کەلیموڵڵا تەوەحودی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کەلیموڵڵا تەوەحودی

لەدایکبوون١٩٤١
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترکانیمال
پیشەنووسەر
ئایینئیسلام، شیعە
ھاوسەرحەلیمە تەقیپوور[١]
مناڵ(ەکان)ئەبولفەزل


کەلیموڵڵا تەوەحودی ناسراو بە نازناوی کانیمال، (١٩٤١ لە ئۆغاز، شیروان، خۆراسانی باکوور - ) نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خۆراسانە. تەوەھودی بەھۆی لێکۆڵێنەوەکانی لەسەر زمان، مێژوو و وێژەی کوردیی خۆراسان بەناوبانگە. کتێبی کۆچی مێژووییی کورد بۆ خۆراسانی سەرچاوەیەکی سەرەکی سەبارەت بە مێژووی کوردانی خۆراسان بە ئەژمار دێت.

ژیان[دەستکاری]

کەلیموڵڵا تەوەحودی ساڵی ١٣٢٠ "١٩٤١" لە گوندی «ئۆغاز»ی ھەڵکەوتوو لە ٤٠ کیلۆمیتریی ڕۆژھەڵاتی شیروان لەدایک‌بوو. «شێخ ئەسەدوڵڵا»ی باوکی، لە لاپەڕەیەکی دەستنووسەکانی‌دا، مێژووی لەدایک‌بوونی پێنجەمین ڕۆڵەی خۆی ئاوا نووسیوە: «لەدایکبوونی کەلیموڵڵا، شەوی دووشەممۆ، ٢٤ی زیحەججەی ١٣٦٠، ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٢٠، ئیلان ئیل.» شێخ ئەسەدوڵڵا، مامۆستای ئایینی و پێش‌نوێژی ئێڵی سنوورنشینی «سیوکانلو»، ماڵەکەی مەکۆی ڕیش‌چەرمووان و کەیخودایانی پڕئەزموونی ناوچە بوو، کە بۆ باس‌وخواسی ئایینی و زانستی لەوێ کۆ دەبوونەوە. کەلیمی بچکۆلە لەم ماڵەدا لەگەڵ کتێب و دەرس و شێعر و ئەدەب گەورە بوو. لە شەوانی پاییز و زستاندا گوێچکەی بە باسی شانامە و مەسنەوی و تەفسیری قورئان ئاشنا بوو و لە زمان بەساڵاچووانی بەیتبێژەوە ڕێی کەوتە دنیای ئازایەتی و لەخۆبردوویی‌ی «جەجۆ خان» و «سەردار عیوەز» و «ئاراز محەممەد» و «تۆحفە گوڵ». ھەروەھا لە ماڵی «مەلا ڕەمەزان بەخشی» و «ئیبڕاھیم»ی ئاپەکانی‌دا، کەلام و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی وەکی تاڤگەیەک لە لووتکەوە دەڕژایە پێدەشتی ڕوحی و گوڵ و ڕوەک و نەمامەکانی بیر و زەینی ئاودێری دەکرد.

