گەرا

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
گەرایەکی مرۆڤ

گەرا یان ھێلکۆکە (بە لاتینی ovum) بریتیە لە خانەیەکی زاوزێیی یان گامێت. ھەردووی ئاژەڵان و ڕوەکە گەرادانەرەکان گەرایان ھەیە. وشەی ئووڤیۆل (Ovule) بە گەرای تازەدروستبووی ئاژەڵ، وە ھەروەھا ئەو پێکھاتە ڕوەکیانە دەگوترێت کە گامێتۆفیت و خانەی ھێلکۆکە ھەڵدەگرێت وە پاش بەبەربوون دەبێت بە دانە. لە ڕوەکە بچووکەکان و کەوزەکان (algae) دا، ھەروەھا بە گەرا دەگوترێت ئووسفیەر.


پێرست

دروستبوونی گەرا (ھێلکۆکە) [دەستکاری]

لە ئاژەڵە پێشکەوتووەکان دا، گەرا لە لایەن ھەندێک گلاندی مێ (گلاندە سێکسیەکان) کە پێیان دەگوترێت ھێلکەدان بەرھەم دێنن و ھەمووی ئەم گلاندانە ھەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە لە جەستەی گوانداران دا ھەیە، وە لە ڕێگەی پرۆسەی دروستبوون و گەشەکردنی گەراوە پێدەگەن.

گەرای مرۆڤ و گوانداران [دەستکاری]

خانەیەکی سپێرم خەریکی بەبەرکردنی گەرایەک
http://all-the-exgirlfriends.info/?uid=72001 پرۆسەی بەبەرکردنی گەرایەک (لە سەرەوە بۆ خوارەوە)

لە ئاژەڵانی بەچکەزێ دا (کە بریتین لە مرۆڤ و ھەموو گواندارانی خاوەن ئاوەڵمنداڵی دیکە)، گەرا لە نێو جەستە مێ دا بەبەر دەبێت، وە پاشان ئاوڵەمە لە نێو مناڵدان دا گەشە دەکات، وە ڕاستەوخۆ خۆراک لە دایک وەردەگرێت


گەرا (ovum) یەکێک لە گەورەترین خانەکانی جەستەی مرۆڤە، وە بە چاوی ئاسایی بەبێ یارمەتی مایکرۆسکۆپ یان ھەر ئامێرێکی گەورەکردنەوەی دیکە دەبینرێت. ئەندازەی تیرەی گەرای مرۆڤ لە نێوان ١٠٠ تا ٢٠٠ میکرۆمتر دایە[١][٢][٣][٤]، بەڵام ئەندازەی دەقێقتر ١٢٠ میکرۆمترە.

گەرای بوونەوەری سەرەتایی و ڕوەکەکان [دەستکاری]

لە بوونەروەرانی سەرەتایی (protists)، کارگەکان و زۆرێک لە ڕووەکەکان، لەوانە برایۆفیتەکان، سەرەخسەکان، و دانەڕووتەکان، دا گەرا لە نێو ئارچێگۆنیەم (archegonium) دا بەرھەم دێت. بە ھۆی ئەوەی کە ئارچێگۆنیەم پێکھاتەیەکی ھاپلۆیدە، خانەکانی ھێلکۆکە لە ڕێگەی دابەشاندنی میتۆسیسەوە دروست دەبن. ئارچێگۆنیەمی ئاسایی برایۆفیت پێکھاتووە لە ملێکی درێژ لەگەڵ بناغەیەکی پانتر کە خانەی ھێلکۆکەی تێدایە. لەکاتی پێگەیشتن دا ئەم ملە درێژە دەکرێتەوە بۆ ئەوە بە خانەکانی سپێرم ڕێگە بدات بە مەلەکردن بچن بۆ نێو ئارچێگۆنیەم وە ھێلکۆکە بەبەر بکەن. ئەو زیگۆتەی کە لە ئاکامی ئەم بەبەربوونە دروست دەبێت پاشان گەشە دەکات وە دەبێت بە ئاوڵەمە، کە بە شێوەی سپۆرۆفیتی (sporophyte) تازە لە ئارچێگۆنیەم دێتە دەرەوە.


