نزار قەبانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Nizar Qabbani
نزار قبانی
لەدایکبوون (١٩٢٣-0٣-٢١) ٢١ی ئازاری ١٩٢٣
دیمەشق،  سووریا
مردن٣٠ی نیسانی ١٩٩٨(١٩٩٨-٠٤-٣٠) (٧٥ ساڵ ژیاوە)
لەندەن،  شانشینی یەکگرتوو
پیشەدیپلۆمات، شاعیر، نووسەر
نەتەوەسووری
وێبگە
www.nizarq.com

نزار تۆفیق قەبانی (بە عەرەبی: نزار توفيق قباني‎‎) (لەدایکبووی ٢١ی ئازاری ١٩٢٣ – مردووی ٣٠ نیسانی ١٩٩٨) سیاسەتمەدار و شاعیری سوورییە، شیعرەکانی زۆرتر سەبارەت بە ئەوین و دڵداری،[١] ناسیۆنالیزمی عەرەبی، ئیسلام و فێمینیزمن، قەبانی یەکێکە لە بەڕێزترین شاعیرانی عەرەب لە ناو خەڵکی عەرەبدا.[٢][٣] نزار بە شاعیری نەتەوەیی لە سووریا دادەنرێت.

ژیان[دەستکاری]

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

نزار لە تەمەنی منداڵیدا

نزار قەبانی لە شاری دەمیشق، لە خێزانێکی بازرگان کە لە چینی ناوەند بوون لەدایکبوو.[٤] لە ساڵانی ١٩٣٣ تاکوو ١٩٤١، لە کۆلێژی زانستی نەتەوەیی خوێندوویەتی،[٥] کە قوتابخانەیەک بووە لەلایەن ھاوڕێیەکی باوکی بە ناوی ئەحمەد مونیف ئەلعیدییەوە بەڕێوە دەبرا. دواتر نزار چووە زانکۆی دیمەشق (تاکوو ساڵی ١٩٥٨ پێی دەگوترا زانکۆی سووریا). نزار لە ساڵی ١٩٤٥دا بڕوانامەی لە یاسا وەرگرت.[٥]

لەو کاتەی قوتابی بووە لە زانکۆ، کۆکراوەی شیعرەکان لەژێر ناونیشانی ئەسمەرەکە پێی گوتم (قالت لی السمراء) بڵاوکردەوە. ئەم بەرھەمە کۆکراوەیەکی دڵداری بوو و لە چەند شوێنێک ئاماژەی بە جەستەی ئافرەت دابوو ئەمەش بووە شۆکێک بۆ نێو کۆمەڵگەی کۆنەپەرستی لە دیمەشق. بۆئەوەی ئەم بەرھەمە قبووڵبکرێت، قەبانی کۆکراوە شیعرەکەی پیشانی وەزیری پەروەردە (مونیر عەجلانی) دا. مونیریش یەکێک بوو لە دۆستەکانی باوکی نزار، کە سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیزمی سووریای دەکرد. عەجلانی بەرھەمەی نزاری زۆر بەلاوە پەسەند بوو، وە پێشەکییەکیشی بۆ نزار نووسی بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی.[٥]

ژیانی دیپلۆماتکاری[دەستکاری]

لەدوای تەواوکردنی خوێندنی یاسا لە زانکۆ، نزار لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە چەندین پایتەخت وەک: بەیرووت، قاھیرە، ئەستەمبوڵ، مەدرید و لەندەن دەستی بە کارکردن کرد وەک کونسوڵ یانیش کونسوڵی کەلتووری. لە ساڵی ١٩٥٩، کاتێک کۆماری عەرەبی یەکگرتوو دامەزرا، ئەوا جێگری سکرتێری کونسڵی کۆمارەکە لە چین. لەوکاتەی لەچین بوو، نزار شیعرەکانی بەقووڵی دەنووسی. نزار بەردەوامبوو لە کاری دیپلۆماتکاری تا لە ساڵی ١٩٦٦ دەستی لە کارکێشایەوە. ئەمەش ھاوکات بوو لەگەڵ دامەزراندنی خانەیەکی بڵاوکردنەوە بەناوی خۆی لە بەیرووت.

