بەکارھێنەر:Eebokan

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان


بیرەوەری ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان له زمانی یەکەم بەرپرسەوە

بیرۆکەی دامەزرانی ئەنجومونی ئەدەبیی بۆکان بۆ ساڵانی بەر له حەفتاکان دەگەڕێتەوە.بەڵام ئەوان سەردەمان بارو دۆخ و هەل و مەرج به شێوەیەک بوو که نووسەران و شاعیران دەرەتانی ئەوەیان نەبوو که له دووتوێی ئەنجومەنێکدا کۆ ببنەوە.خوالێخۆشبوو مامۆستا براییمی ئەفخەمی یەکەم کەس بوو که بێ هەڵبژاردن ناوی ئەنجومەنی ئەدەبیی راگەیاند بەڵام هیچکات کۆڕ و کۆبوونەوەیەک نەهاتە ئاراوە.

ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی، لقێکی ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی لە شاری بۆکان له کتێبخانەی گشتی سەلاحەدین ئەیوبی دامەزرا که بەرپرسەکەی ئاغای سەعیدی کیا بوو و داوای له شاعیران و نووسەرانی ئەو کات کرد که ئەنجومەن دابمەزرێنن.ئەو سەردەمه شاعیران و نووسەرانێکی وەک:مامۆستا حەقیقی،مامۆستا ئەفخەمی،مەلا رەحمان ناسری،مامۆستا حەسەنخاڵی،مامۆستا هونەرپەژووه،مامۆستا نووری،ئەحمەد مەولانی،محەممەد سەعید نەجاری(ئاسۆ)،ئەمین گەریگلانی،محەممەد رەمەزانی،فەتاح ئەمیری،مەلا محەممەد قزڵجی،مستەفا ئیلخانیزاده،ناسر وەحیدی،حوسێن شیربەگی،حەمەدەمین شامحەممەدی،ئیرەج ناهید،رەحمان تەرەغه،قادر ئازمەند،قادر فەرامەرزی و…بەرهەمەکانیان ناوبەناو له گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی ئەو سەردەمەدا (بۆ وێنه گۆڤاری سروە) بڵاو دەبوونەوە.

لە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەندا ٥٣ کەس بەشدار بوون که دوازدە کەس ناودێر کران و به دەنگی شاراوە حەوت کەس وەک دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەن دەستنیشان کران.ئاکامی هەڵبژاردنەکه بەم شێوەیه بوو:١-سەعید نەجاری (ئاسۆ)،٢-فەتاح ئەمیری،٣-ناسر وەحیدی،٤-محەممەد رۆستەمزاده،٥-محەممەد رەمەزانی،٦-ئیرەج ناهید،٧-قادر فەرامەرزی.

پاش ئەوەی ئەنجومەن به فەرمی دامەزرا کار و چالاکییەکان دەستی پێکرد و لە ماوەی ٥ساڵدا ١١ نەفەر له ئەندامان شوێنەواریان لێ بڵاو بۆوە.ناوبانگی ئەنجومەن سنوورەکانی بەزاند و رێژەی ئەندامان بۆ ١٠٤ کەس بەرز بۆوە.بەڵام لە ساڵەکانی دواییدا ئەو قۆناغه زێڕینه رووی له جۆرێک نزم بوونەوە ناوه و دوای هەندێک هەوڵ بۆسازدانەوەی دووبارەی ئەنجومەن بەداخەوە هەر جێی خۆی نەگرتەوە و ئەنجومەن تەنیا وەک نێو لەملاولا دەدرکا.ئەو دۆخه تا بەهاری ساڵی ٩٤ی هەتاوی دریژەی هەبوو تا ئەوەی که له لایەن کۆمەڵێک لاوی قەلەم بەدەستەوە هەنگاوێکی جیددیتر به نیسبەتی رابردوو بۆ بووژاندنەوەی ئەنجومەن هاته ئاراوە. له کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و هیودارم یارمەتی و پشتگیری ئێمه و هەوڵ و ماندوویی ئەو چینه نوێیه و هەروەها دەرەتانگەلێک که دەزگا پەیوەندیدارەکان دەبێ بۆ گەشەی ئەنجومەن بیخولقێنن،لاپەڕەیەکی پڕداهات بۆ مێژووی ئەدەبیاتی بۆکان تۆمار بکا

محەمەد سەعید نەجاری(ئاسۆ) پووشپەڕی ٩٤


لێژنەی بەڕێوەبەریی خولی نوێی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بریتین له :

جەلال نەجاری

رووبار بوداغی

مەحموود محەمەدیان

کەماڵ کەریمی

ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان: http://eebokan.com/

ئیمەیلی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان: info@eebokan.com