کەوایە کاتێک لە ڕەزبەری ١٣٢٧ کە تەمەنی حەوت ساڵ بوو و پێی نایە خوێندنگە بچووکەکەی گوندی ئۆغاز، دەستی بەتاڵ نەبوو؛ چونکە لە قوتابخانەی کۆمەڵگا و سروشتا حوزووری مامۆستای دیبوو و سەرەتای دەرسی ئەوین و تێکۆشانی خوێندبوو. ھێشتا تازەلاو بوو کە ھەموان وەک شارەزای مۆسیقا و کەلامی کوردی لێیان دەڕوانی و بە تاسەوە گوێیان بۆ دەنگ و ئاوازی شل دەکرد. ھەر لەم سالانەدا دەنگی بە سۆزی لە ڕادیۆ کوردیی خۆراسانەوە پەخش بوو و لە جەغزێکی فراوانتردا ناسرا. خەیاڵی ناسک و ھەستی ئەویندارانەی سەردەمی گەنجێتی، دڵی خستە داوی کیژۆڵەیەکی چەلەنگی کۆچەری و بە دوایدا ژیانی کۆچبەری و ھاتوچۆی گەرمین و کوێستانی ئەزموو. لەم گەشتەدا لەگەڵ ئەوینە ناکامەکەی «جەعفەرقولی» و «ملواری» پتر ئاشنا بوو و ڕێگەی بەرەو دنیای غەزەلە عیرفانی و ئاشقانەکانی کورمانجی کرایەوە و بۆ یەکەمجار کەوتە کۆکردنەوەی دیوانی ئەم «وەلی دێوانە»یەی خۆراسان. ھەروەھا لە ھەوارگەکانی «مەراوە» و مەسکەنی تورکمانەکانی باکووری خۆراساندا، دیوانی «مەختوم‌قولی»، ھاوتای تورکمەنی جەعفەر قولیشی وەدەست ھێنا و پاراستی. ساڵی ١٣٤٥(١٩٦٦) بە کڕینی مەکینەیەکی تۆمارکردنی دەنگەوە، کەوتە گەڕانی ئێڵ و عەشیرەتە کوردەکان و سەری بە تاوڵ و بنە و ڕەشماڵی کۆچەرییەکان‌دا کرد و بەشێکی تەمەنی دانا بۆ تۆمار کردنی ئەو ئاواز و کەلام و گۆرانییانەی کە ھەر کام بەشێک لە زمان و فەرھەنگ و مێژووی باپیرانیان ڕاگرتبوو و تا ئەو دەم کەس نەکەوتبوە بیری گردەوکۆیی و پاراستنیان. ئارشیوی ئەم دەنگە نەمرانە ئێستا لەسەر شریتی ریلی، دەوری سەد سەعات پێک‌دێنێ کە کەلیمی سەوداسەر و ئەویندار لە خولیای دامەزراندنی بنکەیەکی فەرھەنگی دایە، تا بتوانێ بە ئەمانەتەوە بیانداتە بەرەی دوای خۆی.

کەلیم کە بە خوێندەوارییەکی سەرەتایی و ژیانێکی شڤانی پێی نابووە ڕێگای خەباتی فەرھەنگییەوە، لە پەنا گەشت و گەڕان و لێکۆڵینەوەکانیدا، ھەوڵی دەرس خوێندنی دەدا و تێدەکۆشا ڕێگەی زانستگا ببڕێ و خۆ بگەیەنێتە پلەکانی ژوورووی خوێندن، تا لە ڕێگەی زانستی نوێ و کلاسیکەوە بتوانێ سوودێکی پتر وەدەست بێنێ و سنووری ھەوڵەکانی بەرین‌تر کا. کەوایە سەرەڕای چەرمەسەرییەکانی ژیان و پێ‌بەپێی چالاکییە فەرھەنگییەکانی، لە لاوە درێژەی بە خوێندن دا و ساڵی ١٣٥٠(١٩٧١) دیپلۆمی ئەدەبی وەرگرت و بۆ ساڵی داویی پێی نایە زانستگای فیردەوسیی مەشھەد و ھاوکاتیش لەگەڵ پەخش و بلاڤۆکەکانی زانکۆ و ڕۆژنامەکانی «ئافتابی شەرق» و «خۆراسان» بە شێعر و وتار و لێکۆڵینەوە ھاوکاری دەکرد. ساڵی ١٣٥٥ بووبە سەرۆکی فەرھەنگ و ھونەری شاری «سەرەخس». دوایین ڕۆژی ھاوینی ساڵی ١٣٥٨(١٩٧٩) کاتێک بۆ کێشانی دوایین وێنەکانی بەرگی یەکەمی کتێبی «کۆچی مێژوویی کورد بۆ خۆراسان» بەرەو سنوور بۆ نێو ئێڵی زەعفەرانلوو دەڕۆیی، ئۆتومبیلەکەی لە جادە لای دا و ھەڵدێرا. لەم کارەساتەدا «ئەبولفەزل»ی کوڕی لە دەست دا. پاشی ئەم ڕووداوە لە سەرەخسەوە گوێزرایەوە مەشھەد و بووبە سەرۆکی گەورەترین پەرتووکخانەی ئوستانی خۆراسان لە شاری مەشھەد.

