ماری شاژنی سکۆتلاند

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شاژن ماری ستوارت

ماری شاژنی سکۆتلەند یان ماری شاژنی سکۆتلەندییەکان (بە ئینگلیزی: Mary, queen of Scots) یان ماریی یەکەمی سکۆتلەند، ناوی ماری ستوارت و کچی جەیمزی پێنجەمی سکۆتلەند و دایکی جەیمزی شەشەم بوو. لە ساڵی ١٥٤٢دا لە سکۆتلەند لە دایک بوو و لە ساڵی ١٥٨٧دا بە جۆرێکی تراژیک لە سێدارە درا.

ئەو ھەروەھا کوڕەزای مارگارێت توودۆری کچی ھێنزی حەوتەمی شای ئینگلستان بوو؛ بۆیە دەبوە پوورزازای ماری توودۆر و ئێلیزابێتی یەکەمی ئینگلستان. لە لای خەڵکی عەوامدا، ئەگەر ئێلیزابێت بێ ھیچ منداڵێک بمردایە، ماری جێگری ڕاستەقینەی تاج و تەختی ئەو بوو، ھەروەھا لە لای ئەوانەدا کە ئێلیزابێتیان بە حەرامزادە دەزانی (وەکوو ھەمووی کاتۆلیکەکان و تەنانەت ھێنزی ھەشتەم خۆشی لە سەردەمێکدا)، ماری ستوارت دەبوا لە ساڵی 1558دا لە سەر تەختی پاشایەتیی ئینگلستان دابنیشتایە.

منداڵی[دەستکاری]

ماری لە یەکەمین ساڵی لە دایک بوونیدا کۆمەڵێک پاشایەتیی پێشکەش کرا. حەفتەیەک لە لەدایک بوونی تێپەڕ بووبوو کە بە مردنی باوکی بوو بە شاژنی سکۆتلەند. ھێنریی ھەشتەم کە بەھیوا بوو، سکۆتلەند بکات بە بەشێک لە خاکی ئینگلستان، پێشنیاری دا کە بەڵێنی پێ بدەن، کچە ساواکە دەبێتە ژنی ئێدواردی کوڕی، بۆیە ویستی کە بیھێنن بۆ ئینگلستان و لەوێدا وەکوو پڕۆتێستانێک پەروەردە بکرێت تا ببێت بە شاژنی ئێدوارد. دایکی کاتۆلیکی ماری، لەجێی ئەمە، پێشنیاری ھێنزی ی دووھەمی فەڕەنسای قەبووڵ کرد(1548) کە ماری بە ژنی بدات بە کوڕەکەی ئەو کە جێگری پاشای فەڕەنسا بوو. بۆیە لە ترسی ئەوەی کە ماری لە لایەن دەسەڵاتی ئینگلستانەوە بدزرێت، لە تەمەنی شەش ساڵانیدا، نێردرا بۆ فەڕانسە.

لاوی[دەستکاری]

ئەو لە فەڕەنسا لەگەڵ فڕانسیسی دووھەمدا زەماوەندی کرد و بوو بە شاژنی فەڕەنسا. بەڵام فڕانسیس لە 1560دا لە دوای دوو ساڵ پاشایەتی کۆچی دوایی کرد. ماری کە لە تەمەنی ھەژدە ساڵیدا بێوەژن کەوتبوو، دەیویست لە فەڕەنسا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی کە زۆر حەزی لەو وڵاتە بوو. بەس ھەر لەو کاتەدا کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی سکۆتلەند بەرەو ئایینی پڕۆتێستانیزم چووبوون و ئەو مەترسییە ئەو وڵاتەی داگرتبوو کە ناوی لە لیستی ھاوپەیمانەکانی فەڕانسەدا بسڕێتەوە. بۆیە لە ١٤ی ئابی ١٥٦١دا، ماری لە ڕێگەی زەریاوە لە سالەیسەوە، ماڵئاوایی لە فەڕەنسا کرد و گەڕایەوە بۆ سکۆتلەند. ماریی کاتۆلیک لە دوای گەڕانەوەی بۆ سکۆتلەند تووشی ڕاپەڕینە ئایینیەکەی جۆن ناکس بوو. دوو تابلۆ کە لە ئەو سەردەمە بە جێ ماون، بەڵگەی پشت ئەستووری ئەوەن کە ماری یەکێک لە جوانترین ژنانی سەردەمی خۆی بوە. ئەو لە دوای چوار ساڵ مانەوە بە بێوەژنی لەگەڵ لۆرد دارنلیدا زەماوەندی کرد.

کوژران[دەستکاری]

لە ١٥٦٧دا چەن نامە کە دەوترا بە دەستی ماری نووسراوە، پەیدا کراو لە دوای ناکۆکییەکانی ماری و دارنلی، ماری تاوانبار بە خەیانەت و دەسیسەی کوشتنی مێردەکەی کرا. ئەو لە سەر ئەم تاوانە دادگایی کرا و بە فەرمانی ئێلیزابێتی یەکەمی ئینگلستان کوژرا.

سەرچاوە[دەستکاری]

Will and Ariel Durant, The Story of Civilization, Volume 7, Age of Reason, Pages 134- 160.