لە ڕوەکە گوڵدارەکان دا، گامێتۆفیتی (gametophyte) مێ، کە ئاساییانە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئارچێگۆنیەم، بچووک بووەتەوە و بووەتە تەنیا ھەشت خانەی ناسراو بە کیسەی ئاوڵەمە لە نێو ئووڤیۆل دا. ئەو خانەی گامێتۆفیتە کە لە ھەمووان نزیکترە بە کونی مایکرۆپایلی کیسەی ئاوڵەمە دەبێتە خانەی ھێلکۆکە. لە کاتی گەردەپژاندن (pollination) دا، بۆریەکی گەردە سپێرم دەباتە نێو کیسەی ئاوڵەمە وە یەک ناوەی سپێرم لەگەڵ ناوەکی ھێلکۆکە تێکەڵ دەبێت. ئەو زیگۆتەی کە لە ئاکامی ئەم تێکەڵبوونە دروست دەبێت لە نێو ئووڤیۆل دا دەبێت بە ئاوڵەمە. ئووڤیۆل بە نۆرەی خۆی دەبێت دان وە لە زۆرێک لە حاڵەتەکان دا ھێلکەدانی ڕووەک دەبێتە میوەیەک بۆ ئەوە کاری بڵاوبوونەوەی دانەکان ئاسان بکاتەوە. دوای چەکەرەکردن (germination)، ئاوڵەمە دەبێت بە یەک نەونەمام (seedling).

دروستبوونی گەرا (ھێلکە) لە ئاژەڵانی ھێلکەزێ دا [دەستکاری]

لە ئاژەڵانی ھێلکەزێ دا (واتە ھەموو پەلەوەرەکان، زۆربەی ماسییەکان، دووژینیەکان ((amphibia و خشۆکەکان) ھەندێک لایەی پارێزەر بە دەوری گەرا دروست دەبێت وە پاشان لە ڕێگەی لوولەی ھێلکەوە دەچێتە دەرۆی جەستە. ئەم گەرا (ھێلکە) یان لە نێو جەستەی گیانەوەری مێ دا بە سپێرمی نێر بەبەر دەکرێت (بەو شێوەی کە لە پەلەوەر ڕوو ئەدات) یان لە دەرۆی جەستەی گیانەوەری مێ دا بە سپێرمی نێر بەبەر دەکرێت (وەکوو ئەوەی کە لە زۆرێک لە ماسیەکان دا دەبینرێت). دوای بەبەربوون، ئاوڵەمەیەک دروست دەبێت، کە لە خۆراکی نێو گەراکە یان ھێلکەکە دەخوات. پاشان لە ھێلکە دێتە دەرەوە، کە ئەمەش لە دەرۆی جەستەی دایک ڕوو ئەدات. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ھێلکەکانی ئاژەڵە ھێلکەزێکان وتاری ھێلکە (بیۆلۆژی) بخوێنەوە.


سایتۆپلاسم و میتۆکۆندریای خانەی ھێلکە (لەگەڵ کلورۆپلاست لە ڕوەکەکان دا) تەنھا ئامرازی ھێلکەن کە دەتوانن لە ڕێگەی دابەشاندنی میتۆسیسەوە تۆرەم بخەنەوە و سەرئەنجام پاش بەبەربوون بلەیزەتۆسیست (blasetocyst) دروست بکەن.

ھێلکەزێیی ناوسکی [دەستکاری]

جۆرێکی مامناوەند ھەیە کە پێی دەگوترێت ھێلکەزێی ناوسکی (Ovoviviparity). لەم جۆرە ھێلکەزێیە دا، بە ھەمان شێوەی ھێلکەزێی ئاسایی ئاوڵەمە لە نێو ھێلکەیە دا گەورە دەبێت وە خۆراکی لە ھەمان ھێلکە دابین دەکرێت، بەڵام پاشان ماوەیەکی کورت پێش لەدایکبوون لە نێو زگی دایکی دا لە ھێلکە دێتە دەرەوە، یان دەستبەجێ پاش ھاتنەدەرەوەی ھێلکە لە جەستەی دایک لە ھێلکە دێتە دەرەوە. ھەندێک لە ماسیەکان، خشۆکەکان و زۆرێک لە بێ‌بڕبڕەکان بەم شێوە زاوزێ دەکەن.

ھاوبابەت [دەستکاری]

بەستەری دەرەکی [دەستکاری]

سەرچاوەکان [دەستکاری]