کەلیموڵڵا تەوەحودی، تا بەر لە ساڵی ١٣٦٩(١٩٩٠) بە نازناوی «ئۆغازی» نووسینەکانی بڵاو دەکردەوە، بەڵام لەم ساڵەدا کە توانی پاشی ١٩ ساڵ گەڕان بە دوای شێعرەکانی جەعفەر قولیدا، سەرجەمی دیوانەکەی لە زمان بە ساڵاچووان و لە ڕووی نوسخە خەتییەکان کۆ بکاتەوە و کوێستانەکانی «شایجان» تا «ھەزار مەسجید» و «کەلات»ی بە دوادا بپشکنێ، نازناوی خۆی لە «ئۆغازی»یەوە بە «کانیمال» گۆڕی. داستانی ئەم نازناو گۆڕینە سرنج‌ڕاکێشە: «... شەوی دووی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٩ بوو، سەعات ١١ی شەو لە ھەموو کارەکانی دیوانی جەعفەر قولی بوومەوە و نەفەسێکم بە ئاسوودەیی کێشا. پاشی ئەوە ئەرخەیان و ڕازی لە ھەوڵی نۆزدە ساڵەم چوومە ناو جێگاوبان و خەوم لێکەوت. لە خەونمدا ھەواڵیان پێدام کە جەعفەر قوڵی دێتە دیدەنت. لە کاتێکدا چاوەڕوانی ھاتنی بووم، دەرگا کرایەوە و لێم وەژوور کەوت. پیاوێکی کەڵەگەتی ڕەش‌ئەسمەری لەسەرەخۆ بوو. پەژارەیەک لە ڕوخساری‌دا دەخوێنرایەوە. پێم‌گوت بیروڕات سەبارەت بە کۆکردنەوەی دیوانەکەت چییە؟ گوتی: "مالێ تە سا مەرا کانییەکە کو دەکەلی". واتە ماڵی تۆ بۆ ئێمە کانییەکە ھەڵدەقوڵێ. بەیانی کە لە خەو ھەستام، تێگەیشتم جەعفەر قولی لە پاداشدا نازناوی "کانیمال"ی بە دیاری داومێ. ئیدی ھەمان ڕۆژ بەر لەوەی کتێبەکە بدەم بە چاپ، نازناوی "ئۆغازی"م لە پشت کتێبەکە کردە "کانیمال".»

