فازل ڕەسووڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دکتۆر فازڵ مەلا مەحمود مەلا رەسول لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. لە قۆناغی ناوەندی لە سەردەمی حکومەتی بەکر سدقی زیندانی کراوە. لە سەرەتای لاویەتیدا جموجۆڵی ڕۆشنبیری و سیاسی ھەبووە و وەک «چەپیەکی ماوی» خەباتی کردووە. لە حەفتاکاندا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. لە نیوەی حەفتاکاندا بەرەو ئەوروپا دەکەوێتە ڕێ و لە نەمسا جێگیر دەبێ و پەرە بە خوێندنی خۆی دەدا. لە ساڵی ١٩٨٥ لە بەرلین بڕوانامەی دکتۆرای بە دەست ھێنا لە زانستی سیاسەتی نێو دەوڵەتی. دامەزرێنەری گۆڤاری (مینبەر ئەلحیوار) بوو لە بەیروت ساڵی ١٩٨٦. چەندین کتێبی نوسیوە و وەرگێڕانی بۆ کردوون.

وەرگێڕانەکانی لە فارسیەوە بۆ عەرەبی: (ئێران غوربەتی سیاسەت و شۆڕش، ئەبولحەسەن بەنی سەدر. سنوری جیاکەرەوەی سیاسەت و دین، مەھدی بازرگان. نەوت و کۆنتڕۆڵ، ئەبولحەسەن بەنی سەدر).

نوسینەکانی: (ئاوا عەلی شەریعەتی دوا؛ بە زمانی عەرەبی: ئیسلام و مێژوی کورد (چاپ نەکراوە). زلھێزەکانی دونیا و بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی جیھانی سێیەم (کورد و سۆڤیەت)، بە زمانی ئەڵمانی: جەنگی عێراق و ئێران، بە زمانی ئەڵمانی و عەرەبی. ھەروەھا چەندین وتاری ھزری و سیاسیش بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی).

یەکەم کەسە لە جیھانی ئیسلامی بۆ یەکەم جار ھزرڤانانی ئیسلامی و سیکۆلاری و ناسیۆنالی لە سەر خوانی گفتووگۆ کۆ کردەوە لە قاھیرە لە ساڵی ١٩٨٩.

خاوەنی پڕۆژەی یەکێتی شارستانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوو و باوەڕی وابوو کورد پارچە کراوەو دەبێ دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێ و فرە ڕەنگی میللەتانی ڕۆژھەڵات لە نێو یەکێیەتیەکی گونجاودا بپارێزرێ.

فازڵ بە ھزرڤانێکی ئیسلامی بەرز ناسرابوو لەنێوەندە ڕۆشنبیریەکانی جیھانی عەرەب. لە پاش نیوەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو قەناعەتەکانی گۆڕا لە مارکسیزم و ماویەتەوە بەرەو ئیسلام. ئەم گۆڕانە وایکرد یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە چاوێکی ناحەز تەماشای بکا و ئەم ھۆکارەش بوو کە فازڵ لە نێو کوردستاندا کەسایەتیەکی شاراوە و نە ناسراو بێ. لەم چەند ساڵەی دوایی چەندین وتار لە چەند سایتێکی کوردی و عەرەبی دەربارەی نوسرا و ئێستا لە کوردستان ناسراوەتەوە. لە ڕۆژی ١٣/٧/١٩٨٩ کاتێک کە ناوبژی دایلۆگی نێوان دکتۆر قاسملۆ و نوێنەرانی حکومەتی ئێرانی دەکرد، لە گەڵ دکتۆر قاسملۆ و عەبدوڵڵا ئازەر کەوتە بەر دەستڕێژی پلانێکی تیرۆریستی و گیانی لە دەست دا.