لەیلا زانا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لەیلا زانا
Leyla Zana

لەدایکبوون٣ی ئایاری ١٩٦١
نەتەوەکورد
پیشەسیاسەتمەدار
خەڵاتەکانخەڵاتی ڕافتۆ (١٩٩٤)
خەڵاتی ساخارۆف (١٩٩٥)
خەڵاتی ئاخنی ئەڵمانی (١٩٩٦)
خەڵاتی خوان ماریا باندریسی (٢٠٠٨)

لەیلا زانا (بە کورمانجی:Leyla Zana)، لەدایکبووی ٣ی ئایاری ١٩٦١ لە شاری فارقینی باکووری کوردستان، ژنە سیاسەتمەداری کورد کە بۆ ماوەی دە ساڵ بەھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا زیندانی کرا.

ژیان[دەستکاری]

لەیلا زانا رۆژی‌ ٣ ئایاری‌ ساڵی‌ ١٩٦١ لە شارۆچکەی فارقینی‌ سەر بە شاری‌ دیاربەکر لە دایکبووە و ساڵی‌ ١٩٩١ بوو بە یەکەمین ژنی کورد کە توانی ببێتە ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ تورکیا.

سوێند خواردن بە زمانی کوردی[دەستکاری]

لەیلا زانا، ساڵی ١٩٩١ لە مەڕاسمی سوێند خواردنی پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکەی کورد بە زمانی کوردی سوێندیان خوارد. لەو مەراسیمە کە لەیلا زانا ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی لە نێوچاوان و پرچی بەستبوو، بوو بە سیمبوولێکی کورد.[١]

پاش ئەم مەڕاسیمە، پەرلەمانتارانی کورد لەیلا زانا، ئۆرھان دۆغان، سەلیم ساداک و خەتیب دیجلە بە ١٥ساڵ زیندانیکردن سزادران، دوو پەرلەمانتارەکەی تر زوبێر ئایدار و یەشار کایاش ڕایانکرد.[١]

ساڵی ٢٠٠١ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەنگی بە ھەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانیکردنی چوار پەرلەمانتارە کوردەکە دا بەڵام تورکیا دەنگی ئەم دادگایەی بەفەرمی نەناساند.[٢] پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ پاش تێپەڕبوونی ١٠ساڵ لە حوکمی ئەم چوار تێکۆشەرە کوردە، بەھۆی فشارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا ئەم پەرلەمانتارانەی ئازاد کرد.

خەبات و خەڵاتەکان[دەستکاری]

لەیلا زانا بە ھۆی‌ ھەوڵ و ماندوبوونەکانی‌ لە پێناو چەسپاندنی‌ دیموکراسی‌ لە تورکیا و دەستەبەرکردنی‌ مافی‌ کوردان تا ئیستا، زیاتر لە ٦ خەڵاتی‌ گرنگی‌ جیھانی‌ بە دەست ھێناوە.

  • ساڵی‌ ١٩٩٥ لە لایەن یەکێتی‌ ئەوروپاوە خەڵاتی‌ ساخارۆفی‌ پێبەخشرا بەڵام بە ھۆی‌ زیندانیبوونی‌ تا ساڵی‌ ٢٠٠٤ نەیتوانی‌ ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
  • خەڵاتی‌ دەزگای‌ رافتۆی‌ نەرویجی‌ بۆ ئاشتی‌ لە ساڵی‌ ١٩٩٤ وەرگرتووە. ساڵی‌ ١٩٩٦ خەڵاتی‌ ڤاڵدۆستی‌ ئیتاڵی‌ بۆ مافی‌ مرۆڤی‌ وەرگرت.
  • ساڵی‌ ١٩٩٦ خەڵاتی‌ ئاخنی‌ ئەلمانی‌ بۆ ئازادی‌ رادەربڕین پێبەخشراو.
  • لە نێوان ساڵەکانی‌ ١٩٩٥ تا ١٩٩٨ کاندیدکرا بۆ وەرگرتنی‌ خەڵاتی‌ ئاشتی‌ نوبێل.
  • لە شاری‌ رۆمای‌ ئیتاڵی‌ رەگەزنامەی‌ فەخری‌ ئەو وڵاتەی‌ پێبەخشرا.
  • ساڵی‌ ٢٠٠٨ خەڵاتی‌ خوان ماریا باندریسی‌ ئیسپانی‌ بەخشرایە لەیلا زانا.

لەیلا زانا لە کاتی‌ وەرگرتنی‌ رەگەزنامەی‌ فەخری‌ ئیتالیا رایگەیاند:

« ئێمە دەبێت شتە باش و ھاوبەشەکان ببینین و ھەرگیز بێ ھیوا نەبین. ئێمەی‌ کورد ناخۆشی و شەڕمان لە گەڵ گەلانی‌ تورک و عەرب و فارس نەبووە، بەڵکو سیستەم و دەوڵەتەکان ویستویانە ناسنامەی‌ نەتەوەییمان بسڕنەوە. »


لەیلا زانا ئێستا وەک کەسایەتیەکی‌ سەربەخۆ پشتگیری‌ پارتی‌ کۆمەڵگای‌ دیموکراتی‌ DTP دەکات و ھەوڵەکانی‌ خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی‌ ئاشتیانەی‌ پرسی‌ کورد لە تورکیا و بۆ ئەو مەبەستەش چەند جار سەردانی‌ ھەرێمی‌ کوردستانی‌ کردووە و لە گەل سەرکردایەتی‌ کورد کۆبووەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]