دوایین مانگی ساڵی ١٣٧٣ (سەرەتای ١٩٩٥) خانەنشین کرا. بە ھۆی کەمیی مووچەوە، بۆ دابین‌کردنی پێویستییەکانی ژیان، لەسەر باغە بچووکەکەی خۆی لە گوندی ئۆغاز دەستی دایە باغەوانی. لەم بەینەدا بە ماوەی دوو ساڵ کەوتە بەندیخانەوە. ئێستا لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا، بە ھەمان تین و گوڕی لاوێتییەوە کار دەکا و ماندوێتی ناناسێ. لە گوندی ئۆغاز ڕۆژانە بە کاری کشت‌وکاڵ و باغەوانییەوە خەریکە و حەسانەوەی شەوانەشی تەرخان کردووە بۆ نووسینی فەرھەنگ و دایرەتولمەعاریفی کوردی. لە بەھاری ساڵی ١٣٨٣وە پارچە زەوییەکەی خۆی لە گوندی ئۆغاز کە ھیکتارێکە، لەسەر ئەرکی ماڵیی خۆی کردووەتە شوێنی حەسانەوەی گشتی و پەرتووکخانە و مۆزەخانەی فەرھەنگی. پێوەیە سەرجەمی کتێب و بەڵگەنامە و ئارشیوی دەوری سەد سەعات دەنگ و ٤٠٠ حەڵقە نێگەتیڤی وێنە لە ژیانی کوردەواری و ٢٥ حەڵقە فیلمی ڤیدیۆ لە داب و نەریتی کۆمەڵی کوردی باکووری خۆراسان، کە بەرھەمی ٤٢ ساڵ ڕەنج و ماندووبوونیەتی، ڕاگوێزێتە پەرتووکخانە و مۆزە خانە فەرھەنگییەکەی خۆی لە ئۆغاز. ئێستا کەلیموڵڵای تەوەحودی بەڕاستی «کانیمال»ە و وتەی «ستیفان بلاموو» پسپۆڕ و مۆسیقاناسی ئەمریکی دەرحەق بە تەوەحودی ھیچ زیدەڕۆیی نییە کە لە سەردانێکی ماڵەکەیدا لە ساڵی ١٣٧٤(١٩٩٦) پێی‌گوت: «دڵنیام ئەگەر ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەد کەسەوە و لە ماوەی سەد ساڵدا ھەوڵ بدا، ناتوانی بەشٌکی ئەو ئەرکە ئەنجام بدا کە تۆ کردووتە!» کۆمەڵێک بەرھەمی چاپکراوی ھەیە کە لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆی چاپی کردوون و بەداخەوە ژمارەیەک لە کتێبفرۆشە کوردەکان لە شارەکانی کوردستاندا سوودەکەی دەخۆن و لافی خزمەتی فەرھەنگی لێدەدەن، کەچی حازر نین ئەو بڕە پارەیەی مافی نووسەر بگەیەننەوە دەستی، تا سەرفی چاپ و بڵاوکردنەوەی کارە تازەکانی بکا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

ئەو بەرھەمانەی تا ئێستا بڵاو کراونەوە بریتین لە:

  1. حرکت تاریخی کرد بە خراسان، بەرگی ١، مشھد، ١٣٥٩. [٥٧٤ لاپەڕە]
  2. حرکت تاریخی کرد بە خراسان، بەرگی ٢، مشھد، ١٣٦٤. [٦٦٤ لاپەڕە]
  3. حرکت تاریخی کرد بە خراسان، بەرگی ٣، مشھد، ١٣٦٦. [٥٩٩ لاپەڕە]
  4. حرکت تاریخی کرد بە خراسان، بەرگی ٤، مشھد، ١٣٧٣. [٥٣٤ لاپەڕە]
  5. حرکت تاریخی کرد بە خراسان، بەرگی ٥، مشھد، ١٣٧٧. [٥٣٨ لاپەڕە]
  6. حرکت تاریخی کرد بە خراسان، بەرگی ٦، مشھد، ١٣٨٦. [٧١٢ لاپەڕە]
  7. دیوان عرفانی جعفرقلی زنگلی، ملک الشعرای کرمانج (کردی ـ ترکی ـ فارسی ـ عربی)، چاپی یەکەم: مشھد١٣٦٩؛ چاپی دووەم: مشھد، ١٣٨١. [٥١٠ لاپەڕە]
  8. اسفراین دیروز وامروز، مشھد، ١٣٧٤.
  9. کەلامی‌نە کورمانجی (بە وەرگێڕانی فارسییەوە)، مشھد، ١٣٧٤.[١١١ لاپەڕە]
  10. درخت چھل دستان یا افسانەھای کردی خراسان، مشھد، ١٣٧٩. بیست و یەک ئەفسانەی کوردی بە وەرگێڕانی فارسییەوە.
  11. نادر صاحبقران (نادرشاە ـ لە بەڵگەنامەی تازە وەدیھاتوودا)، سنندج، انیستیتو فرھنگی کردستان، ١٣٨٤. [١١٤٥ لاپەڕە]
  12. آلبوم موسیقی شمال خراسان، بە کوشش استاد محمدرضا درویشی ـ کلیم اللە توحدی، انتشارات حوزە ھنری سازمان تبلیغات اسلامی، تھران، ١٣٧٢.
  13. نوارکاست موسیقی کرمانجی، قوشمە استاد علی آبچوری- شمارەھای ١و٢

