حەمەی بەکر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
موحەممەد بەکر ئەحمەد (حەمەی بەکر)

لەدایکبوون١٩٢٦
مەرگ١٩٩٩/٢/١٤
نەتەوە کوردستان

موحەممەد بەکر ئەحمەد ناسراو بە حەمەی بەکر (١٩٢٦ - ١٤ی شوباتی ١٩٩٩) رێکپۆش و دەنگخۆش و مەقامبێژی ناسراوی شاری سلێمانی ساڵی ١٩٢٦ لە شاری سلێمانی هاتۆتە دنیاوە. لە منداڵیدا نەیتوانیوە لە قوتابخانە ڕەسمییەکاندا بخوێنێت بەڵام دواتر خۆی فێری خوێندەوارییەکی باش کردووە و بە ئاستێکی وا کە بتوانێ لە کاروباری دنیا و وەزعی میللەتەکەی ئاگادار بێت. لە رووی نیشتمانییشەوە کاکە حەمەی بەکر کەسایەتییەکی کوردپەروەر بووە و لە هەموو بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردیدا بەشداریی کردووە و چەندین جاریش زیندانی کراوە. بەشدارێکی چالاکی هەموو چالاکییە جەماوەرییەکانی سەردەمی پاشایەتی بووە. شێخ مەحمودی نەمر و مامۆستا برایم ئەحمەد و پیرەمێردی شاعیر و حەمە ساڵح دیلان و شێخ لەتیفی حەفید و فایەق بێکەس و شێخ نوری شێخ ساڵح لە هاوڕێ نزیکەکانی بوون. کاکە حەمە پیاوێکی دەنگخۆش و مەقامزان بوو. رۆشنبیرییەکی باشی هەبوو لە جۆر و مێژووی مەقامی عەرەبی و فارسی و کوردییەکان. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی قسەخۆش و گوڵی مەجلیسی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی جارانی شاری سلێمانی بوو. ساڵی ١٩٥٩ کە بەشداری کردووە لە فیستیڤاڵی لاوانی جیهانی لە نەمسا ، لەگەڵ خوا لێخۆشبووان حەمە ساڵح دیلان و قادر دیلان چەند سرودێکی نیشتمانییان وتوە. کاکە حەمەی بەکر کەسێکی بەخشندە و لایەنگری هەڤاران بووە و لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی سلێمانیدا بەشدار و هەڵسوڕاو بووە. ئەم کەسایەتییە خۆشەویستە. لە ١٤ی شوباتی ١٩٩٩ لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوە[دەستکاری]