ھێنری فۆرد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێنری فۆرد

فۆرد لە ١٩١٩
لەدایکبوون (١٨٦٣-0٧-٣٠) ٣٠ی تەممووزی ١٨٦٣
گرینفیڵد تاونشیپ، میشیگان، ویلایەتە یەکگرتووەکان
مەرگ٧ی نیسانی ١٩٤٧(١٩٤٧-٠٤-٠٧) (٨٣ ساڵ ژیاوە)
فەیر لان، دێربۆرن، میشیگان، ویلایەتە یەکگرتووەکان
نەتەوەئەمریکی
پیشەدۆزەرەوەی کۆمپانیای فۆرد، پیشەساز، ئەندازیار
ئایینئانگلیکانیزم
ھاوسەرکلارا جان بریانت (ھاوسەرگیری ١٨٨٨؛ ١٩٤٧)
مناڵ(ەکان)ئێدسێل فۆرد
باوان(ەکان)ولیەم فۆرد و ماری فۆرد
واژوو


ھێنری فۆرد (ئینگلیزی: Henry Ford) (٣٠ی تەمموزی ١٨٦٣ – ٧ی نیسانی ١٩٤٧) سەرمایەدارێکی ئەمریکی بوو، خاوەنی کۆمپانیای فۆردی تایبەت بە ئۆتۆمۆبیل بوو. بەھۆی ئەم کۆمپانیایە بووە یەکێک لە ناسراوترین و دەوڵەمترین کەسەکانی ئەمریکا.

هەرچەندە فۆڕد ئۆتۆمبیلی دانەهێنا، بەڵام یەکەم ئۆتۆمبیلی درووستکرد کە چینی ناوەند دەیانتوانی بیکڕن. بەمەش، ئۆتۆمبێلی کردە ئامرازێکی پێویستی ژیانی ڕۆژانە و کاریگەری تەواوی کردە سەر سیمای سەدەی بیستەم. بە پەردەهەڵدانەوە لەسەر ئۆتۆمبیلی مۆدێل تی، شۆڕشێکی بەرپاکرد لە بواری گواستنەوە و پیشەسازی ئەمریکی. وەک خاوەنی کۆمپانیای فۆڕد مۆتۆڕ، بووە یەکێک لە دەوڵەمەندترین و ناودارترین کەسەکانی جیهان. فۆڕد بەشێوەیەکی سیستماتیکی نرخەکانی دادەبەزاند، کە بووە هۆی نوێگەری گەورە. فۆڕد زۆربەی سامانەکەی بۆ دامەزراوەی فۆڕد بەجێهێشت و کۆمپانیاکەی دایەدەست خێزانەکەی بۆ ئەوەی بەڕێوەیببەن.

سەرەتای ژیانی[دەستکاری]

فۆڕد لە ٣٠ی تەمموزی ١٨٦٣، لە کێگڵگەیەک لە ویلایەتی میشیگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایک بووە.[١] باوکی لە ئێرلەندا لەدایکبووە و بەڕەسەن ئینگەلتراییە،[٢] دایکی بەڕەسەن بەلجیکییە و لە ویلایەتی میشیگان لەدایکبووە. مارگەرێت فۆڕد (١٨٦٧-١٩٣٨)، جەین فۆڕد (١٨٦٨-١٩٤٥)، ویلیەم فۆڕد (١٨٧١-١٩١٧) و ڕۆبێرت فۆڕد (١٨٧٣-١٩٣٤) خوشک و برایەکانی هێنری فۆڕد بوون.

