تایەر سادق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تایەر سادق (١٩١٢-١٩٨٤) مامۆستای پەروەردەکار و نووسەری کورد و دانەری پەرتووکی «ڕێنووس» و ئەندامێکی کارای یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی کەرکووک بوو.

ژیان[دەستکاری]

تایەر سادق لە ساڵی ١٩١٢ لەدایکبووە و لەسەرەتای ١٩٣٠ەکانەوە بووەتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی کوڕان لە کۆیە و لە مانگی نیسانی ١٩٣٦دا لەسەر خوێندن بە کوردی قوتابییەکانی پۆلی پێنجەم و شەشەمی ھانداوە مان بگرن، چونکە ئەو ساڵە خوێندنیان کردبووە عەرەبی و لەئەنجامی ئەم کارەدا داخوازییەکانی قوتابیان ھاتنەدی و زمانی کوردی بووە زمانی خوێندن، کەچی ئەم مامۆستایە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە کۆیە دوورخرانەوە.

تایەر سادق پڕۆژەی ڕێنووسی زمانی کوردی دانا و لە ساڵی ١٩٦٩دا لە چاپخانەی شیمال لە کەرکووک لە دووتوێی پەرتووکێکدا بەناوی «ڕێنووس» چاپی کرد و لە دواییدا کۆڕی زانیاریی کورد سوودێکی زۆری لێ وەرگرت و پەرتووکەکە دەکرێتە ١٤٤ لاپەڕەی قەبارە ناوەنجی.

تایەر سادق وەک مامۆستایەکی خاوەن ئەزموون و زانا بانگھێشت کرا بۆ بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ناوخۆی یەکەم و دووەمی مامۆستایانی کورد کە لە ساڵانی ١٩٥٩ و ١٩٦٠ دا لە ھاوینەھاواری شەقڵاوە بەستران و گەلێک پێشنیاز و ڕاسپاردەی سەبارەت بە خوێندنی زمان و مێژوو و وێژەی کوردی لە قوتابخانەکانی کوردستان و ھەموو ئێراق پێشکەش کرد.

لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کوردیش لە ١٩٧٠/٠٢/١٠دا بووە ئەندام لەو ڕێکخراوە وێژەییە و کە لقی کەرکووکی ئەو یەکێتییەش لە کەرکووک کرایەوە بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر و جێگری سەرۆک ھەڵبژێردرا و خزمەتی بزووتنەوەی وێژەی کوردی لەو پارێزگایەی کوردستان کرد لە دوا دوای ژیانیشدا چووە شاری سلێمانی و لەو شارەدا ژیا تاکو لە ڕۆژی ٥ی ١١ی ١٩٨٤دا لە تەمەنی ٧٢ ساڵی، ژیانی کۆتایی پێھات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]