برایم ئەفخەمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

برایم ئەفخەمی لە ساڵی ١٢٩٩ی ھەتاویدا لە ئاوایی گۆل دەوروبەری شاری بۆکان ھاتمە دونیاوە. ئەم جارە بە پەڕۆوپاڵ دەست ولاق ولەش وئەندامی شەتەک دام. وک زەڕنەقوتە لە نێو ھێلانەی سیپاڵدا نوقمی کردم. حەوتوویەک مەلۆتکە بووم وسەری حەوتە بە فەرمانی باوکم (خودالێ خۆشبوو میرزا مەحموودی ئەفخەمەی) کە مونشی و کاربەدەستی سەردارانی بۆکان بوو ناویان نام ئیبراھیم و ئەم جار لە گرتووخانەی سیپاڵ وتیتاڵە شڕەو خستیانمە نێو گۆڕی دارینی لانکەو. بەدەسرازەو و سەرسینگە ھەمیسان دەست ولاقم وکوو دیلی تاوانبار بەستراو بە دەنگ وئاھەنگی دڵنەوازی لایەلایەی دایک خرپ دەکرامە خەو. زۆرباش لێدەنووستم چونکە ئەم ئاھەنگە دڵبزوینە موسیقای گیان بوو لە قووڵایی و سەرچاوەی دڵی پڕلە بەزەیی دایکی میھرەبان وشەو نەنووستوو دەھاتە گوێمەوە. ھێندیکی پێ چوو ھەتا لە (خڕکانە، کۆخە ڕەشە، مەڵاشوو کەوتن، سوورێژە، مێکوتە، دریلە، ھاوڵە یا خوریلکە) ڕزگاریم ھات. بەڕاستی ئەمانە مڵۆزمی ساغێتی کۆرپە ساواکانن. لە چەنگی مڵۆزمی دیکەش وکوو پەلاماردانی (ئاڵ، شەو، مووەتە) خەلاس بووم کە ئەمانە بە قەولی مامانە قەدیمی یەکان مڵۆزمی منداڵ و ژنی زەیستانن. لە ئامێز وباوەشیان دەگرتم وھەڵیان دەکوشیم. کۆچکەیان لەسەر دەکردم، بەروانکەیان لە بەرکردم بە میھرەبانیی و دەیان دواندم ھەتاکوو بزەم بێتێ. گاگۆڵکەیان فێرکردم و ئەم چەل بۆ ئەوی پێ ڕەوکە بم ڕەوڕەویان دا دەستم تا وێروێرکە و پێرۆکەبم بەھۆی ڕەوڕەوی دارینمەو لە داھاتوودا بتوانم لەگەڵ ڕەوڕەوی ژیاندا، بڕۆمە بەرەو. بەڵێ بەم جورە پێم لە ناو جەغزی ساوایەتی ترازاند. فێرە قسە بووم و دەرو ژوورم دەکرد گەیشتمە تەمەنی حەوت ساڵان بە ڕۆژدا لەگەڵ منداڵان خەریکی یاری و قومار وگەمەی ئەو سەردەمە دەبووم کە ئەوانە بوون: (بازەڵێن، جگێن، خازەڵێن، جەغزێن، مێشێن، قاپێن، زاپێن، ھەلوکێن، مەزرەق داکوتان، پێلاقە خولاندنەو، گوێ پچڕوکێن، کەوشێن، ئاش ئاشۆکە، تۆپێن، سیی باز، یەکانە، قەرێ قەرێ، کەڵەکەبڕێ، گورزێن، کەمەند، بەسەرێن) ئەم جار نایانمە بەر خوێندن وچوومە قوتابخانەی ناوەندی. ئەلف وبێکەیان لە ڕووپەڕەیەکدا بۆ نووسیبوومەوە. لە دوایی دەستم کرد بە حێنجە و جوزوی عمە گەیشتمە مریشکە ڕەشە (سوورە ازاجاانەکان تواباو) ھاوڕێ وھاودەرسەکانم ھەروەکوو باو بوو گوێچەیان کێشام و گوتیان: (توابا مریشکە ڕەشە کەبابە بۆ ماموستا سەوابە) مریشکێکی وک قاژووی ڕەش بە قیڕەقیڕ بە قرانێکی ئەو زەمانە کڕابوو بۆ کەبابی