نزیکەی سەد وتار و چاوپێکەوتن و لێدوانیشی ھەیە کە سەرجەم دەکەونە بواری فەرھەنگ و مێژووی کوردەوە. ھەروەھا چالاکانە لە کۆنگرە و فستیواڵە فەرھەنگی و ھونەرییەکانی مەھاباد، بانە، سنە، ئیلام، تاران، گورگان، خوڕڕەم‌ئاوا، کرمان، شیراز، مەشھەد، قۆچان، بوژنوورت و شیروان بەشدار بووە و وتار و لێدوانی پێشکەش کردووە. تەوەحودی، جگە لە بەرھەمە چاپ و بڵاو کراوەکانی، ژمارەیەکی پتری بەرھەمی ئامادەی چاپ ھەیە و ژمارەیەکیشی نیوەکارە بە دەستەوەیە کە ئێستا خەریکە کاریان لەسەر دەکا و ھیوای پتەوە بۆ چاپ و بڵاو کردنەوەیان. ئەمانەش بریتین لە:

  1. بەرگەکانی تری کتێبی «حرکت تاریخی کرد بە خراسان»، کە لە ٨ تا ١٠ بەرگدا کۆتایی دێ.
  2. خانی کەلمیشی، کۆمای بەڵگەنامە و ڕاستییەکانی کەلیدەر.
  3. فەرھەنگی کرمانجی.
  4. دایرەتولمەعاریفی کرمانجی.
  5. ڕێزمانی کرمانجی.
  6. مێژووی مۆسیقای ئێران، لە دوو بەرگدا.
  7. مێژووی ئەدەبی کرمانج.
  8. دەوری ھۆزی ھەزارە لە مێژووی ئێراندا ـ بەڵگەنامەکانی سەولەتوسسەلتەنەی ھەزارە.
  9. یاری و وەرزشەکانی کرمانجی خۆراسان.
  10. وڵاتی خۆراسان و دانیشتوانی.
  11. بەیتی کەرەم و ئەسلی‌خان.
  12. پەندەکانی پێشینیان.
  13. ئێڵ و عەشیرەتەکانی خۆراسان.
  14. خشڵ و ھونەرە دەستکردەکانی ژنانی کرمانج.
  15. نەورۆز و داب و نەریتەکانی کرمانجی خۆراسان.
  16. سەرەخسی دوێنێ و ئەمڕۆ.

عەدنان بەرزەنجی تائێستا بەرگی یەکەم و دوویەمی کتێبی «کۆچی مێژووییی کورد بۆ خۆراسان»ی لە فارسییەوە بە کوردی وەرگێڕاوە کە ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ لە سلێمانی چاپکراون.

کەلیموڵڵای تەوەحودی کە ئێستاش خۆی بە شڤانێکی کورد دەزانێ، یەک‌تەنە ئاکادێمی و دەزگایەکی ڕۆشنبیری و فەرھەنگییە. لە کاتێکدا ئێواران پێمەڕە لەسەر شان دەگەڕێتەوە ھۆدە بچووکەکەی لە گوندی ئۆغاز و تا درەنگانی شەو بە نووسینەوە خەریک دەبێ، کەسایەتییەکی ناسراوی جیھانییە. بەڵام داھاتووان باشتری دەناسن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]