خێزان[دەستکاری]

قەبانی دوو خوشکی ھەبوو بە ناوەکانی ویسال و ھەیفا، و سێ برایشی ھەبوو بە ناوەکانی موعتەز، ڕەشید و سەباح. لەدوای نزار، سەباحی برای ناوبانگێکی باشی پەیداکرد بەوەی دەرھێنەری تەلەفیزیۆنی و ڕادیۆیی بوو لە کەناڵە سورییەکان. دواتر لە ھەشتاکان سەباح بوو بە باڵیۆزی سووریا لە ئەمریکا.

باوکی نزار، تۆفیق قەبانی خەڵکی سووریا بوو، لە کاتێکدا دایکی خەڵکی ناوچەکانی تورکیا بوو. باوکی نزار خاوەنی کارگەیەکی دروستکردنی چوکلێت بوو. لەماوەی ئینتدابی فەڕەنسا بۆ سەر سووریا و لوبنان، یارمەتی شۆڕشگێڕەکانی داوە و چەندجارێکیش دەستگیرکراوە. ھەموو ئەوانە کاریگەرییان ھەبووە لەسەر ھەستی شۆڕشگێڕی بۆ نزار. مامی نزار، ئەبوو خەلیل یەکێک بووە لە ڕابەرانی ئەدەبیاتی عەرەبی. خێزانی قەبانی بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری قۆنیە لە تورکیا.[٦]

ھاوسەرگیری[دەستکاری]

نزار لەگەڵ دایک، باوک و براکانی

لە ژیانی خۆیدا نزار قەبانی دووجار ھاوسەرگیری کردووە. یەکەم ھاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی زەھرە ئاقبیق بووە، کە کچ و کوڕێکیان ھەبووە بە ناوەکانی حەدبا و تۆفیق. کوڕەکەی تۆفیق لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا بەھۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لەدەستدا. نزار بەھۆی مردنی کوڕەکەیەوە شیعرێکی بە ناونیشانی «بۆ شازادەی ئەفسانەکان، تۆفیق قەبانی» نووسی. ژنی یەکەمی نزار، زەھرە لە ساڵی ٢٠٠٧دا کۆچی دوایی کرد.

دووەم ھاوسەرگیری نزار لەگەڵ خانمێکی عێراقی بوو بەناوی بەلقیس ئەلراوی، کە مامۆستای قوتابخانە بوو. بوون بە خاوەنی کچ و کوڕێک بە ناوەکانی زەینەب و عومەر. لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٨١ لەمیانەی شەڕیی ناوخۆی لوبنان، بەلقیس لەکاتی تەقینەوەیەک لە باڵیۆزخانەی بەغدا لە بەیرووت دەکوژرێت. مردنی بەلقیس کاریگەری دەروونی خستە سەر نزار. بەھۆی ئەم ڕووداوەوە شیعرە بەناوبانگەکەی لەسەر بەلقیس بڵاوکردەوە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو. لەم شیعرەیدا نزار لۆمەی ھەموو جیھانی عەرەبی کرد لەسەر ئەم ڕووداوە.

مردن[دەستکاری]