کاتێک منداڵبوو، باوکی کاتژمێرێکی گیرفانی پێشکەشکرد و لە تەمەنی ١٥ ساڵی کاتژمێرەکانی هاوڕێ و درواسێیەکانی چاک دەکردەوە و ناوبانگی لە چاکردنەوەی کاتژمێردا پەیدا کرد.[٣]

کاتێک لە ١٨٧٦ دایکی کۆچی دوایی کرد، فۆڕد زۆرخەفەت باربوو. باوکی چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرد کە دوای ئەو کێڵگەکە بەڕێوەببات، بەڵام فۆڕد ڕقی لە کاری گێڵگە دەبوەوە. لەیەکێک لە نووسینەکانی دەڵێت: "هیچ خۆشەویستییەکی وام بۆ کێڵگەکە نەبوو — ئەوەی من خۆشم دەویست دایکی ناو گێڵگەکە بوو".[٤]

دواتر چووە شاری دیترۆیت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوێ وەک شاگرد لە بواری میکانیک کاریکرد، و دواتریش چووە زانکۆ.[٥]

هاوسەریی و خێزان[دەستکاری]

وێنەی  ئێدسڵ فۆڕد
ئێدسڵ فۆڕد (١٨٩٣-١٩٤٣)

فۆڕد کلارا جەین براینت (١٨٦٦-١٩٥٠)ی مارەکرد لە ١١ی نیسانی ١٨٨٨ و یەک منداڵیان هەبوو بەناوی ئێدسڵ فۆڕد (١٨٩٣-١٩٤٣).[٦][٧]

پیشە[دەستکاری]

لە ١٨٩١ فۆڕد بووە ئەندازیار لە کۆمپانیای ئێدیسۆن ئیڵومینەیتینگ. پاش ئەوەی پلەی بەرزکراوە بۆ ئەندازیاری سەرەکی لە ١٨٩٣، بە پێی پێویست کات و پارەی هەبوو بۆ ئەوەی سەرنجی بخاتە سەر تاقیکردنەوەکانی لەسەر بزوێنەری بەنزین. تاقیکردنەوەکانی گەیشتە لوتکە دوای تەواوبوونی ئۆتۆمبێلێک خۆپاڵنەر، کە ناوی لێنا فۆڕد کوادریسایکڵ. لە ٤ی حوزەیرانی هەمان ساڵ فۆڕد ئۆتۆمبێلەکەی تاقیکردەوە و دوای چەندین تاقیکردنەوە، بیری لەوە کردەوە چۆند ئۆتۆمبێلەکەی پەرەپێبدات.[٨]

وە لە ١٨٩٨، فۆڕد ئامادەی کۆبوونەوەیەکی بەڕێوبەرانی کۆمپانیای ئێدیسۆن بوو، لەوێدا بە تۆماس ئێدیسۆن ناسێندرا. ئێدیسۆن تاقیکردنەوەکانی فۆڕدی بەلاوە پەسەند بوو. دوای هاندانی لەلایەن ئێدیسۆن، فۆڕد دووەم ئۆتۆمبێلی دیزاینکرد و درووست کرد، کە لە ١٨٩٨ تەواوی کرد.[٩] بە هاوکاری ویلیەم ‌هـ. مێرفی، فۆڕد دەستی لەکارکێشایەوە لە کۆمپانیای ئێدسۆن و کۆمپانیای ئۆتۆمۆبیلی دیترۆیت ی دامەزراند لە ٥ی ئاب ی ١٨٩٩.[٩] بەڵام ئۆتۆمبێلەکان جۆرایەتییان نزمتر و نرخیان بەرزتربوو لەوەی فۆڕد دەیەویست. لە کۆتاییدا کۆمپانیاکە شکستی هێنا و لە کانونی دووەمی ١٩٠١ توێندرایەوە.[٩]

بەیارمەتی س. هاڕۆڵد ویڵز، فۆڕد لە تشرینی یەکەمی ١٩٠١ ئۆتۆمبێلێکی درووست کرد کە هێزی ٢٦ ئەسپی هەبوو. بەهۆی ئەو سەرکەتنەش، مێرفی و خاوەنپەشکەکانی دیکەی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی دیترۆیت کۆمپانیای هێنری فۆڕد یان درووستکرد لە تشرینی دووەمی ١٩٠١ و فۆڕد تێیدا ئەندازیاری سەرەکی بوو.[٩] لە ١٩٠٢، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ویلەیم مێرفی، فۆڕد کۆمپانیاکەی بەجێهێشت. دوای ڕۆیشتنی فۆڕد، مێرفی ناوی کۆمانیاکەی کردە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کادیلاک.[٩]

