کیمێری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کیمری یاخود گیمری، ( بەیۆنانی:Κιμμέριοι، بە نووسراوەی دێرینی ئاشووری:Gimirri)گەلە ‌ھۆزێکی دێرینی بە رەچەلەک ھیندۆ ئەوروپایی بوون زێدی یەکەمیان لێوارەکانی رۆژھەڵاتی دەریای رەش و ئاسیای بچووک بوو. لە سەدەی ھەشتەم- حەفتەمی بەر لە زایین لە بەر ھۆی تێکچوونی تەرازووی ھێزەکان لە ئاسیای بچووک، کۆچێکی زەبەلاحی ھۆزە رەوەندەکانی سکیت و کیمری و تیریانی بەخوە دیت و بە لێشاو لە لێوارەکانی دەریای رەش رژانە دەشتاییەکانی رۆژھەڵاتی ئاسیا. لە نووسینەکانی ھیرۆدۆتی یۆنانی چیاکانی قەفقاس و رووسیاو ئوکراینای ئەمڕۆ دەکاتە زیدگەی ئەم ھۆزانەو کە زمانی ئاخاوتنیان ھیندۆ ئەوروپی ئێرانی بووەو ھاوسای زێدی ھۆزەکانی ھۆرارتۆ (ئۆرارتۆ)و ماننای.

نەخشەی ئۆرارتۆ و زێدگەی کیمریەکان ٧١٣ پێش زایین
وێنەی سوارەی کیمری لە نیگاری کۆندا

ناودارانی کیمری[دەستکاری]

  • تووشپا
  • توگدامی
  • ساناک شاترو

ناوی کیمری لە نووسراوە کۆنەکاندا[دەستکاری]

مێژوونووس ھیرۆدۆت ناوی کیمری بە واتای خەڵکی غەوارە و رەشو رووتی بێ پادشا وەسف دەکات. لە شێوەی کوردوخی و کاپدۆکی. ئەمانە لەگەڵ سکیتەکان لە سەدەی حەفتەم بۆ چیاکانی قەفقاس (گورجستانی ئەمڕۆ)و باکووری کوردستان لە ھەرێمی ساسۆن بە تایبەت و لە ئەناتۆلیای ناوەڕاستی تورکیای ئەمڕۆ کۆچیان کرد. [١] شارەکانی مەگنسیا و ساردیس پێتەختی ولاتی لیدیا و فریجیا و باڤلاگونیا کە دەکەوتنە رۆژئاوای ئاسیای بچووک بەدەست سوارانی کیمری خاپوور کران. سترابۆنی میژوونووسی سەدەی ھەشتەم ترریان و کیمری بە یەک گەل دەناسێت.

رەگ و زمانی کیمریەکان[دەستکاری]

وا دەزانرێت کە کیمریەکان بە رەچەڵەک ھندو ئەوروپی بن و زمانی ئاخاوتنیان لقێکی تراکیا یاخود ئێرانی بێت.لە گەڵ سکیتەکان ھاوزمان بوون.یەکەم جار لە نووسراوێکی ئاشووری ساڵی ٧١٤پ ز باسکراون. لە نووسراوێکی تردا کە بۆ ساڵی ٧٣٥ پ ز دەگەڕێتەوە لە باسی شا رووسای یەکەمی ئۆرارتو باس لە وڵاتی گامریان دەکات.کە ئەمڕۆ دەکەوێتە نزیک شاری لینینکان لە ئەرمینیا. بە گوێرەی نووسراوێکی تری ئاشووریەکان (سەرگۆنی دووەمی) شای ئاشوور لە ساڵانی ٧٠٥ پ ز لە ھەرێمی گیمری کوژراوە. دیاریکردنی زێدی راستەقینەی کیمریەکان پاش کۆچکردنیان بۆ باشوور دیار نیە بەڵام بە لێکدانەوەی نووسراوەکان دەبێتە ھاوسای ئۆرارتۆ و کوردۆخەکان بن لە باکوورەوە. چونکە لە نووسراوێکی تری ئاشووریەکان کە بۆ ساڵی ٦٧٣ پ ز دەگەڕیتەوە باس لە شەڕی ئاشوور و ئۆرارتییەکان بە سەرکردایەتی شا (روسای دووەم) دەکات لە ھەرێمی شوباریو (سوبار) لە کێوەکانی ساسۆن (نزیک شاری بدلیس لە باکووری کوردستان). لە ساڵی ٦٦٠ پ ز لیدیەکان داوای یارمەتی لە ئاشوور دەکەن بۆ بەرەنگار بوونی ھێرشی کیمریەکان. لە ٦٥٤ پ ز پاشای لیدیا بە دەستی سوارەی کیمری کوژراوە. بێگومان کیمریەکان بۆ چەند سەدە تا روخانی دەوڵەتی ئاشوور ساڵی ٦١٢ پ ز بە دەست ھاوپەیمانی بابل- میدیا رۆلێکی گرنگیان گێڕاوە لە ھەرێمێکی بەرفراوان کە ئێستا باکووری کوردستانی ناو خاکی تورکیا و ئازەربێجان و ئەرمینیا دەگرێتەوە.

نەخشەی ئاشوور و ئۆرارتۆ و کیمری

ناوی کیمری[دەستکاری]

ناوەکانی کیمیری و گومری خومری و خومار و سیمێری و گۆمێر .. وەسفی ئەم گەلەھۆزەن. لە مێژووی کورد ناوی کیمری تەنھا بە شێوەی (قێمری) ھەیە. کە ئەویش ناوی ناوچەو ھۆزێکی ناوچەی ئەخلاتی (وان)بوو یاقووت الحموی خاوەنی معجم البلدان باس لێوە دەکات و دەلێت قەلاتێکی کوردانە لە نێوان مووسڵ و ئەخلات . شاری ئەخلات (خەلات) لە لێواری دەریای (وان)ە لە نزیک بدلیس و ساسۆن [٢] ، میرەکانی قیمری لە رۆژگاری صلاح الدین ئەیوبی رۆڵی بەرچاویان ھەبوو لە شەری حطین دژ بە خاچدارەکان و لە چەند شوێنێکی دێرینی ناو شاری قودس و دیمەشق تا ئێستا بە ناوی القیمریە ئاسەواریان ماون..[٣].

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Encyclopædia Iranica | Articles* ئیرانیکا ئەنسیکلۆپیدیا<
  2. ^ * قیمر: بفتح القاف، ویاء ساکنە، وضم المیم، وراء: ھی قلعە فی الجبال بین الموصل وخلاط، ینسب إلیھا جماعە من اعیان الامراء بالموصل وخلاط وھم اکراد [١]<
  3. ^ *القبە القیمریە [٢][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]<