بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئاراستە ڕێژەیییەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لە چاو ئەم خانمە، تەوەرەی x لە چەپەوە بۆ ڕاستە، تەوەرەی y لە پشتەوە بۆ بەرە و، تەوەرەی z لە خوارەوە بۆ سەرێیە.

ئاراستە ڕێژەیییەکان حەن و ئاستی شتەکانن لە چاوی کەسەکانەوە. لاکان بە گوێرەی (یا بەرامبەر بە) جەستەی مرۆڤن. باوترینیان بریتین لە: ڕاست و چەپ و بەر و پشت و سەر و خوار، کە لە کۆنەوە بە شەشدەر ناسراون.[١]

زمانگەلێ کەوا وشەیان نییە بۆ ئاراستە ڕێژەیییەکان

[دەستکاری]

لە زۆربەی کولتوورەکاندا بۆ ئاماژەکردن بە شتەکان ئاراستەگەلی ڕێژەیی بە کار دەھێنرێ، بەڵام حاڵەتی ئاوارتەش ھەیە. ھەندێ لە زمانە خۆوڵاتییەکانی ئۆسترالیا بۆ ئاراستە ڕێژەیییەکان ھیچ وشەیەکیان نییە و، لە باتیی، بۆ ئاماژەکردن ھەمیشە ئاراستەگەلی جوگرافی بە کار دێنن، تەنانەت ئەگەر باسەکە لە بۆشایییەکی چکۆلەشدا بێ. بۆ نموونە، ئەگەر بیانەوێ کەسێ لەسەر کورسییەک جێگەیان بۆ بکاتەوە تا دانیشن، ڕەنگە بڵێن «نەختێ بەرەو ڕۆژھەڵات تەک بدە». ئەگەر شتێکیان لە ماڵەوە جێ ھێشتبێ و بیانەوێ شوێنە دروستەکەی بە کەسێک خەبەر بدەن، لەوانەیە بڵێن «ئەو شتەم لە سووچی باشووریی مێزەکەی لای خۆراوا داناوە». یا ئەگەر بیانەوێ کەسێ وریا کەنەوە، ڕەنگە بڵێن «ئاگات لەو قالۆنچە زلە بێ لە لای باکووری پێتەوە».

لێتێکچوونی ڕاست و چەپ

[دەستکاری]

لێتێکچوونی ڕاست و چەپ ناتوانییەکە بەعزە کەسێک تووشیارین و، بۆیان ناکرێ ڕاست و چەپ بە ڕێکوپێکی لێکتر جیا بکەنەوە. بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە ساڵی ۲۰۲۰ بەڕێوە چووە، نزیکەی سەتا پازدەی حەشیمەت تووشیاری ئەم ناتوانییەن.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ماناکانی شەشدەر لە فەرھەنگەکان
  2. van der Ham، Ineke JM؛ Dijkerman، H Chris؛ van Stralen، Haike E (١ی ئازاری ٢٠٢١). «Distinguishing left from right: A large-scale investigation of left–right confusion in healthy individuals». Quarterly Journal of Experimental Psychology (بە ئینگلیزی). ٧٤ (3): ٤٩٧–٥٠٩. doi:١٠.١١٧٧/١٧٤٧٠٢١٨٢٠٩٦٨٥١٩. ISSN ١٧٤٧-٠٢١٨.