فۆڕد ئۆتۆمبێلی "٩٩٩"ی پێشبڕکێی بە یارمەتی یاریزانی پێشبڕکێی پایسکلسواری تۆم کووپەر درووستکرد. ئۆتۆمبێلەکە توانای زۆرتر لە ٨٠ ئەسپی هەبوو. کە باڕنی ئۆڵدفیڵد لە پێشبڕکێیەک لە تشرینی یەکەمی ١٩٠٢ بەکاریهێنا و پێشبڕکێیەکەی پێ بردەوە. فۆڕد پاڵپشتی ناسیاوێکی کۆنی بەدەستهێنا بەناوی ئەلیکساندەر ماڵکۆمسن، کە بازرگانێکی بواری خەڵووز بوو لە دیترۆیت.[٩] بەیەکەوە دەستیان بە درووستکردنی ئۆتۆمبێل کرد لە ژێر ناوی "فۆڕد & ماڵکۆمسن، سنوردار"، بەڵام بەهۆی لاوازی فرۆشەوە، تووشی قەیران بوون.

کۆمپانیای فۆڕد مۆتۆڕ[دەستکاری]

لۆگۆی کۆمپانیای فۆڕد، ساڵی ١٩١١

لە وەڵامدا ماڵکۆمسن گروپێکی دیکەی سەرمایەداری هێنایە ناو کۆمپانیاکە و "فۆڕد & ماڵکۆمسن، سنوردار" گۆڕدرا بۆ کۆمپانیای فۆڕد مۆتۆڕ لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٣،[٩] بە دەسمایەی ٢٨٠٠٠$ دۆلاری ئەمریکی. دواتر فۆڕد جۆرە ئۆتۆمبێلێکی نوێی نمایش کرد لەسەر سەهۆڵی دەریاچەی سەینت کلێر، کە توانی ١.٦کم لە ٣٩.٤ چرکە ببڕێت و ڕیکۆردی جیهانی بشکێنێت بۆ خێرایی وشکانی بە ١٤٦.٩ کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێردا. ئەمەش وای کرد کە کۆمانیاکە لەسەرانسەری ئەمریکا بناسرێت.

مۆدێل تی[دەستکاری]

فۆڕد مۆدێل تی ١٩١٤، هێزی ٢٠ ئەسپی هەیە.

مۆدێل تی لە ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٠٨ نمایش کرا، سوکانی ئەم ئۆتۆمبێلە لەلای چەپ بوو، کە دوای ماوەیەکی کەم هەموو کۆمپانیاکانی دیکە لاساییان کردەوە. ئۆتۆمبێلەکە زۆر ئاسان بوو بۆ لێخوڕین و چاککردنەوە. وە هەروەها هەرزانیش بوو. نرخەکەی لەوکاتەدا ٨٢٥$ (٢١,٧٣٠$ی ئێستا) بوو و هەموو ساڵێکیش نرخەکەی دادەبەزی. بەهۆی نرخە هەرزانەکەی، تاساڵی ١٩٢٠، زۆربەی شۆفێرانی ئەمریکا فێری لێخوڕینی مۆدێل تی ببوون.[١٠]

وەکیلە ناوخۆییەکانی فۆڕد وایان کرد کە ئۆتۆمبێلەکە لە نزیکەی هەموو شارەکانی کیشوەری ئەمریکای باکوور بڵاوببێتەوە. فۆڕد هەمیشە پەرۆش بوو کە بە جوتیارانی بفرۆشێت. فرۆش زۆر بەرزبووەوە، لە هەندێک ساڵدا قازانج بەڕێژەی ١٠٠٪ زیادی کردبوو لەچاو ساڵی پێشتر. بەهۆی بەکارهێنانی ڕێگای نوێ لە بەستنی ئۆتۆمبێلەکان، بەرهەمهێنان زۆر زیادی کرد.[١١]

