کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
لە پۆستدا بووە
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ – ۱٨ی شوباتی ۲۰۲۰
پێشینە جەلال تاڵەبانی
پاشینە بافڵ تاڵەبانی
لاھور تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
لە پۆستدا بووە
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ – ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧
سەرۆک کۆمار مەسعوود بارزانی
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
لە پۆستدا بووە
٢٦ی نیسانی ١٩٩٣ – ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠١
سەرۆک کۆمار جەلال تاڵەبانی
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون ١٩٥٢ (تەمەن ٧١–٧٢)
شیواشۆکی سەرێ
پارتی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی شیواشۆکی سەرێ لە سنووری قەزای کۆیە لەدایک بووە، لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە و لەھەمان کاتیشدا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ە.

ژیان[دەستکاری]

ھەر لە سەرەتای لاوێتی و قۆناغەکانی خوێندنەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەبێت و سەرەتای کاری سیاسیشی دەچێتە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٤ دا بەشداری بەرچاوی دەبێت.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٥ دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات و دەبێت بە سەرپەرشتکاری ڕێکخستن و کاروچالاکییەکانی خوێندکاران.

لە ساڵی ١٩٧٦ دا کۆسرەت ڕەسوڵ یەکێک بووە لەو ھەڤاڵانەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانیان لە شاری کەرکووک دامەزراندووە. جمووجۆڵ و چالاکییەکانی لەو کاتەدا بووەتە ھۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٧ دا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی بکرێت، پاش ماوەیەکی زۆریش لە زیندانی و ئەشکەنجەدان یەکێک بووە لەو پێنج خۆڕاگرە ئازایەی کە ھیچ جۆرە ئیعترافێکی نەکردووە و سەربەرزانە لە زیندان ھاتووەتە دەرەوە.

لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی ڕێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لە ھەمان کاتدا لێپرسراوی ڕێکخستنە نھێنییەکانی ناوشاری ھەولێر بووە، کە چالاکی و جموجۆڵێکی سیاسی گەورە و بەرفراوانیان لەو شارەدا ئەنجامداوە.

لە کۆنفرانسی ٣ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣دا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٨ەوە تاکو ساڵی ١٩٩١ ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بووە لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە.

لە ساڵی ١٩٨٤ بووە بە لێپرسراوی مەڵبەندی ٤ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٥ بە سەختی برینداربووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٦دا کە مەڵبەندەکانی ٣ و ٤ دەکرێن بە یەک مەڵبەند کۆسرەت دەبێتە لێپرسراوی مەڵبەندەکە تاکو ساڵی ١٩٨٨، کە یەکێک بووە لە چالاکترین مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩١ کە نەخشەی ڕاپەڕین داڕێژرا لەلایەن بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوون لە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی ئەو کاتی کوردستان، کۆسرەت ڕەسوڵ وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرپەرشتیکردنی ئازادکردنی شاری ھەولێری پێ سپێردرا.

لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا کۆسرەت یەکێک بوو لە دیارترین ئەو سەرکردانەی کە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە ئازادکردنی شاری کەرکووکدا.

لە ساڵی ١٩٩١ دا بووە بەلێپرسراوی بەرەی کوردستانیی سنوری پارێزگای ھەولێر، ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٣ تاکو ساڵی ١٩٩٦ دەبێتە سەرۆکی دووەم کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بووە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-ئیدارەی سلێمانی تاکوو ساڵی ٢٠٠١.

لە ساڵی ٢٠٠١ بووە بە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٦ کۆسرەت وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، ھاوکات کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

لە ماوەی دەست بەکار بوونیشی وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چەندین سەردانی ڕەسمی وڵاتانیشی کردووە کە دواھەمینیان سەردانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیداری لەگەڵ بوش.

کۆسرەت ڕەسوڵ لە ساڵی ١٩٧٧ ھاوسەری گرتووە و دەبێتە خاوەنی شەش کوڕ و یەک کچ، کە دواتر سێ کوڕی شەھید دەبێت.

کۆسرەت ڕەسول زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی ھەیە.

باری تەندروستی[دەستکاری]

ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ نووسینگەی ڕۆژنامەوانی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕایگەیاند کە باری تەندروستی تێکچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "کۆسرەت ڕەسووڵ باری تەندروستی تێکچووە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە". ئێن ئاڕ تی. Retrieved 11ی Novemberی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help) ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.