فردینان دێسوسور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فردینان دێ سوسور (بە فەڕەنسی: Ferdinand de Saussure) ١٧ی نوامبەری ساڵی ١٨٥٧ لە شاری ژنێڤ سەر بە وڵاتی سویس لە بنەماڵەیێکی توکمەی بە ناوبانگ، خونچەی تەمەنی دەپشکوێ. بنەماڵەکەی کۆچبەرێکی فەرەنسی بوون کە لە سوییس دەژیان. بەناوبانگی بنەماڵەی فردینان بە ھۆی کاری زانستیەوە بوو . «سوسور» لەگەڵ «دورکایم » و « فرۆید » ھاوتەمەن و ھاوچەرخ بوو. بەڵام پێی ناچێ کە لەگەڵ ئەم دوو کەسایەتییەدا دانووستاندنی بیری و زانستی ھەبووبێ. «فردینان» پاش ناکامی لە دەرسی «فیزیک و شیمی» لە ساڵی ١٨٧٥ بەرەو زانکۆی « لایپزیک » بۆ خوێندنی وانەی زمان دەکەوێتە ڕێ. ماوەی ھەژدە مانگ لەم بوارەدا خۆی ماندوو دەکا. لە تەمەنی ٢١ ساڵی دا، لە سەر «سیستەمی سەرەتایی و دەنگەکان لە زمانە ھێند و ئورووپاییەکاندا» تێزی ئاکادیمی بڵاو دەکاتەوە. «ئێمیل بنوەنێست» زمانەوانی بەناوبانگی فەڕەنسی لەم بارەوە دەڵێ: « ئەم بەرھەمە، رووناکیێکە بۆ داھاتووی «سوسور» لە سەر چۆنایەتی نیشانە پێوەندیدارەکانی زمان».


ساڵی ١٨٨٠ ی زایینی «سوسور» لەسەر تێزێکی زمانەوانی لە ژێر سەردێڕی «دۆخی زیادە (ئیزافە) لە سانسکرێت» دا، پێداگری زانستی دەکات. ماوەی دە ساڵ وەک مامۆستای زمانەوان لە زانکۆکانی پاریسدا وانە دەڵێتەوە و چالاکی دەنوێنێ. بە ھۆی بیرتیژی و چالاکی بەردەوام، بە پسپۆڕی زمانە ھێند و ئەوروپاییەکان ھەڵدەبژێردرێ.

«سوسور» پاش ٣٨ ساڵ، چالاکی نەپساو وماندوونەناسانە لە بواری زمانەوانیدا، ساڵی ١٩١٣ مۆمی تەمەنی دەکوژێتەوە. تەنیا بەرھەمێک کە بوو بە ھۆی بەناوبانگی ئەم کەڵە پیاوە، کتێبی «خولی زمانناسی گشتی» بوو کە ماوەیەکی کورت پاش بڵاو بوونەوەی لە ھەموو ئاقار و دەڤەرێکی جیھاندا وەرگیڕدرایەوە و قوتابخانەی زمانەوانی پێ دەوڵەمەند بوو. ئەم کتێبە لە ساڵی ١٣٧٨ کۆچی لە لایەن «کورش سەفەوی» وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و لەلایەن دەزگای پەخشی «ھرمس» لە چاپ دراوە و بڵاو کراوەتەوە. «سوسور» تاکە زمانەوانێک بوو لەدەقی ئەم کتێبەدا، ‌لە سەر باری زانستی و رواڵەتی زمان بە شێوەی ئاکادیمی راڤەی کردووە و بە بیرۆکەی زانستی و پێوەری پسپۆڕی، بنەما و بناغەکانی زمانەوانی زانستی و پێکھاتەیی (ساختاری) داڕشتووە.


پاش مەرگی «سوسور» بە ھۆی رەنگدانەوەی کاریگەری چمکە فیکرییەکانی، بە «باوکی زمانەوانی نوێ» بانگەوازی دەرکرد. ئەم روانگە نوێیە، بوو بە ھۆی لە دایک بوونی قوتابخانەگەلێکی جۆراوجۆری وەک: «پڕاگ» «کۆپنھاک» و «ئەمریکا».

ئەم بۆچوونە تازە ، جووڵەی خستە نێو قوتابخانەی زمانەوانییەوە. ھەوێنی ئەندێشەی «سوسور» بوو بە روانگەی جۆراوجۆر و پلۆرالیسمی زمانەوانی. ئەگەرچی دوایی ھەرکام لەو شێوازانە، رێیان جیاکردەوە بەڵام ئەمە بیرۆکەی «سوسور» بوو کە ھەموویانی لەیەک ھێڵدا دەبەستەوە، ئەویش ڕەچاو کردنی باری پێکھاتەی زمان بوو. بێ ئەوەی «سوسور» لە بەرھەمەکەیدا ناوێک لە پێکھاتە ببات، زمانەوانان بەڕاشکاوی دیانیان بەوەدا نا کە دەست پێکەری ئەم شێوازە «سوسور» ە و بەس.