لە ١٩١٤ فرۆشی ئۆتۆمبێلەکە ٢٥٠,٠٠٠ ی تێپەڕدا، تا ١٩١٦، نرخەکەی دابەزی بۆ ٣٦٠$، کە دەکاتە ٧,٨٢٨.٠٨$ دۆلاری ئەمریکی لە ٢٠١٥دا، بەمەش فرۆشی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گەیشتە ٤٧٢,٠٠٠ دانە.[١٢] لە ١٩١٨دا، نیوە ئۆتۆمبێلەکانی ئەمریکا لە جۆری مۆدێل تی بوون. بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە تاوەکو ١٩٢٧ بەردەوام بوو؛ وە کۆی گشتی ژمارەی ئۆتۆمبێلە بەرهەمهێنراوەکان ١٥,٠٠٧,٠٣٤ دانە بوو. بەمەش ڕیکۆردی پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێلی بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ هەڵگرت.

لە ١٩١٨ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا، وودڕۆ ویڵسن، داوای لە فۆڕد کرد کە لەسەر لیستی دیموکراتەکان خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا هەڵبژێرێت. هەرچەندە لەوکاتەدا وڵاتەکە لە جەنگ دابوو، فۆڕد وەک کاندیدی ئاشتی خۆی پاڵێورا. وە پاڵپشتی زۆریش بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان دەربڕی.[١٣] کاندیدی کۆمارییەکان، ترومان نیوبێری، بە جیاوازییەکی کەم لە دەنگەکاندا شکستی بە فۆڕد هێنا.

لە کانونی یەکەمی ١٩١٨، فۆڕد سەرۆکایەتی کۆمانیاکەی دایە دەست ئیدسڵ فۆڕدی کوڕی. هەرچەندە دواین بڕیار هەر لای خۆی بوو و هەندێک جاریش بە بڕیارەکانی کوڕەکەیدا دەچووەوە. فۆڕد کۆمپانیایەکی دیکەی دامەزراند، بەناوی "هێنری فۆڕد و کوڕەکەی". دواتر خۆی و باشترین ئەندازیارەکانی چوونە ئەو کۆمپانیایە. ئامانجی فۆڕد ئەوەبوو کە خاوەن پشکەکان بترسێنێت و وایان لێبکات کە پشکەکانیان بەو بفرۆشن. ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی کە کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر بڕیارە ستراتیژیەکاندا هەبێت. پلانەکەی سەریگرت، وە هێنری و ئدسڵ هەموو پشکەکانیان کڕییەوە، بەمەش خێزانەکە تەواوی کۆمپاناکەیان کەوتەدەست.[١٤]

لە ناوەڕاستی ١٩٢٠ەکان، فرۆشی مۆدێل تی دەستی بە دابەزین کرد بەهۆی زۆربوونی ڕکاربەریی. بەرهەمێنەرانی دیکەی ئۆتۆمبێل چەند ئۆفەرێکییان بۆ کڕیارەکانیان خستەڕوو کە بەهۆیەوە دەیانتوانی ئۆتۆمبێلەکان بکڕن. وە ئۆتۆمبێلەکان چەند تایبەتمەندییەکی میکانیکی نوێیان تێدابوو کە لە مۆدێل تی دا نەبوو. هەرچەندە ئیدسڵ زۆر داوای لێدەکرد، هێنری ڕەتی دەکردەوە کە تایبەتمەندی نوێ بۆ مۆدێل تی زیادبکات.[١٥]

مۆدێل ئەی[دەستکاری]

ئۆتۆمبێلێکی جۆری فۆڕد مۆدێل ئەی ١٩٢٨.