لەدوای مردنی بەلقیس، نزار بەیرووتی جێھێشت. لەنێوان شارەکانی جەنەوا و پاریس ھاتووچۆی دەکرد. دواتریش لە لەندەن نیشتەجێ بوو. ماوەی ١٥ ساڵی کۆتاییی ژیانی لەو شارە بەسەربرد. لەو ماوەیەشدا نزار بەردەوام بوو لە نووسینی شیعر و ھەردەم شیعرەکانی مشتوومڕ و لێکدانەوەیان بۆ دەکرا. یەکێک لەو شیعرانەی کە دەنگدانەوەی ھەبوو ئەویش شیعری "کەی مەرگی عەرەب ڕابگەیەنم؟" بوو. لە ساڵی ١٩٩٧ تووشی نەخۆشی دەبێت و بەسەختی تەندرووستی دەگەڕێتەوە.[٧] دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی نیسانی ١٩٩٨ بە جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کرد.[٨] لەوکاتەی لە نەخۆشخانە بوو داوای کردبوو کە لەکاتی مردنی لە دیمەشق بینێژن. بە مردنی تەواوی جیھانی عەرەبی دڵتەنگ کرد، و میدیاکان بەگرنگییەوە ڕووماڵیان کرد و باسی کارە ئەدەبییەکانیان دەکرد.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

ھۆنراوە[دەستکاری]

نزار لە ساڵی ١٩٤٤، کاتێک یەکەم ھۆنراوەی بڵاوکرایەوە

نزار قەبانی لەوکاتەی تەمەنی ١٦ ساڵان بوو، دەستیکرد بە نووسینی ھۆنراوە. یەکەم ھۆنراوەی بە ناونیشانی ئەسمەرەکە پێی وتم (قالت لی السمراء) بوو. دوای ئەوە لەماوەی نیو سەدە، ٣٤ پەرتووکی ھۆنراوەیی بڵاوکردەوە، لە نێویشیاندا:

  • سامبا (١٩٤٩) سامبا
  • تۆ ھی منیت (١٩٥٠) أنت لی
  • چوارینەکان (١٩٥٦) قصائد
  • خۆشەویستەکەم (١٩٦١) حبیبتی
  • وێنەکێشی وشەکان (١٩٦٦) الرسم بالکلمات
  • یادەوەرییەکانی ژنێکی بێباک (١٩٦٨) یومیات امرأة لا مبالیة
  • چوارینە کێویەکان (١٩٧٠) قصائد متوحشة
  • پەرتووکی ئەویین (١٩٧٠) کتاب الحب
  • ١٠٠ پەیامی خۆشەویستی (١٩٧٠) مئة رسالة حب
  • شیعرەکان لە دژی یاسا (١٩٧٢) أشعار خارجة علی القانون
  • خۆشمدەوێی، ئەوەشی ماوەتەوە دێت (١٩٧٨) أحبک أحبک و البقیة تأتی
  • بۆ بەیرووتی خاتوون، لەگەڵ خۆشەویستەکەم (١٩٧٨) إلی بیروت الأنثی مع حبی
  • ھەموو ساڵێک و تۆ خۆشەویستمیت (١٩٧٨) کل عام وأنت حبیبتی
  • گەواھی ئەوە دەدەم جگە لە تۆ ھیچ ژنێکی دیکە نییە (١٩٧٩) أشھد أن لا امرأة إلا أنت
  • یادەوەرییە نھێنییەکەی سەماکەرێکی میسڕی (١٩٧٩) الیومیات السریة لبھیة المصریة
  • بەمشێوەیە مێژووی ژنان دەنووسمەوە (١٩٨١) ھکذا أکتب تاریخ النساء
  • فەرھەنگی عاشقان (١٩٨١) قاموس العاشقین
  • شیعرێک بۆ بەلقیس (١٩٨٢) قصیدة بلقیس
  • خۆشەویستی بە گڵۆپی سوور ناوەستێت (١٩٨٥) الحب لا یقف علی الضوء الأحمر
  • شیعری شێتانە (١٩٨٥)أشعار مجنونة
  • شیعرەکان توڕەیی دەورووژێنن (١٩٨٦) قصائد مغضوب علیھا
  • خۆشەویستی دەبێت بمێنێتەوە بەڕێزم (١٩٨٧) سیبقی الحب سیدی
  • سیانەی منداڵانی بەردین (١٩٨٨) ثلاثیة أطفال الحجارة
  • کاغەزە نھێنییەکانی ئەویندارە قەرمتییەکە (١٩٨٨) الأوراق السریة لعاشق قرمطی
  • ژیاننامەی جەنگاوەرێکی عەرەب (١٩٨٨) السیرة الذاتیة لسیاف عربی
  • ھاوسەرگیریم لەگەڵتدا کرد، ئازادی (١٩٨٨) تزوجتک أیتھا الحریة
  • شۆڕشێک لەسەر دەستم، وە وڵاتەکانت لەسەر کاغەز (١٩٨٩) الکبریت فی یدی ودویلاتکم من ورق
  • ھیچ سەرکەوتنێک بوونی نییە جگە لە خۆشەویستی (١٩٨٩) لا غالب إلا الحب
  • گوێت لە گریانی دڵتەنگییەکەمە؟ (١٩٩١) ھل تسمعین صھیل أحزانی؟
  • من پیاوێکم، تۆش سەرھۆزی ژنانیت (١٩٩٢) أنا رجل واحد وأنت قبیلة من النساء
  • پەنجا ساڵ لە پیاھەڵدان بە ژنان (١٩٩٤) خمسون عاما فی مدیح النساء
  • جیاوازبینینی نزاری لە مەقامی عیشق (١٩٩٥) تنویعات نزاریة علی مقام العشق
  • ئەلفووبێی یاسەمین (١٩٩٨) أبجدیة الیاسمین