جەنابی ماموستا…یا خوا ببێ بە نوشی گیانی و ببێتە بەزی نێوشانی. سەرتان نەیەشێنم جوزوی عمە قوتارکرا و دوای ئەو لە خزمەت باوک و براکانم کتێبە وردیلانەکانی ئەو کاتەم خوێندن. دەستم دا قەڵەم کە فێری نووسین ببم باوک و براکانم خەتیان زۆر خۆش بوو کە شۆرەتی خەت خۆشیان ھەبوو. سەرمەشقیان بۆ دادەدام کە لە بەریان بنووسمەو بەڵام ھەرچیم دەنووسییەو ھەمووی خوار و خێچ وناحەز بوو دەتگوت دەزووی ئاڵۆزە و لە خۆریشدا وەکو گۆچانی مەشھوری مام سەفەر وابوو! ھەر کاتێک خەتی منداڵیم دەکەوێتەو بەر چاو بە خۆم نییە پێکەنین دەمگرێ. تەمەنم بوو بە دەساڵان، بڕێک خەت وسەوادم باشتر ببوو، لە نێو ئاوایەکەمان (ھۆرتەکەند) پێیان دەگوتم کاک میرزا! ھەرکەس میداد یا قەڵەمێکی بە خۆیدا بکردایە پێیان دەگوت کاک میرزا. ئەمنیش زۆرم پێخۆش بوو کەوایان پێدەگوتم. دەتگوت حەوت مێشم لە کونێکدا دۆزیوەتەو کە ئەمنیش بۆ دەرکەوتنی میرزایەتیم قەڵەمێکی جوانم لە بەرۆکم دابوو. لەم سەردەمەدا زۆرمان میوانی گەورە دەھات و پیاوی بە ناوبانگ ڕووی تێدەکردین چونکە باوک وبراکانم ھەموویان زانا وخاوەن قەڵەم بوون. زۆربەی شەوەکان لە خزمەتیاندا دادەنیشتم وھەرکاتێک میوانێک باسی پیاوەگەورەکانی خۆمانی دەکرد و لە شوێنەواری زانایان و ئازایەتی نەبەزەکان و ھونەرو ئەدەب وخووخدەی جوانی ڕابردوانی گەلی بەرێزی کوردیان دەکۆڵێەو زۆرم پێ خۆش بوو ھەموو گیانم دەبووە گوێ بۆ بیستن. لێیان زیت دەبوومەو و باسەکانیشم بە گوێی دڵ دەبیست. بەڵام بەداخەو چم بۆ نەدەکرا. ئاخر بەو قەڵەمە شڕەم کە ھەر بە حاڵە حاڵ سیایی گۆشتی پێ دەگیرا وبراکانم تیتاڵیان پێدەکردم چم بنووسیبایەتەو؟ خۆ ئەم جاریش لە باسی مێژوویی ئەدەبدا تڵپاتی تەڕم تێدا نەبوو ھەر کاک میرزای ئاوایی یەکەم بووم و بەس. ڕۆژگار وک خەڕەکی تاو دراو و ھەڵسووڕا و چەرخ خولی دا. ئەو ئۆگری و تینویەتی یە ھەر لە دڵمدا مابوو. بەڵام بەداخەو ھەلێکم بۆ ھەڵنەکەوت، چەوسانەوی زەمانە دەرفەتی پێ نەدام ھەتاوەکوو کاتی پیری و بێ ھێزی لە بەر ئەو کەکەند و کۆسپ و قۆرتی نالەباری ڕۆژگاری ناسازگار ئەوندەی تەنگ و چەڵەمە و کەندو کڵۆ لەسەر ڕێگەی ژیان دانام و زەخت و سەختیم چێشت کە بەرگری سەرکەوتنی لێدەکردم. وک شەوزەنگ دەلاقەی تیشک و ڕووناکی پێگەیشتن بەم ئاواتەی لێ گرتبووم بەڵام بە یارمەتی خوا بەسەرھاتی تاڵ تاڵ نەبوو بە سەر ودی ھاتنی ئەوین وئۆگری زۆرمدا. ئەگەرچی ئاواتم لەو ماوەدا کرچ وکاڵ بوو خواشوکر ئەزموون و تەجروبەم پتر و قاڵتربوو. عیشق و ئەوینی خزمەت بە ئەدەب و پاراستنی فەرھەنگی