لە ١٩٢٦ فرۆشە لاوازەکانی مۆدێل تی لە کۆتاییدا هێنریان ڕازی کرد کەوا جۆرێکی نوێی ئۆتۆمبێل درووست بکات. ئەو خۆی دیزاینی مەکینە، پەیکەری ئۆتۆمبێلەکە، و پارچە میکانیکیەکانی دیکەی بە شارەزاییەکی تایبەت تەواوکرد، وە دیزاینی لاشەی ئۆتۆمبێلەکەشی بۆ ئیدسڵ جێهێڵا. ئەنجامەکەی "مۆدێل ئەی" بوو کە سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا.[١٦] مۆدێلە ئەی لە کانونی یەکەمی ١٩٢٧ نمایش کرا و تا ١٩٣١ بەهەمدەهێنرا. کە نزیکەی ٤ ملیۆن دانەی لێ درووستکرا. وە کۆمپانیای فۆڕدیش دەستی بە پەیڕەوی سیستەمێکی گۆڕانکاری ساڵانە کرد هەروەک ڕکابەرەکی، جێنڕال مۆتۆڕز، کە تا ئێستاش پەیڕەوی لێدەکات.

کۆمپانیای فڕۆکەوانی فۆڕد[دەستکاری]

جیاواز لە بەرهەمهێنەراکانی تری ئۆتۆمبێل، فۆڕد چووە ناو پیشەسازی فڕۆکەوە لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم. کە مەکینەی لیبێرتی درووستدەکرد. دوای جەنگەکە فۆڕد گەڕایەوە سەر درووستکردنی ئۆتۆمبێل تا ساڵی ١٩٢٥، کاتێک فۆڕد کۆمپانیای فڕۆکەی ستاوت مێتاڵ.

یەکێک لە فڕۆکەکانی فۆڕد.

سەرکەوتووترین فڕۆکەی فۆڕد، فڕۆکەی جۆری Ford 4AT Trimotor بوو، کە زۆرجار پێی دەگوترا "قازی تەنەکە". بۆ ئەو فڕۆکەیە فۆڕد داڕشتەیەکی کانزایی نوێ بەکارهێنا بەناوی ئەڵکاڵد کە سیفەتی بەرگریی دژی داخورانی ئەلەمینۆم و بەهێزیی دوڕاڵیمینی هەیە. تڕایمۆتۆر بۆ یەکەمجار لە ١١ی حوزەیرانی ١٩٢٦ فڕی و یەکەم فڕۆکەی نەفەر هەڵگری ئەمریکی بوو. کە ١٢ سەرنشینی هەڵدەگرت بە شێوەیەکی نائاسوودە. چەند جۆرێکی فڕۆکەکەش لەلایەن سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەکارهێندرا.

ئەو جۆرە فڕۆکەیە تا ساڵی ١٩٣٣ بەرهەمهێندرا، لەو ساڵەدا بەشی فڕۆکەوانی فۆڕد داخرا بەهۆی لاوازی فرۆشەوە لە کاتی قەیرانی دارایی ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٣٠.

بیروبۆچوون[دەستکاری]

هێنری دژی جەنگ بوو، وە خەسارەتمەندییەکی گەورەی دەزانی.[١٧][١٨] زۆر ڕەخنەی لەوکەسانە دەگرت کە پێی وابوو پاڵپشتی دارایی درووستبوونی جەنگ دەکەن و هەوڵیدەدا بیانوەستێنێت. وە سووربوو لەسەر ئەوەی "جەنگ بەرهەمی ئەو سەمایەگوزارە چاوچنۆکانەیە کە سوود لە لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەبینن".[١٩][٢٠] مەبەستی فۆڕد لە "سەرمایەگوزار"ەکان جووەکان بوون، فۆڕد ئەوانی بە هەڵگیرسێنەری هەردوو جەنگی جیهانی لەقەڵەمدەدا.[١٩]