گۆرانی[دەستکاری]

چەندین ھۆنراوەی نزار قەبانی لەلایەن گۆرانیبێژەکانی عەرەب گوتراونەتەوە، لەوانە عەبدولحەلیم حافز، ئوم کەلسووم، فەیرووز، کازم ساھر و زۆری دیکە.[٩]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Ayyıldız, Esat. “‘Kudüs’ Adlı İki Şiirin Mukayesesi: Nizâr Kabbânî’nin Kaleminden Arapça ‘el-Kuds’ ve Else Lasker-Schüler’in Kaleminden Almanca ‘Jerusalem’”. Ondokuz Mayıs Üniversitesi İlahiyat Fakültesi Dergisi 53 (Aralık 2022), 799-824. https://doi.org/10.17120/omuifd.1167935
  2. ^ Darwish, Adel (May 5, 1998). "Obituary: Nizar Qabbani". The Independent. Retrieved 19ی Octoberی 2018. {{cite news}}: Check date values in: |access-date= (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help)
  3. ^ “Nizar Qabbani: From Romance to Exile”, Muhamed Al Khalil, 2005, A dissertation submitted to the faculty of the Department of Near Eastern Studies in partial ulfilment of the requirements for the degree of Doctor of Philosophy in the Graduate College of the University of Arizona, USA.
  4. ^ http://www.britannica.com/eb/article-9099031/Nizar-Qabbani
  5. ^ ئ ا ب "Biographical notes on Nizar Qabbani". American University of Beirut. Archived from the original on 14ی Decemberی 2018. Retrieved 23 June 2007. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  6. ^ Sadgrove, Philip (2010), "Ahmad Abu Khalil al-Qabbani (1833–1902)", in Allen, Roger M. A.; Lowry, Joseph Edmund; Stewart, Devin J. (eds.) (eds.), Essays in Arabic Literary Biography: 1850–1950, Otto Harrassowitz Verlag, p. ٢٦٧, ISBN 3447061413 {{citation}}: |editor3-first= has generic name (help)
  7. ^ "Qabbani Recovered from Sickness, Gratitude Message to Syrians". Arabic News. 15 کانوونی یەکەم 1997. Archived from the original on 30 September 2007. Retrieved 23 June 2007. ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٠٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ "Nizar Qabbani, Major Arab Literary Figure, Dies". CNN.com. 30 April 1998. Archived from the original on 25 May 2005. Retrieved 23 June 2007. ٢٥ی ئایاری ٢٠٠٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. ^ [29 ویکیپیدیای عەرەبی، نزار قەبانی]، سەردان: ٢٦ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨.