مەلا محەمەدی خاکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەلا محەممەدی خاکی

لەدایکبوون١٨٢٥ز (١٢٥٥ک)
دێی ئەحمەد بڕندە، شارەزوور
مەرگ١٩٠٦ز (١٣٢٦ک)
ھۆکاری مەرگنەخۆشی
شوێنی گۆڕسلێمانی
نەتەوە کوردستان
پیشەمامۆستا
ئایینئیسلام
ھاوسەرپیرۆزە کچی ئەحمەد

مەلا محەمەدی خاکی (لەدایکبووی ١٨٤٠ لە برندە، شارەزوور — مردووی ١٩٠٨)یەکێکە لە شاعیرە ھەڵکەوتووەکانی کورد، سەر بە ڕێبازی نەقشبەندی بووە. لە شیعردا زۆر باڵا دەست و بەھرەمەند بووە، زۆرترین شیعرەکانی بە زمانی فارسی نوسیووە. بەڵام چەکامەیەکی ١٦٩ شیعری ھەیە بە کوردی لە باسی پێغەمبەر و ھاوەڵەکانی. (چەکامە) بە قەسیدەیەک دەڵێن کە لە ھەژدە شیعر زیاتر بێت، ھەروەک (چامە) بە قەسیدەیەک دەڵێن کە لە حەڤدە شیعر تێپەڕ نەبێت. ئەم چەکامەی خاکی پێی دەڵێن (چەکامەی نوور)، وا دەردەکەوێت خاکی وێنەیەکی ئەم چەکامەی ناردووە بۆ مەلا محەممەدی مەحوی، ئەویش دەیخوێنێتەوە و زۆر پێی جوان دەبێت و بەم دوو شیعرە فارسییە پەسەندی دەکات و دەڵێت:

"ز خاک طینت (خاکی) بحکم طبع روان
چو سر زد گل و نسرین سنبل و ریحان
ھرانکە دید بە دیدە (جزاک خیرا) گفت
شنید ھر کە بە (أخسنت) وا گشاد زبان"

خاکی بێجگە لە بەھرەی شیعر، کەسێکی خۆشنووس بووە و نووسینەکانی وەکو کارێکی ھونەری جوان لە ماڵاندا ھەڵدەواسرا.

ژیان[دەستکاری]

محەممەد کوڕی ئەحمەد، خەڵکی دێی (ئەحمەد بڕندە)ی شارەزوورە، لە ساڵی (١٢٥٥)ی کۆچی بەرامبەر (١٨٣٩) زایینی لەدایکبووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەستی کردووە بە خوێندن تا قورئان و چەند کتێبێکی فارسی خوێندووە، پاشان ھاتووەتە شاری سلێمانی و لای مەلا محەممەدی مەحوی و چەند مەلایەکی تر خوێندوویەتی. دواتر دەچێتە سنە و خوێندن لەو شارە تەواو دەکات و ئیجازەی مەلایەتیی وەردەگرێت. ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و دەست دەکات بە وانە وتنەوە بە قوتابیان، زۆربەی قوتابییەکانی مەلا محەممەدی خاکی شاعیر دەردەچوون، چونکە لەگەڵ وانە وتنەوەدا دەستکاریی ھەست و بیری ئەوانی کردووە و ئەوانیش ئیلھامی شیعریان لەو وەرگرتووە. ئەم شاعیرە لە سلێمانی دەمێنێتەوە تا لە ساڵی (١٣٢٦) کۆچی بەرامبەر بە ساڵی (١٩٠٦) زایینی بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کتێبی (گوڵستانی ئیرەم لە وصفی فەخری عالەم)، نووسینی (عوسمان سەنگاوی).
  • مەلا محەممەدی خاکی، بەغدا - ١٩٨٧.
  • شیعر و ئەدەبیاتی کوردی، ڕەفیق حیلمی، لاپەڕە ١١٠ تا ١١٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر، چاپی دووەم – ٢٠١٠.
  • مێژووی ناودارانی کورد، بابە شێخی مەردۆخ ڕۆحانی، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٥٤٢ تا ٥٤٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر – ٢٠١١.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی چوارەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕە ٥٠٩ تا ٦٠١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر - ٢٠٠٤.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم، سدیق بۆرەکەیی، لاپەڕە ٦٧٣ تا ٦٧٩، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر - ٢٠٠٨.