خۆشناوەتی

ئەم پەڕەیە پارێزراوە.
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

خۆشناوەتی (وڵاتی خۆشناوەتی) ناوچەیەکی شاخاوی بەرفراوانی باشووری کوردستانە، سنووری ناوچەکە ھەموو شارۆچکەی شەقڵاوە و ھەروەھا گوندەکانی شارۆچکەکانی ڕانیە و ڕەواندز و سۆران دەگرێتەوە، بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ئەم ناوچەیە بەناوبانگن بەتایبەتی ھەنار وھەنجیر و ترێی ڕەشمیری و تووتن.

سەبارەت بەناوی ھۆزی خۆشناو

وشەی خۆشناو دەکرێت لەچەند شتێک پێکھاتبێت لەوانە دەوترێت لەدوو وشەی (خۆش) و (ناو) پێکھاتووە واتا ناوی خۆش، بەڵام ڕایەکی تر ھەیە کە دەوترێت وشەکە لە (خۆش) و (ناوە) ھاتووە واتا ناوچەیەکی خۆش کە ئەوەش بەھۆی دڵرفێنی شوێنی جوگرافی ناوچەی خۆشناوەتییە کە لەچەندین شاخ و دۆڵ و دەشت و ڕووبارو کانیاوی جوان پێکدێت.

مێژووی خۆشناوەتی[دەستکاری]

ھۆزی خۆشناو یەکێکە لەھۆزە گەورەو ناودارەکانی کوردو باشووری کوردستان و پارێزگای ھەولێر خاوەنی گەورەترین ڕووبەرەرە لە ناوچەکە، بەپێی سەرچاوەکان مێژووەکەیان بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە بەپێی ھەندێک بۆچوون مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە ھەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، بەپێی بۆچوونی تریش مێژووەکەیان بۆ ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆچوونی تر ھەیە کە دەڵێت میژووەکەیان بۆ نزیکەی سێ سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە ئەویش دوای ڕووخانی میرنشینی ئەردەڵان بووە کە ئەو ھۆزە لەباشووری کوردستان جێگیر بوونەو پێگەیان بەھێز بووە.

وڵاتی خۆشناوەتی

بەھۆی ڕووبەری فراوان و زۆری بەرھەمی ناوەخۆ و گرنگی ناوچەکە لەکۆنەوە خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری کە سەردانی خۆشناوەتیان کردوە نازناوی وڵاتی خۆشناوەتی یان پێبەخشیوە.

دروستبوونی ھۆزی خۆشناو[دەستکاری]

دەربارەی دروستبوونی ھۆزی خۆشناو، بۆچوونێک ھەیە کە دەوترێت ئەو ھۆزە چەند سەدەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ڕووخانی میرنشینی ئەردەڵان لەشاری سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەسەردەستی دەوڵەتی سەفەویەکان کە تووشی شەڕ دەبن لەگەڵیان، بۆیە میری ئەو میرنشینە کە (ئەمبێزخان) دەبێت بەرەو ناوچەکانی باشووری کوردستان دێت و لەناوچەی خۆشناوەتی و لەگوندی (ھەرمک) دەگیرسێت و سێ کوری ھەبووە ئەوانیش (میر مەحمەل) و (پشتگەری) و (میر یوسف) ن، لەدوایدا ئەمبێزخان لەسەر کێشەی ئاودێری (میر شەرک) ی سەرداری ناوچەکە دەکوژێت و دەچێتە سەر خانووی ئاغاو دەڵێت (سەردەمی میر شەرک کۆتایی ھات و ئێستا سەردەمی ئەمبێزخانی ئەردەڵانییە) دواتر دەبێتە حوکمرانی ناوچەی خۆشناوەتی، بەڵام باس لەوەش دەکرێت کە دروستبوونیان وەکو ھۆز بۆ پێش ئەو مێژووەش دەگەڕێتەوە.

ناوەکەیان لەخۆشی ناوچەکە ھاتووە

سەبارەت بەناوی ھۆزی خۆشناو، محەممەد جەمال توتمەیی شارەزا لەمێژووی ھۆزی خۆشناو دەڵێت: وشەی خۆشناو دەکرێت لەچەند شتێک پێکھاتبێت لەوانە دەوترێت لەدوو وشەی (خۆش) و (ناو) پێکھاتووە واتا ناوی خۆش، بەڵام سەدرەدین عومەر خۆشناو نووسەرو چیرۆکنووس دەڵێت: ڕایەکی تر ھەیە کە دەوترێت وشەکە لە (خۆش) و (ناوە) ھاتووە واتا ناوچەیەکی خۆش کە ئەوەش بەھۆی دڵرفێنی شوێنی جوگرافی ناوچەی خۆشناوەتییە کە لەچەندین شاخ و دۆڵ و دەشت و ڕووبارو کانیاوی جوان پێکدێت.

