھەمەکانی بە ڕۆن بوون و کتێبەکانی ناو کتێبخانەکەیشی زیاتر سەبارەت بە کەرکووک و دۆز و مێژوو و جوگرافیای کەرکووک بوون؛ لە دوای ئەو ڕووداوە ئاری بابان جگە لە ڕۆن، بۆ کێشانەوەی تابلۆکانی کەڵکی لە ئەکریلیکیش وەرگرتووە[٣][٤] ھونەرمەند بەختیار ھەڵەبجەیی پەیکەرێکی مۆمی لە ئاری بابان ساز کردووە کە لە نۆیەمین پێشانگای تایبەتیی ئاری باباندا، لە بەردەم ھۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی پەردەی لەسەر لادراوە.[٥] ئاری بابان کاتژمێر چواری بەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دوای سێ ڕۆژ لە نەشتەرگەریی مێشک (لە ٢٣ی کانوونی یەکەمدا) و دە ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەھۆی وەرەمێک لە سەریدا، لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لە سلێمانی بەخاک سپێردراوە.[٦]

شێواز[دەستکاری]

ئاری بابان لە نیگارکێشیدا شێوازی تایبەت بەخۆی ھەبووە، ھەرچەند لە سەرەتای کاکردنەکەیدا کاریگەریی شێوەکارانی گەورەی جیھانی پێوە دیار بووە. بە پێچەوانەی بۆچوونی ڕەخنەگران کە پێیان وا بووە لەسەر شێوازی سوریال کار دەکات، خۆی بڕاوی ئەوە بووە کە تابلۆکانی لەسەر شێوازی واقعیی سیحری یان ئەفسووناوین.[٧] ئەدەب، حیکایەت و ئەفسانە سەرنجی ئاری بابانیان ڕاکێشاوە و ھێناونییەتی ناو ھونەرەکەی، ھەروەکوو چۆن چەندین نیگارەی لەسەر دۆن کیشۆت ڕەسم کردووە (بەپێی ئەدەبی بەراوردکاری پاڵەوان فس فسی کوردی)؛ ھەڵبەت ئەو تەنیا سوودی لە کەسایەتیی نێو حیکایەتەکان وەرگرتووە؛ ئاری بابان ئەفسانەشی وەک خۆی نەگێڕاوەتەوە بەڵکوو شێوەیەکی تری لێ ڕەسم کردووە و ھێناوییەتی ناو حاڵی حازر.[٨]

ئاری بابان زۆری کەڵک لە ڕەنگەکان وەرگرتووە؛ مرۆڤ فیگەری زۆربەی بەرھەمەکانییەتی و ھەر لە سەرەتاوە تاوەکوو تابلۆکە کۆتایی دێت، گەورەترین فۆرم تێیدا، مرۆڤە؛ ھەموو ھەوڵی ئاری بابان ئەوە بووە جیھانی مرۆڤ دروست بکات و ئەو چەوسانەوە و خۆشەویستی و ناخۆشییەی دایمە مرۆڤ لەگەڵی ژیاوە، بھێنێتە نێو تابلۆکانی و لەناو ئینسانەکان و ئەو سروشتەی دەوری ئینسانەکانی داوە، دەریان ببڕێت. ئەو پێی وا بووە مرۆڤ بە ڕادەیەک پیرۆزە کە لە ھەموو تابلۆیەکدا دەبێت تەعبیری لێ بکرێت؛ ژن وەک نموونەیەکی ئەو ئینسانە لە بەرھەمەکانیدا لە ناوەندی بڕیاردایە. کەش و ھەوا و ئاسمانی تابلۆکانی ئاری بابان ئاوێنەی تەواونوێنی ناخی ئینسانەکانی ناوییەتی و بە واتایەکی تر ئەو دوو بەشە تەواوکەری یەکترین.[٩] ئاری بابان لە ئاستی ھەرێمی کوردتاندا خاوەنی زیاترین تابلۆیە.

پێشانگاکان[دەستکاری]

بەشێک لە پێشانگا تایبەتەکانی:

  • دوازدەھەمین: ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە سلێمانی
  • یازدەھەمین: ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە ھۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی (بۆ ماوەی سێ ڕۆژ)
  • دەیەمین: تسرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە کەرکووک (لەلایەن ڕۆشنبیریی کەرکووک)
  • ٢٤ی نیسانی ٢٠١٨ لە ھۆڵی کۆلێژی ھونەرە جوانەکان (لەلایەن کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی شێوەکاری)[١٠]
  • نۆھەمین: ١٧ی نیسانی ٢٠١٦ لە مۆزەخانەی سلێمانی (لەلایەن گالەریی زاموا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ)[١١]

یادکردنەوە[دەستکاری]

کۆمەڵگای پەروەردەیی مارگرێت لە ڕێکەوتی ١٤ی مانگی دووی ٢٠٢١ لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵی خۆشەویستی ھونەرمەندان بۆ ھونەرمەند ئاری بابان - سیمبولی خۆشەویستی بەڕێوە برد کە تێیدا زیاتر لە ٦٠ ھونەرمەند بەشدار بوون

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئاری بابان، کوردیپێدیا
  2. ^ "ھونەرمەندی شێوەکار ئاری بابان بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد". www.metroo.org.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "ئاری بابان و سریالی سیحری". galawej.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ١٣ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ "ژیان لە فەرھەنگدا: ئاری بابان". www.dengiamerika.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ "ئاری بابان، لە پەیکەرێکی مۆمیدا". www.khaktv.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  6. ^ "ئاری بابان کۆچی دوایی کرد". www.wishe.net.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ پەلکەزێڕینە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٧
  8. ^ بەرنامەی گەڵا، شێوەکار ئاری بابان، ٣١ی ئازاری ٢٠١٣
  9. ^ چاوپێکەوتن لەگەڵ شێوەکار ئاری بابان، ڕۆژانەی ئێن ئار تی، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣
  10. ^ "کۆلێجی ھونەرەجوانەکان / بەشی شێوەکاری پێشانگایەکی تایبەتی بۆ ھونەرمەند (ئاری بابان) کردەوە - College of Fine Arts". sites.google.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ١٣ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  11. ^ "نۆیەمین پێشانگای تایبەتی ئاری بابان دەکرێتەوە". Zagros News Agancy.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ١٣ی شوباتی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]