فڕۆکەیەکی جۆری B-24

لەگەڵ ئەمەشدا، کۆمپانیای فۆڕد فڕۆکە و کەلوپەلی دیکەی سەربازی دیکەی درووست دەکرد لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم. بۆ نموونە فۆڕد ٩,٠٠ فڕۆکەی جۆری B-24 ی درووستکرد لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم، کە دەکاتی نیوەی ئەو ١٨,٠٠٠ فڕۆکەیەی کە لە کاتی جەنگەکەدا درووستکران.[٢١]

وە فۆڕد بە دژایەتی جووەکان تۆمەتبار دەکرێت. یەکێکیش لەو هۆکارانە یەکێک لە کتێباکانییەتی بە ناونیشانی "جوولەکە نێودەوڵەتییەکە، لەپێشینەترین کێشەی جیهان". کە کۆکراوەی چوار ژمارەی ڕۆژنامەیەک بوو بەناوی "زە دێربۆڕن ئیندیپێندێنت" کە فۆڕد پاڵپشتی دارایی دەکرد. هەرچەندە وتارەکانی فۆڕد دژی توندوتیژی دژی جولەکەکان بوون، بەڵام جولەکەکانی بە هەڵگیرسێنەری شەڕ و ئاژاوە تۆمەتبارد دەکرد.[٢٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]


  1. ^ www.hfmgv.org The Henry Ford Museum: The Life of Henry Ford ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "The history of Ford in Ireland Family Crest and Name History"
  3. ^ Ford, My Life and Work, 22–24; Nevins and Hill, Ford TMC, 58.
  4. ^ Ford, My Life and Work, 24; Edward A. Guest "Henry Ford Talks About His Mother," American Magazine, July 1923, 11–15, 116–120.
  5. ^ Watts, Steven (2006). The People's Tycoon: Henry Ford and the American Century. Random House, Inc. p. 28.
  6. ^ "Widow of Automobile Pioneer, Victim of Coronary Occlusion, Survived Him Three Years". Associated Press. September 29, 1950. "Friday, Sept. 29 (Associated Press) Mrs. Clara Bryant Ford, 84 year-old widow of Henry Ford, died at 2 A. M. today in Henry Ford Hospital. A family spokesman said her death was the result of an acute coronary occlusion."
  7. ^ "Edsel Ford Dies in Detroit at 49. Motor Company President, the Only Son of Its Founder, Had Long Been Ill.". Associated Press. May 26, 1943. "Edsel Ford, 49-year-old president of the Ford Motor Company, died this morning at his home at Grosse Pointe Shores following an illness of six weeks."
  8. ^ The Showroom of Automotive History: 1896 Quadricycle ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ ئ ا ب پ ت ج چ Ford R. Bryan, "The Birth of Ford Motor Company" ٢٩ی ئابی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., Henry Ford Heritage Association, retrieved August 20, 2012.
  10. ^ Richard Bak, Henry and Edsel: The Creation of the Ford Empire (2003) pp 54–63
  11. ^ Nevins (1954) 1:387–415
  12. ^ Lewis 1976, pp 41–59
  13. ^ Watts, pp 243–48
  14. ^ Nevins and Hill (1957) vol 2
  15. ^ Nevins and Hill (1957) 2:409-36
  16. ^ Sorensen 1956, p. 223
  17. ^ Henry Ford, Biography (March 25, 1999). A&E Television.
  18. ^ Michigan History, January/February 1993
  19. ^ ئ ا Wallace, Max. (2003). The American axis: Henry Ford, Charles Lindbergh, and the rise of the Third Reich. New York: St. Martin’s Press.
  20. ^ Baldwin, Neil (2001). Henry Ford and the Jews: The Mass Production of Hate. New York: Public Affairs.
  21. ^ Nolan, Jenny. "Michigan History: Willow Run and the Arsenal of Democracy." ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ لە Archive.is، ئەرشیڤ کراوە The Detroit News, 28 January 1997. Retrieved: 7 August 2010.
  22. ^ Ford, Henry (2003). The International Jew: The World's Foremost Problem. Kessinger Publishing. ISBN 0-7661-7829-3, p. 61.