لەچەندین پەرتووکدا باسیان کراوە

لەچەندین پەرتوکی مێژووییدا باس لەھۆزی خۆشناوەتی کراوە، پەرتوکەکانی (عنوان المجد) ی ئیبراھیم فەصیح حەیدەری - ە ھەروەھا نووسەری عیراقی عەباس عەزاوی لەپەرتوکی (عشائر عراق) باسی خۆشناوەکانی کردووە ھەروەھا لەپەرتوکی (سیاحەتنامە) شدا باسیان کراوە، ھەروەک چەند پەرتوکێک لەلایەن نووسەرانی کورد دەربارەیان نووسراوە لەوانە پەرتوکی (خۆشناو و خۆشناوەتی) ی (سالار کەمال بەگی شەقڵاوە) و ھەروەھا (مامۆستا عەبدوسەلام نەبی) ش پەرتوکێکی لەبارەیانەوە نووسیوە.

ئاخاوتنی خۆشناوەکان[دەستکاری]

خۆشناوەکان بەھۆی دابەشبوونیان بەسەر ھەردوو پارێزگای ھەولێرو سلێمانی و لەپێشووتریشدا ھاتنیان لەڕۆژھەلاتی کوردستان شێوەی ئاخاوتنیان دابەش بووە بۆ سەر ھەردوو شێوەزاری ناوچەی سلێمانی و ھەولێر کە خۆشناوەکان لەئاخاوتندا بەزمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندن.

خۆشناوەکان و سوپای ئیسلام[دەستکاری]

لەکاتی ھەڵمەتەکانی فتوحاتی سوپای موسڵمانان بۆ سەر کوردستان لەکاتی گەیشتنی سوپاکە بۆ ناوچەی خۆشناوەتی سوپای موسڵمانان تووشی ڕووبەڕوبونەوەی سەربازی لەگەڵ خەڵکی خۆشناوەتی بوونە، بەڵام ھۆکارەکەی بۆ بوونی قەڵەمڕەوی دەوڵەتی فارسە ساسانییەکان بووە، ئەگینا دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بەھۆی ستەمی ساسانییەکان ئاواتەخوازی ھاتنی سوپای موسلمانان بوونە، بۆیە دوای ماوەیەکی کەم ئەوانیش چوونەتەسەر ئایینی ئیسلام کە پێشتر لەپەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی بوونە، بۆیە ئیستاش چەندین گۆڕی سەربازانی سوپای موسڵمانان لەناوچەی خۆشناوەتی بوونیان ھەیە کە (عەیازی کوری غەنەم) سەرکردەی سوپای موسڵمانان بووە لەو جەنگەدا.

پێشتر پێیان وتراوە حەسنانی

بەپێی پەرتوکی (مەسالک ئەبصار) ی (ئەبو فەزڵ عومەری) کە ھەشت سەدە لەمەوبەر ھاتووەتە کوردستان و دەڵێت لەناوچەی خۆشناوەتی ھۆزێک ھەبوونە بەناوی (حەسنانی) کە بەپێی بۆچوونی خۆشناوەکان (حەسنانییەکان) ھەر خۆشناوەکانی ئێستا بوونە، بەڵام ئەو ناوەیان بەدرێژایی مێژوو گۆڕاوەو دواتر بووەتە خۆشناو، بەڵام بەشێک لەئەندامانی ئەوە ھۆزە ئەو بۆچوونە بەناڕاست دەزانن.

چەندین گەریدە باسیان کردوون

لەمێژوودا ناوچەی خۆشناوەتی و ھۆزی خۆشناو لەلایەن چەندین گەریدەو ڕۆژھەڵات ناسەکاندا باس کراوە لەوانە (یاقوتی حەمەوی) لەپەرتوکی (موعجەم بولدان) کە باسی ناوچەی شەقڵاوە دەکات و بە (شەقڵ ئاباز) ناوی دەھێنێت، ھەروەھا (کڵۆدس جیمس ڕیچ) ی بەریتانی و (ئیبن ئەسیر) لەپەرتوکی (کامل فی تاریخ) و ھەروەھا (مارک سایکس) ی سیاسەتمەداری بەریتانی.

مەسیحی و جولەکەیان پاراستووە[دەستکاری]

لەچەندین پەرتوکدا نووسەرە بیانییەکان ئەندامانی ھۆزی خۆشناو بەکەسانی شەڕانگێز ناودەبەن، بەڵام بەوتەی خۆشناوەکان ھۆکاری ئەو تۆمەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆشناوەکان بەرگریان لە کوردبوونی خۆیان کردووەوە، بۆیە دوژمنانی کورد بەو شێوەیە تۆمەتباریان دەکەن، ئەگینا خۆشناوەکان کەسانی مرۆڤ دۆست و ئایین پەروەر بوونەو لەدێڕ زەمانەوە پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی و جولەکەیان لەناوچەکەی خۆیان پاراستووە، بۆیە ئێستاش ژمارەیەکی زۆری مەسیحی لەناوچەکەیان نیشتەجێن.