گەلەکەم ھانی دام ورەی پێدام کە بە پیریش لە گۆڕێدا بێ ھەر حەلە و ئەم خزمەتە ھەر بە کەڵکە و ھیوام وایە بە لە بەرچاوگرتنی کەم وکوڕی و لە دەستدانەبوونی شوێنەوارەکان وشتی وا کەڵکی ڕاستەقینە و پەسەندکراوی زۆرتر لێ ورگیرێ چاو لە کەم وکووڕی بپۆشن ھەتاکوو ھەل ومەرجێکی وا کە بەڵگە و شوێنەواری بەنرخ و باشتر ودەست کەوێ و بە شانازی یەو ئەوسا پێشکەش بکرێ. ئێستا وا باشە لەو نووسراوانەی کە بۆ چاپ و پێشکەشکردن ئامادە کراون ناو بەرین. گرینگترینی ئەونووسراوانە کتێبی (فەرھەنگ و ئەدەبی موکریانە کە لە مێژوو، جوغرافیا، ئەدەب و ھونەری ناوچەی موکریان (مەھاباد، بۆکان، شنۆ، سەردەشت) و شوێنەواری زانایان و ھونەرمەندانی شاری و عەشیرەتەکانی فەیزوڵڵابەگی، دێیوکری و ھونەری جوانی لاوانی ھونەرمەندی ئەو شارانە و لە شوێنەواری کۆنی مێژوویی ومێژینەی قەڵاکان و شێوە و ئاسەواری بەرزو دڵبزوێنی ھونەران دەدوێ. مێژووی پڕ لە شانازی سەردارانی موکری (عەزیزخانی سەردار سەرۆکی ھێزی ئێران لە زەمانی ناسرەدین شا) و سێ سەرداری دیکەی موکریان کە ھەموویان حاکم و فەرمانڕەوای ناوچەی سابڵاغ و دەوروبەر بوون لەو نووسراوەدا جێ کراوەتەو. جێگەی سەرنج ڕاکێشانە کە ئەم کتێبە لە ١٣ کتێب پێک ھاتووە و ھەموویان ھاوڕێ لەگەڵ وێنەدایە و زۆر خەت و نەققاشی و شوێنەواری مێژوویی تێدایە کە زۆر کەس نەی دیوە. ناوی کتێبەکان کە لە ١٣ بەشدایە بەم جۆرەن: ١- مێژووی ئەدەبی مەھاباد٢- مێژووی ئەدەبی بۆکان. ٣- مێژووی ئەدەبی سەردەشت. ٤- مێژووی ئەدەبی شنۆ.٥- سەردارانی موکریان. ٦- عەشیرەتی فەیزوڵڵابەگی. ٧- عەشیرەتی دێیوکری. ٨- ماموستایان و زانایان ونووسەران و ھونەران. ٩- بنەماڵەی ئەفخەمی. ١٠- ھونەرانی تازەپێگەیشتوو. ١١- ئەدەبی کوردی. ١٢- تێکەڵی بەشی بانە و خانێ.١٣- بەڵگەو وێنە وخەت وقەباڵەی کۆن و قەدیمی. ھەروەھا ئەم کتێبانەی خوارەو ئامادەی چاپ کراون کە ھەمووی بە وێنەی تایبەتی وبەڵگەی مێژوویییەو پێشکەش دەکرێن. ١-ھێرشی سمایل ئاغای سمکۆ بۆ سابلاغ. ٢- شۆرشی مەلا خەلیل لەسەر کڵاو (شەپکە). ٣- بنەڕەتی مەتەڵی کوردی. ٤- ئەو چییە بە ھونراوەی کوردی. ٥- فولکلۆر یاساوشوێن ودابی موکریان. ٦- شەرعیاتی (نزووم) بە زمانی کوردی. ٧- قسەی خۆشی وڵاتی خۆمان بۆ بزەی لێو. ئەو دووکتێبەشم ھەتا ئێستا چاپ و بڵاو کراونەتەو: ١- دەمەتەقەی سۆفێ ونێری. ٢- دیاری نوێ.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

گۆواری سروە ژمارەی ٢٣ جۆزەردانی ١٣٦٧(١٩٨٨)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]