ھاوڕێ باخەوان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھاوڕێ باخەوان

ھاوڕێ باخەوان (٢٨ی شوباتی ١٩٦٦ لە سلێمانی - ) نووسەر، لێکۆڵەر و چالاکی سیاسی و چاندیی کوردە. ئە جگە لە نووسراوەکان بە ھۆی دامەزراندنی پرۆژەی ئەرشیوی کوردیپێدیا ناسراوەتەوە.

ژیاننامە[دەستکاری]

ھاوڕێ باخەوان لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٦ لە گەڕەکی (گۆیژە)ی شاری سلێمانی لەدایکبووە. ھەر لە سلێمانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە رشتەی وێژەی تەواو کردووە.

ساڵی ١٩٨٤ چووەتە بەشی یاسای کۆلیژی یاسا و رامیاریی زانکۆی موسڵ. ساڵی ١٩٨٦ بەھۆی بەشدارینەکردن لە راھێنانی ھاوینەی سەربازیی بەعس، بۆماوەی ٢ ساڵ لە زانکۆ دەردەکرێ و ساڵی ١٩٨٨ دەستیکردەوە بە خوێندن و لە ساڵی ١٩٩٠دا کۆلیژی یاسای تەواوکردووە. ھەر لە ھەمان ساڵیشدا بووەتە پارێزەر و پاش ماوەیەکی کەم وازی لێھێناوە.

لە تەمەنی منداڵیەوە حەزی لە خوێندنەوە و نووسینی ھەڵبەست کردووە، بەڵام تائێستا یەک دێڕە ھۆنراوەی بڵاونەکردووەتەوە. ھاوینی ١٩٧٨ بەشێکی ماڵەکەیان سووتاوە و ئەوکاتیش دەفتەری شیعرەکەیشی بووە خۆراکی ئاگر و ئیتر بەلای نووسینی ھەڵبەستدا نەچووەوە.

پاشتر دەستیکردە خوێندنەوەی چڕی مێژوویی و رامیاری و یەکەمین لێکۆڵینەوەی مێژووییی ساڵی ١٩٨٦ نووسی. ئەو لێکۆڵینەوەیە لە دەمەدەمی ئەنفالەکاندا لەگەڵ دەفتەری بیرەرەوەریی پێشمەرگایەتیی لە گوندی (شەمە)ی شارەزوور شاردەوە و بەڵام پاشان لەناوچوون و ھەرگیز دەستی نەکەوتنەوە.

لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە بووەەتە ئەندامی پاسۆک، چ وەک رێکخستن، چ وەک پێشمەرگە. ھەندێک جار زۆر چالاک بووە و ھەندێکجاریش سست. بەڵام پێش ئەوەی پاسۆک لەگەڵ ھەندێک حیزبی تردا یەکبگرێت وازی لە پاسۆکایەتی ھێنا.

رۆژی ٥ی مارتی ١٩٩٢ وڵاتی بەجێھێشت و بەرەو سووریا و پاشان لوبنان کەوتەڕێ و لەکۆتایی ئەوساڵەدا لە وڵاتی ھۆڵاند گیرسایەوە. لەوکاتەوە لەگەڵ بەنازی ھاوسەری لەوێ دەژین و کوڕێک و کچێکیان بەناوی (میتان و ئارتین)ەوە ھەیە. ساڵانێکە کارمەندی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئێستا لە دادگای لاھای (دادگای تاوانی نێونەتەوەیی) لە بەشی یۆگۆسلاڤیای بەڕێوەبەری داتاکانە.

‌ بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕاپەڕینەکەی بەھاری ١٩٩١ی باشووری کوردستان - چاپی یەکەم - ھۆڵندا - ١٩٩٤.
  • پڕۆژەی پارتی نەتەوەیی کورد - چاپی یەکەم - ھۆڵندا - ١٩٩٤. چاپی دووەم - ھۆڵندا - ١٩٩٥. چاپی سێیەم - ھەولێر - ٢٠٠٢ - لەبڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی میدیا – چاپخانەی ئۆفسێتی ھەولێر.
  • کوردستان... نیشتمانی یەکەمینی سۆمەرییەکانە - چاپی یەکەم - ھۆڵندا - ١٩٩٦. چاپی دووەم – دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس – کوردستان ھەولێر – چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – ژمارەی سپاردن: ٩١ - ٢٠٠٣.
  • ھاوڕێنامە بۆ مێژووی کوردستان و کورد – چاپی یەکەم – بنکەی چاپ و پەخشی سەردەم - زنجیرە (١٦) - چاپخانەی ڕوون – سلێمانی – ١٩٩٩.
  • ئاڵای کورد - چاپی یەکەم - دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم - زنجیرە (١١٧) - سلێمانی - ٢٠٠١.
  • ڕۆژی شۆڕش یان ڕۆژی تیرۆر - چاپی یەکەم – ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ – چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری – ژمارەی سپاردن: ٣٠١ - کوردستان – ھەولێر.
  • وشە پەڕتەوازەکان – بەرگی یەکەم – سەرجەمی ١٠٠ وتار و کورتە لێکۆڵینەوەیە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥ و ٢٠٠٥دا لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە کوردی و بێگانەکانی کوردستان و ھەندەراندا بڵاوکراونەتەوە - ژمارەی سپاردنی (١٩٩٤)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی پێدراوە – چاپخانەی سیما - ٢٠٠٩ – کوردستان – سلێمانی.
  • ئەدەبیاتی کاژیک – کۆکراوەی بڵاوکراوەکانی کاژیک – ھێشتا چاپنەکراوە.
  • بەراووردەکانی ژیان - پرس و رایەکی بەراووردکارییە بۆ بەرەو نەتەوەییبوون - ٢٠٠٩ - ھێشتا چاپنەکراوە.
  • دەستوورم واھی خوێندەوە - کۆمەڵێک رەخنە و تێبینیی یاسایی، زمانەوانی و لۆجیکییە لەسەر پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان - ٢٠٠٩ - ھێشتا چاپنەکراوە.

ھەروەھا زۆرێک وتار و کورتە لێکۆڵینەوە کە لە رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە کوردی و بیانییەکاندا لە ١٩٩٥ەوە تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە.

سەرچاوە[دەستکاری]