بەرھەمەکانی خۆشناوەتی[دەستکاری]

ناوچەی خۆشناوەتی بەھۆی سەختی ھەڵکەوتەکەیەوە کە ناوچەیەکی شاخاویە زۆربەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکەی بریتییە لەمیوەی وەکو ترێ و ھەنارو ھەرمێ و ھەنجیر، قەیسی و سێو جگە لەمەش ناوچەکە بەچاندنی بەرھەمی توتن بەناوبانگە کە زۆربەی بەرھەمی توتنی پارێزگای ھەولێر لەناوچەی خۆشناوەتی بووە کە ئەویش بەھۆی زۆری ئاو و ساردی شوێنەکەیە کە توتنی ئەو ناوچەیە لەجۆری باش و بۆندار بووە.

ھەژار موکریانی لە کتێبی (چێشتی مجێورە) دا دەڵێت:

وڵاتی خۆشناوەتی بەتایبەتی لە پاییزاندا بە سەر میوەدا وێران دەبێ. ھەموو دێھاتی کە یەکجار زۆریشن- پڕە لە ھەنار و ھەنجیر و ھەرمێ و سێو و ھەموو بەرێکی دار و ھەموو جۆرە ترێیەک.

بەشدارییان لە شۆڕشەکاندا[دەستکاری]

ھۆزی خۆشناو لەمێژوودا بەشداریان لەزۆربەی شۆڕشەکانی میللەتی کورد کردووە لەوانە شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی حەفیدو شۆڕشەکانی میرانی سۆران و شۆڕشی ئەیلوول و شۆرشی نوێی گەلەکەمان و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەمەھابادو چەندین شەھیدیان لەو پێناوەدا بەخشیوە لەوانە (مستەفا خۆشناو) و (مەحموود کاوانی) و (سلێمان بیرێژی) ھەروەک بەبەردەوامی ناوچەکەیان بووەتە چەخماخەی شۆڕشەکانی کوردو زۆربەی ڕووبەڕوبوونەوەکانی کورد لەدژی دوژمنانی لەناوچەی خۆشناوەتی بووە، بۆیە زۆربەی کارەساتی بەکۆمەڵ کوشتنی میللەتی کورد لەو ناوچەیە ڕوویداوە وەکو کیمیاباران کردنی گوندەکانی (بالیسان) و (شێخ وەسان) و (وەرێ) بوونە.

لەسەردەمی گرانی گەورەو قات و قڕی لەکاتی جەنگی جیھانی یەکەم، قات و قڕی تووشی ناوچەی خۆشناوەتیش دەبێت کە ئەوەش بەھۆی بەتاڵان بردنی ھەموو بەروبوومەکانی خەڵکەکە بوو لەلایەن سوپای تێکشکاوی عوسمانییەکان، بۆیە ھەرچی دانەوێلەیان ھەبووە لەژێر خاک و لەناو چاڵدا شاردویانەتەوە.

خۆشناوەکان و میرنشینی سۆران[دەستکاری]

ھۆزی خۆشناو لەکۆندا خاوەن میرنشینی خۆیان نەبوونە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکانی مێژوو بڕبڕەی پشتی میرنشینی سۆران بووە، لەماوەیەکیشدا شارۆچکەی شەقڵاوەی ناوچەی خۆشناوەتی دەبێتە پایتەختی ئەو میرنشینە، بۆیە لەوکاتەدا شەقڵاوە پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە دەبینێ و بەپێیی پەرتوکی (شەرەفنامە) ی مێژوونووسی کورد (شەرەفخانی بەدلیسی) ھۆکاری ناونانی شەقڵاوە لەناوی (میر شاقوڵی بەگ) ی یەک لەمیرانی سۆران ھاتووە، بەڵام بەپێی بۆچوونی مێژوونووسی کورد (مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی) ناوەکەی لە شەقڵ و دار ھاتووە کە ناوچەیەکە خاوەن دارستانێکی زۆرە.

قوتابخانە ئاینییەکان و زاناکان[دەستکاری]

لەمێژوودا ناوچەی خۆشناوەتی چەندین قوتابخانەی ئایینی گرنگی تێدا بووەو دەیان زانای گەورەی میللەتی کورد تێیدا خوێندوویانە لەوانە قوتابخانە ئایینییەکانی گوندەکانی ھەرتەل و بالیسان و خەتێ و بێراوە چەندین کەسیش لەوڵاتانی تر بۆ خوێندن ڕوویان تێکردووە، یەکێک لەپیاوە ئایینی و ناودارەکانی ھۆزی خۆشناو، (مەلا محەممەدی خەتێ) بووە کە بە (مەلای خەتێ) ناسراوە کە بەھۆی شارەزایییەکی زۆری لەشەریعەتی ئیسلام پاشای گەورەی ڕواندوز دەیکات بەموفتی میرنشینی سۆران، بەڵام بەوتەی (مەسعوود محەممەد) ی نووسەری گەورەی کورد، ستەمێکی گەورە لەمەلای خەتێ لەمێژوودا دەکرێت کە دەوترێت بەھۆی فتوای ئەو خەڵکی میرنشینەکە لەبەرامبەر سوپای عوسمانی شەڕ ناکەن و میرنشینەکە دەڕوخێت کە بەپێی بۆچوونی ئەوان ھۆکارەکە بۆ بەھێزی عوسمانییەکان و لاوازی سوپای میرنشینەکە دەگەڕێتەوەو مەلای خەتێش ئەو فتوایەی نەداوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]