ئەنجامی ئەم نوێکارییە بوو بە ھۆی لە دایک بوونی قوتابخانەیەکی گرنگ و تۆکمە بە ناوی پێکھاتەخوازی Structuralism کە دوایی پانتایی شێوازناسی (سبک شناسی) و ڕێزمان (دستور زبان) ی گرتە بەر بوو بە ھۆی بەزاندنی چەمکە کۆنەکانی زمانەوانی، داڕشتنی شێوازناسی و ڕێزمان لەسەر قاڵب و قۆناغێکی نوێ.

بەم بۆنەوە، تیشکێک ئەخەینە سەر چەمکە زانستییە نوێکانی «سوسور» و تا رادەیێک لەسەریان راڤە دەکەین:

«سوسور» لە ئەنجامی توێژیینەوە لە سەر دۆزی زمان، بۆی دەرکەوت کە زمان خاوەنی سیستەمێکی تایبەتییە. بۆ دەرخستنی ئەم تایبەتمەندییە، دەستی بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی زانستی زمان کرد.وێڕای کەڵک وەرگرتن لە بیرۆکە دیالیکتیکیەکانی ھێگل بەو ئەنجامە گەیشت کە «زمان» سیستەمێکی رێسامەندە لە نیشانەکان کە لە زنجیرەیەکی ئاسۆیی و ئەستوونیدا موتوربە (پێوەند) کراون. «سوسور» بۆ ئەم حاڵەتە زمانەوانییە، زاراوەی (فۆرم، Form) ی بەکار ھێنا. لەو باوەڕەدا بوو کە زمان کاتێک ھاتە سەر زار و ئاخافتنی پێکرا، ئەبێ وەک واقعێکی بەرچاو سەیری بکرێ. ئەم روانگە بوو بە ھۆی ئەوە کە زمانەوانەکان بە تێکڕا «سوسور» بە دەست پێکەری پێکھاتەخوازی دابنێن. «سوسور» بە راشکاوی پەنجەی خستە سەر، پێوەندی زنجیرەیی نیشانەکان و دەیگوت ئەمانە تۆڕگەلی نەپساوی زمان پێک دێنن ئەگەر لەیەک جوێ بکرێنەوە ناتوانن واتا بە زمان ببەخشن.

دیاری کردنی سنووری نێوان زمانناسی مێژوویی و ھاوچەرخی چەمکێک تر لە راژە زانستییەکانی «سوسور» بوو، لەم بارەوە دەڵێت: «وەک دەزانین گەردەلوولی زەمەن ھەموو شتێک راپێچ دەکات و سیمای ھەستی سروشت دەگۆڕێ، زمانیش لەم یاسایە بە دوور نییە، وەرچەرخانی کات بەسەر زماندا گۆڕانکاری دێنێ و روخساری توخمەکان و ئامرازەکانی زمان دەشەمزێنێ. ئەم بزاڤە زەمەنییە و ئەم جووڵە مێژووییە کە گۆڕانکاری بەسەر زماندا دێنێ و بۆ نەوەی دوایی نامۆ و ناتەبای دەکات، بە «زمانەوانی مێژوویی»دەناسرێت. ئەو زمانە کە ئێستاییە و نەوەی سەردەم پێی دەئەخافێ بە «زمانناسی ئێستایی» یان زمانناسی (توێیفی) ناودێر دەکرێ».


جەختی تایبەتی «سوسور» لەسەر ئەم دۆزە ئەوەیە کە بڵێ: «ئەم دوو قۆناغە لە یەک جیایە و زمانەوان نابێ بە پێوەری رابردوو، بابەتە زمانییەکانی ئێستا بنرخێنێ. بەڵکوو ھەرکام بە پێی پێودانگ و پێداویستی خۆی، لێیان بقۆزێتەوە. قۆستنەوەی چەمکی ئێستایی زمان بە پێوەری کۆنی زمان نە تەنیا سوود بەخش نییە بەڵکوو دەبێتە ھۆی ئاڵۆزی و قەیرانی زمان». «سوسور» لە روانگەیێکی دیکەوە لەسەر (رێسامەند) ی زمان ئاوڕ دەداتەوە، وێڕای باوەڕی پتەوی بە چڕی پێوەندیداری نیشانە زمانییەکان و پێوەندی نێوان «زمان» و «گوتار»، دەڵێ: «جەوھەری زمان» و «گوتار و ئاخافتن» دوو چەمکی جۆراوجۆرن. «جەوھەری زمان» واتایەکی زەینی و ئەبستراکی (ئینتزاعی) یە. بەڵام گوتار و ئاخافتن Puroce چەمکێکی ھاوبەش و دەبێتە جێگری زمان. واتە زمان لە واتایەکی (ئێنتزاعی) و زەینی دەگوێزرێتەوە بۆ باری مادی و «عەینی». ئەو بنەما فیکرییە و ئاکارە زمانییە، دوایی بوو بە خوانێک بۆ زمانناسان و لەسەر نوێکارییەکانی «سوسور» تەئسیر وەربگرن. بە تایبەت زمانەوانەکانی ئەمریکا وەک: «ڕابێرت ھاڵ» و «چارڵز فریزێر» کە لە سەر بۆچوونەکەی «سوسور» جەوھەری زمانیان لە ئاخافتن جوێ کردەوە وگەیشتنە ئەو ئەنجامە کە: «واتای ڕاستەکی زمان واتە: «ئاخافتن، وەرگرتنی پەیام و ھیچی تر».


سەرچاوە[دەستکاری]

[[١]]